"an independent online kurdish website

منداڵانی ئەمڕۆ ، هیوای دواڕۆژن .. گرنگترین و بەنرخترین سامان و سەرمایەی هەر گەل و وڵاتێکن.. چارەنووس و داهاتووی هەر گەلێک ، بەندە بە رادەی گۆشکردن و پەروەردەکردن و ئاراستەکردنی راست ودروستی منداڵە چاوگەشەکانی ئەمڕۆیانەوە .reza_shuwan_0

لە ئەمڕۆدا ، رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵان ، ژمارەیەکی زۆری لە نووسەران و ئەدیبان و دەروونناسان و پسپۆرانی بواری پەروەردە و توێژێنەران و رەخنەگران و میدیاکان و گەلێ دامەزراوە و دامودەزگای جیهانیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردوون .

نووسەری فەرەنسی ( فەرەنسیس ڤیداڵ) دەڵێ : ” نووسەرانی منداڵان ، دەتوانن تام وچێژی جیهان بگۆڕن .. بەڵکو دەتوانن جیهان خۆشی بگۆڕن .. “

 

ئەدەبی منداڵان ، بەر لە هەموو شتێ هۆنەر و ئەدەبە .. ئەدەبی منداڵان ، بەشێکە لە ئەدەب و ، گرنگترین کۆڵەکەیە لە کۆڵەکەکانی رۆشنبیریی منداڵان .. پڕلەئاوترین وبەخوڕترین زێیە لە زێیەکانی رووباری رۆشنبیریی منداڵان .

ئەدەبی منداڵان ، شێوازێکە لە شێوازەکانی گوزارشتکردنی هونەری ، کە دەستوور و بنەما و رێبازی تایبەتیی خۆی هەیە .. ئەدەبی منداڵان کاریگەرییەکی گرنگ و بەهێزی هەیە لە بنیاتنانی کەسایەتی دروستی منداڵان و ، لە وروژاندن و لە گەشەکردنی بەهرە و توانا و حەز و ئارەزووە هەمەچەشنەکانیان .. چونکە ئەدەبی منداڵان ، سەرەڕای تام و چێژە ئەدەبییەکەی ، چەندین ئامانجی زانیاری و ، پەروەردەیی و ، رەوشت بەرزی و ،  دەروون دروستی و ، نیشتمانپەروەری و ، کۆمەڵایەتیدەهێنێتەدی .

لەم سەردەمەدا ، ئەدەبی منداڵان تەنها هۆیەک نییە بۆ شادی و خۆشنوودیی منداڵان ، بەڵکو هۆیەکیشە بۆ داهێنان و بۆ گەشەکردنی رۆشنبیری و ، بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمانی منداڵان و ، بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاریی هەمەڕەنگەی نوێ .

لە ئەمڕۆدا ، ئەدەبی منداڵان بۆتە پێویستییەکی نیشتمانی و نەتەوەیی .. بووە بە مژدەبەخشی گزنگدانی ئاسۆیەکی رووناکتر و ، ئایندەیەکی گەشتر و شیاوتر .

ئەدەبی منداڵان ، تەنها چیرۆک و هۆنراوە و سروود و لایلایە و گۆرانی و شانۆ و رۆمان و پەخشان نییە .. بەڵکو هەموو ئەو بابەتانە دەگرێتەوە ، کە منداڵان دەیان خۆێننەوە ، دەیان بینن ، دەیان بیستن ، بەمەرجێک لە جیهانی پاک و سنوورداری منداڵییانەوە ، نامۆ و دوور و بەدەر نەبن .

رەخنەگری ئەدەبی منداڵان ( لینە گۆڵدبرگ ) دەڵێ : ” ئەدەبی منداڵان ، ئەو جۆرەئەدەبەیە ـ پەخشان یا هۆنراوە ـ کە لە ناوەڕۆک و شێوازدا ، لەگەڵ توانا و درک و هەستکردنی منداڵانی تا تەمەنی نزیکی سیانگزە ساڵاندا بگونجێت .. شێوازی ئەم ئەدەبەش دەبێ ئاسان و روون بێت ، لە گرانی وپڕ لە گرفت دووربێت ، بەپێی گەشەکردنیانبێت و ، لە توانای تێگەیشتن وەرگرتنی منداڵان دوور نەبێت .. ”

لە بارەی بایەخی ئەدەبی منداڵانیشەوە ، شاعیری بولـگاری ( ران بوسیـلیک ) دەڵێ : ” ئەدەب بۆ منداڵان ، وەکو شیری دایک و هەوای پاک وایە ، کە پێویستە هەبن .. “

هەر لە بارەی پێویستی و گرنگیی ئەدەبی منداڵانەوە ، دکتۆر ( ناسرەدین ئەلئەسەد ) دەڵێ : ” ئەدەبی منداڵان ، وەکو ڤیتامینەکانە بۆ بیر و هۆش ، کە هۆش و ئەندێشە ، پێویستیان بە جۆرە جیاوازەکانی هەیە ، هەر جۆرێکیش لایەنێکی بیر و هۆش و ئەندێشە مەست دەکات .. ”

( دۆن مورایە ) ش دەڵێ: ” ئەدەبی منداڵان ، کاریگەرییەکی گرنگ و ، بایەخێکیجیاوازی لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتوودا هەیە .. ”

 

مێژووی ئەدەبی منداڵان ، دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی بوونی مرۆڤ لەسەر زەویدا ـ ئەگەرچی ئەدەبێکی نەنووسراو بووە ـ بەڵام ئەدەبی منداڵان ، بەم شێوە سەردەمییە و ، لەم فۆرم و بەرگە تازەیەیەدا ، دەگەڕێتەوە بو سەدەی حەڤدەیەمین .. لە نووسینی داهاتوومدا ، مێژووی ئەدەبی منداڵان بەسەر دەکەمەوە .

 

گرنگترین بنچینە و ئەو مەرجە بنەڕەتییانەی ، کە پێویستە نووسەری سەرکەوتووی ئەدەبی منداڵان بیانزانێ و ، لەکاتی نووسینی هەر بابەتێکدا بۆ منداڵان لە بەرچاویان بگرێت ، بە کورتی لەم خاڵانەی خوارەوەدا ، ریزبەندمان کردوون :

یەکەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، بەر لە هەموو شتێک ، دەبێ ئەوە بزانێت کە بۆ منداڵان دەنووسێت و ، پەیامەکەی ئاراستەی ئەوان دەکات .. دەبێت لە خەسڵەتەکانیقۆناغەکانی گەورەبوون و ، لە تایبەتمەندییەکانی جیهانی منداڵان لانەدات .

دووەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، پێویستە بایەخێکی زۆر بە لایەنی پەروەردەی سایکۆلۆژیای منداڵان بدات .. بەڵکو پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان پەروەردەکار بێت و ، شارەزاییەکی باشی لە پەروەردەی نوێدا هەبێت ، چونکە گرنگترین ئامانجی ئەدەبی منداڵان ، پەروەردەکردنی دروستی منداڵانە .. وەکو دەڵێن :

” منداڵان خۆشەویستن .. بەڵام پەروەردەکردنیان خۆشەویسترە .. “

سێیەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، پێویستە شارەزاییەکی باشی لە قۆناغەکانی گەورەبوون و گەشەکردنی منداڵان و لە نیشانەکانیان هەبێت .. ئەم شارەزاییەشی توانای ئەوەی پێ دەبەخشێت ، کە بۆ هەر قۆناغێکی منداڵی ، چ بیرۆکەیەک بکات بە هەوێنی بابەتەکانی ، بە چ شێوازێک بابەتەکانی دابڕێژێت ، چ جۆرە وشە و رستە و زمانێکی ساکار و گونجاو هەڵبژێرێت .. چونکە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکان جیاوازن و ، تایبەتمەندی و پێویستی و پێداویستیی خۆیان هەیە .. رادەی بڕکردنی بیر و هٶش و ئەندێشە و ، رووبەری ئاسۆی بیرکردنەوە و ، توانای رۆشنبیریی خۆیان هەیە .

چوارەم :کاری هونەری و کاری پەروەردەی دەروونی ، دووچمکی ئەدەبی منداڵانن ، یا بڵێین هەردوو باڵی ئەدەبی منداڵانن .. ئەگەر باڵێکیان لە دەست بدات ، دەکەوێ و ناتوانێت بفڕێت .. بۆیە پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان ، هاوسەنگییەک لە نێوان ناوەڕۆک و فۆرمدا دروست بکات .. هیچ لایەنێکیان فەرامۆش نەکات و ، نەیکات بە قوربانی لایەنەکەی تریان .

پێنجەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، نابێت خۆی راداو و ، باڵادەستی و فەنتازی خۆی لە نووسینەکانیدا دەربخات و ، چی دەوێت و چۆنی دەوێت و ، بە هەوەس وبە میزاجی خۆی بنووسێت ، بەڵکو پێویستە بیر لەوە بکاتەوە ، کە منداڵان چییان دەوێت و ، چیان پێخۆشە و ، خولیا و تامەزرۆی چین و ، تام و چێژ لە چ جۆرە بابەتێک وەردەگرن .

شەشەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، پێویستە نووسینەکانی ، بە شێوازێکی ئاسان و ، بە زمانێکی پەتی و ،ناسک و شیرین و ، روون و رەوان دابڕێژێت . وشەکانی سادە و ساکاربن و ، رستەکانی کورت تەڕ و پاراوبن و ، لە فەرهەنگی زمانی منداڵانەوە وەریان بگرێت .. بیرۆکەی نووسینەکانی بێ گرێ و گۆڵ بن و ، وشک نەبن و ، گرێ کوێرە و پێچ و پەنایان تێدا نەبن .. پێویستە لە ئاستی هۆش و گۆش و بیر و ئەندێشە و توانای منداڵاندا بن .. نووسینەکانی لە جیهانی پاک و سادە و ساکاری منداڵانەوە  دوور نەبن ..کە جیهانی وەنەوشەیی پڕ لە خولیا و هیوا و خەونی سەوز و شیرینە ، لەو بابەتانەبن کە سۆز و خۆشەویستی بخەنەدڵە قنجەکانیانەوە و ، زاخاوی بیر و هۆشیان بدەن و ، هیوای ژیانێکی خۆشتر و ، ئایندەیەکی باشتر و گەشتر بخەنە دڵیانەوە .. ئەگەر نووسینەکانی وانەبن ، منداڵان لێیان لووتەلادەبن و بە ئەدەبی خۆیان نازانن.. بۆیە نووسەری ئەدەبی منداڵان ، ئەگەر بیەوێت لە نووسینەکانیدا سەرکەوتووبێت .. پێویستە ئەو راستییانەلەبەرچاوبگرێت .

حەوتەم :نووسەری ئەدەبیمنداڵان، پێویستە رەچاوی جیاوازییەکانی نێوان منداڵان بکات ، چ لە رووی تەمەنەوە ، لە ئاستی رۆشنبیری و وەرگرتنەوە ، لە رووی شوێن و ژینگەوە. بۆ نموونە : ئاستی رۆشنبیری و توانای وەرگرتنی منداڵانی تەمەن حەوت و نۆ ساڵان ، لەگەڵ توانا و ئاستی رۆشنبیریی منداڵانی تەمەن یانگزە و ، دوانگزە ساڵاندا ، وەکو یەک نین و جیاوازیان هەیە .. هەروەهاش ئاستی زانین و رۆشنبیریی منداڵانی گوندنشینیژینگە کشتوکاڵی و کۆمەڵایەتی تەسک و سنووردار ،ناگاتە ئاستی رۆشنبیریی منداڵانی شارنشینی پێشکەوتووی شارستانیی ژینگەبڵاو و بەختەوەرتر.

هەشتەم :سەرەڕای بوونی بەهرە و توانای باشی ئەدەبی ، پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان ، شارەزایەکی باشی بواری دەروونزانی منداڵان بێت .. ئەوە بزانێت کە منداڵان هۆگری چین .. دەبێ نووسەری منداڵان ، هیوا و خەون و خەیاڵ و ئارەزووەکانی منداڵان بقۆزێتەوە و ، ببن بە ئیلهام بۆ بابەتی نووسینەکانی .

نۆیەم : هەر وەکو چۆن بەرد و برونز کەرستەی پەیکەرن ، رەنگەکان کەرستەی وێنەن ، دەنگەکان کەرەستەی موزیکن .. هەروەهاش زمان گرنگترین کەرەستەی دەربڕین و گوزارشتکردن و گەیاندن و نووسینە .. بەڵام زمان کەرەستەیەکی رەق و مردوو نییە کە نەتوانرێت دەستکاری بکرێت .. زمان لە داهێنانی خودی مرۆڤە ، لەگەڵ پێشکەوتن و گەشەکردن و داهێنانی نوێدا .. زمانیش گەشە دەکات و پێش دەکەوێت و ، وشەی تازە لەدایک دەبن .. پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان ، تا رادەیەکی باش شارەزای زمان و رێزمانی زمانی گەلەکەی بێت .. بە تایبەتیش زمان و فەرهەنگی منداڵان .. شارەزای وشەسازی و جوانسازییەکانی زمانەکەی بێت .. چونکە بە هۆی شارەزایی و توانای زمان پاراوییەوە ، نووسەری ئەدەبی منداڵان ، دەتوانێت بە جوانترین شێوە ولە فۆرمێکی رازاوەدا ، نووسینەکەی پێشکەش بە منداڵان بکات .. ناوەڕۆکێکی باش ، لە فۆرمێکی خراپدا ، نووسین بێ پێز و لاواز دەکات و دەمرێت .

لە رێی ئەدەبی منداڵانیشەوە ، فەرهەنگی زمانی منداڵان رەنگینتر ودەوڵەمەنتر دەبێت . منداڵان بە هۆی زمان پاراویشەوە ، دەتوانن باشتر و جوانتر گوزارشت لە بیر و هزر و ئەندشە و ، لە سۆز و خۆشی و خۆشەویستیی خۆیان بکەن .

دەیەم : بەپێی پێوەرەکانی جوانسازی ،بە جوانی داڕشتن و، رازانەوەی بابەتینووسینەکان ـ هۆنراوەبن یا چیرۆک و شانۆ و پەخشان ـ کاریگەرییان لەسەر هۆگربوون و وروژاندنی حەزی خوێندنەوە و گوێگرتن و سەیرکردنی منداڵان هەیە .. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ، نووسەری ئەدەبێ منداڵان ناوەڕۆک بکات بە قوربانی فۆرم و تەکنیکی داڕشتن و جوانسازی .. پێویستە هاوسەنگییەک لە نێوانیادا دروست بکات .. شاعێرێک دەڵێ : ” تا ئەمڕۆش نازانم ، چۆن ئەدەب دەتوانێت لە خەمەکانشتی جوان دروست بکات ..”

هەر ئەم نهێنییەشە ، هەندێ چیرۆک و هۆنراوە هەن ، کە چەندین ساڵ بەر لە ئێستا وتراون و نووسراون کەچی تا ئەمڕۆش تام وچێژی خویان لە دەست نەداون و منداڵان لە گوێگرتن و لە خوێندنەوە ولە دووبارەکردنەوەیان بێزارنابن .

یانگزەیەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، دەبێ ئەوە بزانێت کە منداڵانی ئەمڕۆ منداڵانی دوێنی و پێرێ نین .. منداڵانی ئەمڕۆ زۆرزانتر و بلیمەتر و چاوکراوەترن .. منداڵانی سەردەمی داهێنانی شتی سەیر و سەمەرن ، سەردەمی ئینتەرنێت و ،گۆشکردوویپەروەردەی نوێن .. وەکو ( کۆنفۆشیۆس) دەڵێ : ” منداڵانمان ، منداڵانی چاخی ئێمە نین .. منداڵانیچاخی خۆیانن .. ” .. ئەدەبی منداڵانیش نەچەقیوە و ریچکەی کۆنی شکاندووە و .. لە گۆڕانکاری و هاوچەرخی و پێشکەوتندایە .. بۆیە نووسەری ئەمڕۆی ئەدەبی منداڵانیش ، نابێت لاسایی شێوازی کۆن بکاتەوە ، رێبازی تەڵقین ئاسایی بەسەرچوو ، کە لە شێوەی فەرمان پێ کردن وئامۆژگاریی وشکدا بیرۆکەی بابەتەکانی دادەڕشت .. شوورەی درکەزێی بە دەوریاندا دەکێش .. پێویستە سەردەمییانە بیربکاتەوە و ، نووسینەکانی لە ئاستی خواست و رۆشنبیری وپێویستییەکانی ، منداڵانی ئەم سەردەمەدابن .

ئەمەو پێویستە ، نووسینەکانی دووربن ، لە شەڕانگێزی و شەڕخوازی ، لە توندوتیژی و زەبروزەنگ و لە ترس و تۆقین ، لە رەشبینی و هیوابڕان و نائومێدی ، لە فروفێڵ و تەڵەکەبازی ، لە درۆ و دەلەسە و لەخشتەبردن ، لە رق وکینە و بوغز، لە دژایەتی و دوژمنایەتی و تۆڵەسەندنەوە ، لە ستەمکردن و زۆرداری و ئازاردان و بێ بەزەیی و چەوساندنەوە ، لە چەقاوەسوویی و بێ رێزی و بەدڕەوشتی و ، …هتد. بەڵکو بە پێچەوانەی ئەم خەسڵتە نێگەتیڤانە ..پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان ، بە پرانسیپ و بەها جوانەکان و ، بە رەفتاری باش و کاری خێرخوازی و ، بە پاکی و راستگۆیی و ، بە باوەڕبەخۆبوون و گەشبینی و، بە ژیری و هیواخوازی و تێکۆشان و کۆڵنەدان و ، ئازادیخوازی و نیشتمان پەروەری و مرۆڤ دوستی و هاوڕێتی و یەکسانی و ، بە دڵسۆزی  خۆنەپەرستی و ، … هتد . لە رێی نووسینەکانییەوە ، منداڵانی ئەمڕۆمان  گۆش و پەروەرە بکات .. بەزمانێکی نەرم و شیرینی لە گەزۆش شیرنتر ، لەگەڵیاندا بدوێت.. تا ببنە تاکی سەرکەوتووی خێرەوەدەر و ، کۆمەڵگایەی باش و دروست و بەختەوەریان لێ بێتە کایەوە .. پێویستە ئەدەبی منداڵان لە پێناوی هێنانەدیی ئەم ئامانجە پیرۆزەدا بێت.

( مەکسیم گۆرگی ) دەڵێ : ” دەتوانین بە زمانێکی شیرین و گونجاوی .. دوور لە شێوازی راپورتەزانیاری ، بە راشکاوی بۆ منداڵان بدوێین .. “

دوانگزەیەم :لایەنی نيشتمان پەروەریی و سۆزی نەتەوەیی و ، دڵسۆزی و ئێنتیمابوون بۆ نیشتمان و ، رێزگرتن لە مرۆڤ و ، دوستایەتی و پێکەوە ژیان و یەکتری قبۆڵکردن و ، رێزگردن لە سەروەریی یاساکان و ، زانین ئەرک و مافەکان ، داکۆکیکردن لە راست و رەوا ، لە ئامانجەکانی ئەدەبی منداڵانن .. پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان ،لە نووسینەکانیدا  ئەو ئامانجانە فەرامۆش نەکات و ..نووسەر خۆشی ببێ بە پێشەنگ و ، بە نموونەنەیەکی باش لەم رووەوە .

سیانگزەیەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، پێویستە لە نووسینەکانیدا بێ لایەن بێت و ، لەژێر کاریگەریی هیچ ئایدیایەکی مەبەستداری سیاسیدا نەبێت .. بۆ بەرژەوەندییەکی تەسکی سیاسی ، منداڵانیساویلکە و دڵپاک ، چاوبەست بکات و لاڕێیانبکاتەوە .

چواردەیەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان ، پێویستە رۆشنبیرێکی گشتیی باش بێ و ، خوێنەرێکی بابەت هەمەڕەنگەی هەمیشەش بێت .. بە تایبەتیش زیاتر ئەو بابەتانە  بخوێنێتەوە ، کە پەیوەندییان بە رۆشنبیری و ئەدەب و پەروەردەکردنی منداڵانەوە هەیە .. داهێنەر بێت و ، بیر لە داهێنان بکاتەوە .. وێڵی دوای بابەتی تازە بێت .

پانگزەیەم :پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان ، زۆر دڵنیابێت لە دروستی و راستیی بیرۆکە و ناوەڕۆکی نووسینەکەی .. دڵنیابێت لە راستیی هەر وشە و رستەیەک ، کە دەینووسێت .. چونکە هەر هەڵە و ناراستییەکی زانیاری و پەروەردەیی و ئەدەبی و زمانەوانی ، لە هۆش و بیر و ئەندێشەی منداڵاندا دەچەسپێن و ، راستکردنەوەیان ئاسان نابێت .. ئەو هەڵانەش  لەسەر نووسەری منداڵان زۆر دەکەون و ، ئۆباڵی وەرگرتنی ئەو زانییارییانەش بە هەڵە ، لە لایەن منداڵانەوە ، لە ئۆباڵی نووسەری ئەدەبی منداڵاندایە  و .. داوای لێبووردن و پاکانەکردنیشی بێ هوودەیە .

شانگزەیەم :نابێت نووسەری ئەدەبی منداڵان ، جیاوازی لە نێوان کچان و کوڕاندا بکات و ، تەنها کوڕان یا کچان بکات ، بە پاڵەوان و کەسایەتی و کارئەکتەرەکانی نووسینەکانی .. بەڵکو پێویستە هەست و گیانی یەکسانی و هاومافی و هاوئەرکی و هاوکاری وهاوڕێزی و خۆشەویستی و خوشک و برایی لە نێوانیاندا بسەپێنێت .

حەڤدەیەم : پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان ، بە دڵێکی فراوانەوە ، ئەو رەخنە و سەرنج و تێبینییە ئەدەبییانە وەربگڕێت ، کە لە نووسینەکانی دەگرن .. گەشە بە لایەنە باشەکانی خۆێ بدات و .. هەڵەکانیشی راست بکاتەوە و دووبارەیان نەکاتەوە .

هەژدەیەم : پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان ، لە رێی نووسینەکانییەوە ، پردێکی خۆشەویستی لە نێوان خۆی و منداڵاندا دروست بکات .. تا بچێتە دڵی منداڵانەوە و ، هۆگر وئاشنای نووسینەکانی ببن .

نۆزدەیەم : پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان ، ئەوەش  بزانێت ، کە بە چ هۆیەکی گەیاندنەوە ، نووسینەکانی بە منداڵان دەگەیەنێت .. لە رێی کتێب و گۆڤاری چاپکراوەوە ، لە ڕێی راگەیاندنی بینراوەوە ( تەلەفزیۆن ) .. لە رێی نواندن لەسەر تەختەی شانۆ ، لە رێی سیدی و کاسێتەوە .. یا هەر هۆیەکی تر بێت ، چۆنکە هەریەکە لەو هۆیانە ، کومەڵێک مەرجی هونەری و پێویستیی تەکنیکیان هەیە .. مەرجەکانیش بە پێ جۆرەکانی نووسین بۆ منداڵان دەگونجێنرێن ..ئایا نووسینەکەی هۆنراوەیە ، چیرۆکە ، شانۆیە ، زنجیرە درامایە .. یا هەر بابەتێکی تر بێت .

بیستەم :نووسەری ئەدەبی منداڵان ، نابێت بیر لە دەسکەوتی مادی وسوودی تایبەتیی خۆی بکاتەوە ، کە لە ڕێی نووسینی بابەتی ئەدەبی منداڵانەوە بەدەستی بهێنێت .

لە کڵاورۆژنەی ئەو مەرج و پێوەر و بنەڕەتییانەی سەرەوە، کە پێویستە لە نووسەری سەرکەوتووی ئەدەبی منداڵاندا هەبن .. کەواتە بواری ئەدەبی منداڵان ، بوارێکی هێندە ئاسان نییە ، هەر پێنووس بەدەستێک رووی لێبکات و خۆی تاقی بکاتەوە، بتوانێت بە ئاسانی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت ، رووبارێکی هێندە تەنک و ئارام نییە ، هەر خۆبەمەلەوانزانێک خۆی بخاتە ناوی ، دەتوانێت بە هێمنی و ئاسانی مەلەی تێدا بکات و لێی بپەڕێتەوە .

دەشێ نووسەرێکی سەرکەوتووی بواری ئەدەبی گەورەکان بێت .. بەڵام لە بواری ئەدەبی منداڵاندا سەرکەوتوو نەبێت .. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نابەڵەدیی لە بواری پەروەردە و دەروونناسی و ، تایبەتمەندییەکانی قۆناغەکانی پێ گەیشتنیمنداڵان و ، نەشارەزایی لە پرانسیپ و لە بنچینەکانی ئەدەبی منداڵان و ، نابەڵەدییلە خواست و خولیا و ئارەزوو و هیوا و خەونەکانی منداڵان . بە داخەوە ، لە ژێر ناوی ( بۆ منداڵان ) دا ، نووسینێکی زۆری کالوکرچ و بێ تام و چێژ و لاواز ، بڵاوکراونەتەوە یا بڵاودەکرێنەوە ، بەڵام لە راستیدا بەشێکی زۆری ئەو نووسینانە، لە بیر و ناوەڕۆک و فۆرمدا ، نە بۆ منداڵان دەشێن و ، نە منداڵانیش بە نووسینی خۆیانیان دەزانن .

هەندێکپێیان وایە ، پێویستە نووسەرانی ئەدەبی منداڵان ، دابەزن بۆ ئاستی منداڵی و خۆیان بکەنەوە بە منداڵان .. من لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نیم .. چونکە ئەوان گەورەن و قۆناغی منداڵییان بەجێهێشتووە  .. ناتوانن جارێکی کە ، وەکو منداڵان ئاسایی رەفتار و گوزارشت بکەن .. ئەمە وەکو ئەوە وایە ، کە گەورەیەک یارییەکی منداڵان بکات .. لە بەرچاوی منداڵاندا ، دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی و پێکەنین .. چونکە نە یارییەکەی لێ دێت و ، نە لاسایی کردنەوەکەشیلە رەفتاری سروشتیی منداڵان دەچێت .

دەربارەی ئەدەبی منداڵانی کورد ، من تا ئێستا بە زمانی کوردی و بە عەرەبی ، پێنج نووسینم لە گۆڤار و ماڵپەرەکاندا بڵاوکردۆتەوە .. بە نیازم لە دەرفەتێکی تردا ، چەند سەرنج و رایەکی ترم ، دەربارەی رەوتی ئەدەبی منداڵانی کورد بخەمەڕوو .

نەرویج :  ٢٥ / ٦ / ٢٠١٣

 

 

 

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی