لەم رۆژانەدا دەبوایە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرێز مەسعوود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی، رەش پۆش بووایەن،
پشوودانی فەرمیان رابگەیەندایە و ئاڵای کوردستان بە نیوەچڵ لە شەقام و شوێنەکانی فەرمی حکوومەتی شەکاوە بوایە. کوژرانی “دونیا” کچێکی پانزدە ساڵە بە دەستی مێردە 45 ساڵەکەی کە لە چاکترین حاڵەتدا دەیتوانی تەمەنی باوکی ئەو کچە گەنجەی هەبێت، لووتکەی هەموو ئەو جینایەت و تاوانانەیە کە رۆژانە دژی ژن لە کوردستان روو دەدەن.
بارزانی بۆیە دەبوایە سەرەخۆشی ڕابگەیەندایە، چونکە دوای زیاتر لە بیست ساڵ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان، کوشتنی بەناو لە سەر شەرەف و بە زۆری بە شوودان کچانی مناڵ و مێر مناڵ لە هەرێمی کوردستاندا باوە و ساڵانە بە دەیان ژن دەبنە قوربانی ئەو نەریتە دزێوە. کولتوورێک کە هەستی مرۆڤایەتی تێدا نیە، دژی هەموو پێوانەکانی ئەخڵاقی و رەوشتی مرۆڤانەیە. کولتوورێک کە لە سادیزم و نەخۆشی دەروونی گشتی کۆمەڵایەتیەوە سەرچاوە دەگرێت.
بۆیە دەبوایە پرسەی گشتی بوایە، چونکە سەرۆکی هەرێم چەندین جار لە قسەکانی خۆیدا، باس لە دادپەروەری، پشتیوانی لە مافی ژنان و دژایەتی لە گەل توندوتیژی دەکات. کوشتنی کچان و ژنان بەرزترین و قیزەوەنترین جۆری توندوتیژیە دژی هەموو کۆمەڵگا، شەڕێکی گڵاوە دژی هەستی مرۆڤایەتی و خۆشەویستی ئینسانی کورد.
بۆیە دەبێ ئاڵای کوردستان نیوە شەکاوە و تازیەبار بوایە، چونکە کوشتنی ژنان شتێکی کەمتر لە کارەساتی ژێنۆساید و بەکۆمەڵکوژی نیە. کەسێک کە بتوانێت هاوسەری خۆی، کچی خۆی، خووشکی خۆی بکوژێت، دەتوانێت بە ملیۆن لە ئینسانەکانی دیکەش بکوژێت.
لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، جادەکانی گەورە، خانوو و بورجی بەرز ساز کراون، سەیرانگە، هۆتێل و زۆر جێگا کە نمادی پێشکەوتنی رووەکین سازکراون. بەڵام سەدا یەکی ئەو ئاوەدانیە رووەکیەی رووی بە کۆمەڵگا نەبووە. تا ئێستاشی لە گەڵ بێت لە هەرێمی کوردستاندا ناوەندێک نیە بۆ گفتگۆ و راوێژی کێشە بنەماڵەییەکان، رێنوێنی لاوان بۆ پێوەندی و جۆری پێوەندیەکانیان، خوێندەواری پێوەندی نێوان ژن و پیاو لە سەدەی راگەیاندن و پێوەندیەکاندا، ناوەندێک نیە بۆ پەنابردنی قوربانیانی توندوتیژی بنەماڵەیی و قوربانیانی شوودانی بە زۆرەملی. لە قوتابخانەکانی ناوەندی و دواناوەندیدا پەرتووکێک و بابەتێکی خوێندن نیە لە پێوەندی لە گەڵ کولتووری دواکەوتوو و دوورە پەرێزی لە توندوتیژی کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی.
سیاسەتی کۆمەڵایەتی و سەرمایەگوزاری لە سەر سیاسەتی کۆمەڵایەتی باشترین رێگای بەربەرەکانی لە گەڵ تاوان و کولتووری تاوانبار بارهێنانە. لەوب پێوەندیەداحکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی ئەوەندە بچووک و نادیارن، کە بەداخەوە جارێ دەبێ چاوەرێی رژانی خوێنی زیاتری کچان و ژنانی کۆمەڵگا بین و ئارەقی شەرم بە رووی هەموومانەوە ببارێت.