Hoppa till innehåll
Hem » داهاتوی سەربەخۆیی رۆژهەڵاتی کوردوستان و گۆڕانکاریەکانی ئێران، محەممەد عەلیزادە

داهاتوی سەربەخۆیی رۆژهەڵاتی کوردوستان و گۆڕانکاریەکانی ئێران، محەممەد عەلیزادە

لەم رۆژانە دا سرنجی گشت حیزبە رۆژهەڵاتیەکان کەوتۆتە سەر خۆپێشاندانەکان و ئەگەری گۆڕانکاری لە ئێران و روخانی سیستەمی ئیسلامی یان ئەگەری ریفڕاندۆم، وەکو دیارە خەڵکەکە داوای چەند هەڵبژاردەیەک دەکەن.

محەممەد عەلیزادە

 وەکو روخانی سیستەم یان چاکسازی یان ریڕاندۆم، بەشێکی خەڵکیش داوای گەڕانەوەی رەزا پەهلەوی دەکەن،بەلام پرسیارەکە ئەوەیە سودی کورد لەو بەینە چ دەبێ؟ ئەگەر کوردیش سودمەند دەبێت ئایا ئەو سودە لە چوارچێوەی ئێرانی یەکپارچە دەبێت یان رۆژهەڵاتێکی سەربەخۆ، وەکو راگەیەندرا لە 18.11.2017 لە شاری کۆڵن کۆنفرانسی شۆڕای دێموکراسی خوازانی ئێران بەڕێوە چوو کە تێیدا لە حیزبی دێموکراتی کوردستان  هەیئەتێک بە سەرۆکایەتی کاک خالید عەزیزی و نوێنەری کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان بەشدار بوون و واژویان کرد لە سەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران. ئەم دو لایانەش بەشێکی دیارن لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی رۆژهەڵات، لە راستی دا ئەمە پێچەوانەی ئامانجەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردە لە رۆژهەڵات و پارچەکانی تریش، بەڵام هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجی لایەنەکانی ئێرانی بە رەزا پەهلەویشەوە.

 لە راستی دا ئەو لایەنانەی کە ئێستاش ئامانجیان سەربەخۆیی رۆژهەڵاتی کوردستانە دەبێ راستیەک بزانن کە هەر گۆرانکاریەک لە ئیران رو بدات و ئەو سیستەمە بگۆڕێت جا چ بە ریفڕاندۆم یان بە شۆڕش و سیستمێکی نوێ دابنرێت ئەو سیستێمە نوێیە رێگە نادات یەکپارچەیی خاکی ئێران زیانی پێ بگات بە تایبەت لایەنگرانی شاهەنشاهی کە سەرسەختانە وەکوو کاتی حکومەتی پەهلەوی رێگە نادەن پارچەیەک لە خاکی ئێران جیا بێتەوە، بە واتایەکی تر بە نیسبەت کورد هیچ جیاوازیەکی نیە سیستەمی ئیسلامی بێت یان شاهەنشاهی یان دیموکراسی، هەر کامیان بێت خەباتی گەڵی کورد بۆ خەونە دێرینەکەی کە سەربەخۆییە دەبێ بەردەوام بێت، هەڵوێستی لایەنە نێودەوڵەتیەکانیش تاکوو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی بۆ کورد تێدا نەبووە بەڵکوو دژبەرانی ئێرانیش مەیلی پاراستنی یەکپارچەیی ئێرانیان هەیە نەک پارچە پارچە کردنی چونکە وەکوو  دیارە جیابونەوەی پارچەیەک لە خاکی ئێران وەکوو کورد بێ وڵام نابێت لە لایەن کەمینەکانی تورک و بەلوچ و عەرەب، بۆیەش ئیدارە کردنی ئەو هەموو سەربەخۆیی خوازە کارێکی ئاسان نیە، جا بەرژەوەندی دژبەرانی ئێرانیش وەکو ئەمریکا و ئیسرائیل لەوە دایە لە کاتی ئێستا یەکپارچەیی بپارێزن، بەڵام رێگا چارە چیە بۆ کورد کە بتوانێ ئەو متمانە و پشتیوانیە بە دەست بێنێ و بسەلمێنێ کە شایانی بە ولات بوونە؟ دەکرێ ٢ رێگا بگرنە بەر، یەکەم:  یەکگرتنی ئامانج و پڕۆگرامی گشت حیزبە رۆژهەڵاتیەکان، یەکگرتنی گشت هێزە سەربازیەکانی بەرەی رۆژهەڵات ، هەوڵ نەدان بۆ دژایەتی کردنی لایەناکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، بەشداری کردن لە چالاکیە مەدەنیەکان هاوشانی دژبەرانی تر، رێگری کردن لە تەشەنە کردنی بیری حیزبایەتی لە چالاکیە مەدەنیەکان واتا ئامانجیان تەنیا رزگاری خەڵک بێت، دوای ئەو هەنگاوانە ئەگەر گۆڕانکاریەک رو بدات وەکو لایەنەکانیتر کە چالاکیان کردوە دەتوانێ لە سیستەمە نوێیەکە دا بۆ خەڵکەکەی خۆی چالاکی سیاسی بکات لە جوارچێوەی ئێرانی یەکگرتو یان فدڕاڵ!!

دووەم: دەتوانن بە یەکگرتنی هەمو لایەنە رۆژهەڵاتیەکان و هێزە سەربازیەکانیان بە سود وەرگرتن لە گرژیەکان و لاوازی دەسەڵات هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی بەشی کوردنشین بدەن کە ئەمە پێویستی بە پلانێکی یەکگرتوی رێک وپێک هەیە و هەروەها پێوستی بە پلانی درێژخایان هەیە بۆ راگرتنی، وەکو دیارە ئەمە پێویستی بە هێزی سەربازی و هەروەها پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە دەبێ حیزبەکان بە دانوسان لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتیەکان ئەو متمانەیە بە دەست بێنن، لەو دو خاڵە دا زۆر گرنگە هەموو لایەنە رۆژهەڵاتیەکان یەک بگرن.

وەکو لە تەجروبەی مێژویی هەمو شۆڕشەکان دا دەرکەوتوە حیزبی دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆر لە کاتی ئاسایی چالاکیە مەدەنی و سیاسیەکانی خۆی بەردەوام دەکات بەلام لە کاتی گرژیە ناوخۆیەکانی وەکوو ئێستای ئێران دەبێ چالاکیەکان چڕ بکرێنەوە و جوڵەکان خێراتر بکرێن، چونە ناو خەڵک و دڵگەرمی دان بە خەڵک زیاتر بێت،خەڵکی ناڕازی لەو کاتانە دا پێویستی بە پشتیوانی حیزبەکان هەیە و پێویستە لە حیزبەکەی دڵنیا بێت کە پشتیوانیەتی. هیوام وایە حیزبە رۆژهەڵاتیەکان خۆیان کۆ کەنەوە و یەکگرتویانە هێرش بەرن بۆ پشتیوانی خەڵکەکەیان.