Hoppa till innehåll
Hem » ، نایزانین  یان  دەزانینو  نایکەی، مەلابرایم مەجیدپوور  

، نایزانین  یان  دەزانینو  نایکەی، مەلابرایم مەجیدپوور  

لەو سەر زەویە  پانو بەرینەدا نەتەوەی  جۆراو جۆر هەنو هەرکامەیان  خاوەنی زێدو زمانو فەرهەنگو  کلتوری جیاوازن ،‌‌mela-braym-mejidpur-0

هەرکامەیان  لەبەشێکی  ئەم جیهانەدا  جێگیربونو نـاویـان  لێناوە  نیشتمان ، بـەدوای  دروستبونی مـرۆڤدا  ئایینوئیدەی جیاوازیش  هاتنە  کایەوە . هێندیکیان وەک  یەهـودیەتـو  مەسیحیەتـو   ئیسلام ، سەرچاوەی کارو بڕیاریان کتێبی ئاسمانیە وەک:  تەواڕاتو ئینجیلو قورئان .واتە  خوا  ڕاسپاردەی   خۆی   دیـاریکردوەو  یـاساو راسای  دیـنەکەی   لـە کتێبێکدا   پێداناردوە ،  کە هەم  بـۆخۆی  عەمەلی  پێبکاو  هەم  بەخەڵکی  رابگەیێنێ.ئەو کتێبانەیان وەک بەرنامەی  کارو تێکۆشانو چۆنیەتی هەڵسوکەوتی  ژیان  بـەکار هێناوە.ئەوکتێبانە بۆ کەسانی خاوەن بڕوا بەڵگەی بڕوا پێکراووحاشا هەڵنەگرن، ئەوانەی  بڕوایان  پێهێناوەو  قبوڵیان  کردوە  ئەرکی  سەرشانیانە  هەمو بڕگەو  بڕیارەکانی قورس  بن یان سوک   بەڕێوەیان بەرن .  نابێی  لە بیریشمان  بچێ  هەرهەمویان  دەبێی  بـۆخزمەتـو  بـەرژەوەندی  مـرۆڤ  دەکار بهێندرێن  نەک  کوشتنو  ویرانکردن . ئەوانەی  خۆی  ـلێدەبوێرنـو  بەبێ  بـەڵگەو  ئیجازەیـەک  ئـەنجامیان  نـادەن یان  دەیانـگۆڕنـو  بـۆ  بـەرژەوەندی   خۆیان  دەکاری  دێنن  گونـاحبارنـو دەبێی  چـاوەڕوانی  لێپرسینەوەو  سەزادانیش  بن . ئـەوانـەش  کە باوەڕیان  پێیان نیە ، ئەوە  دەکەونە  بەر لێپرسینەوەی  خواو  کاری  ئێمە  نیە.

لەناو بڕوا دارانی ئیسلامدا ئەگەر ڕێبازەکە  بەدروستیو وەک خۆی بەڕیوە بچێو  تەعبیرو تەفسیری  نادروستی  لێنەدرێتەوەو نەکرێتە  کەرەسەو  ئامرازی  دابین  کردنی حەزو بەرژەوەندو بۆ پێشکەوتن  یان دواخستنی ئیدەو مەڕامێکی سیاسی  گەمەی  پێنەکرێی  بێگومان  مرۆڤ  دەگەێێنێتە  حاندێک کە  بـەتـەواوی  ڕێـز  لەمافەکانی مرۆڤ دەگرێو هەق دەدا بەهەقدارو  دەگەڵ زوڵمو  ناڕەوایی  بەرەو  ڕوو  دەبێتەوە ،کە ئەوە  خۆی  مەبەستی  ئەسڵی  ئیسلامە. مرۆی خاوەن باوەڕ دەبێی  هەمو  توانای  خۆی  بۆ دروستکردنی  کۆمەڵگایەکی   هێمنو  ئـاوەدانـو پێشکەوتو  وەگەڕبخا،  زۆر  جێگای  داخە کە ئێستا  بە زۆری  پـێچەوانـەکـەی  دەبیندرێێ !!. چونکە  مرۆڤ  ئەگەر  لەڕاستە  ڕێگە لایداو  ناشارەزایانە  ملی   پێوەنا بێگومان  توشی  دەیان هەڵەو  هەڵدێر  دەبێو ناشگاتە  مەبەستی  مەنزور.  بۆیەش ئیسلامم  هێناوە  چونکە  خۆم موسوڵمانمو ڕوی قسەشم  هەرلە  خۆمەو باسی  هەڵەو خەتاکانی  خۆمو هاو دینەکانم دەکەم ،  چونکە  باوەڕم  وایە دەبێی  لەخۆتڕا دەست  پێبکەیو  بەلاشتەوە  عەیب  نەبێی  پێی لە هەلەکانی خۆت بنێیو داوای  لێبوردنیان  بۆبکەی.  

بەدەر لە ئایینەکان  ئیدەی جیاوازی سیاسیش کە هەڵقوڵاوی بیرو  هزری مرۆڤن  لە ئاراداهەن ، هەرکامەیان خەتو ڕیبازو  پێڕەوو  بەرنامەو  ئەندامو  لایەنگری  خۆیان  هەیەو  بۆ ئامانجی  دیاریکراوی  خۆیان  بەوڕیبازەدا  دەڕۆن .  بـەپێی سروشت مرۆڤ حەزی لەوەنیە  یاساو راسای  بۆ دروست بکەیو بەربەست  لە سەر ڕیگای  هەبێی و  پێیوایە  دەبێی هەر ئەوەبکا  کەبۆخۆی  حەزی لێیە ، کە ئەوەش شتێکی  نەگونجاوە. جیاوازی  مرۆڤو  گیانلەبەرەکانیتر   ئەوەیە: مرۆڤ  دەىیی سنورەکان بناسیو بەبێی بەڵگەی  ئیزن  پێدراو  نەیان  پەڕێنێ. وەک کوتم هەمو ئایینو  ئیدەکان  پێڕەوو  بەرنامەی  خۆیان هەیەو ئەوەش  پێش لە هێندێک لە حەزەکانیان  دەگرێی . ئەگەر  بەوردی  سرنج   بدەینە  بـەرنامەی  دەسکری مرۆڤ، جیا لەوەی بە پێی خەسڵەتی  زاتی خۆیان خاوەنی بیرو بۆ چونو زانستو  تواناو حەزو ویستی جیاوازن ، لە هێندێک  بواریشدا  دەبنە  دژبەری  یەکتر.  زۆرێک لەوئیدە و  ئایینانە  کەوتونە   ناو ململانەیەکی  پڕ  لە ڕقو قینو جگە بە لەناوبردنی یەکتر بەهیچ  شتێک  ڕازی نابن، هەر ئەوەش  بۆتە هۆی نائارامیـو   دنیای ئەوڕۆی  توشی خەسارێکی گەورە  کردوەو زۆر گرانیش  لەسەر  کورد  کەوتوە. ئەو جیاوازیـو  ڕکەبـەریانە   بە شێوەی   مەنتیقیو  زانستیانە  ئـاسایینو  کێشەیەک  دروست  ناکەن، خۆ ئازادیش مانای ئەوەیە. دەگەڵ ڕیزم بۆ ئەوانەی  خاوەنی  بیرو باوەڕی  ئایینیو  دژە ئایینین ،  بەڵام  ئـەو تێزەی  کاری  پێدەکەن گرفتێکی  زۆرو  مەترسیداری بۆ کۆمەڵگا  دروستکردوەو تائێستاش هیچیان بە ویستی خۆیان نەگەیشتونو قەتیش  ناگەنو کوردیشیان توشی ململانەیەکی نەرێنی  کردوە  . بۆوێنە : یەکیان  دین بە ئەفیوونی  کۆمەڵو مرۆڤایەتی  دەزانیو  پێیوایە    دەبێی لەناویان بەرێی، دینیش  ئەوان  بە کافرو لەدین  دەرچو  دەزانیو  حوکمی نەمانیان بۆ دەردەکا ،کوردیش هەریەکەی  بەلایەکیاندا  کەوتوە . بە باوەڕی من هەڵەیەکی  گەورەیەو  زیانێکی  وای لێداوین   ڕەنگە  قەرەبوکردنەوەی  هاسان  نەبێێ.  ئەوە لە حاڵێک دایە،  یەک  نەتەوەینو  لە یەک نیشتمان داینو کوردستان  بەشی  هەمومانەو  پێکەوە  ژیانمان   جەبری مێژویەو پێداویستی ژیانو مانمانە. بڕوانە لەو دژایەتیە  توندەشدا  ناتوانین  وێک  نەکەوێنو بەیەکەوە  نەبین. ئێستا دۆو دۆشاو  لێکدراوە ،  موسوڵمان  بێمارە  کردن  مێرد بە کومونیست  دەکاو،  کومونیستیش  بەشەرعی  محممەد ئـەلمستەفا   ژن  مـارەدەکا !! هێندێک چەپ گاڵتە  بە نوێژ  دەکەنو  هێندێک  سۆسیالیستیش  نوێژی   بە جەماعەت  دەکەنو ‌هێندێک  موسوڵمانیش  تەپڵی  نەمانی  ئەوانە  لێدەدەن  !! ئەوەش  پێمان دەڵێی: بمانەوێونەمانەوێی دەبێێ  پێکەوە بژین ئەوە چارەنوسمانە.