Hoppa till innehåll
Hem » ئەی ئێوە بەندەواری ئەم ئاخە پڕ لە داخە نین؟!، رەوف گوڵبەدەن

ئەی ئێوە بەندەواری ئەم ئاخە پڕ لە داخە نین؟!، رەوف گوڵبەدەن

لە قامیشلوو، لە کۆساڵان، لە شنگاڵ و لە شەمزینان و لە هەموو ئەم ئاخە پڕ لە داخە، لەم خاکە بە شۆلاوە خوێن دراوە لە کوردستانە مەزنەکەی خۆمانەوە بانگتان دەکەم،reuf-golbeden-01

من هەتا ئێستەش نەمزانیوە چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان ئەو خوێنەی کە لە شنۆ و لە کۆساڵان بە دەستی داگیرکەری کوردستان رژا واتە پاسدارە کرێگرتەکان و قومتراتچییە بێ ویژادانەکان، چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان ئەو پێشمەرگەی وا لە کەرکووک و لە خازر و لە کۆبانێ و لە قامیشلوو بە دەستی رەش پەرەستانی سەدەی بیست و یەک دەڕژێتە سەر خاکی داگیرکراوی کوردستان؟

ئەو خوێنەی لە خورماتوو بە دەستی داعش و حەشدی وەحشی رژا لە گەڵ ئەو لاوانەی کە لە سەر شەقامەکانی کۆماری سێدارە فستیواڵی سێدارەیان بە کۆتەڵ بۆ دەگێڕن بە چ لێکدانەوە و بە کامە وشە لە خاکی کوردستانیان دادەبڕن؟

فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی تورکیا رۆژ نییە خاکمان بە گوللە نەپێژێت و شەو نییە لە بەندیخانەکانی کۆماری سێدارە هاواری ئەشکەنجە دراوێک بێدەنگی شەو نەشکێنێت!

داگیرکەرانی کوردستان شەو و رۆژیان داوەتە دەم یەک و چرکەی لێ ناچوێنن بۆ کۆمەڵکوژکردنی کورد و بۆ سووتاندنی پەرێز و بوورە و مووچە و لەوەڕ و ژینگەی کوردستان لە کاتێکدا تەنیا یەک جار چییە نەبووە و یان نەبیستراوە مووچە و مەزرا و ژینگەی وڵاتێکی خاوەن دەوڵەت کە بانگەشەی بەهێزی و تەنانەت دینداری دەکات ئائەوا بێ ئەمان بسووتێت!

مەگەر داعشەکان جیاوازی لە کوشتنی پێشمەرگە و گریلا دەکەن؟

داگیرکەرانی کوردستان بە ئێران و بە تورکیاوە هەروەها بەو لەتە دەوڵەتە هەڵوەشاوەی سووریا و عێراقەوە وەک دەبینین سەرەڕای ئەو هەموو شەڕ و شۆڕە هێشتاش چاویان بە دەوڵەتی کورد هەڵنایە و پێکەوە دژایەتی کورد و کوردستان دەکەن!

کورد بە پێی ئەوەی کە هاوچارەنووسن، پێویستە هاوپەیمان و یەکگرتوو بن و رێگە بە دزەکردنی داگیرکەران نەدەن کە درز و برین بخەنە لەشی خاکمانەوە!

ئێمەی کورد خاوەنی دۆزی رەوای خۆمانین و لە هەر پارچەیەک لە کوردستان خوێنێک رژا و کەسەک لە سێدارە درا یان بە دەستی پیسی داعش شەهید کرا تەنیا و تەنیا کوردستانی مەزنە کە دەبێ خاوەندارەتی لێ دەکات!

دووایین شەهیدانی تەقینەوەکەی قامیشلوو و شەهیدانی هەستانەوەی رۆژهەڵات دەرخەری ئەو راستیەن کە کوردستان خاکێکی داگیرکراوە و داگیرکەر لە هەر پارچەیەک بێت دژی خاک و مان و بوونمانن و لە کاتێکدا لە هەموو لەشی ئەم کوردستانە خوێن دەچۆڕێت نە بۆمبارانی قەندیل و نە کۆمەڵکوژی جزیرە و نە شەهیدانی شنۆ و کۆساڵان، نە تەقاندنەوە گەڕەکە ماڵێکی قامیشلوو دڵی کەس ناسووتێنێ جگە لە کورد!

کۆڵبەر کوژ و ئەوەی ژینگە دەسووتێنێ لە گەڵ ئەوە جەلادەی وا پەتی سێدارە دەخاتە ملی رۆڵەی کورد و فستیواڵی سەر شەقامی پێ دەڕازێنێتەوە هەر هەمان بۆمبە وا دەدرێ بە سەر شار و گوندی باکوور و رۆژئاوا و کەرکووک و شنگاری کورد!

کوا داگیر کەر لە کوشتنمان هەڵاواردن دەکات؟

نابینن لە ئەو پەڕی یەکسانیدا لە هەر کوێیەک بین دەمانکوژن، لە ڤیەنا و لە بڕلین بین یان لە قەندیل و لە پاریس بین یان قامیشلوو هەر بە هەمان گوللە و هەر بە هەمان مەبەست دینە کوشتن کە لە کۆساڵان و شنۆ هاتینە کوشتن!

ئەوان و ئێمە وێنەی بکوژ و کوژراو وێنا دەکەین، کوژراوتان دیوە داوای خوێندن بە زمانی دایکی بە پێی یاسای بکوژ بکات؟!

لە کامە نەرێت و لە کامە خەباتدا قوربانی داوای بەخشین لە بکوژی بێ بەزەیی دەکات؟

تکایە لە مە بە دوا یاساکانی داگیرکەر و داگیرکراو بەراوەژۆ کەن بۆ ئەوەی لە خۆتان تێبگەن بە باڵای خۆتاندا هەڵدەگەڕن بۆ ئەوەی نەکا زمانی سەرتان هاواری داگیرکەر بڵێتەوە؟

کوردستانی پەرێشان لە بەندا وەیە گەلۆ…

ئەی ئێوە بەندەواری ئەم ئاخە پڕ لە داخە نین؟

4.8.2016 ز

رەوف گوڵبەدەن