Hoppa till innehåll
Hem » وەرن با پێکەوە کۆسپەکانی سەر ڕێگای پێشکەوتنی فەرهەنگیمان وەلابەرین. عەبدولا ئیبراهیمی

وەرن با پێکەوە کۆسپەکانی سەر ڕێگای پێشکەوتنی فەرهەنگیمان وەلابەرین. عەبدولا ئیبراهیمی

خۆشەویستانی ئۆگری فەرهەنگ و فۆلکلۆری کوردی،
سڵاوێکی گەرمتان لێبێ، ferheng_stan

بمبوورن ماوەیەکە میوانداریم نەکردوون، لەو ماوەیەدا خەریکی سازکردنی تۆڕێکی ئینتێرنێتی بووم تا بەهاسانی و پوختتر بتوانم بەرهەمەکانم پێشکەشی ئێوەی خۆشەویست کەم، ئەو کارە هەلی ئەوەی بۆ ڕەخساندووم کە کتێبەکانیشم بخەمە بەردەستتان بۆ کەلک لێوەرگرتن، ئێشتا بەخۆشییەوە ئەو تۆڕە ئامادەیە هیوادارم بە پشتیوانی و هاندانتان و بەهاوکاریی یەکتر خزمەتی زیاتر لەوبوارەدا پێشکەشی گەلەکەمان بکەین. من خەباتی خامەم پێ کەمتر نییە لە خەباتی چەک و گەلێکی ژێردەستەی وەک ئێمە کاتێک دەتوانێ بەڕاستی بەمافی خۆی بگا کە خەباتی خامە ئاوێتەی شێوە خەباتەکانی دیکەی کا و چەک و قەڵەم لێک گرێدا.

هەرکەسە لەو بوارانەدا بتوانێ هەنگاوێ هەڵێنێتەوە ئەوە تەنانەت ئەگەر زیپکەبەردێکیشی لەسەر ڕێگای ئازادیی گەلەکەمان وەلا بردبێ، خزمەتێکی شیاوی پێزانینی کردووە. وەرن با پێکەوە کۆسپەکانی سەر ڕێگای پێشکەوتنی فەرهەنگیمان وەلابەرین و ببینە پشتیوانێکی باشتر بۆ خەباتی چەکداری. ئێمە کە چەکمان هەڵگرت لەبەر ئەوەی نەبوو شەڕمان پێخۆش بێ، شەڕیشمان بەکەس نەفرۆشت، بەڵکو ئەوە دوژمنی داگیرکەر بوو کە نەک هەر کەمترین بەشی مافەکانمانی نەسەلماند، بەڵکو هێرشی دڕندانەشی کردینەسەر، کەوابوو چەک ئێمەی بۆ شەڕ هان نەدا و ئەوە مافخۆرانی گەلەکەمان بوون کە چەکیان پێ هەڵگرتین. خەباتی چەکداری دوای دەستەبەر بوونی ئازادی و یا بەئاکام گەیشتنی ئاواتەکانمان، ڕادەوەستێ، بەڵام خەباتی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی هەر گرنگیی خۆی دەپارێزێ و گەلێکی سەرکەوتوو لەوبارەدا دەتوانێ بە شانازی و لێهاتووییی‌یەکی زۆر زیاتر قۆناغەکانی سەرکەوتن مزڵ بە مزڵ و هەنگاوبەهەنگاو ببڕێ. نموونەیەکی سەرکەوتنی کورد لەو ڕۆژانەدا بەشدارکردنی ڕاستەقینە و بەکردەوەی ژنانی کوردە لە خەباتی ڕزگاریخوازیماندا، کە لەهەموو دنیا ئاوازەی داوەتەوە و شانازیی بۆ دەستەبەر کردووین.

تۆڕەکەمان لەو پێناوەدا لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراندووە کە لە شەڕەچەقەی کۆڵانەکانی سیاسەت و دووبەرەکی و یەکتر شوشتنەوە و پێکهەڵپڕژان بەدوور بێ. سیاسەتی ئەوەیە کە سیاسەت بەومانایەی ئێستا باوە بۆ مەلەوانانی دەریای سیاسەت بەجێ بێڵێ و نە دوژمنایەتیی هیچ دەستە و لایەن و حیزب و کۆمەڵێکی سیاسی بکا، نە بەلایەنێک هەڵابڵێ و نە زەمی لایەنێک بکا. وەک دارێکی باخی کوردەواری بەرهەمی بۆ هەمووکەس بێ هەموو کورد کەلکی لێوەرگرێ.

ئەوەیە ڕێبازی سایتەکە و هیوادارم بەڕێگای ڕاستی خۆیدا وەڕیی خەین. ئێستا ئەو تۆڕە کەوتۆتە سەر ئینتێرنێت و ڕەنگە هێندێک کەموکۆڕیی تێکنیکیی هەبێ کە هیوادارم لەداهاتوویەکی نیزیکدا و بەرەبەرە چاکیان بکەین. لەوتۆڕەدا هێندێک لەو بابەتانەم گونجاندوون کە پێشتر لەو لاپەڕانەدا کە بەنێوی کاوە دامنابوون، کۆمەڵێک شتی تازە و دوو کتێبی خۆشمم تێدا داناون کە دەتوانن لەسەر خەتی ئینتێرنێتی بیانخوێننەوە. ئادریسەکەشمان ئەوەی خوارەوەیە:

لینکی ماڵپەڕ لێرە کلیک بکە…….