هەمومان باشدەزانین  تا ئەوڕۆ هیچکام لەو ئیدەو ئایینانە لەو بیرو بۆ چونەدا سەرنەکەوتونو،  قەتیش  ئەوەیان  بـۆناکرێی ، کەوابو زانایانو ئـاقڵمەندانـو دڵسۆزانی مـرۆڤـو پارێزەرانی  مافەکانیان  دەبێی وازلەو دروشمە  پاوانخوازانەیە  بێننوبویرانەو دڵسۆزانەکەشو هەوایەکی هاوکاریو بەیەکەوە  ژیان  بڕەخسێنن.  بەتایبەتی ئەو ئیدەو ئایینانە بۆ  گەلی کوردی زێد  داگیرکراوی  لە هەمو  مافێکی  نەتەوەییو  ئینسانی بەشبڕاو، تا ئەوڕۆش خیڕێکیان نەبوەو تەنیا بەخۆیانەوە سەرقاڵکردوەو بەس!بەڕاشکاوی  دەڵێم  خەباتی  ئێمە بۆ ڕزگاری  نیشتمانو  ئازادیو  سەربەخۆیی گەلە ، نەک بۆ دامەزراندنی  سیستمێکی  ئیسلامی  یان  کمۆنیستی .  ئـەوە  گەلە   لـە وڵاتێکی سەربەخۆو  ئازاددا  سیستمی   بەڕێوە بەری  بۆخۆی  دیاری دەکا  نەک   ئێستا  ئێمەمانان. بـۆ ڕزگاری لەو سەر لێشێواویو پرشو بڵاویە : یەکەم هەنگاو ئەوەیە   کە  ئامانجی  گشتی  هەمومان  وەک ڕزگاری   نێشتمانو گەل لەپێشەوەی هەمو  ئیدەو ئایینەکان بێی  کەخاڵی هاوبەشی هەمومانە. دوهەم : ئـیدەو  ئایین  نەکەینە  ئامرازی  دوژمنایەتیو  ڕێز بۆ ئیدەو ئایینو   بیرو ڕای  یـەکتر دابنێنو بە قسەی  دور لەمەنتیقو نەزانانە  هەستو سۆزی  یەکتر نەڕوشێنین،  کورد کوتەنی  موسا  بەدینی  خۆیو عیسا  بەدینی خۆی. خواش فەرمویە { لکم دینکم  ولی دین} دینی   خۆتان  بۆخۆتانو ئیخۆشمان  بۆخۆمان. مخابن ئەوەی لە دنیای  ئەوڕۆی  ئێمەدا دەبیندرێی جگە لە مەنتیقی  بێی مەنتیقیو  کوردانـە  بڵێم ( گۆپاڵ ) زیاتر،  فڕی بەسەرئازادیو  دێمۆکڕاسیو ڕاسپـاردەی ئایینشەوە نیە. هەر ئاینیو ئیدەیەک ،هەر حیزبوسازمانو پێکهاتەیەک، هەرحکومەتو دەسەڵاتو  قەوارەیەک ئەگەر مەنتیقی  ئەو زۆرو هێز بێیو دژی  بەرژەوەندی  گشتی  گەل  کار بـکا  لە بەرنامەکەیـدا  ئەو  بـەرژەوەندیە  ڕەچاو  نـەکرێی  مەشڕوعیەتی  نـیە.  چینێکی   تـایبە   بــۆ مەبەستێکی  تایبەت گەلو وڵات  دەکەنە  قوربـانیو لافی  ڕزگاریـو  بەختەوەری گەلیش لێدەدەن ! بە باوەڕی  من تەنیا  ڕێگەی  جێگیربـونی   ئازادیو  ئـاوەدانی وڵاتو  بەختەوەری گەلان، ناسینو ڕێز لێنانی مـافی  یـەکترەو  پـێکەوە  ژیانێکی هێمنانەیە لە ژێرسێبەری حکومەتێکی گەلیداکەمارکی هـیچکام لە ئایینو ئیدەکانی  پیوە نەبێی . لە هەمانکاتدا  بێحورمەتی بە  ئیدەو پیرۆزیەکانی  دینداروبێدینەکان  نەکرابێی . ئەگەر بۆ سەپاندنی هەرئیدەو  ئـایینێک  بـەهـەر بڕوبیانویەک  زۆر بەکار بهێندرێی  بێگومان بۆ خزمەتی گەلان  نیەو  ئێمەی موسوڵمانیش با  باش بزانین  خواش  ئیمانی بەزۆری  قبوڵ نیە.  ئەگەر  بە بێی  باوەڕێکی  پاکوپتەو بچینە  گوڕەپانی ژیانو ئاوەدانی، بەرژەوەندی تاکیو گروهی وەپێش بەرژەوەندی  گشتی  بخەین بێگومان توشی ڕۆژ ڕەشیو نەهامەتی  زۆر لەوە  زیاتر دەبین کە  ئێستا هەین.

بڕوانن : بەدنیدارو  بێدینەوە  بەڕاستو  بەچەپەوە  بوینە  سەدان گروهو  دەستەو  سازمانو حیزب، هەمـوشمان بـۆ لەمەیدان  دەرکردنی ئەویتر تێدەکۆشین.گشتمان  خۆمان پێهەقەو ئەویترناهەق. یەکتر ڕەد  دەکەینەوەو  دەبینە   دوژمنی  خۆماڵیو  بۆ زەبر لێدانی  یەکتر پاڵ وەدوژمنیش  دەدەین ، ئەوە  لەحاڵێکدایە  کە پەیامبەر فەرمویە:( اختلاف ألامة ڕحمة ) خۆشمان دەڵێین جیاوازی بیروبۆچون نیشانەی   پێشکە وتوییە !! کەچی بە دیندارو بێدینەوە ئەو  جیاوازیەمان  کردوتە  ئامرازی   ڕۆژڕەشی .  یەکتر  قبوڵ  ناکەینو  ئـوسولەکان  بـەقازانجی خـۆمان  لـێک  دە دەینەوە .  ئیسلام  یەک  دینـە ، یـەک  خـواو یـەک پەیامبەرو یەک کتێبی هەیە کە قانونی بنەڕەتی موسوڵمانانە،  کە چی بە ناوی مەزهەبی  جیاوازوبەڕێبەری   ئیمامانی جیاواز، فتوای کوشتنو حوکمی جیهـاد بۆیەکتر دەردەکەین.یەک ئـیسلام : سەلەفـیو، وەسەتیو، خەلەفیو،  مەزەبەکانیش شافعیو حەنەفـیوجەعفەریو سونیو شیعەوچیو چیان لیدروستکردوە،  کەهەمویان بەخەیاڵ یەکنو موسوڵمانن! کەچی  بەکردەوە  دژی یەکنو لەکوشتنو  سوتاندنـو  سەربـڕینو  وێـران  کردنیی  مـاڵی یەکتری سڵناکەینەوە !! پرسیاری من لە مامۆستایانی ئایینی ئەوەیە:لە فەرمودەی  خواوفتوای ئیمامەکان کامەیان جێگەی قبوڵو بڕوایەو ئیعتیباری زیاتری هەیە ؟؟ خۆ حاڵی  خاوەن ئێدە سیاسیەکانیش  لەئی موسوڵمانان   باشتر نیە . من دڵنیام و  باوەڕیشم  وایە  دروستکردنی ئەو هەمو دەستەو بەستەیە تەنیا زەربە  لە مرٶڤ بەگشتی دەداو  نەدیندارەکانو نەبێدینەکانیش  قازانجێکیان   پێناگا.   بۆیە  پێموایە  پڕۆسەی ژیانو هاوکاریوئاوەدانی دەبێی لەسەر بنچینەی مرۆڤ بون دابڕێژرێی،  نەک دنیدار  یان  بێدین بون ، چونکە  پێش هەموی ئەوانە مرۆڤینو ئەویش مافو ئەرکی  دیاریکراوی وەک یەکی  بۆ هەموان هەیە.

ئەگەر بەچاوی  هەقبین لێی  بـروانین  دەبینین  داعش ،   بـەسیجەکانی  ئێران ، ئەلقاعیدەو ، تالبانو ، حیزبوڵاو دەیانیتر لەو جورە  ناوانە  هەرهەمویان دارێکن  تەنیا مەرگو  ماڵوێرانیو  ڕۆژڕەشیان  بۆ مرۆڤایەتی وەبەر هێناوە ، لکو پۆپیان  بەدنیادا  بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی  ناوەڕاستدا بڵاو کردۆتەوە ،خوێن دەڕێژنو خوێن  دەمژن . ئەگەر  جارو بارە  بەڕواڵەت  بەگژ  یەکتریشدا  دەچن لە بەر ئەوەنیە  دوژمنی یەکن ، بەڵکو مەسەلەیەک  هەیە کە دەڵێی : ( مار ماری  نەخوا  نابێتە ئەژدیها ) ئەو داعێشەی دنیای  ڕۆژ ئاواشی  بەخۆیەوە  سەرقاڵ کردوە ، لەژێر ناوی  ئیسلام  تائیستاش  سەدی نەوەدو نۆی  هەر موسوڵمانن  دەیان  کوژێی ! ئەوەندەی  مزگەوتی  ماڵی  خوای وێرانکردون ، یەک  سەدومی ئەوانی  کلیسا  نەڕۆخاندوە، ئەوەندەی  بەناوی ئیسلام  کردەوەی دور لە ئەقڵو مەنتیقو  شەرعو  قانونی ئەنجام داوە ، یەک هەزارومی کرداری مەشروع لە خۆی  نیشان نەداوە. ئەگەر  لەبیر خۆمانی نەبەینەوە ڕێژیمی ئاخوندیو  سەدام  حوسێنیش زۆر  پێش ئەوان ئەو جینایەتانەیان  ئەنجام داوە.  دژایەتی  ئەو داعیشە  بۆتە چەترێک  کە تاجرانی خوێنی مرۆڤ لە سەر سەری خۆیان  هەڵیانداوەو لە ژێر ناوی  جۆراو جۆری بەڕەواڵەت  مرۆڤدۆستانە بازاڕ گەرمی   پێوە دەکەنو  سەروەتو  سامانی  گەلان  بەتاڵان  دەبەنو لە بەرانبەریدا  گولەو باڕووتو گازو بۆمبیان  پێدەدەن !!   هەمـوی ئـەوانەو زۆریتریش لەسەرەتای دەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی ئاخوندی  کە  جەلادەکەی  خەڵخاڵی  بـە کوتنی ( بسمە تەعالا ) هەزاران  کەسی  ئیعدامو  لەدار داوە، زیاتر پەرەیان  سەندوەو لکوپۆپیان بڵاو بۆتەوە .

ئەوانەی  باسمکردن  وەک  ڕۆژ  لەبـەرچاومانن .  داخوا  بـەو هەمو  ئەزمونە   زیندوانەی هەمانەو بەوهەمو قوربانیە مەزنانەی  کەداومانە نازانین تەنیا ڕێگای  ڕزگارێمان  وازهێنانە  لە ململانەی  نەرێنی  ناوخۆییو داڕشتنی  بـەرنـامەیەکی  هاوبەشو پێکەوە تێکۆشانە ؟!  یان دەزانینو ناکەین . داخوا نازانین هەمو گەلانی  ژێردەستەو مافخوراو بەیەکەوە  ڕاپەڕیونو مافی  زەوت کراویان ئەستاندۆتەوە؟ یان دەزانینو  خۆی  لێنادەین.  داخوا  نـازانین  لـە بەرانبەرگەلـو  مێژوەکەمانـدا  بەر پرسیارین ؟! یان دەزانینو  بەهێندی  ناگرێن.  تۆ بـڵێی  نـەزانین  ئـەو شیوە  سیاسەت کردنـەی حیزبەکانی ئێمەو ئەو ململانە  نەرێنیەی  ناو خۆمان   تـوشی  ئەوڕۆژەی کردوینـولە ئامانج دوری خستوینەوە ؟! یان دەزانینو پێی ڕێدەخەین .   نازانین تاقیکراوە  لەجارێک  زیاتر بـەهـرەی  نـابـێو  زیـانیش  دەگەێینێ ؟ یان   دەزانینو  گوێێ  پێنادەین. داخوا  نازانین  تائیستا  هیچکام  لە ئایینو  ئیدەکان  بۆ گەیشتن  بەئانجەکەمان هەنگاوێکی  جیدیان  هەڵنەهێناوە ؟ یان دەزانینو وەپشت  گوێمان داوە. ئێمە لەجیاتی  هەموتوانامان  بۆگەیشتن بەمافی مڕۆڤانەو نەتەوەیی  خۆمان وەگەڕ بخەین،بەشی زۆری هێزو تواناوزانستمان بۆ شەڕی ئایینو ئیدەی  سیاسی  دەکار دێنین . بۆیە تائێستا بەئامانج نـەگەیشتوینو  ئـەگەر  هەروا بڕۆین  لە کاروانی  ئازادیو سەربەخۆییو ئاوەدانی  لەوەش  زیاتر بەجێی  دەمێنین.

دەبا یەکبگرین چونکە تاکە ڕێگا  بۆ ڕزگاری نیشتمانو  گەلو گەیشتن بە ئازادی   بەهەمو جیاوازیەکانمانەوە  یەکگرتوییمانە .  دوای  سەرکەوتنیش کام لەو ئایینو  ئیدانە  پتر  لە خزمەتی  گەلـو  وڵاتدان  ئـەو  پـەیڕەو  بـکەین  بـەڕاستی  ئـاوا قازانجمانە.

    بەهیوای  ئازادی  نیشتمانو  گەل .

   براتان  مەلا برایمی  مەجید پور