دەرۆ گەل تەمە پشتە دەرۆ گوهدارکە! کاووس عەزیزی

سەرۆک کۆماری تورکیە دوای ڕوداوەکانی کەرکووک هاوشیوەی عیبادی تووشی جۆرێک شەیدایی و سەرمەستی هاتووە و تۆنی دەنگی بەرزتر بۆتەوە و  کۆشکی کۆماری گۆڕدراوە بە فابریکی تەولیدی بڕیاری داگیرکاری و پەلەکردن لە هێرش بۆ ئەملا و ئەولا بێ ئەوەی حیساب بۆ باڵادەستیی وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندیی جیهان بکا کە ئەمریکا لە سەرووی هەموویانەوەیە. کەچی ئەردۆغان خۆی خەریکە تووشی گرفت دێت و ئەو ئامانجانەی کە وەک ستراتێژییەکی کورت مەودا  دیاریی کردبوون بۆی جێ بە جێ نابن.

ئەردۆغان زۆر دڵنیابوو لەوەی کە لە ماوەیەکی کورت دا ناوچەی عەفرین داگیر دەکا و سێ میلیۆن و نیوی ئاوارەی عەرەبی سووریە کە لە تورکیەن دەبا لەوێ جێگیریان دەکا و عەفرین بۆ هەمیشە تەعریب دەبێ و تورکیەش لە نیگەرانیی نیزیکایەتیی عەفرین بە ئاوی ئازادی دونیا ڕزگار و بە  خەیاڵ ئاسوودە دەبێت . بەڵام  وادیارە خەونەدێرنیەکەیان نایەتە دی و ڕەوتی رووداوەکان و بەرخودانی  شەڕڤانانی کورد  و ورە بەرزیی خەڵکی عەفرین بەپێچەوانەی خۆش خەیاڵیی دەوڵەتی تورکیە و سەرۆک کۆمارەکەی دەچنە پێش. ئەوە بۆ ٣ حەفتە دەچێ کە هێرشی ئەرتەشی تورکیە و هاوکارە ئیسلامگەراکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان لە هەمبەر هیزی کورد لە عەفرین تۆمار نەکردووە  و خەریکە ڕۆژ لەگەل ڕۆژ دەنگی ناڕەزایەتیش لە جیهان بە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیە بەرزتر و ئاشکراتر دەبێ و تەنانەت لە ناوخۆی تورکیەش دەنگە دژبەرەکان زیاتر لە ڕۆژانی سەرەتای هێرش بۆ سەر عەفرین خۆیان دەردەخەن.

شەوی رابردوو تورکیە وڵامێکی وەرگرت کە دەتوانێ هەرچی زیاتر قەڵای ئۆمێد بە سەرکەوتنی ئەردۆغان لەهەمبەر عەفرین لەرزۆکتر بکاتەوە کە ئەویش ئەو وڵامە توند و جیدیەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بوون لە هەمبەر هێرشێکی ئەرتەشی ئەسەد بۆ سەر ناوچەیەک کەلە ژێر دەستی هێزی سووریەی دێمۆکراتیک دایە و ئەمریکا کاریان لەگەل دەکا. ئەرتەشی ئەسەد ویستی لە چۆمی فورات بپەڕێتەوە و لە ڕۆژهەڵاتی چۆمەکە عەمەڵیات ئەنجام بدا و ئەو ناوچانە لە هەسەدە وەربگرێ کە ساڵی ڕابردوو بە پشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە دەست داعش ڕزگاری کردبوون. بەڵام تەیارەی هاوپەیمانان زۆر زوو و بە جیدی وڵامێکی توندیان دایە ئەو هیزەی ئەسەد و زیاتر لە ١٠٠ی لە هێزەکانی ئەسەد کوشتووە و زەبرێکی قورسی لێداون . ئەوەش لە واقیعدا وڵامێکی توند بوو بە ئەردۆغان کە ماوەیەک بوو دەیگوت دوای عەفرین دەچینە منبج. هەروەها وڵام بوو بۆ سەرەڕۆیەکانی رووسیە و حیزبولا و ئێرانیش.

ئەو وڵامەی ئەمریکا بە ئەسەد بە کردەوە ئەردۆغانی تێگەیاند کە : ئەگەر باسی منبج بکەی ئەوە وڵامێک دەبێ بۆ تۆش  و خۆت تووشی هەڵەی وا مەکە و تۆ جارێ جڵەوت لە دەست ئێمەدایە.

نوێترین بابەت و هەواڵ