خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی “لە پێناوی ئاواتەکاندا، قادرئەلیاسی

لەم رۆژانەدا بە کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتەی دەستم کەوتووە، توانیم چەند کتێبێک و یەکێک لەو کتێبانەش، رۆمانی “لە پێناوی ئاواتەکاندا” بخوێنمەوە.roman-eqbal-seferi

رۆمانی ” لە پێناوی …” بە پێنووسی هاوڕێی ئازیز و دێرینی سەردەمی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتیم کاک ئەقباڵ سەفەری هاتۆتە بەرهەم. ناوەرۆکی کتێبەکە، باس لە جموجووڵی گوندێکی کوردی دەڤەری کرماشان و بەشێک لەو رووداوانە دەکا کە دوای رووخانی نیزامی پاشایەتی و هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەوێ روویان داوە. نووسەر بە شێوەیەک ئاواتەکانی خۆی کە لە درێژەی ژیانی پێشمەرگایەتیدا خەباتی بۆ کردوون، لە دوو توێی ئەو کتێبەدا گەڵاڵە کردووە.

لە سەرەتادا ئاماژە بەو هەڵسوکەوتە چەپئاژۆیانەی گەنجانی ئەوێ و رۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی دەکا و رەخنە لەو کردارانە دەگرێ کە لەو رۆژگارەدا باو بوون. بە تایبەت خۆ بە چەپ زانین و لایەنگری کردن لە بەرەی وڵاتانی سووسیالیستی بە سەرۆکایەتی یەکیەتی سۆڤیەت. بەڕێز سەفەری، لە زمانی پاڵەوانی رۆمانەکە”شوان”، زۆر بە وردی دەیپەرژێتە سەر کردارە پەپوولیستییەکانی ئەو کاتی گەنجە چەپئاژۆکان. ئەو گەنجانە، بە بێ ئەوەی دەراوێکی روون بۆ رزگاری خەڵک دەست نیشان بکەن، بە کار و هەرمانگەلی وەک مەشکەژەنین و گەوڕماڵین و دروێنەکردن و..هتد، هەوڵیان دەدا سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆیان راکێشن.

ئەم شێوە بیرکردنەوەیە تا ئەو کاتە برەوی دەبێ کە کۆمەڵێک خەڵکی بە ئەزموون دێنە مەیدان و دەبنە رێنوێن و چرای رێگای چاوکردنەوەی شوان و هاوڕێکانی. ئەو رێبازەش، رێبازی کوردایەتی و داکۆکی لە مافی نەتەوەی بندەستی کوردە. ئەو خەڵکە بە ئەزموونە بە شوان و هاوڕێکانی دەسەلمێنن ئەوان واتە خەڵکی ئەو گوندە، بۆ خۆیان ئەندامی ئەو گەلەن، کوردن و زمانەکەیان کوردییە، بە بێ ئەوەی تا ئەو کاتە دەرفەتیان هەبێ هیچ کتێب و نووسراوەیەک لە مەڕ مێژووی کورد بە زمانی کوردی بخوێننەوە. لەوەش کارەساتبارتر ئەوەیە کە هێشتا بیریان لەوە نەکردبۆوە کە هۆکاری چییە لە باتی زمانی زکماکی خۆیان، دەبوو بە زمانی فارسی بخوێنن؟

لە دوو توێی رۆمانەکەدا وێڕای شوان، دەکرێ ئاماژە بە  رۆڵی وەنەوش وەک ژنێکی تێکۆشەر و دایکێکی رووسوور بکرێ و لە پاڵ مەلاجوامێر و چەند کەسایەتی دیکەی نێو کتێبەکەدا، ئەوە  “چنار و کەژال و فرمێسک”ن کە هاوبەشن لە خستنە بەرباسی پرسە کۆمەڵایەتییەکان و بە گژ دیاردە دواکەوتووەکاندا دەچنەوە.

نووسەر وێڕای خستنە بەرچاوی ژیانی ئەو سەردەمەی کورد، لە هەندێ شوێنی کتێبەکەدا هزر و بیری کراوە و سێکۆلارانەی خۆی خستۆتە شوێنی بیرکردنەوەی مەلای ئاوایی (مەلاجوامێر) و لە کاتێکدا مەلای ئایینییە، لە زمانی ناوبراوەوە دەبێژێ: “ئایین و دینەکان دەسکردی مرۆڤن”. ئەگەرچی بۆ خۆم(نووسەری ئەم دێڕانە) لە گەڵ ئەم بۆچوونەدام، بەڵام مەلایەکی ئایینی، ئەگەر مەلا بێ، بۆ ئەوە دانراوە داکۆکی لەو باوەڕە بکا. لە باتی ئەوەی ئایین  بە دەسکردی مرۆڤ بزانێ، دەیباتە حەوت پۆشەی ئاسمان و لەوێوە بە قنیات و تۆزە تۆزە پیشانی خەڵکی دەدا. تا ئەو شوێنەی کۆمەڵ ملکەچی ئەوە دەبێ لە پێناوی گەیشتن بەو دنیایە کە لەو ئایینەدا هاتووە، مەلا بژێنن و وێڕای مووچەی مانگانە، لە ماست و دۆ و کەرە و دانەوێڵە و… هتد، بێبەشی نەکەن.

هەر وەها بۆ ئەوەی کابرای نەخۆش و خێزانەکەی لە مردن رزگار بکرێ، باسی دوکتورێکی کوردی ئیلام دەکا و ئەوەندە دەست و دڵ بڵاو دەینرخێنێ، من وە بیری ئەو نەقڵە دەخاتەوە کە ٣٢ ساڵ لەمەوبەر کابرای خەڵکی گوندی گوێزەکوێرە (گردەکان کوورە)ی ناوچەی قەڵخانی  بۆ کاک ئەقباڵ و نووسەری ئەم دێڕانەی گێڕاوەتەوە. چوونکە ئەو رێژە پارەیە، لەو کاتەدا پارەیەکی زۆر بووە. راستە رۆمان بەشێکی خەیاڵە و ئەو خەیاڵەش هەندێجار وەک ئاواتی نووسەر دەکەوێتە نێو دوو توێی رۆمانەکەوە، بەڵام دەبێ کەمێک لە گەڵ راستی کۆمەڵگاوە نزیک و گونجاو بێ.

من جگە لەو وردە سەرنجانە و کەمێک هەڵەی رێنووس و رێزمان، ناوەرۆکی کتێبەکە بە کارێکی نوێ و شێوە داڕشتنێکی هاوچەرخ دەزانم. بۆیە وێڕای دەستخۆشی لە نووسەری رۆمانی “لە پێناوی ئاواتەکاندا”، هیوادارم بەردەوام بێ لە نووسین و داهێنانی نوێدا.

 

نووسەر لە چەند دێڕێکدا:

ناوی ئەقباڵ سەفەری، لە دایک بووی ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٩٥٣ زایینی یە و لە گوندی “زەردە”ی سەر بە پارێزگای کرماشان و لە رۆژهەڵاتی کوردستان، چاوی بە دنیا هەڵهێناوە.

دوای خوێندن، چۆتە ریزی هێزەکانی شارەوانی ئێران. پاش هەڵگیرسانی شۆڕشی ١٩٧٩ی گەلانی ئێران و هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، کارەکەی بە جێهێشت و بەرەو باشووری کوردستان ملی نا. دوای یەک و دووساڵ لە ئۆردووگای کوردەکانی رۆژهەڵاتی ئاوارەی باشووری کوردستان، پاییزی ١٣٦١ی هەتاوی(١٩٨٢) تێکەڵ بە خەباتگێڕانی کورد بوو و لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا، دەستی بە تێکۆشان کرد. پلەکانی سەرپەل، جێگری هێز و فەرماندەری هێزی یەک لە دوای یەک بە سەرکەوتنەوە ئەنجام دا. چەند جار بریندار بووە و لە دوایین کەڕەتدا، لە لێواری مەرگ گەڕاوەتەوە.  لە درێژەی تێکۆشانی پێشمەرگایەتیدا بەرپرسایەتی کۆمیتەی شارستانی داڵەهۆ و دواتر هێزی بێستوونی پێ سپێدرا.

لە سەرەتای ١٩٩٠دا لە گەڵ کچێکی کوردی گوندی قەڵاواڕی دەشتی زەهاو بە ناوی غەزاڵە زەماوەنی کرد و ئاکامی ئەو ژیانە هاوبەشە، وێڕای ژیانێکی پڕ لە کەندوکۆسپی پێشمەرگایەتی، دوو کوڕە بە ناوەکانی بازیان و بێستوون.

لە ساڵی ١٩٩٤ لە گەڵ خێزانەکەی کوردستانی بە مەبەستی گەیشتن بە ئورووپا بەجێ هێشت و دوای یەکساڵ ژیانی پڕ لە مەترسی لە تورکیە، ساڵی ١٩٩٥ گەیشتە وڵاتی سوئید و لەو ولاتە گیرسایەوە.

نووسەر، لە دەرەوەی وڵات لە پاڵ چالاکییە سیاسییەکانیدا، دەستی بە نووسینی رۆمانی”لە پێناوی ئاواتەکاندا” کرد و لە ساڵی ٢٠٠٦دا بە ئەنجامی گەیاند. یەکەم بەرگی لە ٢٠١٢ لە لایەن کتێبفرۆشی و چاپخانەی “هەرزان”ەوە بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە یەکەم ئەزموونی نووسینی بەڕێز “ئەقباڵ سەفەری” یە.    

 

کاتالۆگ