"an independent online kurdish website

لە پێوەندی دەگەڵ وتووێژ و نوسراوەکانی دوکتور عەبدوڵای ئەبریشمی دا چەند سرنج و چەند پرسیار بە پێویست دەزانم کە جەنابی دوکتور ئەبریشمی وڵامیان بداتەوە chiya_aliyar

و گەلی کوردیش قەزاوەتی خۆی بکا. زیاتر لە 30 ساڵە بەڕێز دوکتور عەبدوڵای ئەبریشمی بە هەر بیانوو و بۆنەیەکەوە لە وتارێک، ستاتوسیك یا وتووێژێک دا باسی دەورانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 57 دا دەکا و وا دەنوێنی کە وەک ڕۆداوێکی مێژویی هەڵی دەسەنگێنی و لایەنی چاک و خراپەکانی دەخاتە بەر باس.

هەتا ئێرە کارێکی پیرۆزە و بێ‌گومان لەو دەوران دا دەگەڵ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوە نە لە ماهیەتی دابوو و ئەساسەن دەیهەویست کێشەی کورد چارەسەر بکات بەڵام ڕەنگە حیزب و سازمانەکانیش کە ئەو کات زیاتر هەر دێموکرات و کۆمەڵە بوون و چەند کەسایەتی وەک مامۆستا شیخ عیزەددین و … لە شوێنێک کارێکی خراپیان کردبێ یان هەڵۆێستێکی خراپیان گرتبی هەرچەند لە ئاست تاوان و جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دا لە تەرازویەکیش دا هەڵنەسەنگێندرێن بەڵام دەبی باس و لێکۆڵینەوەی لە سەر بکرێ و بۆ داهاتوو دەرسی لێ‌وەرگیرێ

. بەڵام ئەوەی کە جێێ سرنجە، بەڕێز دوکتور ئەبریشمی لە هەموو نوسراوە و وتووێژەکانی دا بە جۆرێک پاساو بۆ جەنایەتەکانی رژیم دەهێنێتەوە و هەموو خەتاکەش دەخاتە ئەستۆی حیزب و سازمانە کوردیەکان، بەڕێزیان پێێان وایە کە ئەگەر خەباتی چەکداری حیزبەکان نەبایە ئێستا کوردوستان کەوتبوە بەر لوتف و مەرحەمەتی وەلی فەقیە و لە هیچ بوارێک دا لە تاران و شیراز و ئیسفەهان کەمتر نەبوو بەڵکۆ ڕەنگبی زیاتریش کاری تێدا کارابا بۆ ئاوەدان کردنەوە و بواری ئیمکاناتی رفاهی خەڵک و دابین کردنی کار و داهات و ئابوری.

کە واتە پێشی ئەو ئاوەدان کردنەوەیە و پێشی پێشکەوتن و نەبوونی هیچ ئیمکانات و بێکاری و میلیتاریزە کردن و ڕوانینی ئەمنیەتی بۆ کوردستان حیزبەکان گرتویانە و خەتاکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان و هێزی پێشمەرگەی کوردوستان. ئەو بۆچونە لە لایەک دوپاتی دەقاو دەقی قسەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیە بۆ پاساو هێنانەوە بۆ جەنەیاتەکانیان و پێش گرتن لە هەموو بەرەوپێش چونێکی کوردوستانە و لە لایەکی دیکەش ڕوانینی سادە و دیتن و قەزاوەت کردنی یەک لایەنەی روداوەکانە کە پێم وا نیە دوکتور ئەبریشمی هێندە سادە و ساکار و کرچ وکاڵ بێت لە سیاسەت دا کە ئەو ڕوداوە مێژوییەی خۆی شایەدی بوە ئاوا ئاوەژوو بکاتەوە و جەنابیان شایەدی زۆر جەنایەتی کوماری ئیسلامیش بوە لە سەرتاوە تا ئێستا.

مەگەر تودە و ئەکسەریەتەکان چ خۆشخزمەتیەک نەما کە بە ڕژیمی نەکەن، مەگەر ئەوان نەبوون کە وەپێش پاسدارەکان کەوتن و بنکە و حەشارگەی پێشمەرگەیان پێشانی پاسداران دەدا و وێڕان ئەوان بە خەیاڵی خۆیان شەری دژی ئیمپریالیزمیان دەکرد و پیشمەرگە و رۆڵەی کوردیان شەهید دەکرد ؟ ئاکامەکەی ئەو هەموە خزمەتە چ بوو !!؟؟ لە دار دان و ئیعدامی هەموویان. مەگەر دوکتور قاسملوو بۆ چارەسەری کێشەی کورد پەنای نەبردە سەر میزی وتووێژ !؟ بۆچی تیرور کرا ؟

دوکتور سەعید لە ئوروپا و دەیان کەسایەتی فەرهەنگی و سیاسی دیکەی کورد و فارس و …لە ناوەندەکانی ئوروپا، ئایە ئەوەش لە پیاو چاکی رژیم و خەتای هێزی چەکداری کورد بوو !؟؟ دوکتور بەختیار خۆ هێزی چەکداری نەبوو، فەرەیدونی فەروخ زاد کەڵاشینکوفی لە شان نەکردبوو، بە دەیان کەسایەتی دیکەی سیاسی لە ئوروپا رەنگبی زۆربەیان هەر نەشیانزانیبی چون تەقە بە دەمانچە دەکرێ بۆچی تیرور کران !؟

مەگەر ئەو حیزبانەی کە ڕەنگبی لە ڕوانگەی دوکتور ئەبریشمیەوە وەک خراپکار و تیروریست پێناسە بکرێن و لە لایەن گەلی کوردەوە وەک داکۆکی کەر و پارێزەری مافەکانیان، دەگەڵ‌هەڵەکانیشیان بەڵام چ حوسنی نیەتێک ما کە لە خۆیانی پیشان بدەن بۆ وتووێژ و سازان دەگەڵ دەولەتی تازە بە دەسەڵات گەییشتو لە سەر مافەکانی گەلی کورد ؟ ئایە دوکتور ئەبریشمی ئاگاداری ئەوە نیە کە کاتێک دوکتور قاسملوو دەنگ دێنێتەوە بۆ مەجلیس خومەینی دەستوری دابوو کە هەر گەییشتە تاران بیگرن و ئیعدامی بکەن !؟ ئەوەش خەتای هێزی چەکدار بوو!؟ مەگەر حیزبی دێموکرات لە مهاباد بۆ نیشاندانی حوسنی نیەت دەگەڵ‌ ئەرتەش چ ما کە نەیکا ؟ وڵامی ئەرێنی درایەوە !؟ ئایە بەڕیز دوکتور ئەبریشمی قسەکانی ئایەتوڵا ئیشراقی لە گۆڤاری چشم انداز ایران دا خوێندۆتەوە کە هەم زاوای خومەینیە و هەم نوێنەری ئەو کاتی رژیم بۆ دانیشتنەکان دەگەڵ وەڤدی کوردی!؟

ئایە قسەکانی داریوش فروهەر بە گوێێ جەنابیان نەگەییشتۆتەوە لە پێوەندی دەگەڵ دانیشتنەکانی ئەو کات!؟ جیا لەوانە ئایە قەتڵۆعامەکانی قار‌نی و قەڵاتان، شاروێران و چۆمی مەجیدخان و دەیان و سەدان گوند و شاری دیکەی کوردوستان کە سەربازانی شەرخوازی ئیسلام ژن و منداڵ‌و پیر و جحێلی کوردیان سەربرێ و ماڵ‌و حاڵیان وێران کردن خەتای پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بوون یا حیزبی دێموکرات یا هەردوکیان ! ؟ نەورۆزی خوێناوی سنە کامیان کردیان، کۆماری ئیسلامی یا دێموکرات و کۆمەڵە !؟ قەتڵۆعامی پاوە بە فەرمانی چەمران؟ گوللەبارانی لاوانی 14 و 15 ساڵە لە سنە و پاوە و 59 لاوی مەهاباد بە فەرمانی خەڵخالێ، فەرمانی جیهادی خومەینیش ڕەنگبێ لە سەر قسەی هێزی پێشمەرگە بێت یا خەتای ئەوان

!! بەڕێز دوکتور ئەبریشمی دەبێ‌باش‌ئاگادار بێ‌ کە هێزی پێشمەرگە چ دێموکرات و کۆمەڵە چ لایەنەکانی دیکە قەت نەچون هێرش‌ بکەنە سەر تاران و مەشهەد و ئیسفەهان، قەت تەقینەوەیان نەکردوە لەو شارانە و تەنیا و تەنیا پارێزگاریان لە ماف و داخواز و شەرافەتی گەلی کورد کردوە و هەزاران ڕۆڵەی هەڵکەوتوی ئەو گەلە گیانی لە پێناو ڕزگاری و پارێزگاری لە کوردوستان دا داناوە. ئەوان بە خوێنی خۆیان ناسنامەی نەتەویەکیان مۆر کرد و شورشێکیان بەرپا کرد کە هەتا هەتایە لە بیر گەلی کورد ناچێتەوە. بێ‌گومان ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبوایە و بەرپەرچی هێرشە درندانەکانی کۆماری ئیسلامی نەداباوە لە کوردوستان، ئێستا لە سابڵاغی دوکتور ئەبریشمی و هەموو کوردوستان بە گشتی هەموو کەس بە فارسی قسەی دەکرد و بە تەواوی کەوتبوینە ژێر چەپۆکی شوێندانەری شئونیسمی نەتەوەی فارس و وەک تورکەکان پێمان عەیب دەبوو بڵێێ‌ کوردین و حاشامان لە ناسنامە و نەتەوەی خۆمان دەکرد یا وەک عەرەب و بەلوچەکان ئێستاش حیسێبی دوو قڕانیان بۆ نەدەکردین.

کە واتە ئەو تۆزقاڵەی کە ئێستاش هەیە و ڕاگرتنی ئەو هەستە نەتەوەییە لە نێو گەلی کورد دا دەسکەوتی خەباتی چەکداری پیشمەرگانەیە، مێژوی کوردوستانی باشور دەبێ‌باش‌بزانی جەنابی دوکتور، ئازادترین و دێموکرات ترین حکومەتیان داناوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا کە دەبێ هەموو دەر و جیران چاویان لێ‌بکەن و لێێان فێر بن، ئەوەش دەسکەوتی خەباتی چەکداری.

مێژووی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە نوسراوەیەکی ئاوا دا گەلێک ئەستەمە جێی بێتەوە و چەند کتێبی دەبێ‌لە سەر بنوسرێ بەڵام خەتای حیزبەکان ڕەنگبی ئەگەر هەبێت بژاردنیان لە قامکەکانی دەستێک زیاتری نەوێ، بەڵام سەرەڕای ئەو ڕاستیەش کە دوکتور ئەبریشمی زۆر لە من چاتر دەزانێ وایە، نکۆڵی لێدەکا و بۆ تاقە جارێک ئاماژە بەو جەنایەتانە ناکا کە ڕژیم کردی، کەسانێک هەن کە دەفەرموون لە بەر ئەوەی لە نێو خۆی وڵات دەژی ناتوانی باسی هەموو شت بکات !

ئەوە تەنیا پاساو هێنانەوەیە، دەنا بۆ حیشمەتوڵای تەبەرزەدی کە زۆر لە دوکتور ئەبریشمی ناسراوتریشە بە ئاشکرا سیاسەتەکانی رژیم زۆر بە زمانێکی توندی بەرپەرچ دەداتەوە و دەوێری بۆ جەنابیان کە 30 ساڵە 30 هەزار جاری حیزبیەکان خەتابار کرد تاقە جارێکیش دەرزیەکی لە دوژمن نەچەقاند و بێت و شوژنێک لە خۆمان دا !!؟؟؟ لێکۆڵینەوە لە سەر ڕوداوێکی مێژوویی ئاوا دەبێ کەسانی بێ‌لاین بیکەن و بەڵگە و فاکتیان لە بەر دەست دابێ، ناکرێ لایەنێک هەموو خەتاکی بکەوێتە ئەوستۆ و لایەنێکی جەنایەتکار کە 35 ساڵە خەڵکی ئیعدام دەکا، دەکوژی و دەبڕی و وێران دەکا و بناغەی فکری و ئیدئولوژیەکەی لە سەر کوشتن و شمشیر هەڵگرتن و مل پەڕاندنە، بەری بێ‌لە هەموو گوناح‌و خەتایەک و وەک فریشتە وابێ.

بێ‌گومان ئەگەر دوکتور وای کردبایە و بێ‌لایەنانە ئەو لێکۆڵینەوەی کردبایە پاش‌34 سال ئێستا 34 کەسی لە دەوروبەری دەبوو کە هاوبۆچون و هاوفکری بەڕێزیان بان. بۆیە باشترە کە بەڕیزیان لەو کۆتایی تەمەنەدا هەوڵێک بدا و ڕوداوە مێژوییەکان وەک خۆیان کە هەن بڵاو بکاتەوە نەک لە سەر ویست و داخواز یا داوای لایەنێک کە رەنگبی قازانجێکی ئانی و کاتێ تێدا بێ ئاوەژویان بکاتەوە، چونکە لاوی کورد و بەرەی نوێ ئێستا وشیارتر لە جاران هەڵسوکەوت و لێکۆڵینەوەی خۆی دەکا و قەزاوەتی خۆشی دەکا کە بی گومان لە مێژوو دا بە باشی باسی کەسانی وەک بەڕیزیان ناکا  

٦ ی نوامبری ٢٠١٣

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی