لە سایەی گەشەکردنی ڕاگەیەنە گشتیەکان و پەرەسەندنی هۆیەکانی هاتووچۆ، زۆربەی خەڵکی کوردستان زانیاری پێویستیان لەسەر وەزعی وڵاتانی جۆراو جۆری دونیا و بە تایبەت وڵاتانی ناوچە هەیە.
بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان لەو چەند ساڵەدا سەردانی تورکیە، قەتەر، دووبەی و ئەبوزەبی و سعودیەیان کردوە.
هەم تورکەکان و هەم عەرەبەکان موسوڵمانن.عەرەبەکان ئیدیعای خاوەنداریەتی ئیسلام دەکەن و تورکەکانیش ڕێبەرایەتی ئیمپڕاتۆڕیەتی ئیسلامیان بۆ چەند سەد ساڵ لە کارنامەی خۆیان دا تۆمار کردوە.
دووبەی ئێستا بۆتە ناوەندێکی گەورەی ماڵی و بازرگانی و گەشتیاری. لەوەش زیاتر زانکۆ و زانستگاکانی هێندە چوونەتەپێش کە وەک جەمسەرێکی گەورەی زانست و تکنۆلۆژی دونیای سەردەم بە حیساب دێ. لە قەتەر پێنج زانستگای گەورەی ئەمریکایی بنیات نراون کە لە زانکۆ هەرە گرنگ و بە ئیعتیبارەکانی دونیای ئەمڕۆ دەژمێردرێن. ئەبووزەبی لەمێژە خاوەنی ماستەرپلانی گەشەو هەڵدانە.هەرلەوکاتەدا کە یەکێک لە گەورەترین مزگەوتەکانی دونیای تێدایە، بەشێک لە زانستگای سۆربوونی فەرانسەشی ڕاکێشاوەتە لای خۆی.
تەواوی ئەو شێخ نشینانە هەموویان دەرگا و پەنجەرەکانیان بە ڕووی دونیای تازە وپێشکەوتنە سەنعەتی و زانستی و کۆمەڵایەتی و کولتوریەکاندا کردوونەتەوە.هەرکەس پیاسەیەکی کورت بە شەقامەکانی قەتەر و ئەبووزەبی و دووبەی دا بکات، بۆی دەردەکەوێ کە ئەو میرنشینانە چۆن ڕەگەڵ کاروانی پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەردەم کەوتوون و خەریکن کەڵکی خۆیانی لێ وەردەگرن.
بەیەک چاوگێرانی خێرا بۆمان دەردەکەوێت کە ئەوان توانیویانە بەشێک لە پێشکەوتنی هەموولایەنەی دونیای سەردەم بێننە ئەو سەحرا کولتووریە قاقڕە
لەوێش ئیسلامی حەنبەڵی وشک هەیە، بەڵام کەس بە ناوی دین و مەزهەب موزاحیمی ئازادیە فەردی و کۆمەڵایەتیەکان نابێ. لەوێ مەزهەب و دین و تاعەتی خوا زۆرتر دەچێتە خانەی ژیانی شەخسی و تایبەتی. بە ملیۆن گەشتیار لە هەموو دونیاوە، بە هەر دین و مەزهەبیکەوە کە هەیانە ڕوودەکەنە ئەوێ و پێشوازیان لێدەکرێ.
لەهیچ کام لەو میرنشینانەدا، پێشکەوتنە ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و سەنعەتیەکان بە بەهای سەرکوتی موسوڵمانانی ئەوێ وەدەست نەهاتوون. ئازادیە شەخسی و تایبەتیەکان بەشێک لە فەرهەنگی ژیانی ئەو وڵاتەن.
ئەزموونی چل ساڵ دەستەڵات داریەتی کۆماری ئیسلامی بۆتە مایەی پەند و عیبڕەت بۆ وڵاتانی عەرەبی و تورکیەو میرنشینەکانی خەلیج و ڕایان دەتڵەکێنێ و تەکانیان پێ دەدات. پاش مۆرکردنی پەیماننامەی ئیبڕاهیم ئەو ڕەوتە خێرایی زۆرتریش بە خۆوە دەگرێ.گەلانی عەرەب گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە دەبێ زەلکاوی چاخەکانی نێوەڕاستی خۆیان بە جێ بێڵن.
لە تورکیەش دەبینین کە هەر لەوکاتەدا کە تورکەکان خۆیان پێ لە هیچ موسوڵمانێک کەمتر موسوڵمان نیە، کەچی شوێنەوارێک لە موزاحەمەتی مەزهەبی لە تورکیەدا وەبەرچاو ناکەوێ. بە پێچەوانەوە کراوەیی بە ڕووی دونیای دەرێ دا، ئەو وڵاتەی کردۆتە ناوەندێکی گەورەی پەرەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بازرگانی. کار گەیوەتە جیگایەک تەواوی موسوڵمانانی ناوچە بۆ گەڕان و گەشت ، بۆ سەیران ، بۆ کاروکاسبی و بازرگانی، ڕوودەکەنە تورکیە. ساڵانە بە دەیان هەزار موسوڵمان لە عێڕاق، ئێران، میسر، سۆماڵی و یەمەن و سوریەو لوبنان و کوردستان و ئورروپاو ئەمریکاوە سەرمایەکانیانیان دەبەنە تورکیە و لەوێ نیشتەجێ دەبن.
بەو جۆرە هەم تورکیە و هەم میرنشینەکانی کەنداو دەتوانن سەرمەشقێکی باش بن بۆ کوردستانیش. هیچ پێویست ناکات سلێمانی و دهۆک و کەرکوک و هەولێر خۆیان دەگەڵ سوئێد و نۆروێژ و فەرانسە بەراورد بکەن و ئیلهامیان لێوەرگرن. دیارە ئەگەر ئەوەبکەن زۆر باشە. بەڵام ئەگەر ناتوانن ئەوە بکەن واباشە تێکۆشن چاو لە برا موسوڵمانە عەرەب و تورکەکان بکەن و تێکۆشن لەوان وەدوانەکەون.
موسوڵمانی کورد دەبێ بزانێ کە دواکەوتوویی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سەنعەتی، هیچ پێوەندیەکی بە ئیمانداری و خواپەرستی و دین و ئیسلامەوە نیە. کوردستان بێ ئەولاو لا دەبێ ڕەگەڵ کاروانی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی کەوێ. ئەمن مێژووی ئیسلامم لە زانستگا خوێندوە. ئیسلام چۆتە هەرجێگایەک ڕەنگی ئەوێی گرتووە. ئیسلامی نۆروێژی ڕەنگی کولتوور و تەبیعەتی نۆروێژی گرتووە.
ئەوەتا عەرەبەکانی کەنداو کە فەزڵی خاوەنداریەتی ئیسلام بە هەموو موسوڵمانان دەفرۆشن و لە یەک قەدەمی مەککەو مەدینەش هەڵکەوتوون، وێرای ئەوەی کە تاعەت و خواپەرستی خۆشیان دەکەن، دەستیان بە ماتۆڕی پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی دونیاوە گرتووە و دەگەڵی دەچنە پێش. تورکەکان کە بەسەدان ساڵ کلیلی کابەو ماڵی خوایان لە گیرفاندابووە و ئێستاس خۆیان بە موسوڵمانی تەواو عەیار دەزانن، هەموو هەوڵیان ئەوەیە بێنە نێو یەکیەتی ئورروپا یا ئوورووپا بەرنە وڵاتی خۆیان.
ئێمەی کورد نە فەزڵی خاوەنداریەتی ئیسلاممان هەیە و نە قەتیش کلیلی کابەی پیرۆزمان پێ بووە. ئێمەی کورد فەتح کراوین. واتە بە زەبری سەرەنێزە شادەو ئیمانمان هێناوە.( شادەو ئیمانێک بە زەبری سەرەنێزە بێ دەبێ چەندە بەرحەق بێ!) تورکەکان خۆیان بێ شەڕ واتە دڵخوازانە ئیسلامیان قبووڵ کردوە.
کەواتە ئەو تەعەسوبە وشکە سەبارەت بە دین و ئیسلام کە جارجار لێرەو لەوێ لە نێوماندا خۆی نیشان دەدا، بێجگە لەسەر لێشێواوی مانایەکی دیکەی نیە.هاوکارێکم Ann Kristin Olsen کە شانازی بە دۆستایەتی ئەوەوە دەکەم دەڵێ ئەو مەسەلەیە نەخۆشی ناسنامەیی و هەویەتییە.ئێوە هەویەتی خۆتان نە دۆزیتەوە.ئەوە جەهل و نەزانیە. ئاخر خۆ ئێمە لە پاپ کاتۆلیک تر نین. عەرەب و تورکەکان چۆنیان پێ خۆش بێ ئاوا ئیسلام تەفسیر دەکەن. ئیدی ئێستا رێبەرانی ئاینیش تێگەیوون کە هەموو دینەکان و تەنانەت ئیسلامیش، پێویستە خۆیان دەگەڵ ڕاستیەکانی دونیای نوێ هاوئاهەنگ بکەن. لە ئەمریکا کلیساکان ژێرزەمینەکانیان دەکەنە دانسینگ و دیسکۆ، تا لاوان ڕوویان تێبکەن و لەوڕیگایەوە لەگەڵ پەیامەکانی مەسیحیەتیش ئاشنابن.
پێویست نیە تێکۆشین لە ئینگلیس و فەرانسە وەدوانەکەوین. بەڵام با لانی کەم تێکۆشین لە برا عەرەب و تورکە موسوڵمانەکانی دراوسێمان بەجێ نەمێننین.
ئیبڕاهیم لاجانی
2021-04-29