"an independent online kurdish website

لە دوای کوودەتا ناسەرکەوتوو و تا ڕادەیەکیش گوماناوییەکەی ژمارەیەک لە ئەفسەرانی تورک ، ئەردۆغان و حیزبەکەی وەک ئەوەی کە پێشتر خۆیان ئامادە کردووە و لیستەیان لە بەر دەستدایە ،کەوتنە تەسفیە کردنی موخالیفانی خۆی و بێ سڵەمینەوە ئەوەیان دەستپێکرد کە چاوەڕان دەکراو لەگەل لۆژیکی ڕەوتی ئیخوانیی ئەردۆغان یەک دەگرنەوە.kavos_azizi

ئەو تەسفیەیە لە هەموو ئاست و پلەکانی ئیداری ، سیاسی، نیزامی، ئەمنی، قەزایی ، دیپلۆماسی ، پەروەردە ، توجارەت و بازەرگانی و ……. دا ئیجراء کرا. بەتایبەتی دوو بەشی زۆر ئەساسیی گرتەوە کە هێزەچەکدارەکان و قەزا بوون. لەودو بەشە دا کورد گوتەنی ئەوەی ئاوی پێ گەرم بێ ،یان گیرا ، یان لە کارلادرا و تەنانەت هیندێکیان کوژران.

هەتا ئیستاش کەف و کوڵی کوودەتاکە بەردەوامە، لایەنگرانی ئەردۆغان لە سەر شەقامن، کۆبوونەوە لە دوای کۆبوونەوە دەگرێ و دەسەڵاتەکانی بەرینتر و قایمتر دەکاتەوە. بەجۆرێک ڕەفتار دەکا کە دونیای دەرەوەش بە نیسبەت ئەو ڕەفتارانەی دەنگی ناڕەزایەتی دەردەبڕێ.

کۆبوونەوەی شوورای بەرزی نیزامی گیرا و ئەردۆغان بە پێچەوانەی جاران ئەوجارە بەشداریی نەکرد،بەڵام نیزیک بە تەواوی بڕیارەکان دیکتە کراوی ئەردۆغان بوون بۆ زیاتر و زیاتر کردنی دەسەڵاتەکانی خۆی.

بالێرەدا بەشێک لەو بڕیارانە باس بکەین:

یەکەم: لەمەو دوا فەرماندەیی ستادی ئەرتەش ڕاستەوخۆ سەربە سەرۆک کۆماری دەبێ. واتە فەرماندەی ئەرتەش دەستوور لە سەرۆک کۆمار وەردەگرێ .

دووهەم: هێزی پاراستنی سەرۆکایەتیی کۆمار هەڵوەشێندرایەوە.

سێهەم: ژاندارمێری کە بەشێکی ئەساسیی هێزە چەکدارەکانی تورکیە یە خرایە سەر وزارەتی ناوخۆ.

چوارەم: هێزی ساحیلی کە بەشی ئەساسیی هێزی بەژایی یە دەخرێتەوە سەر وزارەتی ناوخۆ.

پێنجەم: پاراستنی سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکایەتیی وەزیران بە ئەستۆی پۆلیسە.

شەشەم: ئاکادیمیاکانی بەرزی سەربازی(دانشکدە افسری) دادەخرێن.

حەوتەم: ژمارەی ئەفسەران کەم دەکرێتەوە

هەشتەم: لەمەو دوا ئەو چەکانەی کە دەدرێنەوە ئەرتەش، هەمان چەکیش دەدرێنەوە پۆلیس(هێزی حەرەکەتی تایبەت).

نۆهەم: لەمەودوا مەلا و حقوودانەکانی ئەرتەش بە بڕیاری سیاسی دیاری دەکرێن.

دەهەم: لەمەو دوا دەزگای “میت” ڕاستەوخۆ سەربە سەرۆکایەتیی کۆمارە.

 

ئەمانە و زۆر بڕیاری دیکە  کە جارێ ئاشکرا نەکراون ئاکامی ئەو کۆبوونەوەیە بوون کە لە دوای کوودەتاکە لە کۆبوونەوەی شوورای بەرزی نیزامی دا دەرچوون کە هەر هەموویان لە بەرژەوەندیی زیاتر بوونی دەسەڵاتەکانی ئەردۆغان دان.

ئێستا خەریکە تورکیە دەبێتەوە خاوەن دوو هێزی لە توانای سەربازی دا هاوشان. هێزی حەرەکەتی تایبەت(پۆلیس) و ئەرتەشێکی بێ ژاندارمێری و هێزی ساحیلی. ئەوەش وادەکا کە ئیدی نە ئەرتەش ئەو توانایەی هەبێ دەست بۆ دەخالەت لە اکری سیاسی دا ببا، نە توانای هەوڵێ کوودەتای دیکەی هەبێ، ئەگەریش هەوڵێکی وای هەبوو، وەک ئەمجارەیان لە لایەن پۆلیسەوە بەرپەرچ بدرێتەوە.

لە سەرەوە گوتم شمشێری ئەردۆغان بە قازانجی کوردە ، یانی ئەوەی کە لەمەو دوا ئیدی هێزی نیزامیی تورکیە ئەو هێزە نیە جاران دەگوترا یەکێک لە باشترین ئەرتەشەکانی جیهانە. بەڵکوو ئێستا ئیدی هێزێکی لاوازی بە تەواوی کۆنترۆڵ کراو لە لایەن دەسەڵاتێکی نەیاری ئەرتەشە.

کورد تا ئێستا زۆری لە دەست ئەو ئەرتەشە بە توانا و دەسەڵاتدارەی تورکیەی بینیوە، حەق وایە ئەمڕۆ کورد خۆشحاڵ بێ لەم دۆخەی کە ئەرتەشی جینایەتکاری تورکیە تێیکەوتووە.

کۆتایی

لەم کورتە کۆمێنتارە دا نە من مەبەستم ئەوەیە کە ئەردۆغان نیەتی هاوکاریی کوردی هەیە، نە ئەردۆغان نیەتی دامەزرانی سیستەمێکی دێمۆکراتیکی هەیە، ئەوەی من پێموایە بە قازانجی کوردە ئەوەیە کە ئەرتەشی هار و دڕندەی تورک بە نیسبەت کورد ، لاواز دەبێ و ئیدی ئەو توانایەی جاران و بگرە جیدییەتی جارانی نابێ بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی کورد. کەوایە شمشێرەکەی ئەردۆغان هیندێک قازانجی بۆ کورد هەبووە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی