"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: بە بۆنەی کۆچی دوایی سەید رەزا دروودگەر، ئەندامی پێشوویی رێبەریی حیزبی دێموکرات و کەسایەتیی بەناوبانگی ناوچەی هەورامان،seid-reza-drudger-0

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری، رێزی لە خەباتی بێوچانی لە ڕێگای گەیشتن بە مافەکانی نەتەوەکەی گرت.

 

دەقی راگەیەنەدراوەکە بەم شێوەیە:

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسی بەبۆنەی کۆچی دوایی کادرێکی پێگەیشتوو و تێکۆشەری حیزب

هاونیشتمانیانی بەڕێز،

ئەندامانی حیزبی دێموکرات،

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕۆژی هەینی ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، ٦ی مەی ٢٠١٦ی زایینی کادری بەوەجی حیزبی دێموکرات، سەید ڕەزای دروودگەر ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزب، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لە شاری بێرگن لە وڵاتی نۆروێژ کۆچی دوایی کردووە.

مەرگی سەید ڕەزای دروودگەر خەسارێکە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چوونکە حیزب و خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە توانا و ورە و تێکۆشانی بەردەوامی یەکێک لە کادرە دڵسۆزەکانی بێبەش بوو.

سەید ڕەزای دروودگەر، ڕۆڵەیەکی تێگەیشتوو و خاوەن بڕوای پۆڵایین بە خەباتی ڕەوای نەتەوەکەی بوو کە لە ڕۆژی یەکەمی دەسپێکی تێکۆشان و خەباتی لە پێناو گەیشتن بە ئاوات و ئارمانجەکانی نەتەوە چەوساوەکەیدا تاکوو دوایین ساتەکانی ژیانی، بە ئیرادە و ورەیەکی شۆڕشگێرانە و کۆڵنەدەرانەوە، لە سەر ڕێگەی درووستی خەبات و تێکۆشان بەردەوام بوو و نەک ورەی بەرنەدەدا، بەڵکوو ورەبەخش بوو بۆ هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی.

کاک سەید ڕەزا ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی لە شاری پاوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە نێو بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر وبەناوبانگ و خاوەن پێگەی دیاری کۆمەڵایەتی لەدایک بوو. بنەماڵەی نیشتمانپەروەری دروودگەر، جیا لە سەید ڕەزا دوو کوڕی دیکەی بەناوەکانی سید مەنسوور و سەید ڕەئووف دروودگەر لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا گیانیان پێشکەشی ڕێبازی پڕ سەروەری کردووە و شەهیدبوون. کاک سەید ڕەزا تاکوو قۆناخی “فەوق دیپلۆم” لە بواری “حەسابداریدا لە قوتابخانە و زانکۆدا خوێندی و لە شارەکەی خۆیدا خەرمانی کەسایەتیی بەپیتتر کرد.

لە سەرهەڵدانی گەلانی ئێراندا لە ساڵی ١٣٥٧دا، لە ڕێکخەران و کەسانی چالاکی شۆڕش لە شاری پاوە بوو و وەکوو دێموکراتێکی بەباوەڕ کار و خەباتی دەکرد و لە یەکەم کۆنگرەی حیزبی دێموکرات لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێراندا بەشدار بوو و لە سەرتاسەری دەورانی خەباتی حیزبی دێموکرات بە دژی کۆماری ئیسلامیدا، بێ دوودڵی و بە باوەڕ بە ئارمانەکانی حیزبی دێموکرات، لە سەر ڕێگای خەبات بەردەوام بوو و بەوپەڕی لێبڕاوەییەوە خۆنەویستانە و ڕاستگۆیانە بۆ سەرکەوتنی باوەڕ و پرەنسیپە گشتیەکانی تێ دەکۆشا.

هاوڕێی کۆچکردوو، سەید ڕەزا دروودگەر لە ساڵی ١٣٦٦، لە کۆنگرەی هەشتەمی حیزبەوە هەتاکوو ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی کە بۆ دەرمانی نەخۆشی چووە دەرەوەی وڵات، چ وەکوو ئەندامی ئەسڵی و چ وەکوو جێگر و چ وەکوو ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی، ئەندامی ڕێبەریی حیزب بوو.

ساڵی ١٣٨٨، بەناچاری و دوور لە ویست و حەزی خۆی، ئیجازەی پێ درا کە بۆ چارەسەری نەخۆشی بڕواتە دەرەوەی وڵات.

هاوڕێ سەید ڕەزا لە ماوەی تێکۆشانی حیزبی‌دا، بەوپەڕی ڕاستگۆیی و لێوەشاویی و پێگەیشتووییەوە ئەرک و بەرپرسیارەتییە حیزبییەکانی بەجێ گەیاند و بەدرێژایی ساڵانی ئەندامەتیی لە ڕێبەرایەتیی حیزبدا، چەندین بەرپرسیارەتیی گرنگی لە ئەستۆ گرت، کە لە بڕگەی جیاوازی خەبات و تێکۆشانی لە ڕیزی کادر و پیشمەرگەی حیزبدا جێگەی باوەڕ و متمانەی ڕێبەریی و کادر و پێشمەرگەی حیزب بوو. هەندێک لەو بەرپرسیارەتییانە بریتین لە:

جێگری کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی و بەرپرسی تەشکیلاتی نهێنی

بەرپرسی کۆمیتەی هەورامان

بەرپرسی مەڵبەندی سپی‌سەنگ (پیرانشار و نەغەدە)

بەرپرسی حیسابداری و ماڵی و هەروەها جێگری بەرپرسی کۆمیسیۆنی ماڵیی حیزب

جێگری کۆمیتەی ئەمنیەت

هاوڕێ سەید ڕەزا دروودگەر لە سەرتاسەری تەمەنی پێشمەرگایەتیدا بە ڕێبازی ڕێبەرانی شەهید، پێداگر و وەفادار بوو و لە هەموو بڕگە و قۆناغە سەختەکانی خەباتدا هەردەم ئامادەی وەئەستۆگرتنی ئەرکی قورستر لە پێناوی لەنگی پێک‌نەهاتن لەکارەکان و دڵخۆش نەبوونی دوژمنان و نەیاراندا بوو و بۆ چرکە ساتێکیش،بیرو باوەڕی لە کزی نەدا و دوودڵی لە ڕێگا دروستەکەیدا بۆ پێکنەهات.

لەم ساڵانەی دواییشدا بە ناچاری بۆ چارەسەریی نەخۆشی ڕووی لە وڵاتانی سکاندیناوی کرد و لە وڵاتی نۆروێژ دەژیا، بە دڵ و بە باوەڕ هەر لەگەڵ هاوسەنگەرانی و هاڕێیانی خەباتی بوو و بە نەخۆشی و خراپیی باری تەندروستیشەوە، هەردەم ڕێنوێن و پاڵنەری هاوڕێیانی بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان بوو.

بەداخەوە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە، ماڵئاوایی یەکجاری لە هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی کرد و ئەرکی خەبات و تێکۆشانی بە دۆستان و هاوبیرانی ئەسپارد.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ئەو کۆچە ناوەختە و ئەو خەسارە لە ڕیزی خەباتی حیزب، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری هاوڕێی کۆچکردوو سەید ڕەزا دروودگەر و هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات و هەروەها خەڵکی تێکۆشەر و دێموکراتپەروەری پاوە دەکات و خۆی لە خەمی لەدەستدانی هاوڕێیەکی دێرین و بەوەفادا بەشدار دەزانێ.

 

ڕۆحی شاد و ڕێبازی پڕ سەروەریی پڕرێبوار بێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسی

١٨ی ٢ی ١٣٩٥

٧ی ٥ی ٢٠١٦

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی