"an independent online kurdish website

شەڕی ماڵ وێرانکەری ئێران و عێراق لە دەیان و سەدان شوێنی کوردستان خەڵکی تووشی کوشتن و بڕین و ماڵوێرانی کردوە ،

 بەرینایی و شوێندانەری کیمیا بارانی هەڵەبجە بە ڕادەیەک  کارەساتبار بوو زۆر شوێنی دیکەی کوردستان کە بەر پەلاماری شیمایی کەوتن لە سێبەری دا کەوتنە تارمایی و بەشێکیان هەربە نادیاری  و لە بیر کراوی مانەوە.

جگە لە کارەساتی شیمیایی سەردەشت و زەردەی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆرێک لە ناوچە سنووریەکانی ئێران – عێراق جێگا و مەکانی نەدیتراو و باسلێنەکراوی دیکە هەن کە خەڵکانێک بە  هۆکاری شیمیایی کوژراو و بریندار و زەرەمەند بوون. یەکێک لەو جێگایانە ئاوایی باینجانە لە ناوچەی سەرشیوی سەقز کە مەکۆی خزمەتکردن بە  شۆڕشگێران بوو و لە کاتی خۆی خزمەتی زۆریان بە پێشمەرگەکان کردوە.

ڕێکەوتی (٢| ٨ |١٣٦٢ )  چەند فڕۆکەی میکی عێراقی هەڵگری بۆمبی شیمیایی بەرەو قوڵایی ناوچەکانی ئێران بە مەبەستی زەربە وەشاندن دەفڕن، هەدەفی تایبەتیان کام شوێن ؟ و شار ؟ لە ئێران بوە ڕوون نیە، ئەوەندەی دیارە نەیان توانیبوو بە مەبەستی خۆیان بگەن و لە گەڵ بەرهەڵستی فڕۆکە و بەرگری  زەوینی   و ئاسمانی ئێرانی ڕوبەڕو دەبن و مەجبوور بە گەڕانەوە بەرەو عێراق دەکرێنەوە.

لە ڕێڕەوی گەڕانەوەیان دا بۆمبەکانیان لە شاخ و مەزراکانی نزیک ئاوایی باینجان فڕێ دەدەنە خوارێ، ئەو کات کۆمیتەی شارستانی سەقز و هێزی عەزیزی یوسفی لە ناوچەی سەرشیو لە ئاوایی سیانزار بووین (خەریکی گرتنی کۆنفڕانس بووین قەرار بوو لە باینجان بیگرین و لە ئاخر کاتەکاندا نەزەر گۆڕدرا و لە سیانزار بەڕێوە چوو بەو هۆیەوە، لەو کاتەدا ئەو بۆچوونەیش بە هێز بوو کە بۆمبارانەکە کاری ڕژیمی ئێران بووبێت!) و گوێبیستی دەنگی بۆمبەکان بووین.

دوای یەک دوو سەعاتێک چەند کەسێک بە ڕیز بەستویی لای باینجانەوە هاتن کە نزیک بوونەوە  دوای پرس و جۆ دەرکەوت موجاهیدینی خەلک بوون، دوو کەس وەک چاوساخ لە پێشەوە چەند کەسی دیکە بە دوایانەوە تورەکەی خامی  سپییان بەسەردا هەڵکێشرابوو، دەستی یەکتریان ڕادەکێشا، وتیان لە دەورو بەری ئاوایی باینجان بووین و تەیارەی عێراقی بۆمبارانی ئەو ناوەی کردوە وتوشی برینداری و سوتانەوە هاتووین.

داوتر مەعلووم بوو کارەساتەکە لەوە گەورەترە و خەڵکێکی زۆر لە مەزرا و بەندەکانی باینجان کە بە کاری خۆیانەوە سەرقاڵ بوون گیرۆدە بوون بە شێوەیەک کە یازدە (١١) کەس لە خەڵکی بێ تاوان گیانیان لە دەست داوە و حەڤدە (١٧) کەسیش بریندار بوون.

ئەو کەسانەی لە چیا و لەوەڕگەکان بوون ڕادەیان زۆر نەبوو بەڵام کە لە ئاوایی دەنگی بۆمبەکان دەبیسرێ بە هانایانەوە دەچن، بە دەست لێدان و هەڵگرتنی بریندار و شیمیایی لێدراوەکان  و کەل و پەلەکانیان، شوێندانەری دەرمانەکە لە سەر ئەو شوێنە خەڵکێکی زۆر بەو هۆیەوە تێدا دەچن و بریندار دەبن کە تا ئێشتاش بەشێکی ئەو بریندارانە هەر بە دەم ئێش و ئازارەوە ژیان تێپەڕ دەکەن. ئەو یازدە کەسەی گیانیان لە دەست دا و بوونە قوربانی سیاسەتی شەرئەنگێزانەی کۆماری سێدارەی ئیسلامی  بریتین  بوون لە:

1.- مەلا ڕەحیم خەڵکی ئاوایی نەمەشیری بانە پێشنوێژی ئاوایی.  2- ئەحمەد ساڵحپەنا کوڕی خوارەحم.  3 – سەعی ساڵحپەنا کوڕی خوارەحم.  4- عەبدولا سالحپەنا کوڕی خواڕەحم.  5 – ڕەحمان ساڵحزادە کوڕی ئەحمەد.   6 – ساڵح ساڵحزادە کوڕی ئەحمەد.  7 – مەجید ساڵحزادە کوڕی حەسەن 8 – عەلی دەیجوری .  9 – ساڵح ئەحمەد پوور کوڕی کەریم.   10 – عەلی زارعی کوڕی شەریف.  11 – کەریم کەریم پوور.

هەر وەک ئاماژەی پێکرا حەڤدە (۱۷) کەسیش زامدارببون، بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان کردبێ تا ئێستاش ژیان بە کولەمەرگی بە سەر دەبەن. سیاسەتی ناردنی شۆڕشی ئێسلامی بۆ وڵاتانی دەرەوە و شەڕ و ئاژاوەی کۆماری ئیسلامی هەنوکەش هۆکاری دەیان گیر و گرفت و نەهامەتیە کە قورسایی لە سەر کۆمەڵانی گەلانی ئێران و لە هه موانیش زیاتر گەلی کورد داناوە.

لە ۳۷مین ساڵیادی شیمیای دەوروبەری گوندی باینجان وێرای هیوا دەربڕین بۆ باشتر بوونی ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئاوایی بە گشتی و بریندارەکان بەتایبەت، خزمەت و دڵسۆزیان بۆ حاوانەوە و ئەمەک و چاکەیان بە ڕۆڵەکانی دیموکڕات لە بیر ناکرێ.

نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران

 بە هیوای وەدیهاتنی ڕۆژی ئازادی بۆ گەلی کوردمان.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی