مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان “حدک” لە کۆبوونەوەی سیاسی- تەشکیلاتی بۆ بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکان 
تایبەت بە کاری دوایین پلێنۆمی حیزبەکەی وێرای کۆمەڵێک تەوەر لەسەر دۆخی ناوچە و هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی، باسی لەوە کردووە کە لە قەوارەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا درێژە بە گفتوگۆکانیان ئەدەن.
مەولوودی لە درێژەی قسەکانی تایبەت بە پرسی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات کە لە ماڵپەری کوردستان و کورد” ئورگانی کومیتە ناوەندی حدک” بڵاو کرایەوە، ئەوەشی خستۆتە روو کە:” یهكگرتنهوهی دێموكراتهكان ههم پرسێكی تهشكیلاتی و ههم سیاسییه و تهنیا به دهفتهری سیاسیی جێبهجێ ناكرێ و دهبێ تهشكیلات و بهدهنهی حیزبیش یارمهتی به پڕۆسهی یهكگرتنهوهی دێموكراتهكان بكهن“.
هەرچەند لە ماڵپەڕی کوردستان و کورد پاش چەند کاتژمێرێک ئەو بەشە لە قسەکانی کاک مستەفا کە گوتوویەتی:” لە قەوارەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران درێژە بە گفتوگۆکان ئەدەین” سرایەوە، بەو حاڵەش نەبۆتە هۆی شاردنەوەی دەربڕینی هەست و خۆشحاڵی لایەنگرانی یەکگرتنەوە.
پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە ڕۆژی ١٠ی جۆزەردان هەیئەتێکی دەفتەری سیاسی حدک بە سەرپرستی کاک مستەفا مەولوودی سەردانی دەفتەری سیاسی حدکای کردبوو و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بە جیاواز لە جارانی پێشوو، لە هەواڵێکدا کۆبوونەوەی دوو دەفتەری سیاسی ڕاگەیاند و خۆی لە ناوی ” هاوڕێیانی پێشوو” بوارد. ناوێک کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئاستەنگی بەردەم گفتوگۆی جیددی دوو لایەنی دێموکرات بوو.
پاش وازهێنانی کاک خالید عەزیزی لە پۆستی سکرتێری ، کاک مستەفا مەولوودی لە ڕێکەوتی 15.01.2017 وەک سکرتێری گشتی حدک هەڵبژێردرا و لەو ڕێکەوتە بە دواوە دوو لایەنی دێموکرات پتر لێک نزیک بوونەوە و ئاسۆی یەکگرتنەوە رووناکتر بووە. هەوڵە جیددیەکانی دوو لایەن بۆ یەکگرتنەوە دڵی هەموو یەکگرتووخوازان و بەدەنەی دوو لایەنی خۆش کردووە.
