"an independent online kurdish website

 لە ساڵڕۆژی تێڕۆڕ و شەهید کرانی سەید ڕەسوڵی دێهقان دا بەڕێـزەوە سڵاو دەنێرم بۆ ڕووحی پاکی و نەفرین دەنێرم بۆ تێڕۆڕیستان . ڕوحت شاد تێکۆشەری ماندو نەناس.

بەڕێز کاک سەید ڕەسوڵی دهقان ناسراو بە (سەید رەسوڵی بابی گەورە) یەکێکە لەو شۆڕشگـێڕە ناودارە کوردانەی ڕۆژهـەڵاتی کوردستانە کە لەکاتە سەختەکاندا دەوری گێڕاوە و نابێ لە بیر بکرێ. شەهید سەیـد ڕەسوڵ کەسایەتیەکی ناسراوە و بێگومان لە مێشک و دڵی ئەوانەی دیویانە و لە نیزیکەوە ناسیویانە پاک نابێتەوە. بەڕێزیان بە مانای ڕاستەقینەی وشە خەڵکی و خاکی و لە دوورو نیزیک ناسراو بـوو. هیوادارم ژیانی ئەو شٶڕشگێرە ماندو نـەناسە نـەکرێتە سوژەی وتـارو نوسراوان بۆ مەبستی دیاری کراو. ئەوانەی دەیناسن باسی خەبات و تێکۆشانەکەی بکەن کە دەبێتە وڵامی زۆر پرسیارو بابەتی باسکراو.

من ناوی بەڕێزیانم زۆر بیستبوو حەزم دەکرد لە نیزیکەوە بیبینم دەڵێن: زەوی خڕەو مرۆڤەکان بە هەر لایەکدا بـڕۆن ئاخری یەک دەگرنەوە. پاییزی ساڵی ١٣٥٨ هەتـاوی، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران کۆنفڕانسێکی لـە گونـدی (نەڵۆس سەر بە شارستانی شنۆ ) سازدا. مەبەست لەو کۆنفڕانسە هەم ناساندنی حیزب و هەم پێک هێنانی کومیتەیەک بە ناوی کومیتەی (نەخش) بـوو کە پێک دەهات لە شارستانەکانی (نەغەدە، خانێ و شنۆ) بۆ ئەنجام دانی کارو بەرنامەی هاوبەش. مـزگەوتی ئاوایی شوێنی کۆنفڕانسەکە بوو. شەهـیدان سەید ڕەسوڵ و  نەمر کاک نەبی قادری و ڕێزدار کاک مەلا محەممەدی جوانڕۆ کە (شوکر لە ژیاندا ماوە) ئەو سێ کەسە دەستەی بەڕێوەبەری بوون کە بە زاراوەی سیاسی کاک سەید رەسـوڵ وتەبێژیان بـوو. دیـارە شەهـید دوکتور قاسملوو بەشدار بوو سیاسەت و بەرنامەی حیزبی دێموکڕات لە لایەن دەفتەری سیاسی بۆ بەشدار بوان بە درێژی شی دەکردەوە و ئەوانیش هەر کامەیان لە سەر بابەتێک قسەیان دەکرد. ناچمە نـاو ئـەو بـاسە و تـەنیا بـاسی شەهـید سەید ڕەسوڵی دەکەم وەک بیرەوەری خۆم . چونکە ئەو بابەتەم پێشتر بڵاو کردۆتەوە.

ئەو کۆنفڕانسە بۆ من تایبەتی خۆی هەبوو لەودا دەگەڵ کەسانێک ئاشنا دەبووم کە زۆر لە مێژ بوو ئارەزوی دیتنم دەکردن کە شەهید سەید ڕەسوڵ یەک لـەوان بوو. لەو کۆنفڕانسە دا دەستەیەک خوێندکاری زانکۆی (ئەبو ڕەیحانی بـێـرونی تاران) بەشدار بوون. کاک سەید ڕەسوڵ بە وتارێـکی کـورت کۆنفڕانسەکەی کردەوە و بە خێرهاتنی بەشدار بـوانی کرد. دەستەی بـەڕێـوەبـەری هەر کامەیـان قسەی خۆیان کرد. نۆرە دەگەیشتە بەشدار بوان.کاک سەید ڕەسوڵ کوتی: کێ قسە دەکا دەست هەڵێنێ دیارە خوێندکارەکان لە بەرنامەدا هەبون دوای ئەوان من دەستم هەڵێنا. مەلای زۆر لێ بوون کە هەمویان لە دەستی چەپی مێحراب دانیشتبوون تەنیا من لە نێو ئاپۆرەی خەڵکی ناو مزگەوتەکە،کە جمەی دەهات، مەندیل بەسەر بووم. نوێنەری خوێندکاران لە قسەکانیدا کوتی: وەک مزگێنی بۆ ئێوە ئیمام لوتفی دەگەڵ کوردان زۆرە، بە ئومێدی خوا لە هەموو گوندەکان مزگەوتتان بۆ دروست دەکا. نۆرە گەیشتە من کە دەستم پێکرد دیار بوو باشم بۆ دەهات و چاکم دەکوت، چونکە زوو زوو چەپڵەیان بۆ لێدەدام. زۆرم شایی بـەخۆم بـوو کە بـۆ هەوەڵین جارە لـە کۆبـونـەوەیـەکی گەورەی حیزبی دێمۆکڕاتدا بـەشـدارم و قـــسە دەکەم و چەپڵەم بـۆ لێدەدەن. لە وڵامی خوێندکارەکەدا کووتم :برای بەڕێز من داوات لێدەکەم کە چویەوە عەرزی ئیمامی بکە کورد پێویستی بە مزگەوت نیە، چونکە چوکترین گوندی کوردستان مزگەوتی هەیە. ئەوەی کورد دەیەوێ و ڕێگە نادەن هەیبێ، مەدرەسە بە زمانی دایکیەتی، پێی بڵێن ئەوەمان بۆ دروست بکا. دوای تەواو بوونم کاک سەید ڕەسوڵ کوتی: مەلا برایم من و تۆ نەدیوو نەناسیاو  دۆستین و زۆر لێک نیزیکین. لەکورتە پشۆدا پێکەوە قسان دەکەین. ئەوە هەوڵ دیدارم بوو.

بنکەی ئەسڵی کومیتەی نەغەدە لە سەرشاخان بوو بەڵام ماسو دایماو و ئەوانە ئازاد بوون ئێمەی کادر هەر لەوێ دەبوین . خوا لێخۆش بوو سەید ڕەسوڵ ئـیزنی پشوودانی هەبوو.کوتی مەلا برایم چەند ڕۆژێک لیرە دەمێنمەوە پـێمـخۆشە ئەگەر کاتت هەبێ پێکەوە بین. کوتم بەسەر چاو هەم کاتم هەیە هەمیش حەزم لێیە. ئەو ماوەیە بۆ من کە هەرگیز کەلاسی کادریم نەدیبوو، دەسکەوتێکی گەورە بوو، زۆری لە ئەزمونی خۆی پێکوتم و زۆریـشیم بەکەڵک هات. شەوێک لە ماسوێ لە ماڵە هەباساغای میوان بووین، پێشمەرگەی لێ نەبوو. نوستین دەلای بەیانیدا هاتن هەڵیان هەستاندین گۆیا پاسدار هاتوون. هەستاین ڕومان دەلای گەرگولێ کرد. زۆر دوور نەکەوتبوینەوە ڕوناکی کرد جێگاکەمان دەشت بوو لەو لوتکەی کە دەیڕوانیە ئەو ڕێگا و مەزرایە نیزیک بوو، لـە سەر لوتکەکە خەڵکمان دەدیت. کاک سەید ڕەسوڵ کوتی: مەلا برایم مەودامان دورنیە و گولە دەمانگرێتەوە، چار ئەوەیە سەنگەر بۆ سەرمان دروست بکەین و بەرەوڕوی ئەوانە ڕاکشێین. ئەگەر بۆ لامان نەهاتن و ڕۆیشتن باشتر، ئەگەریش هاتن ئـەوە دەبێێ تـا دوا فیشەکمان شەڕ بکەین. بەڵام تۆ دوو فیشەک بێڵەوە لە پێشدا یەکیان لە من بدە و ئەویتریشیان لە خۆت ئەگەر تۆش نـاتوانی، ئەوە من وادەکەم، بـا نەکەوینە دەستی دوژمن، چونکە مردنی ئاوا باشترو شەرافەتمەندانـەتـرە، لە دیل بوون بە دەستی دوژمن. کوتم دڵنیابە وادەکەم. هیوادارم وای لێنەیە. لەو حاڵەدا کوتم: کاکە بیستومە جەنابت گوللەبەندت هەیە و گوللە کارت لێناکا، خۆ من کراسێکی ئەستوریشم لـە بەردانـیە. پـێکەنی و کوتی تـۆش ئـایـەتـەلکورسی بخوێنە! ئـێمە سەنگەرمـان گرتـوەو چاوەڕوانین لە حاڵێکدا ئێمە سەنگەرمان گرتبوو گوێمان هەڵخست ئەوانـەی سـەر تەپۆڵکەکە هـۆکاکی پێشمەرگەیان دەکوت.کوتم: کاکە ئـەوە پێشمەرگەن.کووتی پەلە مەکە جاشیش، ئەوەی دەزانن.کەچی دەستەیەک بە ڕیگاکەدا دەهاتن کچ بوون بە زمان و ئەدەبیاتی خۆیان وڵامی پێشمەرگانیان دەداوە، دەچون بۆ کەنگران لـە دەشتی قوڕێ. کاک سەید ڕەسوڵ کووتی: مەلا بـرایم وادیارە چ بـاس نیە. هەستە بـا بچینە سەر ڕیگایـان و سوپـاسی ئـەو هەستو سۆزەیـان بکەین. کە ئێمە لـە پـڕ هەستاین ترسان، کوتیان: ئەی بابانمان خراپ نـەبێ ئەوە چن؟! لەوێ پێچە سپیەکەی مەلا بـرایمی خـۆی ناساند و یەکیان کوتی: کچینە ئەوە مامۆستا مەلا بـرایمە. ئێوارێ مـن دیتومە. کاک سەیـد ڕەسوڵ کووتی : وادیـارە مەلایەتیش بەکار دێ؟! ناوبراو بەراستی کۆمەڵگاکەی خۆمانی دەناسی و زمـانی خۆمانەی باش دەزانی و دەیتوانی زۆر بە جوانی مەبەستەکەی بگەیەنێ زۆر باش ئاگاداری ڕەنـج و مەیـنـەت و داب و نـەریتی گەلەکەمان بـوو، وەک کۆ بـونـەوە قسەی بـۆ کردن.

 ئاخر دیدار

ئاخرین دیدارمـان لـە شاری قـەڵادزێی بـوو. من بـەرپـرسی بنکەی سنور بـووم لـە شێوەڕەزێ . جاروبارە دەچومە قەڵادزێ بە ئیشتیا. ڕوژێک لە ماڵی خاڵەمەری ڕەحمەتی ئەگەر نەماوە و ئەگەر مـاوە لەشساغ بێ، دانـیشتبوم ژنێک هات دەگەڵ خێزانی قسەی کرد. کوتی پـورێ: مەلا بـرایمی شێوەڕەزێ لێرە نیە؟ پـوری کوتی ئەوە مەلا برایمە. ژنە دوای بە خێر هێنانم کوتی: میوانێکمان هەیە دەیەوێ ئەتۆ ببینێ. کوتم: کێیە؟ کوتی ناوی نـاڵێم وەرە بیبینە! کوتم خوشکی بـەڕێـز نەتۆ دەناسم، نەدەزانم میوانەکەت کێیە، چۆن دەکرێ ڕاستەو خۆ وەپێشت کەوم! بچۆ بە میوانەکەت بڵێ، دەیکـوت ئەوی بـاشی نەناسم نـاچمە لای. وادیـار بـوو پێی کوتبو ناوم مەڵێ . ژنە ڕۆیشتەوە و منیش کوتم پورێ ئەوە دەچمە دەرێ و زوو دێمەوە. زۆری پێنەچوو لە پەناڕا چاوم لێبوو هاتەوە . چووە ژورێ و هاتەوە دەرێ. خۆم لێی ئاشکرا کرد کوتی: مامۆستا کاک سەید ڕەسوڵە. بێ سێ و دوو ڕەگەڵ ژنەی کەوتم. بەداخەوە بەڕێزیان ئەو دەم لە حیزبدا نەمابوو. پێکەوە دەستەملانی یـەک بـوویـن و بـڕێـکیش گریـایـن و دوایـە دانـیشتین. کـووتی خـۆشحـاڵـم کە ئامۆژگاریەکانمت لەبیر ماوە: لەپێشدا کووتی بمبورە کاک مەلا برایم ڕەنگە ئـەو دیدارە بۆ تـۆ زیـانی هەبێی، بەڵام موتمانەم بە تۆیە کە بە دۆستایەتی وەفاداری. هەر بـۆیەش کوتبوم نـاوم مەڵێ. کوتـم نیگەران مەبـە، من شتێکم نـەکردوە زیانی بۆ حیزبی دێمۆکڕات تێدا بێ . دیـارە دیـدارەکە زاندراو بەرپرسی قڵادزێی ئەودەمی پەیامی بـۆ دوکتور قـاسملوی لیدا بـوو کە مەلا بـرایم چاوپێکەوتنێکی دەگەڵ فڵانکەس هەبووە. لە وڵام دا کاک دوکتور فەرمـوو بووی نیگەرانی نـاوێ چوونکە مەلا بـرایم شتی بە زیانی حیزب ناکا. من بـڕوام وایە هەتـا لـە حیزب دایـن هاوکارین، لە دەرەوەی حیزبیش دۆستین و لە هـیچ حاڵەتێکدا دوژمنی یەکتر نین. ئەگەر واشمان زانی بێ، یان وابـزانین کە دوژمنین تـەواو هەڵـەیـن . دڵـنیاشم جیاوازی بیر و بۆچوونی ئێمە بە مانـای دوژمنایەتی نیە. تەنیا ئەوانەی تێناگەن و بە هەڵه لێکدانەوە دەکەن، وای لێدەکەن. ویستم بچمە نێو بـاسی ڕۆیشتنەکەی کەچی کووتی : کاکە لـەوەی گەڕێ مـن کاتـم کەمە. بـۆیـە موزاحـمت بـووم تـەنیا بۆ دوو مەبەست (١) ویستم لە دۆستایەتیەکە دڵنیا بم (٢) پیرۆزبایی لە تۆ بکەم بۆ ئەو بنەماڵە بەڕێزەت و  لە ڕێگای تـۆشەوە سوپاس و پێزانینی خۆمیان پێ بگەیەنم بـۆ ئـەو خۆماڵی بـوون و ئەمینداریەیان. منیش سوپـاسم لێکرد بـۆ ئەمەگ نـاسی و بـۆ ئەو ڕێنوێنی و ئامۆژگاریانەی پێشتر کردبوومی. بێ پەردە دەڵێم: کاک سەید ڕەسوڵ مۆرەیەکی کاریگەری حیزب بوو لە بەشی زۆری کوردستان و موکریان بەگشتی لـە دوورو نیزیک ناسراو بوو . مرۆیەکی ئەوەندە ژیـرو کۆمەڵایەتی بـوو دەتوانم بڵێم: کۆمەڵی کوردەواری باش دەناسی. لە یەکەم دیداریدا سرنجی تەڕەفەکەی ڕادەکێشا. لـە داب و نەریت و خوو خدەی کوردەواریدا ئەوەندە لـێزان بوو هەر دەتکوت دوکتوڕای تێدا وەرگرتوە. من بەداخم کە بۆم نەڕەخسا ماوەیەک کاری دەگەڵ بکەم زیاتر بیناسم و زۆرتـری لێ فێر بم . سیاسەتیش لەو شتانەی زۆر تێدایە و لـە کوردستانیش بـەگشتی ئێستاش بـاشی نـازانین.

ڕوحی شادو سڵاوو ڕێـزیشم هـەیە بـۆ بنەماڵەکەی. هەوڵ دەدەم زانیاری زیاتری لەسەر وەدەست بخەم و زیاتری لەسەر بنووسم کە شیاویەتی.

 براتان مەلا برایمی مەجیدپور ١٠ /١ / ٢٠٢١ زایینی

 ٢١ بەفرانباری ٢٧٢٠ کوردی

بابەتی پەیوەندی دار

له‌یادی ۲۳ ساڵه‌ی شه‌هید بوونی بابم (شه‌هید سه‌ید ڕه‌سوڵی بابی گه‌وره، دێهقان), بڵێسه‌ دێهقان

26 ساڵ بە سەر شەهید بوونی سەید رەسوڵی بابی گەورەدا تێپەڕی، بڵێسە دێهقان

له‌ یادی سه‌ید ڕه‌سووڵ دێهقان ناسراو به‌ سه‌ید ڕه‌سووڵی بابی گه‌وره‌.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی