تورکیا لە دەستپێشخەریی ئاشتییەوە بۆ هێرشی سەربازی!، دیار عەزیز مستەفا

بەهۆی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری، بۆ یەکەمجار کوردانی تورکیا بە ڕاشکاوانە کوردبوونی خۆیان درکاند.

تورکیا.. کورتەیەکی جوگرافیا و جیۆپۆلۆتیکەکەی

تورکیا، دەوڵەتێکی گەورەی میراتگری ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە. لەدوای دامەزراندنی لەسەر شێوازە تازەکەیدا، لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک، باوکە ڕۆحییەکەی تورکان، کە هیچ لای گەلانی دیکەی ناوچەکە خوازراو نییە، لەسەر سیستەمێکی نیمچە ڕۆژئاوایی بونیات نراوە، لەڕووی شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی و تا ڕادەیەکیش ئابووری، بەڵام لە ڕووی نەتەوەییەوە، بە هەموو پێوەرەکان لە ڕۆژئاوا دوورە و زۆرینەی تورکەکانی تورکیا، ڕەگەزپەرستن و نەتەوەکانی دیکە بە تورک هەژمار دەکەن. هەڵبەت لەم هەستەدا تەنیا چەند حاڵەتێکی دەگمەن هەیە کە وەک روناکبیری مەزن ئیسماعیل بێشکچی، یان پەرلەمانتاری هەدەپە سڕری سورەیا ئۆندەر، لە نەتەوەی تورکن و باوەڕیان بە مافی کورد هەیە.

 

خاکی تورکیا دەکەوێتە ناوچەی ئەنادۆڵ لە کیشوەری ئاسیا و بەشێکی بچووکیشی دەکەوێتە ناوچەی (بەلقان) لە کیشوەری ئەورووپا، کە تەنیا 3%ی ڕووبەری هەموو تورکیایە. چەندان ڕووبەری ئاویی بەشێک لە هەرێمی تورکیا پێکدەهێنن، کە لەنێویاندا (دەریای رەش، دەریای ناوەڕاست، دەریای مەڕمەڕە و دەریای ئیجە) هەن. ڕووبەری تورکیا 783 هەزار و 562 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، کە 770 هەزار و 760 کیلۆمەتر دووجای زەوییە و 9 هەزار و 820 کیلۆمەتر دووجای ڕووبەری تورکیا ئاوە.

 

شارەزایانی جیۆپۆلۆتیک، تورکیا بە بەشێک لەو ناوچەیە دادەنێن، کە پێی دەڵێن (دڵی زەوی) و لە ساڵانی سەردەمی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیدا پێیان وابووە کە هەر یەکێک لە وڵاتە زلهێزەکان بتوانن تورکیا بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، بەو مانایە دێت کە هەموو جیهانی خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. هەرچەندە ئەم بۆچوونە هەندێک زیادەڕۆیی تێدایە، بەڵام گرنگیی پێگەی جیۆپۆلۆتیکی تورکیا دەردەخات. بۆیە دەبینین تورکیا خاوەنی پێنجەمین گەورەترین هێزی نێو هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسیی(ناتۆ)یە.

باکووری کوردستان

ڕووبەری باکووری کوردستان 250 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە کە بەپێی هەندێک لە ئامارەکان، ژمارەی کوردانی باکووری کوردستان و تورکیا بە 20 بۆ 25 ملیۆن کەس لەقەڵەم دەدرێت کە بەشێکی بەرچاویشیان لە شارەکانی دەرەوەی تورکیا وەک (ئەنقەرە و ئیستەنبۆل) ژیان بەسەر دەبەن.

 

لەبارەی شارە کوردستانییەکانی تورکیا، پرۆفیسۆر دکتۆر عەبدوڵا غەفوور لە کتێبی (جوگرافیای کوردستان)دا ئاماژەی بەوە داوە، پارێزگاکانی (ئامەد، ئاگری، بەدلیس، جۆلەمێرگ، چەولیک، دێرسیم، دیلۆک، ئەردەخان، ئەرزەڕووم، ئەرزینگا، باتمان (ئێلەه)، ئیدر، کلیس، ماڵاتیا، مەڕەش، مێردین، مووش، وان، قەرس، ڕەحا، سەمسوور، سیواس، سێرت، شڕنەخ و خەرپێت (ئەلەزیز))، سەرجەمیان باکووری کوردستان پێکدەهێنن کە تەنیا پارێزگاکانن و هەر یەکێک لەو پارێزگایانە، چەندان شارۆچکەی گەورە و بچووکیان هەیە کە ناوەندی هەندێک لەو شارۆچکانە زۆر لە سەنتەری پارێزگاکان گەورەترە.

 

پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری

لەم پێشەکییەی سەرەوەدا دەردەکەوێت، کە مامەڵەکردنی کورد و پرسی کورد لەگەڵ دەوڵەتێکی هاوشێوەی سووریا یان عێراق نییە، کە دەوڵەتی بێهێزن و سەروەرییان یان نییە، یان یەکجار کەمە، بەڵکوو پرسی کورد لە تورکیا بەتەواوی جیاوازە و کوردانی باکووری کوردستان بەناچاری دەبێت لەگەڵ دەوڵەتێکی بەهێزی دونیا هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان بدەن.

 

لە مێژوودا تەنیا چەند جارێک کوردانی باکووری کوردستان هەلی ئەوەیان بۆ ڕەخساوە، لە پرۆسەیەکی ئاشتیدا گفتوگۆ لەبارەی مافەکانیان بکەن، لای هەموومان ڕوونە گفتوگۆکانی ساڵانی سەرەتای نۆوەدەکان لە سەردەمی (تورگوت ئۆزال) چی بەسەر هات.

 

دوایین هەل کە بۆ گفتوگۆکردن هاتە بەردەم کورد، لە ساڵی 2013 بوو، کاتێک لەسەر دەستپێشخەریی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆگان، کە ئەوکاتە سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو، پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی ڕاگەیاندرا.

 

ئەو پرۆسەیە بۆ کورد قۆناغێکی یەکجار گرنگ و تازە بوو، گۆڕانکاریی گەورە بۆ کورد لەو بەشەی کوردستان ڕووی دا، هەرچەندە گۆڕانکارییەکان هاوشێوەی باشوور یان ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوون، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئێستا یان قۆناغی پێشتر، پێشکەوتنی زۆر ڕووی دا.

بەهۆی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری، بۆ یەکەمین جار کوردانی تورکیا بەڕاشکاوانە کوردبوونی خۆیان درکاند، ئەو کوردبوونەی کە ئەحمەد کایای هونەرمەندی مەزن بەهۆیەوە تا سەری نایەوە، بە دەربەدەری ژیا.

 

هەر بەهۆی پرۆسەی ئاشتی، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ڕێکخستنەکانی خۆی فراوان کرد و بە ئازادییەکی ڕێژەیی لە شار و شارۆچکە کوردستانییەکان و ناوچەکانی دیکەش بارەگا و ناوەندی ڕێکخستن و بانگەشەی دامەزراند.

 

لەنێو تورکاندا تا ڕادەیەک هەستی ڕەگەزپەرستی بەرەو کاڵبوونەوە ڕۆیشت و چیتر ئەو هاووڵاتییانەی تورکیا لەسەر ئەوەی کوردن، وەک تیرۆریست سەیر نەکران و بەرپرسانی هەدەپەش بە تیرۆریست تۆمەتبار نەکران. تەنانەت رەجەب تەیب ئەردۆگان، بە زمانی کوردی قسەی کرد و بانگەشەی ئەوەشی کرد کە با گەریلاکانی پەکەکە لە چیاکان دابەزنە خوارەوە و بە کەسوکاری خۆیان شاد ببنەوە.

 

هەر لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریدا، بۆ یەکەمین جار لە تورکیا ڕێگە بە شڤان پەروەر، هونەرمەندی ناسراوی باکووری کوردستان درا، بەفەرمی بۆ نیشتمانەکەی بگەڕێتەوە، تەنانەت لەگەڵ ئەردۆگاندا لەسەر شانۆیەک وەستا و دواتر بە زمانی کوردی گۆرانیی گوت.

 

پرۆسەی ئاشتی ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی سەرانی هەدەپە لە (نەورۆز پارک)ی باکووری ڕۆژئاوای ئامەد، ساڵانە لە ڕۆژی 21ی ئاداردا ئاهەنگی ملیۆنیی جەژنی نەورۆز ساز بکەن و دەنگی کوردبوونی ملیۆنەها کەس لە تورکیا بە دونیا بگەیەنن.

 

هەرچیی پەیوەندیی بە ئۆجەلانەوە هەیە، کە لە نۆوەدەکانەوە لە گرتووخانەی (ئیمرالی) زیندانی کراوە، لە کاتی پرۆسەی ئاشتیدا نامەیەکی نارد بۆ ئەوەی هەر لە ئیمرالی گفتوگۆ و دانوستان بکرێ، تەنانەت ئەوکاتە باس لە دروستکردنی شاندێکیش بۆ گفتوگۆی هەردوولا دەکرا. هەروەها دەنگۆی ئەوەش هەبوو کە هەوڵێکی جدیی هەیە بۆ دەرهێنانی ئۆجەلان لە زیندان و گواستنەوەی بۆ زیندانی ماڵ.

 

یەکێکی دیکە لە دەستکەوتەکانی پرۆسەی ئاشتی، کە لەنێوان تورکیا و کوردانی باکووری کوردستان و پەکەکە بەڕێوە دەچوو، ئەوە بوو کە کار بۆ گۆڕینی چەمکی هاووڵاتییانی تورکیا دەکرا، کە هەمیشە وا پێناسە کراوە، ئەوەی لەناو تورکیادا ژیان بەسەر دەبات، تورکە، بەڵام لەسایەی پرۆسەی ئاشتیدا، کار لەسەر ئەوە دەکرا کە ئەمە بگۆڕدرێت بۆ (تورکیا لە گەلی تورکیا پێکهاتووە). ئەو کاتە پەکەکە داوای دەکرد کە بەفەرمی ناوی کورد بهێندرێت و بگوترێت کە تورکیا لە گەلی تورک و کورد و هەر گەلێکی دیکە پێکهاتووە، بەڵام بەپێی ئەو قسانەی ئەوکاتە دەکران، ئۆجەلان داوای دەکرد تەنیا ئاماژە بەوە بدرێت کە تورکیا لە گەلی تورکیا پێکهاتووە و تەواو.

 

هەرچەندە گفتوگۆکانی ئاشتی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەنێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیا نەکران، بەڵام تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاو کرایەوە کە لە شاری (ئۆسڵۆ)ی پایتەختی نەرویج، گفتوگۆ لەنێوان بەرپرسانی پەکەکە و نوێنەرانی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) ئەنجام دراوە، کە ئەوکاتە تورکیا جەماعەتی گولەنی بە بڵاوکردنەوەی تۆمەتبار کرد.

 

کۆتاییی پرۆسەی ئاشتی و گەڕانەوە بۆ سفر

سەرەڕای لایەنە باشەکانی پرۆسەی ئاشتی و ئەو دەستکەوتە گەورانەی کە کوردانی باکووری کوردستان و تورکیاش بەدەستیان هێنا، چەند کار و کاردانەوەیەک لەنێوان تورکیا و پەکەکە ڕوویان دا، کە لە ئەنجامدا پرسی کورد لە باکووری کوردستان بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرەو دواوە گەڕایەوە.

 

هەرچەندە پێشتر تورکیا و قەندیل، بەوە یەکتریان تۆمەتبار دەکرد کە لە پرۆسەی ئاشتیدا جدیی نین و لەیەکتر بەگومان و لە بۆسەدان، بەڵام ڕووداوەکان بەوە دەستیان پێکرد کە لە 20ی تەمووزی 2015، لە شارۆچکەی (سرووچ) تەقینەوەیەک لەنێو ژمارەیەک چالاکواندا ڕووی دا، کە هەوڵی گواستنەوەی کۆمەکیان بۆ شاری (کۆبانێ)ی ڕۆژئاوای کوردستان دەدا، کە ئەوکاتە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە گەمارۆ درابوون. بەهۆی ئەو تەقینەوەیە 34 کەس شەهید بوون و دەوروبەری 100 کەسیش بریندار بوون.

 

پەکەکە حکوومەتی تورکیای لەم تەقینەوەیە بە بەرپرسیار دەزانی، بۆیە لە 27ی هەمان مانگی ساڵی 2015دا دوو پۆلیسی تورکیای لە شاری ئورفە کوشت و ئەوەی ڕاگەیاند کە کوشتنی پۆلیسەکان لەبەرامبەر تەقینەوەکەی سرووچە.

دوای ئەو ڕووداوانە، پرۆسەی ئاشتی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک لەنێو باسکردندا نەما، بگرە لەکۆتایی 2015 و سەرەتای ساڵی 2016دا، شەڕێکی گەورە لە باکووری کوردستان دەستی پێ کرد، کە بە (شەڕی خەندەقان) ناسراوە، ئەم شەڕە لەنێوان لایەنگرانی پەکەکە لەلایەک و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لەلایەکی دیکە ئەنجام دەدرا، پەکەکە دەیویست بەهۆیەوە ئەمری واقیع بسەپێنێت و (خۆسەریی دیموکراسی) دابمەزرێنێت. شەڕی خەندەقان لە شارە گەورە و بچووکەکانی (شڕناخ، گەڤەر، ئیدیل، سلۆپی، جزیرە، مووش، نوسەیبین، ناوچەی سووری ئامەد، فارقین، لیجە، پیران، بیسمیل، کەربۆران لە مێردین و دێرک) ئەنجام درا.

 

لە ئەنجامی شەڕی خەندەقان، شارەکانی شڕناخ و جزیرە و ناوچەی (سوور)ی ئامەد، کە ناوەندی شارەکەیە، وێران بوون، بگرە ناوچەی سوور کەوتە دەست حکوومەتی تورکیا، کە ماوەیەکی زۆر لە هەڵبژاردنەکاندا ئەردۆگان دەیگوت(ناوچەی سووری ئامەد دەکەوێتە دەست ئێمە). هەر لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا، بەپێی ئامارێکی فەرمی، کە دەزگای ئاماری دیاربەکر بڵاوی کردووەتەوە، 3 هەزار و 583 گەنجی لایەنگری پەکەکە و کەسانی سڤیل کوژران، کە دەزگاکە سەرجەمیانی بە لایەنگری پەکەکە ناو بردووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە 285 کەسی دیکەی سڤیل کوژراون. هەر بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە بەپێی ئامارەکە، 355 ئەندامی دەزگا ئەمنییەکانی تورکیاش کوژراون.

 

لەباربردنی پرۆسەی ئاشتی و زەرەرمەندی سەرەکی

دوای شەڕی خەندەقان، لە ساڵی 2015ەوە تا ئێستا، بە هیچ شێوەیەک هەواڵی ئۆجەلان لەنێو باسدا نەماوە و هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ دونیای دەرەوەی زیندانی ئیمرالیدا نییە. نێوانی پەکەکە و ئیمرالی بەتەواوی پچڕاوە. هەر لە ئەنجامی ئەو ڕووداوانەدا سەدان سیاسەتمەدار و نووسەر و چالاکوان و ئازادیخوازی کورد، ئێستا لە زیندانەکانی تورکیادان، کە سەرکردە هەرە دیارەکانی هەدەپەیان لەنێودایە.

 

حکوومەتی تورکیا لە باکووری کوردستان، سیمای حکوومەتێکی دیموکراسی و مەدەنیی لەدەست داوە و بەتەواوی وەکوو دەسەڵاتێکی سەربازی مامەڵە دەکات. هیچ کەسێک لە شارەکانی باکووری کوردستان بەدەگمەن نەبێت، ئۆتۆمبێلێکی ئاسایی پۆلیس نابینێت، بەڵکوو تەنیا زرێپۆش دەبینێت. ناوچەی سووری ئامەد خاپوور کرا و خەڵکەکەی گواسترانەوە و لەم ڕۆژانەدا تەنیا ئۆتۆمبێلی زرێپۆش بە بەردەم شوێنەوارەکانی ئەو ناوچەیەدا دەسووڕێنەوە.

زمانی کوردی لە تورکیا کەوتووەتە بەر مەترسییەکی گەورە و چیتر ئەو زمانە نەماوە کە ئەردۆگان چەند وشەیەک قسەی پێ بکات، بەڵکوو لە شارێکی وەکوو دیاربەکر، دەبێ زۆر بەدوای کەسێکدا بگەڕێیت کە بە کوردی قسە بکات. نەوەی نوێی کوردانی باکووری کوردستان، بەتایبەتی لە ئامەد کە لانکەی کوردایەتی بووە لەو بەشەی کوردستان، وازیان لە زمانی دایک هێناوە و کوردانی باکوور چەند دەیەیەکیان پێویستە تا دووبارە زمانی کوردییان فێر دەکەنەوە.

 

تەنانەت کوردانی باکوور یەکجار لەم ڕووداوانە هەم لە تورکیا و هەم لە پەکەکە نیگەرانن و زۆرینەیان پێیان وایە کە ئەگەر پەکەکە نەرمیی زیاتر و پشوودرێژیی زیاتری هەبوایە، دەکرا پرۆسەی ئاشتی هەندێک دەستکەوتی دیکەی هەبوایە، کە بۆ ئایندەش سوودی لێ وەربگیرایە.

 

ئەوەی لە لەباربردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا زەرەرمەندە، ئەگەر 10%ی تورکیا بێت، 90%ی کوردانی باکووری کوردستانن و چیتر پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخانی باکوور نەماوە و کوردانی ئەو بەشەی کوردستان ناچارن بەردەوام لەبەرامبەر لوولەی ئەو چەکانە بە بێدەنگی بوەستن، کە سەرباز و پۆلیسەکانی تورکیا بە ترسەوە لەنێو زرێپۆشەکانیاندا هەڵیانگرتووە.

تەنانەت نەک تەنیا کوردانی باکووری کوردستان، بگرە ئەو هێرشە سەربازییەی ئێستا تورکیا بۆ سەر عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانیش دەیکات، بەشێکی پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ئەگەر پرۆسەی ئاشتی بەردەوام بوایە، جۆرێک لە نەرمی بەرامبەر بە پرسی کورد لەلایەن تورکیا دروست دەبوو. تەنانەت ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوولی 2017ی سەربەخۆیی کوردستانی باشووریش کە تورکیا بەتوندی دژی وەستایەوە، ئەگەر لە قۆناغی پرۆسەی ئاشتیدا بوایە، بەو ڕادەیە کاردانەوەی توندی تورکیای بەرامبەر نەدەبوو.

 

بۆیە خوێنەری هۆشیار بەئاسانی دەتوانێت لەم بەراوردەی سەرەوەدا، لایەنە باش و خراپەکانی پرۆسەی ئاشتی و قۆناغی دوای ئەم پرۆسەیە هەڵبسەنگێنێت و بزانێت کە کێ لەم دۆخەدا بەرپرسیارە! حکوومەتی تورکیا، یان پەکەکە، یان هەردوو لا؟

 

 راپۆرتی شیکاری:(باس) دیار عەزیز مستەفا

نوێترین بابەت و هەواڵ