بۆ مامۆستا شیوەسەڵی، عارف عەزیزی

ئەی سەرکردە و قارەمانی وڵاتی سوور          

ئەی شەهیدی بێ ناونیشان،       

پاڕێزەری خاک و سنوور.

هەر چوار پارچەی نیشتمانت،

دەزانن تۆ،

شیوەسەڵی‌یە بلیمەتەکەی دیمۆکراتی

دەزانن تۆ،

ئەستێرەی گەشی ئاسمانی خۆرهەڵاتی.

دەزانن تۆ،

درێژە پێدەری ڕێبازی پێشەواو،

قوتابی ڕەحمانی کورد و،

جێی متمانەی شەرەفکەندی و،

هیوای بەرزی گشت وڵاتی…!

 

هاوسەنگەرانت دەزانن،

تۆ نەفەسی لە خەبات دا

ڕەمزی گەلی لە وڵات دا

دەزانن کە.

وەکوو بورکان پڕ ئاگری

وەکوو چیا خۆڕاگری

وەکوو هەڵۆ بەرزەفڕی

سینگی نەیاران ئەدڕی

لە تەنگانەدا دلێری

لە سیاسەتدا بوێری

وەکوو دەریا قووڵ و مەنگی

لە بەحری  شۆڕش دا نەهەنگی..!

 

هەموو ڕۆژهەڵات دەزانێ،

تۆ بە هندەی مانگ ڕووناکی

بە هندەی هەتاو بێ باکی

هندەی داڵەهۆ سەنگینی

هندەی سارەوەن ڕەنگینی

تۆ هێندەی قەندیل ئارامی

هێندەی ئارارات، بەسامی.

  

هۆ شیوەسەڵی،

ئەی شەهیدە زیندوەکەی دێموکراتم.

مێژوو شاهیدی ئەوەیە،

هەموو دار بەڕوویەکی شاخ،

داستانێکی تۆی لەبەرە

هەموو گابەردێکی وڵات،

ووتەیەکی تۆی لەسەرە،

هەموو نەوەیەکی کورد،

دێنە سەنگەر و مەقەڕت!

هەموو بیرو لاوێکی گەل

سوژدە دەبەن بۆ باوەرت.!

 

هۆ مامۆستای نیشتمانە چوار بەشەکەم.

هەموو گەلی کورد دەزانێ

لەوەتەی کە زیندان هەیە، حوکمی ئەبەدیت لەسەرە

لەوەتەی سێدارە هەیە، حوکمی ئیعدامت لەبەرە

لەوەتەی کە تیرۆر هەیە، شکۆی تۆیان لا مەبەستە!

لەوەتەی کە خۆفرۆشان،

کتێبێک ئەکەن بە دیاری بۆ ڕێبەڕێکی دیمۆکرات،

شیوەسەڵییەکەی کوردستانم، نابێنا و بێ قامک و دەستە!

 

هەموو گەلی کورد دەزانێ،

لەوەتەی کە تفەنگ هەیە، تۆ گیان فیدای نیشتمانی

لەوەتەی کە سەنگەر هەیە، تۆ خۆبەخشێکی مەیدانی

لەوەتەی کە کتێب هەیە، تۆ خوێنەری

لەوەتەی کە قەڵەم هەیە، تۆ نووسەری

لەوەتەی کە مەکتەب هەیە، تۆ مامۆستای

لەوەتەی کە لەژیاندای، تۆ پێشڕەوی هەردوو دونیای…!

 

هۆ مامۆستا شیوەسەڵی،

ئەی پێشمەرگە بوێرەکەی ڕۆژهەڵاتم

ئەی کادرە دلێرەکەی دیمۆکراتم

لەوەتەی کە شۆڕش هەیە، تۆ پێشمەرگەی

لەوەتەی پێشمەرگە هەیە، تۆ فەرماندەی

لەوەتەی فەماندە هەیە، تۆ ڕێبەری

لەوەتەی کە ڕێبەر هەیە،

تۆ وانەی سەربەخۆیی ئەڵێیتەوە

لە کێبەرکێی نەتەوەیەکانی جیهان دا

تۆ گرەوی ڕاسگۆیی دەبەیتەوە.

 

 عارف عەزیزی

2017-12-14

نەمر شێرکۆ بێکەس بۆ قاسملوو
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
کاتالۆگ