ساڵی ٢٠١٣ سادق زیباکلام لە لایان نوێنەرایەتی پارتی دێمۆکراتی کوردستان لە ئێران بانگهێشتن کرابوو، بۆ هەولێر و لەوێ لە زانکۆی سەلاحەددین باسی کوردستانی رۆژهەڵاتی کرد، ئەو کات سێ قسەی کرد پێم جالب بوو:

یەکەم:
”هەر کات دەوڵەتی ناوەندی لە تاران لاواز بێت ، خەڵکی مەهاباد هەمان داخوازیان هەیە، کە لە ١٣٥٧ یان پشتر لە سەردەمی قازی محەممەد هەیان بووە”.
دووهەم:
” بە بەرپرسانی ئێرانم گوتووە، ئێمە لەگەڵ خەڵکی کورد دادەنیشین یانی چی؟! ، حیزبی دێموکرات خەڵکی کوردە فەرموو قسەیان لەگەڵ بکەن”.
سێهەم:
” من وەک ئازادیخوازێک، ئەگەر قەومی کورد رازی بێت، بە سەربەخۆی هیچ کێشەیەکم لەگەڵ نییە، بەڵام خەڵکەکە سەربەخۆی ناوێ”.
ڕاستییەکی تاڵ هەیە، کە ئێمەی کورد لە پاش رووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، هەموو زەین و فکر و تێکۆشانی خۆمان لەسەر ئەوە تەرخان کردووە، کە حکوومەتەکانی داگیرکەری کوردستان بەرو دێمۆکراسی بەرین، چون پێمان وایە ئەوەی ئێمە دەچەوسێنێتەوە ئەوەی ”دیکتاتۆرییەتە”
ڕاستییەک هەیە، ئەوەیش ئەوەیە کە تەنیا دیکتاتۆرییەت نییە، کە ئێمە لە کوردستان دەچەوسێنێتەوە، بەڵکوو هۆکاری چەوسانەوەی ئێمە قووڵتر لە باسی دێمۆکراسی_ دیکتاتۆرییەتە، ئێوە سەیر بکەن، ساڵانێکە لە ئێران، فارسی_شێعە بوون، دەبێتە هۆی ئەوەی زۆر چووری( ئیمتیاز) پێبدرێ، و ئەوەش وا دەکات، پێناسەیەکی نەتەوەی_ئایینی ببێتە، هۆی ئەوەی ژیانت خۆشتر بێت، لە ژیانی تاکە کەسییدا، زۆر درگای سەرکەوتنت بۆ بکرێتەوە، وەک چۆن کورد بوون، تووشی قەیران، چەڵەمە و ناخۆشت دەکات، کە وایە کێشەی ئێمە نەبوونی دێمۆکراسی بە مانای دەستاودەستکردنی دەسەڵات نییە، بەڵکوو کێشەی ئێمە ئەوەیە کە شوناسی نەتەوەیمان بۆتە هۆی ئەوەی بچەوسێندرێنەوە.
بەڵام بۆ ناتوانیین دێمۆکراسی لە تاران پیادە بکەین؟!
هۆکارەکەی ساکارە، چون مەرجی ئەوەی دێمۆکراسی پیادە بکرێت، ئەوەیە کە هاوشانی نێوان نەتەوەکان دابین بکەین؛ واتە ئیتر کەس لەبەر ئەوەی فارسی_شێعەیە هیچ ئیمتیازێکی نەدرێتێ و کەسیش لەبەر ئەوەی کوردە بە چاوی ئەمنی سەیری نەکرێت، کە وایە ئێمە دەبێت، سەرەتا چوورەکان لە فارس بستێنینەوە، و پاشان دابەشی بکەین، و ئەو کات بڵێن وەرن دێمۆکراسی دادەمەزرێنین، کارێک کە هیچ فارسێک ئامادە نییە ، بیکات، چون مەرجی دابین کردنی دێمۆکراسی لێسەندنەوەی چوورەکان لە نەتەوەی فارسە، مەرجی هاوپەیمانی لەگەڵ فارس ئەوەیە، چوورەکانی لێبسەندرێتەوە، چون ئەوانیش ئامادە نین چوورەکان دانێن، واتە هاوپەیمانمان نابێت، هەر بەو هۆکارەش ٧٠ ساڵە بۆ دێمۆکراسی تێدەکۆشین، بەڵام یەک هاوپەیمانمان نییە. هەمان باس لە بەغدا و ئانکار و شامیش هەیە.
لێرەدا دەمەوێت، بڵێم گرینگترین دەستکەوتی مەسعود بارزانی لە ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێمدا ، ئەوە بوو کە سەڵماندی رێگاچارەی چارەسەری کۆتایی دۆزی کورد و لەویش گرینگتر ئیرادەی نەتەوەی کورد، هەوڵ بۆ سەربەخۆییە، هەوڵیک کە لە راستییدا لە هەموو هەوڵەکانیتر کەم تێچووتریشە، لە ئێستا بەولاوە هەموو کورد دەتوانێت هەر کات لەسەر میزی دانوستان دانیشێ یەک رەستە بڵێی: فەرموون با لە خەڵکی کوردستان بپرسین ئایا رازیی بەوەی لەگەڵ ئێوە بێت، یان نا؟
بەڵام بارزانی لە ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێمدا هەڵەیەکی گەورەشی هەبوو، هەڵەکەشی ئەوەبوو کە لەباتی ئەوەی لە پاش ٢٠٠٣ هەوڵەکانیی خۆی بۆ سەربەخۆی تەرخان بکات، لانیکەمی لە ١٠ ساڵی یەکەمدا خۆی بۆ دابینکردنی دێمۆکراسی لە بەغدا تەرخان کرد، و ئەو تەنیا لە ٢٠١٣ بەولاوە هەوڵەکانیی خۆی بۆ سەربەخۆی تەرخان کرد، کە وایە ئەوەی کە بارزانی بۆ سەربەخۆی کردی هەڵە نەبوو، بەڵکوو ئەوەی بۆ یەكخستنەوە و دامەزرانی دێمۆکراسی لە ئێراق لەلایان پارتی و یەکێتی و لایەنە کوردستانییەکان کرا هەڵە بوو، ئەو هەڵەیە ئەو کات، دەرفەتی سەربەخۆی خستۆتە مەترسییەوە.
لە کۆتایی دا دەمەوێت، بڵێم ئەزموونی سیاسیی سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی باشترین دەرس بۆ ئێمەی گەنجە، دەرسەکەش ئەوەیە: ”ئێمە ناتوانین لە تاران دێمۆکراسی دامەزرێنین، بۆیە پێویستە هەوڵەکانمان بۆ سەربەخۆی تەرخان بکەین، بۆ ئەو دروشمەش پێویستە پێداگربین لەسەر بەرێوەچوونی رێفراندۆمێک بۆ سەربەخۆی لە کوردستانی رۆژهەڵات دا، هاوکات دەبێت، لە بیرمان بێت کە دامەزرانی دێمۆکراسی لە تاران خەونێکی شاعیرانەیە و تەنیا نرخی قورس دەخرێتە سەر دەستی خەڵکی کوردستان”.
سەرچاوە: فەیسبووکی نووسەر