"an independent online kurdish website

سەمای سەوز 

له‌گه‌ڵ گه‌ڵاڕێزانی پایزه‌به‌یانێکدا تاک، تاک مه‌لی ره‌نگین چاوی ناز و خوشه‌ویستییان له‌ خه‌و هه‌ڵهیناو ورده‌، ورده‌ به‌ره‌و لانه‌ی زانست وه‌ڕێ که‌وتن.


له‌ خانه‌ی زانستدا تێکه‌ڵاوی پۆله‌ مه‌لانی دیکه‌ بوون و پۆل، پۆل چوونه‌ پۆلی وانه‌وه‌.

پاش ئه‌وه‌ی مێشک و دڵ و ده‌روونیان به‌وانه‌ی تازه‌، تازه‌ کرده‌وه،‌ بیریان له‌وه‌ کرده‌وه‌ ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ی

 

که‌ له‌ یه‌ک دوورن چۆناوچۆن دێوه‌زمه‌ی خه‌م له‌ خۆیان بتارێنن، رایان هاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌‌ شه‌وێ له‌ هۆڵێکدا کۆبنه‌وه و به‌هه‌وای دانس و سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕین له‌سه‌ر سنگی مۆته‌که‌ی خه‌م شادی بگێڕن.

له‌گه‌ڵ تاریک بوونی هه‌وا، له‌ژێر تیشکی گوڵۆپی جاده‌ و کۆڵانه‌کانی (هامارکولای-یۆتۆبۆری)دا روویان کرده‌ ‌ژوانگه‌ی ئه‌وڤین، له‌ دوورگه‌ی (هێسنگین). له‌گه‌ڵ به‌رز بوونه‌وه‌ی ئاهه‌نگی موزیگ کچان و گوڕانی لاو که‌وتنه‌خۆ، پاشان ده‌ستێ که‌وته‌‌ که‌مه‌ر و ده‌ستێ که‌وته‌‌ گه‌ردن و دوو، دوو که‌وتنه‌ هه‌ڵمژینی بۆنی خۆشه‌ویستی.

هێشتا چاوانی گه‌شی ئه‌و مه‌لانه‌ تامه‌زرۆیان له‌یه‌ک نه‌شکا بوو، هێشتا هه‌ناسه‌ گه‌رمه‌کان تێکه‌ڵاوی یه‌ک نه‌ببوون، مۆته‌که‌ی نگریسی خه‌م، مۆته‌که‌ی بۆغز و گین، مۆته‌که‌ی قار و قین به‌شێوه‌ی هه‌میشه‌یی بێزار له‌ شادی ناوچاوی گرژ بوو، ژینی لێتار بوو، جهانی پێ ته‌نگ بوو، پاشان ده‌ستی ناپاکی خسته‌ گه‌ر و چاوگه‌ی شادی کرد به ‌کانی شین، هۆڵی ره‌نگینی کرد به‌ تاریکستان و له‌ چاوتروکانێکدا 63 مه‌لی ره‌نگینی کرد به‌ قه‌ققنه‌س و په‌ڕوباڵی زۆریشی هه‌ڵپروزاند و به‌ غه‌ڕڕاییه‌وه‌ نه‌ڕانی: سه‌رده‌م سه‌رده‌می منه‌و به‌س!

له‌ناکاو فریشته‌ی‌ ئه‌ڤین دای له‌ قاقای پێکه‌نین و گوتی:

وه‌ره‌، وه‌ره،‌ بڕوانه له‌ ئه‌نگوسیله‌ی ئه‌و دڵدارانه‌ که‌ له‌ په‌نجه‌ی ناسکی دڵبه‌راندا بووه‌ به‌ نیگار، وه‌ره‌ سه‌یری گواره‌ی دڵبه‌ران که چلۆن بووه‌ به‌ نگینی دڵی دڵدار، پاشان له‌سه‌رخۆ کوتی:

تۆ ره‌نجه‌ڕۆی، تۆ به‌ئاکام ناگه‌ی، ئه‌بێ بزانی که‌ جهان جهانی ئه‌وڤینه‌و به‌س، نه‌ک مه‌کۆی ناپاک و ناکه‌س!

 

با ئێمه‌یش بڵین ئه‌م کارساته‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستی سروشت بوو، ده‌ستی له‌ بنا هه‌ڵوه‌رێ! ئه‌گه‌ر ده‌ستی ناپاکی و دژی مرۆڤایه‌تیش بێ، خاوه‌نی ئه‌و ده‌سته‌ هه‌رده‌م له‌گه‌ڵ خۆی له‌ جه‌نگدا ئه‌بێ تا ئه‌گاته‌ شه‌رمه‌زای.

 

قه‌قنه‌سه‌کان

ئه‌و مه‌لانه‌ی له‌ (هیسنگێن)

ئه‌و مه‌لانه‌ی له‌ یۆتۆبۆری

ئه‌و مه‌لانه‌ی له‌ سوید

بوون به‌ قه‌قنه‌س

هه‌موویان کورد بوون

هه‌موویان فارس بوون

هه‌موویان عه‌ره‌ب بوون

هه‌موویان سویدی و سۆمالیایی بوون

هه‌موویان رۆڵه‌ی ئه‌م جهانه‌ بوون

هه‌موویان له‌ هه‌مه‌ ده‌نگ و هه‌مه‌ ره‌نگ بوون

به‌ڵام به‌ یه‌ک ره‌نگ چوونه‌ کاروانی نه‌بوون

ره‌نگی پاکی پاکان،

ره‌نگێک پاکتر له‌ ره‌نگی ئینسان

ره‌نگێک جیاواز له‌ ره‌نگی خواکان

ئه‌و مه‌لانه‌ی که‌ بوون به‌ قه‌قنه‌س

ئه‌و مه‌لانه‌ی که‌ بوون به ‌قه‌قنه‌س!

**

ئه‌و چه‌ن دێره‌ له‌ هه‌مان ساڵدا به‌ یارمه‌تی به‌ڕێز (ئاسۆ موکریانی) له‌ کاناڵی (     ) له‌ ستۆکهۆڵم په‌خش کراوه‌ته‌وه‌.

 

وێنه‌ له‌ ئارشیو (TV AZAD)

سه‌عی سه‌قزی

 

sai.saqzi@gmail.com

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی