رێککەوتنی سایکس پیکۆ ،سەدویەک سال لەمەوە بەر (دوای هەرەس هێنانی ئیمپراتوری عوسمانی) لە نێوان فەرانسە و بریتانیا و لەسەر رەزامەندی ئیمپراتوری روسیە مۆرکراوە،

ئەو پەیمانە لەسەر بناخەی بەرژەوەندی فەرانسەو بریتانیا دارێژراوە، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە بەشێکی گرینگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەنێوان فەرانسە و بریتانیادا بەشکراوە و نەخشەی سیاسی ناوچەکە گۆراوە و چەند دەوڵەتی تازە دروست کراون و چەندگەل و نەتەوە ( وەک کورد) بێ ئەوەی پرسیان پێ بکرێ و بێ ڕەزامەندی خۆیان بەسەر دەوڵەتە دەستکردەکاندا دابەشکراون.
لەڕاستیدا لە لایەن نەتەوە دابەشکراوەکان (وەک نەتەوەی کورد) دژایەتی ئەو پەیمانەکراوە بەلام لەبەر ئەوە دژایەتیەکی رێکخراو گشتگیر و جیدی و بەردەوام نەبووە کاریگەرییەکی گرینگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی سایکس پێکۆ نەبووە.
لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا، ئەو دەوڵەتانەی کە لەسەردەستی فەرانسە و بریتانیا لە ناوچەکەدا دروست کراون، بۆ بەردەوامی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە هەموو شیوازێکی نامرۆڤانە و ناڕەوا لە دژی جولانەوە و خەباتی ڕەواو بەرحەقی نەتەوە دابەشکراوەکان کەڵکیان وەرگرتووە بەلام نەیانتوانیوە ریشەکێشیان بکەن و لەنێویان بەرن .
لەلایەکی دیکەشەوە دەوڵەتە بریاربەدەستەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان بەهەمووشێوازێک بۆسەرکوتکردن و لەنێو بردنی بزووتنەوە و خەباتی نەتەوە بێدەوڵەتەکان هاوکاری دەولەتە دەسکرد و دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەیان کردوە، هەر بۆیە هەتا ئەم ساتەوەختە پەیمانی سایکس پیکۆ هەڵنەوەشاوەتەوە.
لەم بارودۆخەدا،پێویستە نەتەوەی کورد لە سیاسەتی واقعبینانە و رێئالیستی پەیڕەوی بکات و بۆ هەلومەرجی دیاریکراو هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی دیاری کراوی هەبێ، خوێندنەوەی دروستی بۆ باڵانسی هێز و هاوکێشە سیاسییەکان و پێکهاتە و رووداوە جۆراوجۆرە ناوچەیی و جیهانییەکان هەبێ، بەگوێرەی هەلومەرجی گونجاو لە هەموو شێوەکانی خەبات و دەرفەتە سیاسییە ناوچەیی و جیهانییەکان کەڵک وەرگرێ، پێوەندییەکانی لەگەڵ نەتەوەکانی دراوسێ و گەلانی ناوچە بەهێز بکات، دیپلۆماسی خۆی لەئاستی نێودەوڵەتی دا بەربڵاو و بەهێزتر بکات ، پێوەندییەکانی لەگەڵ زلهێزە بڕیار بەدەستەکانی جیهان پتەوتر بکات و پشتیوانی ئەوان بۆلای خۆی ڕاکێشیت.
پێویستە نەتەوەی کورد لە پێناو بەرزو بەهێزتر کردنی وشیاری و ئیرادەی سیاسی یەکگرتوو و هەستی نیشتمانپەروەری و سەلماندن و چەسپاندنی شوناسی خۆی بە شێوازی گونجاو و شێلگیرانە خەبات بکات،کورد دەبێ هزرو زمان و بڕیارو گوتاری هاوبەش و یەکگرتووی سیاسی هەبێ. بەکورتی: پێویستە نەتەوەی کوردبەخەبات تێکۆشانی چروپڕو بەردەوام وهەمەلایەنە ”بوونی” خۆی وەک هێزێکی گرینگ وکاریگەری ناچەکە بسەلمێنی و یەکگرتووانەویەک دەنگ بۆ دامەزراندن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان خەبات بکات.
حوسێن نازدار