لـە مێژە نـوسینەکانی کاک عەوڵای ئـەبریشمی لـە فەیسبوک چاو لێدەکەم . بەشی زۆریان شێوەی بڵاو کردنەوەی زانیاریان هەیە ، جا چ ئـەرێنی بـن چ نەرێنی. کاک عەوڵا بـەهۆی ئـەوەی لـە بـنەماڵەیەکی گەورەی سابـڵاغە،
دەگەڵ بنەماڵەی قازی خزمایەتی و تێکەڵاویان هەبووە، دەکرێ زۆر شـتان بزانێ، خۆشی دوکتۆرە دەبوو دەرمانی دەردەکان باش بناسێ! دەگەڵ ئەوەش زۆربەی قسەکانی بۆ هەڵوێستە لەسەر کردن دەبن. بە پێی ئەوەی مخابن زۆر کەمن ئەوانەی شتەکان وەک خۆیان بگێڕنەوە و بەلای خۆیان یان بۆ لایەنی خۆیانی دادەشکێنن، من باوەڕ بە هەمویان ناکەم و بەبێ لایەنیان نازانم. بەڕای من نوسراوەکانی چەندە ڕاستن یان نـا، گرینگ نـیە، چونکە ئـەوە بـاوەڕی خۆیەتی. بەڵام کە دەگاتە حاندێک کە شۆڕش و قوربانی دانی گەلێک لەڕێی ئـازادی نیشتمانی داگیرکراو و گەلـدا دەخاتـە رێژ پرسیار و یان باشتر بڵێم: ڕەدی دەکاتەوە، ناکرێی چاوی لێی بقوچێنی و خۆی لێی ببوێری. من لەسەر زۆر لەو شتانەی کە دیتومن قسەم هەیە و جار و بـاریش بـە ئیشاڕە گەیاندومن بەڵام ئەو جارەیان پێوەندی بە خەبات و قوربانی دانی گەلەکەمانەوە هەیە، نەک هەر ڕۆژهەڵات بگرە لە هەموو بـەشەکانی کوردستان.
بەڕێزیان جۆرێک خۆی نیشان دەدا کە کوردستان و بە تایبەت لە سابڵاغ تەنیا شارەزا و دڵسۆزێک هەیە، ئەویش خۆیەتی! چونکە هەموو قسەکانی وام کوتو وام کردو، بە قسەیان نەکردم و… هەر وەها سەری قسەو بنی قسەی باسی خراپی چەک هەڵگرتن و باشی دەست بەردانەوەیە.! دەفەرموێی: (دوای کۆمار تـا ١٣٤٦ کە چەک هەڵنەگیرابوو کەسیش نـەکوژا ، بـەڵام دواتـر هـەزاران کـەس لە ژن و منداڵ کوژران) ئەو قسەیە ڕاست تەئییدی جینایەتەکانی شا و خومەنیە،کە دەرهەق بە گەلی کورد کراون. بەڵگەش ئەوەیە ئـەوانـە چەکیان دژی ڕێـژیـمەکەیان هەڵگرتوە، دەبێ سەرکوت بکرێن و لە ناو ببرێن! شەهید کرانی موعینیەکان، شەریف زادە، زەنگەنە و ئاوارە و شەهیدانی تر…، وەبەر ئەو فتوایەیەی کاک حەوڵا دەکەون. هەروەها لە داردانی قازی و هاوڕێیەکانی و فەیزوڵا بەگیەکانـ و ئـەوانیتر ڕەوا بـووە، چونکە هـەم سەربـازی حکومەتـیـان چـەک کردوە و هـەم حکومـەتی سەربەخۆیان ڕاگەیاندوە، ئاڵای کوردیان هەڵکردوە هێزی پێشمەرگەیان پێک هێناوە! جیا لەوانەش لە حکومەتی ئاخوندیدا بەڕای جەنابت تێڕۆڕی دوکتۆر قاسملوو لە حاڵی وتووێژدا بۆ ئاشتی و شەڕفکەندی ، ڕەوا بـووە، چونکە ڕێبەری هێزی پێشمەرگەیان کردوە. داخوا خـوێنی بـە نـاهەق ڕژاوی ئـەو هەمـوو شەهیدانە بەهەدەر چووە؟!
بۆ ڕون کردنەوەی بیرو ڕای گشتی گەل و جیهانیان و جەنابیشت دەڵێم:گەلی کورد هەرگیز شەڕی نەکردوەو بەردەوام لە حاڵی بەرگری دابووە، کە بە هەموو پێوەرێکی شەرعی قانونی مرڤایەتی و نێودەوڵەتیش مافێکی رەوایە. شەڕ بەوە دەکوترێ هێرش بکەیە سەر ماف و ئازادی و داگیرکردنی نیشتمانی گەلێک، نەک بەرگری کردن لە مافی ڕەوا. بەکار هێنانی وشەی شەڕ بۆ خەباتی ڕەوای گەل دروست ئەدەبیاتی دیکتە کراوی دوژمنە داگیرکارەکان و کاوێژکەرەکانیانە. ئەو خەونە بەتاڵەی کە هێندێکی وەک جەنابت دەیبینن کە لەژێر سێبەری ئەو داگیرکەرانە دا بە کۆمارە ئیسلامیەکەی جەنـابیشتەوە کـورد مـافی دەدرێتێی بە تەواوی پوچە، نمونەی باشوری کوردستانمان لە بەرچاوە کە پاش ( زیاتر لە ٢٣ ) ساڵ ئەو حکومەتە شەق و شڕەی عێڕاق بە هەزار فەند و فێڵ خەریکە کوردان بگێڕێتەوە سەر خاڵی سیفر !! ئەوانە هەموو ئاماژەن بۆ ئەوەی کورد دەبێ تێ بگا کە قەول و بەڵێنی داگیرکەران هیچ بناغەیەکی نیە و تـەنـیا بـۆ فریودانە. با باش لەوە تێبگەین، چونکە پێشینیان کوتـویـانـە: (تێگەیشتن لە مێوژە ڕەشە خۆشترە !)
کاک عەوڵا جەنابت وەک شەخش چۆن بیر دەکەیەوە دەستت ئـاوالەیە ، بـەڵام مافی ئەوەت پێنادرێ ئەو خەباتە دووروو درێژە، ئەو هەموو قوربانیە مەزنانە، ئەو هەموو فیداکاریە بێوچانەی گەلەکەمان بخەیە ژێر پرسیارو تاوانباریشیان بکەی. چ بتەوێ و چ نەتهەوێ ڕاست ئەوەی دەکەی کە جمهوری ئیسلامی گەرەکیەتی. فەرقیان ئەوەندەیە، تـۆ بـەکوردی دەیـنوسی و ئەوان بە فارسی . ئێستا لەبەر چاوی جەنابت ڕۆژانە لاوی کورد بـەنـد و ئێعدام دەکرێن، داخوا بە وتەی جەنابت لە شەڕی چەکداریدا گیراون؟! داخوا بنکەی ڕێبەرایەتی حیزب لە باشوری کوردستان نەک لە ڕۆژهەڵات موشەکبـاران دەکرێ، مەیـدانی شەڕ بوو؟! ئەوەی جەنابت و کەسانیتریشی وەسەر تـەڵە پـڕاندوە، ڕەنـگە وشەی خەباتی مـەدەنی و ئـیسڵاح تـەڵەبی و چی و چی بێی. بـێـخەبـەر لـەکۆماری ئیسلامیدا گەل نیە و هـەموو ئـۆمەتن و شەریفترینیشیان شیعەی ١٢ ئـیـمایـە. بڕیار ئەسڵی وەلی فەقیە دەیدا و ئەملا و ئەولای بۆ نیە. تۆش دەزانی وەلی فتوای جیهادی بەسەر کورددا دەرکردوە، ڕەنگە شـێوەکەی گـۆڕا بێ بـەڵام لـە ناوەرۆکدا وەک خۆی ماوەو کاری پێکراوە.
لە دوایین قسەم دا عەرزی جەنابتی دەکەم: تۆ کە هەموو شتێکی کورد بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەد دەکەیەوە و خۆت بـە تـاقە شارەزا و دڵـسۆزی کورد دەزانی، لـە بـەرانـبـەر ئـەو هـەموو پەلامارو ڕەد کردنەوانەدا، داخوا لە سایەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چیت بۆ کورد وەدەست هێناوە؟! داخوا بۆ خوێندنی زمانی دایکی کە لە قانـونی بـنەڕەتی ئـیرانیش داهاتـووە، چەنـد قوتابخانەی سەرەتایی زمانی کوردی بە ڕەسمی لە کوردستان کراونەوە؟! لە نوسراوەکانت دا وا دەردەکەوێ ببی بە ئیحسانی تەبەری کتێبی (کەژ ڕاهە) بنووسی هەوادارانیشت تەسلیمی حکومەت بکەیەوە. زۆر جار باسی ئەوە دەکەی کە تەقەت لێکراوە و شانازیشی پێوە دەکەی، ئەدی چۆنە ئەو هەموو قوربانیانە بەکەم دەگری و نەک بە شەهیدیان نازانی بەڵکو بـە هۆکاری کوژرانی ژن و منداڵانیشت لە قەڵەم داون . من پێم وایە چی بە ئێمە دەڵێی بیڵێ، بـەڵام ئـەو غیرەتەت هەبێ داوای لێبوردن لە شەهیدان و بنە ماڵەکانیان بکە.
کاک عەوڵا: ڕەنگە ئەو شتانەی دەیانڵێی هەموو هەڵە نەبن شوڕشی گەلەکەمان نە لە ڕابردوو نە لە ئێستا دا بێکەم و کوڕی نەبووە و نابێ. بەڵام چ ڕاستە و خۆ بێ، یان ناڕاستەوخۆ، کەوتویە ناو بازنـە و داوی دوژمـنانی گەلـەوە، گلەییش مەکە کە بـەر پـەرچی قسەکانت دەدرێتەوە.
بـۆیـە لێت دەپرسم: (ئـەو بیرە لەکوێوە هەڵقولێوە ؟! )
مەلا برایمی مەجید پور ٨ خەرمانانی ٢٧٢٠ کوردی
٢٩ /٨ / ٢٠٢٠ زایینی
بابەتی پەیوەندی دار
پێویستە حیزبی دیمۆکرات، لە نیەتە ناپاکەکان بێدەنگ نەبێ…!، ھوشیار ئەحمەدی