ڤیدیۆ، بەشێک لە رێپێوانی یادی نەمر قاسملوو و کاک عەبدوڵا لە سوید

بەبۆنەی ٢٥مین ساڵیادی شەهیدبوونی رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو،

سەرلە بەیانیی رۆژی هەینی رێکەوتی٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەشێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دانیشتووی وڵاتانی باکووری ئورووپا (سوێد، نوروێژ، دانمارک و فینلاند) لە ستۆکهۆڵم پایتەختی وڵاتی سوێد بە مەبەستی پێداگری لەسەر رێبازی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەی دوکتۆر قاسملوو و مەحکووم کردنی ماهییەتی راستەقینەی تیرۆریزمی دەوڵەتیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کۆبوونەوە.

ڤیدیۆ

 

لەو رێپێوانەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی پارت و لایەنە سوێدی و کوردستانییەکان و هەروەها ژمارەیەک لە رێکخراوە کولتوورییەکان بەشدار بوون.

رێپێوانەکە سەرەتا بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی ”ئەی رەقیب” و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد و دواتر لە مەیدانی ”سێرگێل تۆری” بە خوێندنەوەی پەیام و وتاری لایەنەکان و بەخێرهاتنی بەشداران لەلایەن ”ئەنوەر کاکایی” بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران درێژەی کێشا.

پاشان پەیامی دەستەی ئامادەکاریی رێپێوانەکە لەلایەن ”مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی” ئەندامی ئیفتخاریی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبەوە پێشکەش کرا.

لە پەیامی دەستەی ئامادەکاردا وێڕای مەحکووم کردنی ئەو کردەوەیە، داوای لە سەرجەم لایەنە مرۆڤدۆست و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و داوای پێداچوونەوە بە پەروەندی تیرۆری دوکتور قاسملوو بکەن و هەر وا بە ئاسانی چاوپۆشی لەو بابەتە نەکەنلە بەشێکی دیکەی قسەکانی شێوەسەڵی ئاماژەی بەوە کرد کە تیرۆری دوکتور قاسملوو نە تەنیا خەسارێکی گەورەو قەرەبوونەکراوە بۆ حێزبی دێموکرات بەڵکوو خەسارێکە لە بزووتنەوەی کورد دراوە و هەروەها وتی: لەوانەیە چارەکە سەدەیەک لە مێژوودا ماوەیەکی زۆر نەبێ، بەڵام بۆ داخران و پێدانەچوونەوە بە پەروەندەی کەسایەتییەکی وەک دوکتور قاسملوو ماوەیەکی زۆرە، لەگەڵ ئەوەی کە حیزبی دێموکرات هەوڵ و تەقەلای گەلێک زۆری بۆ پێداچوونەوە لە ماوەی ئەو ٢٥ ساڵەدا داوە، بەڵام لە کاتی ئێستادا پێویستیمان بە پشتیوانیی هەموو لایەنە مرۆڤدۆستەکان و پشتگیری و پشتیوانی کردنمان لە پێداچوونەوە بەو پەروەندەیە دایە.

پاش وتەکانی شێوەسەڵی پەیامی رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن ”مەنسوور عەزیزی” بەرپرسی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی پێشکەش کرا.

 

لە درێژەدا ئەم پەیام و وتارانە پێشکەش کران:

پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ساڵار ئاشناگەر

پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە وڵاتی سوید، عەتا بانەیی

پەیامی تۆماس هامربێری ، کەسایەتیی دیاری سوێد و دۆستی دوکتور قاسملوو

پەیامی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کورد و کوردستانییەکان لە سوێد، سووسەن گۆڤەن

وتاری خاتوو ماریا لەیسنر

پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ

وتاری کریستینا کۆیڤۆنێن

خوێندنەوەی پارچە هۆنراوەیەک لەلایەن مەلا محەمەد بەگزادە

 

پاشان بەشدارانی رێپێوانەکە بەرەو بەردەرگای پارلمانی سوێد بەرێ کەوتن کە پاش گردبوونەوەیان لە بەردەرگای پارلمان، داخوازی نامەیەکیان رەوانەی نوێنەرایەتیی پارلمانی ئورووپا لە سوێد کرد.

 

ئەو خۆپیشاندانە کاتژمێر ١٦:٠٠ بە کاتی ئورووپا کۆتایی پێ هات.

راپۆرت وەرگیراو لە کوردستان مێدیا

فیلم و وێنە: ساڵە نەڵۆسی 

 

 

تکایە بۆ بینینی بەشێک لە وێنەکان ئێرە کلیک بکەن

کاتالۆگ