دۆکیۆمێنتاری “ڕاخووشینی ئەستێرەکەی ئاسمانی قەندیل و کێلەشین”، بەڵگەفیلمێکی تایبەت بە ژیان و خەباتی سیاسیی شەهید لوقمان مێهفەر ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە
کە بە نیشانەی ڕێزگرتن لە خەباتی بێ پسانەوەی نەتەوایەتی شەهید لوقمان لەڕێگەی ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستاندا و وەک بەڵێنییەک بۆ بەردەوامی لە ڕێبازی دێموکراتدا لەلایەن بنەماڵەکەیەوە لە ساڵیادی شەهیدبوونی کاک لوقماندا بڵاوکراوەتەوە.
دۆکیۆمێنتارییەکە بە پشت بەستن بە پەیام و وتارە دەنگییەکانی شەهید لوقمان لە ئارشیڤی تایبەتی خۆیەوە و هەروەها بەشێک لە وتوووێژ و دیمانەکانی لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی تیشک، تیشک دەخاتە سەر ژیانی سیاسیی و ڕێکخراوەیی ناوبراو و هەڵوەستە لەسەر هەڵوێست و ئەزموونی ٤٢ ساڵ خەباتی پێشمەرگایەتی ئەو تێکۆشەرە خۆشەویستەی حیزبی دێموکرات، دەکات.
ئەم دۆکیۆمێنتارییە لە نووسینی قادر مێهفەرە و ئەندامانی بنەماڵەی شەهید لوقمان مێهفەر یارمەتیدەر و هاوکاری بە ئەنجام گەیشتنی ئەو کارەیان کردووە.
شایەنی باسە شەهید لوقمان مێهفەر پێشمەرگەی ڕۆژانی سەخت و خاوەن ڕابردووی پڕ لەسەروەری و ٤٢ ساڵ ئەزموونی فەرماندەیی و بەرپرسیارێتی لە حیزبی دێموکراتد، لە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٠ی ئاپریلی ٢٠٢١ی زایینی بەهۆی نەخۆشی ماڵاوایی یەکجاری لە کۆڕی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کرد و تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو.
یاد و ناوی شەهید لوقمان مێهفەر و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکانی حیزبی دێموکڕات بەرز و زیندوو بێ.