"an independent online kurdish website

مێژووی نەتەوەی کورد پڕە لە بەرخودان و فیداکاری، پڕە لە هاوسۆزیی نەتەوەیی و هاوخەباتی و بەداخەوە زۆر ڵاپەرەی ڕەشیش هەیە کە کورد بە نیسبەتی یەکتری ئەنجام داوە و غەدری لە خۆی کردووە. ئەمانە چ بە ئەرێنی و چ بە پێچەوانەکەی بووبێ لە مێژووی کورد دا تۆمار کراون. کەوابوو دەبێ وەک خۆشیان کە تۆمار کراون ئیستا و داهاتوو باسیان لێ بکرێ، نەک ئەوەی کە چۆن بە قازانجی فڵانە حیزب و ڕێکخراوەیە و کامە بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی و گورووهی و تەنانەت بنەمالەیی تێیدا حەشار بدرێ.mihemmed_heqdar

لەم ڕۆژانەی دواییدا زۆر باس لە ناردنی هیزی پێشمەرگەی باشووری کوردستان دەکرێ بۆ پشتیوانی لە کۆبانی  و بەرگری لە هێرشی مەغول ئاسای داعش بۆ ئەو بەشە لە نیشتیمان . ئەوە شانازی و لەهەمانکات دا واتایەکی گرینگە لە مێژووی نوێی نەتەوەکەمان دا تۆمار دەکرێ. بەڵام کە میدیا و بگرە بەرپرسان و ڕێبەرانی باشوور باسی دەکەن ، تەنیا چەند میناک(نموونە) یەک باس دەکەن : چوونی بارزانی و هێزەکەی بۆ پشتیوانیی کۆمار لە ساڵی ١٩٤٦ و چوونی یەکیەتیی نیشییمانیی کوردستان وەک هێزی پشتیوان لە ساڵی ١٩٨٣ .

ئەو دوو میناکە هەیە و مێژوو وەک ڵاپەرەی زێڕین تۆماری کردوون ، بەڵام لاپەڕەی دیکە  و لە سەردەمی دیکەش دا هەن کە پێویستە لە بیر نەکرێن.

ئەو میناکانەی خوارەوە کە دێنمەوە بە واتای ئەوە نیە کە لە پێش ئەوانیش داکورد نەچووتە پشتیوانیی یەکتری، بەڵام هەوڵدەدەم جەند میناکێکی دیکەش بێنمەوە.

میناکی یەکەم : لە ساڵی ١٩٢٠ دا هێزیکی باشووری کوردستان کە مەلا مستەفا بارزانی وەک گەنجێکی شۆڕشگێر یەکێک لەوان بووە بۆ پشتیوانیی کوردی باکوور .


simko_shikak

میناکی دووهەم: سمکۆی شکاک لە ساڵی ١٩23 هات لە هەمان “بەحرکە “کە دوێنێ هێزی پێشمەرگە لێی حەرەکەتی کرد بۆ کۆبانی. ڕێبەری ناوداری کورد ، باوکی ناسیۆنالیزمی کورد سمکۆی شکاک نەهاتبوو لە کەمپ دابنیشێ، نەهاتبوو ببێتەو ەپەنابەر، نەهاتبوو گیانی خۆی و هێزەکەی لە مردن بپارێزێ، ئەو هاتبووە پشتیوانیی شێخ مەحموودی مەلیکی کوردان . ئەو لە نامەیەک دا کە بۆ مەلیک مەحموودی نووسیوە و ڕادەگەیەنێ کە خۆی و هێزەکەی ئامادەن بەرگری لە ناوچەی بن قەلەمڕەوی مەلیک مەحموود بکەن. هەروەک گوتمان  هێزەکەی ژێر ڕێبەریی سمکۆی شکاک لە بەحرەکە بە هۆی گەرمای زۆر ١٤ کەس لە هێزەکەی  شەهید بوون.

میناکی سێهەم: بەشداریی بارزانی و هێزەکەی  لە کۆماری کوردستان دا کەمێک جیاوازترن لە میناکەکانی سەرەوە. بارزانیەکان پێش ئەوەی کۆماری کوردستان ڕابگەیەندرێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون . واتە ئەوان لە باشوور را بە مەبەستی پشتیوانی لە کوردی ڕۆژهەڵات نەچووبوون، بەڵکوو لە ژێر فیشاری هێرشی دەوڵەتی عێراق دا ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببوون، بەڵام کاتێک حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و پێشەوا مەزنەکەی بەرنامەی کۆماری کوردستانیان داڕشت، لە کەسایەتی مەلا مستەفا و لە ئەزموونی هێزەکەی کەلکیان وەرگرت و ئەوان وەک خاوەن ماڵ بەشداری کۆماری کوردستان کران.

میناکی چوارەم: بەداخەوە ئەو میناکە هەرگیز باسی ناکرێ و بە فەرامۆشی سپێردراوە. کاتێک عبدالکریم قاسم کوودەتای لە ڕێژیمی پاشایەتی کرد ، دەرفەتێک بوو بۆ کورد و بارزانی لە ئاوارەیی را وەک ڕێبەرێکی گەورە گەڕایەوە عێڕاق . تەنانەت لە سەر داوای خودی بارزانی عەبدوڕەحمان قاسملوو کە ئەوکات خوێندکارێکی شۆڕشگێری کورد و تێکۆشەری حیزب بوو لەگەل بارزانی گەڕایەوە عێراق .

حیزبی دێمۆکراتی کوردستان هەم پێشوازیی لە ڕەفتاری قاسم کرد لە هەمبەر بزووتنەوەی کورد و بارزانی ، هەم دواتر کە شەڕ دەستی پێکرد حیزب بەشدار بوو لە بەرگری کردنی ئەو بەشە لە کوردستان. ئیستاش کەسانێک ماون کە لە شۆڕشی ئەیلوولدا پێشمەرگەی حیزب بوون و بە مەئمووریەتی حیزبی بەشداریان لە زۆر بەرگری و داستانی پێشمەرگانە لە هەمبەر هێزی عێراقی دا تۆمار کردووە. تەنانەت حیزب هەرچی ئیمکاناتێکی مادی و نیزامیشی کە هەیبووە لە ئیختیار شۆڕشی ئەیلوول داناوە کە دواتریش حیزب باجی زۆری لەسەر ئەو هاوسۆزی و پشتیوانیەی بۆ شۆڕشی ئەیلوول دایەوە. بەداخەوە ئەو بڕگەیە لە هاوسۆزی و هاوخەباتی بەتەواوی فەرامۆش کراوە کە لە پێش هەمووان دا حیزبی دێمۆکرات ڕەخنەی لەسەرە . بۆیە ڕەخنەی لەسەرە چوونکی حیزب ئەو بڕگەیەی لە مێژووی خۆی زۆر کەم ڕەنگ و کەم بایەغ کردۆتەوە ، کە هۆیەکانی لەم باسە دا جێیان نابێتەوە.

میناکی چوارەم: ڕەنگە ئەم بڕگەیەش بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان ئاگاداری یەکی کەمیان لەسەری هەبووبێ . پێش سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی پاشایەتی ، کۆمەڵێک کادری نوخبەی کۆمەڵە لە باشووری کوردستان شان بە شانی یەکیەتیی نیشتیمانی کوردستان خەباتیان کردووە و تەنانەت کادرێکی زۆر لێهاتووی کۆمەلەش بە ناوی  سەعید موعینی ” خانە” شەهید بووە  

میناکی پێنجەم: ئەم میناکەش وەک میناکی  شیهەم و چوارەم کەم ڕەنگ کراوە و دەتوانم بڵێم تەنیا بەشێکی بچووکی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد ئاگادارن. دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی پاشایەتی و دەست پێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ، کوردی باکووری کوردستان هاتن بۆ پشتیوانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەوکات حیزبی سۆسیالیستی کوردستان کە ڕێزدار کەمال بورکای ڕێبەریی دەکرد، بەهێزترین حیزبی باکووری کوردستان بوو.

تەنانەت شارەداری ئەوکاتی ئامەد لەو حیزبە بوو(مەهدی زانا) . ئەوان هیزێکی خوێندەواری باشیان هەبوو. هەر زوو وەک حیزب بڕیاریان دا بێنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکاریی حیزبی دێمۆکرات بکەن. لەو بڕیارەیان دا دەیان کادری بە ئەزموونیان ناردە ڕۆژهەڵات کە سکرتێری ئێستایان کاک مەسعوود تەک ، و هاوژینی خۆی کە پزیشکە سالانێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەل حیزبی دێمۆکرات خەباتیان کردووە. ئەوکات دوکتۆر زۆر کەم بوو، ئەوان دوکتۆر و بگرە دەرمان و ئیمکاناتێکی زۆریان دەهێنایە ڕۆژهەڵات و لەو هاوخەباتیەش دا کادرێکی هەرە لێهاتوویان بە ناوی کامیل ڕەشۆ لە شەڕی بەناوبانگی جەتەری شیمالی کوردستان دا شەهید بوو(سەرەتای ١٩٨٥) .

میناکی شەشەم: بە دەستپێکی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ساڵی ١٩٧٩/ حیزبی شیوعی عێراق ( ئەوکاتی حیزبی شیوعی کوردستان وەک حیزب پێک نەهاتبوو و هەموو حیزبی شیوعی عێراق یەک حیزب بوو ) بە ژمارەیەکی زۆری کادر ، پێشمەرگە و فەرماندەری لێزانی وەک ئەبوو تارا بۆ بەرگری لە کوردی ڕۆژهەڵات هاتنەوە ئەوبەشە لە کوردستان و چەندین شەهیدشیان دا کە جەبار کۆکۆیی نموونەیانە. لەو هاوخەباتی یە دا مامۆستا ئەبووتارای ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی شیوعی بە سەختی بریندار بووە.

میناکی حەوتەم : لە سەر داوای حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە ، یەکیەتیی نیشتیمانی کوردستان بە بڕیارێکی سیاسیی بوێرانە بەشداریان لە بەرگریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و ژمارەیەکی زۆری شەهیدیشیان داوە. ئەوە بەردەوام باس دەکرێ. هەم حیزبی دێمۆکرات وەک قەدردانی باسی دەکا، هەم یەکیەتیی نیشتیمانی وەک شانازییەک بۆ خۆی باسی دەکا.

میناکی هەشتەم: هەر ئەم ساڵ کە هەموومان شاهیدین پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هە رلە دێمۆکراتەکان و کۆمەڵەکانەوە بگرە تا پاری ئازادی و سازمانی خەبات ، بەشداریان لە بەرگری کردنی باشووری کوردستان لەهەمبەر داعش دا کرد و ڕژانی خوێنی شەهید نیگار  حوسەینی کچە گەنجی پێشمەرگەی پاریی ئازادی  کوردستان(پاک)بەڵگەی ئەو ئیدیعایەمانە.

میناکی نۆهەم: بەشداری کردنی بەرینی  ئەمساڵی گریلاکانی سەربە پکک و پ ی د لە بەرگری کردنی باشووری کوردستان  لە هەمبەر داعش دا.

میناکی دەهەم: ناردنی هێزی پێشمەرگەی باشوور بۆ کۆبانی کە هیچ شرۆڤەیەکی ناوێ.

تێبێنی : بەداخەوە ئاگاداریم لە سەر هاوکارییەکانی ئەحزابی ڕۆژئاوا بۆ باشوور نیە. دەزانم کە ئەوان بەشداری بەرگری لە شۆڕشی باشوور کردووە ، بەتایبەتی لە سەردەمی شۆڕشی ئیەلوولدا. هەر وەها ئەحزابی ئەوکاتی باکووریش بەشداریان لە شۆڕشی ئەیلوولدا کردووە کە شەهید دوکتۆر شوان و پارتی دێمۆکراتی کوردستان/باکوور نموونەی ئەو هاوکارییەن.

لە کۆتایی دا ئاواتەخوازم کە کورد لەمەو دوا بەو هەست و سۆزەی کە ئێستا هەیەتی بەردەوام بێ .

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی