"an independent online kurdish website

گوتەیەك لەناو خەڵكدا باوە كە دەڵێ “بێ حیكمەت نییە كورد تا ئێستا نەبووە بە هیچ”. ئەم گوتەیە لە ئەنجامی وردبوونەوە لە رابردووی گەلەكەمانd-shoresh-haji

‌و نائومێدیی خەڵكە دڵسۆزەكانمانەوە دەگوترێ،‌ كاتێك كە وەزعی كورد بە وەزعی گەلانی دنیاو دراوسێكانمان بەراورد دەكەن.

 

بەڵام زۆرجار ئەم تەعبیركردنە لە دەردەدڵی دڵسۆزانی گەلەكەمان لەوەوە سەرچاوە دەگرێ كە هەست دەكرێ ئەوەی پێویستە بكرێ ناكرێت. بەشی زۆری هۆكاری نەكردنی ئەو شتانەی كە پێویستە بكرێن دەخرێنە ئەستۆی سەركردایەتی سیاسی كورد. ناحەقیش نین لەم گلەییەیان، چونكە بڕیاری سیاسی‌ و دابینكردنی كەشوهەوای جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی ئەواندایە. بەتایبەتی كاتێك دەرفەتێكی لەبار دێتە پێشەوەو دوای لەدەستدانی دەرفەتەكە دەگوترێ دەبووایە ئەمەمان كردبایە و ئەوەمان نەكردبا‌. تۆ بڵێی سەركردایەتی كورد خۆشیان ئەمە بڵێن ‌و ئەوانەی پێش خۆشیان هەر وایان گوتبێ؟

 

كاتێك باسی هەڵەو كەموكوڕی‌ و كورتبینیی ئەمیرەكانی بابان ‌و سۆران ‌و ئەردەلان ‌و جەزیرەو بۆتان ‌و ….  شێخ عوبەیدولڵای نەهری ‌و شێخ مەحمود و قازی محەممەد و مەلا مستەفا بارزانی‌‌ دەكەین، بۆمان دەردەكەوێ كە زۆر شت هەبووە گەر ئەوان بیانكردایەو زۆر شتی دیكەیان نەكردایە ئێستا وەزعی كوردو نەخشەی ناوچەكە بە جۆرێكی دیكە دەبوو، حاڵی ئێمەش زۆر لە ئێستا باشتر دەبوو. دوور نییە بەشێكی زۆری ئەمیرو سەركردەكانی كوردی ئەو سەردەمانە لە ژیانی خۆیانداو دوای لەدەستدانی ئەو دەرفەتەی بۆیان رەخساوە گوتبێتیان‌ دەبوو ئەوەمان بكردبا‌و نەدەبوو ئەو شتەی دیكەمان كردبایە. بەڵام پاش چی؟ ئەگەر گریمان واشیان گوتبێ ئەوا بە دڵنیاییەوە دوای ئەوەی هەلومەرجەكە گۆڕاوەو دەرفەتەكەی بەر‌دەمیان لەكیس چووە ئینجا دانیان بە هەڵەو كەموكورتییەكانیاندا ناوەو جارێكی دیكە دەرفە‌تی وایان بۆ هەڵنەكەوتووە‌ تا بزانین ئایا هەڵەكانیان دووبارە دەكردەوە یان نا‌‌.

 

ئەی لە ئێستای سەردەمی سەتەلایت ‌و ئینتەرنێت ‌و پسپۆڕی ‌و شارەزایی لە بوارە جیاجیاكان ‌و پەیوەندی نێودەوڵەتیی ئاسان‌ و ژیانی مەدەنی ‌و سیستمی دیموكراسی ‌و، دوای ئەو هەموو دەرس‌ و پەندەی رابردوو، كاتی ئەوە نەهاتووە سەركردایەتی سیاسی كورد دەرس لەو رابردووە پڕ شكستە وەرگرن ‌و كارێكی وا نەكەن چەند ساڵێكی دیكە لە هەڵوێستی ئێستایان پەشیمان ببنەوە؟

 

لە دوای هەڵبژاردنەكانی 21ی ئەیلول و 30ی نیسانی رابردوو و تا ئەندازەیەك دەركەوتنی نەخشەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، كورد بە گشتی‌ و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەبەردەم تەحەدایەكی گرنگ ‌و چارەنووسسازدایە، هەم لە ناوخۆی هەرێم ‌و هەم لە عیراق ‌و ناوچەكە.

 

كوردستان ئێستا وەك سەردەمی چاڵدێرانی لێهاتووەو وەزعی كوردستان وەك فاكتەرێك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی بەرژەوەندخوازی ‌و ستراتیجی توركیا و ئێران لەلایەن ئەوانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ. لەلایەكی دیكەشەوە كوردستان وەك كارتێك لەلایەن زلهێزەكان ‌و هێزە ئیقلیمییەكانی دیكەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی‌ ستراتیجی خۆیان‌ و لێدانی بەرژەوەندی نەیارەكانیان بەكاردەهێنرێ.

 

ئەم تەحەدایەی ئەمڕۆ لەبەردەم حیزبە سیاسییەكانی كوردستانە خۆی‌ لە دروستكردنی كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێم ‌و دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق ‌و بەرنامەی گێڕانەوەی كەركووك ‌و ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان‌ و پێكهێنانی حكومەتی پارێزگاكان ‌و مامەڵەكردن لەگەڵ دۆزی كورد لە باكوور و خۆرئاوا و رۆژهەڵاتی كوردستاندا دەبینێتەوە. ئا لەم كاتە هەستیارە‌دا رۆڵی سەركردایەتی سیاسی كورد و سەرۆكی حیزبەكانی كوردستان ‌و ئاستی دڵسۆزییان بۆ دۆزی كورد و دووربینی ‌و خۆنەویستییان دەردەكەوێ.

 

ئایا‌ هەموو هێزە كوردستانییەكان لە روانگەی ‌هەستكردن بە بەرپرسیارێتی مێژوویی سەرشانیان ‌و ئەركەكانی ئەم قۆناغە مامەڵە لەگەڵ ئەو‌ تەحەدا گەورانە دەكەن ‌و حاجی قادری كۆیی گوتەنی “كۆڕێ ببەستن وەكو هەنگ، تەگبیر بكەن بە بێدەنگ” پەیڕەو دەكەن ‌و واز لە بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتی ‌و شەخسی ‌و رق ‌و تۆڵەسەندنەوە دێنن؟

 

ئایا ئەگەر پێویستی كرد بڕیار دەدەن دەور لەنێوان خۆیان دابەش بكەن ‌و تەنازول بۆ یەكتر بكەن نەك بۆ ئەم بێگانەو ئەو هێزە ئیقلیمییە؟ پێموانییە كەسێك گومانی لەم راستیە هەبێ كە‌ هەر كەس‌ و لایەنێك بۆ بەرژەوەندی گەلەكەمان تەنازول بۆ ئەوانی دیكە بكات لەوانی دی گەورەتر ئەژمار دەكرێ ‌و‌ لە مێژوودا لەوانی دی بەرزتر دەنرخێنرێ. ئەوەی لێرە باس دەكرێ نە خەیاڵەو نە كارێكی نەكردەیە ئەگەر سەركردایەتی حیزبە كوردستانییەكان ‌ئازا بن ‌و ئیرادەیان‌ هەبێ. ئەو كاتە با لەڕێی خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیان ‌و بیرۆكەی باشتر بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاكانی گەلەكەمانەوە دەسكەوتی زیاتر بۆ حیزبەكانیان بەدەست بێنن. با ئەمانیش وەك ئەوانەی پێش خۆیان چەند ساڵێكی دیكە لە هەڵوێستی ئێستایان پەشیمان نەبنەوەو نەڵێن خۆزگە ئەمەمان كردبا و ئەوەیانمان نەكردبا. كێ دەتوانێ ئەم گوتەیە لە بیرو هۆشی خەڵك بسڕێتەوە؟

سەرچاوە: روداو

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی