بەداخێکی گرانەوە ئەمڕۆ ٧/١٢/٢٠١٨ کاتژمێر ١.١٥ دەقیقەی بەرەبەیانی ئەنوەرخانی سوڵتانپەنا . پیری ژیری بە ئەزموون و بیری هاوڕێ و هەڤاڵی گیانی بە گیانی وشە و خامە و دونیای شێعر و ئەدەبی کوردی و

خەباتگێڕو تێکۆشەری دێرینی حیزبی دیموکرات و خاوەن زیاتر لە ٦٠ ساڵ خەباتی پاک و بێگەردی کوردایەتی و شەیدا و عەوداڵی سەربەخۆیی نەتەوەکەی ، باوکی بەڕێز و تێکۆشەرمان بۆ دواجار مالاوایی لە ئێمەی کەس و کار و خزم و ئێوەی ئۆگرانی شێعر و ئەدەبی کوردی و هەڤاڵان و دۆستان و هاوخەباتانی و خاک و نیشتمانی پیرۆزی کوردستان کرد.
بەڕێزان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە شوێن و جێگا و کاتی بە خاک سپاردن و پرسە و کۆڕیادیک بۆ دوا ماڵاوایی لە تەرمی پیرۆزی ئەنوەرخان ئاگادارتان دەکەینەوە.
لەگەڵ ڕێز و سپاسی بنەماڵەی سوڵتانپەنا
………………………

ئاوابوونی ئەستێرەیەک
هەواڵی کۆچی دوایی هاوڕێی تێکۆشەر کاک ئەنوەری سوڵتانپەنا، هەموو مانی خستە نێو دەریایەک لەخەم و پەژارەوە.
ئەو جگەلەوەی پێشمەرگە وتێکۆشەری نێو ریزەکانی حیزب و بزووتنەوە بوو، شاعیری شۆرش و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی نەتەوەکەشمان بوو. لەگەڵ شۆڕش و خەباتدا دەژیاو شیعر و سرود و گۆرانی شۆڕگێرانەی بۆ سەرکەوتن و چونەپێشی خەبات دەگوت.
سەرتاسەر بڕاو و ورەو ئیمان بوو بەسەرکەوتن . لە دوا ساڵ و مانگەکانی ژیانیشیدا دڵ و گیانی لە لای پێشمەرگەو رێبەری حیزب و تێکۆسەرانی نێوخۆی وڵات بوو. بە تاسەوە هەواڵی چالاکی پێشمەرگەو وەزعی حیزب دەپرسی و ئاواتی ئەوەبوو حیزب و بزووتنەوەی کوردستان بەرەو پتەویی و یەکڕیزیی زیاتربڕۆنە پێش.
سەرەخۆشی لە بنەماڵەی نیشتمانپەروەری کاک ئەنوەر سوڵتان پەنا، بە تایبەتی هاوسەری بەرێزی و کوڕ و کچە خەباتگێرەکانی دەکەم و خۆمان بەشەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.
ڕوحی کاک ئەنوەر شادبێت و رێگا و رێبازی خەباتی هەروا پڕرێبوار بێت.
ئیبڕاهیم لاجانی
٠٧.١٢.٢٠١٨
ئۆسلۆ
…
ئێمە وەک بەڕێوەبەرانی سایتی پ م نیوز لە ناخی دڵمانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەمالەی سوڵتان پەنا و سەرجەم خزم و دۆستانیان دەکەن و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
روحی مامۆستا ئەنوەر شاد بێ .