بە پێی یاسای نێوەدەوڵەتی و ناوخۆی زۆربەی وڵاتان هەموو دانیشتوانی وڵات مافی دەنگدانی هەیە. لە زۆربەی وڵاتان ئەو کەسانەی کە تەمنیان ١٨ ساڵە، دەتوانن لە هەڵبژاردنەکان دەنگ بدەن. نابێ هیچ هۆکار و بەربەستێک بێتە پێشێ،

کە دەنگدەر نەتوانی دەنگ بدات و لە پرۆسەی دێموکراسی دەنگدان دوور بخرێتەوە و بێ بەر بێت. پرۆسەی دەنگدان بە شێوەیەکی دێموکراسی و دادپەروەرانە دەبێ بەڕێوە بچیت. دەنگدان دەبێ بە شێوەی نهێنی بێ و کەس نەتوانی کاریگەری بخاتە سەر دەنگی، دەنگدەر کە دەیهەوێت بە حیزب و لایەنی سیاسی و بەربژێر دەنگ بدات. هەروەها دەنگدەر مافی ئەوەی هەیە کە پسولەی دەنگدان بێ ئەوەی دەنگێ خۆی بە لایەنێک بدات بخاتە ناو سندوقی دەنگدان.
دەنگدەران مافیان هەیە، کە پرۆسەی دەنگدانیان بە شێوەیەکی دێموکراسی و ئاسایەش و ئارامی بەرێوە بچی. هەروەها دەنگدەر لە هەڵبژاردنەکاندا چەندین ئەرکیان لە سەر شانە کە پێویستە بیزانن. دەنگدەر دەبێ لە بارەی پرۆسەی هەڵبژاردن زانیاری کۆ کاتەوە. دەبێ لە بارەی حیزب و لایەنەکانی سیاسی و بەربژێرەکان زانیاریان هەبێت. بزانن کە دەنگەکانیان لە بەرژەوەندی خۆ و گەل و نیشتمان دایە. هەروەها هێمنی و ئارامی ناو بنکەکانی هەڵبژاردن بپارێزن.
هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لە دوو رۆژدا بەرێوە چوو. بەرواری ١٨/١٠/٢٠٢٤ هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایەش و هێزەکانی تایبەت دەنگیان دا. هەڵبژاردنی گشتی لە بەرواری ٢٠/١٠/٢٠٢٤ئەنجام درا. من وەک چاودێری نێودەوڵەتی چاودێری بنکەکانی هەڵبژاردنم دەکرد. من لە وڵاتی نۆرویژ را وەک چاودێری نێودەوڵەتی چووبوومەوە باشوری کوردستان.
هەڵبژاردنی پارلەمانی ئێراق لە بەرواری ٩ /١١/٢٠٢٥ بۆ هێزەکانی تایبەتی وەک پێشمەرگە و ئاسایەش ئەنجام درا. هەروەها لە بەرواری ١١/ ١١/٢٠٢٥ هەڵبژاردنی گشتی بوو. من وەک چاودێری نێودەوڵەتی سەردانی بنکەکانی هەڵبژاردنم دەکرد.
ئەوە شەشەمین خولی هەڵبژاردنی پارلەمانی ئێراق بوو. ژمارەی دانیشتوانی ئێراق زیاتر لە ٤٧ ملیۆنە. ژمارەی دانیشتوانی کوردستان زیاتر لە ٦ میلۆنە. ژمارەی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی ئێراق ٢١ میلۆن و ٤٠٤٢٩١ کەسە. پارلەمانی ئێراق ٣٢٩ کورسی هەیە و زیاتر لە ٧٠٠٠ کاندید خەباتی هەڵبژاردنیان بۆ ئەو کورسیانە دەکرد. رێژەی دەنگدان ٥٦،١١ بوو. ژمارەی سکاڵاکانی هەڵبژاردن ١٠٢ سکاڵایە.

وەستا شەنگە
ئەحمەد حەسن مەلاشێخ ناسراو بە وەستا شەنگە دانیشتوی شاری کۆیە. وەستا شەنگە کەسایەتێکی ناسرا و خۆشناوی شاری کۆیە. یەكێکە لە پیاوە ماقوڵەکانی شار و خەڵک زۆر رێزی لێدەگرن. زۆر مەجلیس خۆش و میوان دۆستە و دیوەخانی هەموو کات پڕ بووە لە میوان. هەروەها سەردەمانێک دەرگای ماڵی بۆ بەڕیوەبەران و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەمیشە ئاوەڵە بووە. دیوەخانی وەستا شەنگە وەک بنکەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران وا بوو.
وەستا شەنگە زۆری پێخۆش بوو کە لە هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤ و لە هەڵبژاردنی پارلەمانی ئێراق لە ساڵی ٢٠٢٥ دەنگی خۆی بە دڵخوازی خۆی بە نهێنی و بدات و لە پرۆسەی هەڵبژاردنی دێموکراسی گشتیدا بەشدار بێت. بەڵام زۆر بە داخەوە نەیتوانی لە هیچ کامیان دەنگ بدات. هۆیەکەشی ئەوە بوو کە پەنجەمۆری ئەلکترۆنی پەنجە مۆری وەستا شەنگەی نەخوێندۆتەوە. ئەو دەنگدەرانی پەنجەمۆریان نەخوێندرێتەوە، دەبێ بە دەم و چاو (فەیس) خوێندنەوە دەنگ بدەن. بەڵام بە داخەوە دەستگای دەنگدانی دەم و چاو خوێندنەوە، دەم و چاوی وەستا شەنگەی نەخوێندۆتەوە. هەر بۆیە نەیتوانیوە دەنگ بدات و دەنگەکەی بسوتێ.
دەنگدان لە هەڵبژرادەنەکانی کوردستان و ئیڕاق زۆر سەیر و سەرمەرەیە، کە پەنجەمۆرت یان دەم و چاوت بە دەستگای دەنگدان نەخوێندرایەوە، دەنگت دەسوتێت و ناتوانی بە شێوەیەکی تر دەنگ بدەی. ئەوەش پێشێل کردنی مافی دەنگدەرانە و کز کردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی دێموکراسیانەیە.

ئەو دەستگای پێشەوەی سەر مێزەکە، هی خوێندنەوەی پەنجەمور و خوێندنەوەی کارتی دەنگدانە. ئەوەی تریش دەستگای دەم و چاو خوێندنەوەیە بۆ دنگدان، بۆ ئەو کەسانەی پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە.

ئەوە کارتی دەنگدانی هەڵبژاردنی وەستا شەنگەیە. لە زۆربەی وڵاتان، بۆ نمونە وڵاتی نۆرویژ ئەو کارتە بۆ سەلماندنی دەنگدەر بەسە، کە دەنگ بدات.
جێگای ئاماژەیە کە ژمارەی دەنگدەرانی شاری کۆیە، ئەو کەسانەی خاوەنی کارتی دەنگدان بوون، ٤٨٧٩٥ کەسە. رێژەی دنگدانیش نزیکەی ٧٠ ٪ بووە.
وەستا شەنگە مافی دەنگدانی پێشێل کراوە و لە پرۆسەی دەنگدان بێ بەری کراوە. بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە، حکومەت و پارلەمانی کوردستان و ئێراق، دەبێ جارەسەرێک بدۆزنەوە هەتا دەنگدەری وەک وەستا شەنگە لە دەنگدان بێ بەش نەبێت. واباشە کە دەنگدەری وەک وەستا شەنگە تەنیا بە پەنجەمۆری لە سەر کاغەز بتوانیت دەنگ بدات. زۆر بە داخەوە کە وەستا شەنگە دوو جار لە هەڵبژادنەکانی پارلەمانی کوردستان و ئێراق دەنگی بە نارەوا و نادادپەروەرانە سوتاوە.
عوسمان کەوکەبی شاد
چاودێری هەڵبژاردنی نێودەوڵەتی
ئەندامی سیاسی ئەنجومەنی شارەوانی هامار لە وڵاتی نۆرویژ
بەرواری ١٧/١٢/٢٠٢٥