"an independent online kurdish website

کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد”ژک” لە ٢٥ ی گەلاوێژی ١٣٢١ لە ساری مەهاباد و لە لایەن کۆمەڵێک ڕۆشنبیری کوردەوە دامەزراوە و دوای ٣ ساڵ کار و تێکۆشان لە گەرمەی شەڕی دووهەمی جیهانی و ئێرانێکی داگیرکراوی بێ دەسەڵات دا ، logo_hdk2

لە ٢٥ ی گەلاوێژی ١٣٢٤ ناوی خۆی دەگۆڕێ بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و قازی محەممەد کەسایەتیی ناسراو و لێهاتووی شاری مەهاباد وەک پێشەوای حیزب هەڵدەبژێردراوە. ئۆرگانی فەرمی و زمانحاڵی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لە نیشیمانەوە بۆ ڕۆژنامەی کوردستان کە ئێستاش بەردەوامە ، دەگۆڕدرێ و لۆگۆی نوێ بۆ حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دیاری دەکرێ.

دوای نیزیک بە ٣ مانگ لە دامەزرانی حیزب ، کۆنگرەی یەکەم پێکهاتووە و لەوکۆنگرەیە دا وێڕای هەڵبژاردنی کۆمیتەی مەرکەزیی حیزب، دووبارە قازی محەممەد وەک پێشەوای حیزب متمانەی پێ بەخشراوە.

یەکێک لە بڕیارەکانی کۆنگرەی یەکەمی حیزب کارو خەباتێکی هەمە لایەنە بۆ پێکهێنانی کۆماری کوردستان بۆوە. ئەو ماوەیەی نیوان دامەزرانی حیزب و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە لایەن ڕێبەری ناودار شەهید دوکتۆر قاسملوو وە بە ١٦٠ ڕۆژ خەبات ناودێر کراوە. ئەو ١٦٠ ڕۆژە سەرەتای تەمەنی هەرە پڕ کار و خەباتی ئەو حیزبەیە کە هەتا ئێستاش لە لایەک مایەی شانازی یە بۆ حیزب و لە لایەکی دیکەش وەک بەڵگەی خەباتکاریی مێژووی حیزب تۆمار کراوە کە کۆماری کوردستانی لێکەوتۆتەوە.

ئێستا و دوای ٦٨ ساڵ ، هیندێک لایەن کە بوونی خۆیان لە لاوازی و کەم ڕەنگ کردنی ڕۆڵ وکاریگەریی حیزبی دێمۆکرات لە مێژووی ٧٠ ساڵی ڕابردوو دا دەبیننەوە، بەردەوام یەک ڕستەی بێ مانای دوور لە واقیعیەت دووپات و سەد پات دەکەنەوە. ئەوان نە خاوەنی ڕابردوویەکی خەباتکارانەن و نە تەمەنیان بەشی تۆماری هیچ شانازی یەک دەکا و نە خەباتیان بایی ئەوندەیە کە تەنانەت نەتەوەی کورد لە بوونیان دا هەست بە پڕ بوونەوەی بەتاڵاییەک بکا و نە لە نە بوونیان دا هەست بە بەتاڵاییەک بکاتەوە. واتە بوون و نەبوونیان وەک یەکە.

ئەوان ئەو ڕستە یە دەڵێن:” با کۆماری کوردستان نەکرێتەوە موڵکی هیچ حیزبێک”. ئەو قسەیە لە بوارێکدا بەتەواوی ڕاستە کە نابێ کۆماری کوردستان بە حیزبی بکرێ. تەنانەت حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران زیاتر لە ٣٤ سالە هەوڵ دەدات تا ٢ ی ڕێبەندان بکرێتەوە ڕۆژێکی نەتەوەیی هەمەگیر. بەڵام تەنانەت ئەو حیزبانەی لە ڕێگا زۆریان پێ چووە ولە ئاش پەلە دەکەن، نەهاتوون تاقە جارێکیش یادی کۆمار بکەنەوە و ئەوان حیزبی دێمۆکرات بانگهێشتی یادەکە بکەن. تەنانەت لە میدیاکانیان دا (ئەگەر هەیان بووبێ) بەجۆرێک باسی کۆماریان کردووە کە زۆر کەم بایەغ بۆوە. بە کورتی حیزبی دیمۆکرات نەهاتووە دەستی هیچ لایەنێکی کوردی بگرێ کە یادی کۆمار نەکاتەوە  و بە هی خۆی نەزانێ.

ئەوان زۆر جاریش دێن و چەند ڵاپەڕە دەنووسن و تەنانەت هیندێک جار زیادەڕۆیش دەکەن تا بەڵکوو کەمێک لە ڕۆڵی حیزبی دێمۆکرات لە پێک هێنان و ڕاگەیاندن و بەڕیوەبردنی کۆماری کوردستان دا کەم بکەنەوە. لایەنی وایە باس لەوە دەکا کە پێشەوا قازی محەممەد کۆماری پێک هێنا، ئەو کۆماری ڕاگەیاندن ، ئەو کۆماری بەڕیوەبرد.

ئەوەی کە پێشەوا قازی کەسایەتیی هەرە دیار و هەرە پێشەوەی کۆمار بووە هیچ قسەیەکی تێیدا نیە. بەڵام ئەو کەس و لایەنانە قەت لە خۆیان پرسیوە کە داخوا قازی محەممەد نازناوی “پێشەوا” ی لە کوێ ڕا پێی بەخشرا؟ مەگەر بەرلەوەی قازی محەممەد ببێتەوە ڕیبەری حیزب، وشەی ‘پێشەوا’ ی بۆ بەکار هاتبوو؟

komar_kabyne1

مەگەر کام هەڵبژاردن کرابوو و سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرابوو؟ یا خودی کۆمیتەی مەرکەزی حیزب ئەو ئەرکەی بە پێشەواکەی ئەسپاردبوو؟ مەگەر نیزیک بە تەواوی وەزیر و کاربەدەستانی کۆماری کوردستان لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و بەرپرسانی حیزب نەبوون؟ مەگەر زمانحاڵی کۆماری کوردستان هەمان ڕۆژنامەی کوردستانی ئۆرگانی بیری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان نەبوو؟

هەتا ئەم لەحزەیەش جگەلە حیزبی دێمۆکرات کام لایەنی کوردی بە جیدی و ڕیک و پێک یادی کۆمار و سەرۆکەشەهیدەکەی کردووە؟ کام یەک لەو حیزبانەی کە زۆر مودەعیی خاوەنداریەتی لە کۆمارە تەنانەت ناوی شەهیدانی سەردەمی کۆماری کوردستان لە لیستی شەهیدانی خۆیدا تۆمار کردووە؟

کام یەک لەو مودەعیانە تا ئیستا هاتووە لە ١٠ ی خاکەلێوە دا یادی شەهید کرانی سەرۆک کۆماری کوردستان بکاتەوە؟ تەنانەت کامیان وێنەیەکی شەهید پێشەوای لە بارەگاکەی دا هەڵواسیوە؟ قەت لە خۆمانمان پرسیوە کە ئەگەر لەو ٦٨ سالە دا حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەبەردەوامی لە میدیاکانی ، لە کۆڕ و یادکردنەوەکان دا باسی لە گەورەیی پێشەوا قازی و کۆماری کوردستانی نەکردباوە، ئێستا کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی وەک ئەمڕۆ بۆ هەموو کوردێک ناسراو و هێمای نەتەوەیی دەبوون؟

کام یەک لەو مودەعیانە دوو بەڵگە و بابەتی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێشەوا و کۆماری کوردستان هەیە؟ بەڵام بابێن بە دەیان کتێبی وەک چڵ ساڵ خەبات و …… سەدان بابەت و کۆڕ و کۆبوونەوە و هەزاران یادکردنەوە لە حیزبی دێمۆکرات دا لە سەر کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی محەممەد ببینن. بەسەدان بەڵگە وفیلم و دێکۆمێنت کە ئەمڕۆ لە میدیاکوردییەکان دا بڵاودەکرێنەوە، بە زەحمەت و کوێرەوەریی حیزبی دێمۆکرات و ڕیبەرەکانی لە دام و دەزگای ڕاگەیاندنی و بگرە ئەمنیەتی و نیزامی یە بیانیەکانەوە وەک سواڵ و سەدەقە کۆکراونەتەوە. ئەدی ئەوکات ئەو مودەعیانە لە کوێ بوون؟

ئەو چەند کورتە فیلمانەی کە بە بێ دەنگ پێشەوا قازی لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆمار دا نیشان دەدەن، بە هەوڵ و هیمەتی حیزبی دێمۆکرات و لە ڕێگای دۆستانیەوە ، لە ئارشیوی سۆڤیەتیەکان وەرگیراوە.

کۆتایی

خوێنەری هێژا

ئەوانەی سەرەوە هیچیان نە زیادەڕۆیین، نە ئیغراق و نە تەبلیغات ، ئەوانە راستی هایەکن کە بەداخەوە هیندێک لایەنی موحتاج بە مێژووسازی بۆ خۆیان، ولە هەمانکات دا چاویان هێزی حیزبی دێمۆکرات لە نێو بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد دا نابینێ. گەورەیی و ئیعتیباری حیزب بۆیان هەزم ناکرێ، خۆیان لە بەرانبەر حیزبی دێمۆرکات دا بچووک دەبینن، ناچارن ئەو ڕاستیانە نەبینن و خۆیانی پێ دەرخەن.

بەڵام هەمووی ئەوانە لە لایەک، لایەکەی دیکە حیزبی دێمۆکرات و پێشەوا شەهیدەکەی توانیویانە کۆمارێک لە مێژووی کورد دا تۆمار بکەن کە دوای نیزیک بە ٧٠ ساڵ ئێمە شانازی پێوە دەکەین. کۆمار موڵکی کوردە. حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران سەرمایەی مەعنەوی و هێزی لە بڕان نەهاتوو ،و مایەی شانازیی نەتەوەیەکە. ئەو سەرمایە مەعنەویە بە هیچ هێزێکی بەرچاو تەنگی خۆماڵی و بگرە هیچ داگیرکەرێکیش بە چۆک دا نەهاتووە و نایە.

شاهیدیش بۆ ئەو ئیدیعایەم ئەوەیە کە لە ڕۆژگارێکی سەخت و دژوار دا ساڵ نەبوو چەندین کەس لە باشترین و خوێندەوارترین ئەندامانی ڕێبەری و بەرپرسانی ئەو حیزبە شەهید نەبن،لەسەرووی هەمووشیانەوە دوو سکرتێری ناودار کە تا ئەوکات تەنیا حیزبی کوردی بووە کە سکرتێرەکانی مامۆستایەتیی زانکۆیان بەجێ هێشتووە و شاخیان هەڵبژاردووە ، تێرۆرک کراون. ئەویش لە کوێ و لە چ مەوقعیەتیک دا تێرۆرکران؟ ئاکامی تێرۆرەکەیان بۆ دوژمنان ڕیسوایی و بۆ کورد شانازی بووە. ئەوەش گەورەیی حیزب نیشان دەدات کە بەردی بناغەکەی مێعماری گەورە پێشەوا قازی محەممەد دایناوە.

komar_kabine3

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی