"an independent online kurdish website

حاشا لـەوە نـاکرێی گەلی کوردی مـافـخۆراوی بێبەشکراو لـە ئـازادی، بـەدڵ حەز دەکا حیزبەکان و ڕێبەرایـەتیەکان و چین و تـوێـژەکانی کۆمەڵگاو ئـایین و ئیدەکان،

 دەست بدەنە دەستی یـەک و بـۆ هەمیشە خۆیـان لـەو نەهامەتی وژێر چەپـۆکەیی و کۆیـلەتیە ڕزگار بـکەن. جەڕەیـانـە سیاسی و کۆمەڵایـەتـیەکان و حیزبەکانیش دەبێ واز لە ڕەوتی وەلانان و دەرکردن، خۆ گەورە کردن و ئەوانیتر بە چووک زانین هەڵبگرن و ئەو ڕاستیە بسەلمێنن کە گەل و نیشتمان و بەرژەوەندە گشتیەکانن لە پێشەوەی هەموو ئیدە و ئایین و ئاوات و ئامانجەکانن. وەفاداری بـۆ شەهیدان و ڕێـز دانـان بـۆ هاوسەنگەران و نـرخ و بـایخدان بـە ئـازادی نیشتمان ئـەرکدارمان دەکەن، وەک چۆن بـە درۆشـم خـۆمـان و حـیزبـەکانـمـان وەک خزمەتکاری گەل و نیشتمان پێناسە دەکەین، بە کردەوەش ڕاستی و سەداقەتی ئەو دروشمە بسەلمێنین .

لە ماوەی تەمەنی دور و درێژی ئەو حیزبەدا دەگەڵ هەموو کەم و کوڕیـ و گلەیی و گازنـدەکان هەنـگاوی زۆر گرینگ و پیویست و بـوێـرانـە هەڵێندراونـەوە، بـە سرنجەوە هەوڵی یەکگرتن و پێکهێنانی بـەرەی یـەکگرتـوی کوردستانی و هـیتر دراوە، کۆماری کوردستانیش نمونەی بەرزیەتی. دەگەڵ ئـەوەی شایـەدی چەنـد جار لەت بوون و لیکترازان و جیابونەوە و شتیتر بووین، بەڵام شاراوە نیە پاش ئەو هەموو ئەملاو ئـەولاو ڕۆیشتن و گەڕانـەوە و مشت و مـڕو مل بـادانـانـە، تـەنیا دەرمانی دەردەکە و تـاکە ڕێگا ڕاست بـۆ گـەیشتن بـە ئـامـانـجەکە، لـێکی کۆ کردوینەوە و وەسەر یەکی خستوینەوە یەکبونی ڕێبازەکە و وەدیهێنانی ئامانجەکە ئەو ڕەوتەی ویستوە. بۆیە گرینگە ئەم جارەیان بە چاوێکی وردبین و گوێیەکی هەق بیس و بیرێکی شۆڕشگێڕانـە و ئـامانجێکی نیشتمانـی و کورد پـەروەرانـە سەیـرێکی ڕابـردو بکەیـن و زیـان و خەسارەکانی هـەڵسەنـگێنین ئـەو هـاتـن و ڕۆیشتنانە ئەم دیو ئەو دیو بکەین، بیری مەقام تـەڵـەبی و پـلەو پایەو دەسەلاتی تاکی یان گروهی بمرێنین، تـا بتوانین سەربـەرز و سەرکەوتـوانـە ئـامـانجەکە وەدی بێنین.

بەڕای من پێویستە ژیـرانە و بوێرانە دەگەڵ مەسەلەی یەکگرتنەوە بەرەو ڕوو ببین ئەو خاڵانەی خوارەوە شێلگیرانە لـە بـەر چاو بگرین دیـوارەکە لـەسـەر بناغە ئەسڵیەکەێ حیزبی دێمۆکڕات نـوێژەن بکەینەوە . بەو جۆرەی خوارەوە.

( ١) هەر بـابەتێکی بـۆنی دیاریکردنی جێگەو پێگە بۆ کەسانێک یان لایەنێکی لێبێ، لە ڕاگەیاندن و بەڕێوەـبردنی پـڕۆسەکەی دەرباوێن.

( ٢) بـوێـرانە نەفسی جیابونـەوەکە وکردەوە دژ بـەیـەکەکانی ڕابـردو مەحکوم بکەین و بۆ هەتایە نەفرینیان لێبکەن.

( ٣ ) تـونـدو تیژی و تـانـەو تـەشەرو ئێمەو ئـێوە لە قامـوسی حیزبـەکە پـاک بکەینەوەو بـە چاوی دوێنێ تـەماشای ئـەوڕۆ نـەکەیـن و نـێـوو نـرتکان لـێک هەڵنەدەینەوە.

( ٤ ) بیرکردنەوەی کۆنـە پـەرستانـە وهەست وسۆزی قین لە زگانەو دوور لە مەنتیق و ناوچەگەرایی و شارومەڵبەند پەرستی، لە نێو حیزب خاشە بڕ بکەین، بـرایەتی و هاوکاری کۆنی حیزبیانـە بـژێننەوە . چونـکە شۆڕشگێڕ نیشتمان و گەل دەپەرستی نەک ناوچەو شارو عەشیرەو ئیدەو ئایین .

( ٥ ) نـە شۆڕش و نە کوردستان قـۆرغی هیچ حیزب و دەستەو تاقم و کەس و کەسانێک نین ، ڕێز بـۆ ماندو بـونـو قوربانی دانەکانی گەل دابنێن و لـە بیرتان نەچێ شەهیدو پێشمەرگەش هەر کوڕی ئەوگەلەن.

( ٦ ) باش لەوە تێبگەن ئێمە دوژمنی یەکترنین و نابێ وەک دوژمن چاولێکتر بکەین و یەکگرتنەوە وەک ئاشتبونەوەی دوو دەسەڵاتی بەشەڕهاتو چاولێبکەن. جیاوازی بیرو بـۆ چونمان وەک ڕەنگی سورو سەوزو سپی ئـاڵاکەمان بـکەیـنە ڕەمزی سەرکەوتن وکوردستانی پێی بڕازێنینەوەو شانازی پێوەبکەین.

( ٧ ) ئـەگەر بـڕوامان بـە دێمۆکڕاسی هەبێی دەبێی پلەو پایە لە کۆنفەڕانسو کۆنگرە وەربگرین، نەک لە پێشدا بەناوی تەوافوق بۆ خۆمانی دیاری بکەین . ( ٨ ) تـاقم و دەستەو بـەستە دروست کردن ، وەبـن بـاڵ دانی کەسانی نـەشیاو حەرام بکەین و لێگەڕێین ناوەرۆکی ئـازادی بـە شێوەی خـۆی بـەڕێوە بچێ و تـاکی حیزبی خۆی بـناسێ و خوی پێوەبگرێی و لـەسەر پێی خـۆی ڕاوەستێ وخۆی هەڵبژێرێ.

( ٩ ) بـا لـێگەڕێین خزمـەت وسەداقـەت و لـە خـۆ بـوردەیی بـبێتە پـێـوانـەی بـەڕێـوەبـردن و ئـەرک و پـلەو پـایـە ، نەک خزمایەتی جیرانەتی و ناوچەیی و دۆستایەتی ئاسایی و سەرئەنجام گوێلەمستی .

( ١٠ ) بـا کۆنگرە ببێتەوە گرێنگترین و تاکە سەرچاوەی دیاریکردنی ڕێبازو سیاسەت و دیاری کردنی کەسانی شیاو بـۆ ئەرکی شیاو.

( ١١ ) بـۆ چاوەدێری پـڕۆسەی یەکگرتنەوە تا دەگاتە کۆنگرە شۆڕایەکی ٣ تا ٥ کەسی لە نوخبەکان دیاری بکرێێ.

هەر چەنـد هەمو لە من بـاشتر دەزانن کاتەکە چەندە هەستیارەو بابەتەکە چەندە گرینگە و گەلـەکەشمان چەنـدە چـاو لـەڕێـو ئینتیزارە، تا جارێکیتر حیزبەکەی قازی و قاسملوو شەرەفکەندی وەک سەردەمی گەشەو هەڵـدانـەکەی جاران لێی بێتەوە. بـەو هـیوایە ئـەو جارەیـان بـەڕاستی هەمــو حەزو ویستێکی تـاکی گروهی بکرێتە قوربانی نیشتمان و گەل. بـەدڵنیایەوە سەرکەوتــن و ڕزگاری هـەر لـە یەکگرتویی و هاوکاری دایە .

براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور ٣ گەلاوێژی ٢٧٢١ ی کوردی

٢٣/ ٧ / ٢٠٢١ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی