بەشێک لە وتو وێژەکەی ئەم داوییانەی کاک حوسێن خەلیقی پێوەندی بە کەسایەتی ناوداری کورد سەلاحەدین ئەیوبی هەبوو.

کاک دۆکتۆر بە لایەنگری و داکۆکی ئاماژەی بە تێکۆشانی ئەم سەردارە مەزنە دەکرد.
لە گەڵ ڕێزی تایبەت بۆ تێکۆشانی پێشمەرگانەی دۆکتۆر خەلێقی بە پێویستم زانی چەند تێبینیەک لەو پیوەندیەدا دەربڕم.
دۆکتۆر حەولی ئەوە بوو بە گوێرەی سەردەمی ژیانی ئەو سەردارە، ئەوە کە مەسەلەی نەتەوایەتی و مافی گەلان لە ڕۆژەڤدا نەبووە ئەو زاتە ئاوڕی لە مەسەلەی کورد و داکۆکی لە مافی نیشتمانی میلەتەکەمان نەداوەتەوە پاساوی بۆ بهێنێتەوە.
جێی خۆیەتی هەر لەم پێوەندیەدا ئیشارەتێکی کورت بە سەردەمی کۆنتری دامەزرێنەری بنەمای ئایینی ئێسلام بکەم. حەزرەتی مۆحەممەد ڕێبەری ئایینی ئێسلام وەک خزمەتکارێکی لە سەرووی هەموان نەتەوەی عەرەب مەزنترین خزمەتی لەو سەردەمە دا پێش هەموو ئەرکێک بە ئەم گەلە کردوە [ ئەوە کە تاک بە تاکی عەرەب پاش هەزار و نزیک بە پێنسەت ساڵ فەخری پێوە دەکات.]
ناکرێت و نابە جێیە ئەم خزمەتە بە بێ سۆزی حەزرەتی مۆحەممەد بۆ دایکزادەکەی واتە عەرەبستان لێک بدرێتەوە. وەک کەمترین ئاماژە دەتوانین چەند خاڵ لەو پێوەندیەدا دەس نیشان بکەین.
-
گونجاندنی سەردانیکردنی ساڵانەی باوەڕمەندانی ئایینەکەی بۆ کابە[ ناوەندی پێشووی بۆت و بۆتخانەکانی ئەو سەردەمە] بە بێ ڕەچاو کردنی خزمەتی ئابووری بە دانیشتوانی وڵاتەکە تا ئاستی قوربانی کردنی یەک سەر مەڕ بۆ تێر کردنی زگی برسی دانیشتوانی سارای بەرەهووتی عەرەبستان بووبێت.
-
بە تەبەڕۆک و پیرۆز دەس نیشان کردنی کەل و پەل و دەس کردی خەڵکی ئەو وڵاتە لە هەر بابەتێک بۆ زیارەتچیان وێنەیەکیتری ئەم دڵسۆزیە بۆ ئاو وخاک و گەشەی ئابووری خەڵکەکەی.
-
بە نێعمەت ناساندنی چۆڕە ئاوێکی (زەمزەم) بۆ زیارەتچیان لەو سەردەمەدا کە نەوت ناسراو نەبوو کەمتر لە داهاتی زێڕ ڕەچاو نەکراوە. بۆ وێنە خەڵکی کوردستانی ئێمە وێرای ئەو هەموو سەرچاوە بە پیت و بەرەکەتەی ئاوی کوردستان هەڵسەنگاندنی ئاوی کوردستان لە گەڵ زەمزەم بۆ زیارەتچیان ڕەنگە بەکفر زانرابێت.
-
فەرز کردنی زمانی عەرەبی بە سەر زمانەکانی تردا وەک زمانی پیرۆزی قورئان خۆ هەر لە باس کردن نایێت. ئەوە لە هۆرامان و گوند بە گوندی کوردستان بۆ هەر ئۆگرێکی ئەم ئایینە هەزار سەرو گەردن باڵاتر لە زمانەکەی خۆیان بۆ باس کردن ناشێت.
-
ئێستاشی لە گەڵ بێت پەرەستنی خوداو پێغەمبەر و بانگ هێشتنی خەڵک بۆ سجدە بردن بەرەو مەکە وەک قیبلە خۆ ئەگەر بە زمانی عەرەبی نەبێت ڕەنگە خودا پەسەند بە حساب نەیێت.
-
باشە ئەگەر مەسەلەی نەتەوایەتی بۆ سەلاحەدین لە ڕۆژەڤدا نەبوو خۆ ناو لێ نانی حکومەتێک وەک حکومەتی ئێسلامی کوردستان و دامەزراندنی ناوەندێکی فەرمانڕاوایی لە نێو وڵاتەکەی خۆی وەک ئەوە لە مێسر و سوریە سەقامی پێ بەخشی پێچەوانەی هیچ یاسایەکی ئەو سەردەمە نەبووە. هەنووکە وێرای ئەو خزمەتگەلە سەلاحەدین بە عەرەب و ئایینەکەیان کردی.
کورد بە جاران وەک پاداشتی خزمەتەکانی بۆ پاراستنی ئایینی لە بنەرەتدا عەڕەبان چەندین فەرمان، فەتوا، وەک ئەنفال و کوشتار کامە لێ کەوتەی وەک پاداشت و بەرهەمی خزمەتەکەی هەڵێنجاوە .
لە وڵاتی سوریە کە سەلاح ئەلدین پارێزەری بوو بە جیا لە چاپی پێنج دیناریەک پارەی ئەو وڵاتە بە ناوی سەلاح ئەلدین کامە خزمەتیان بۆ پارێزگاری لە داب و نەریتی کورد لە بری خزمەتە مەزنەکانی بەجێ هێنا تا وەڵامێک هەرنەبێ ئەخلاقی بۆ وەستان بەرانبەر هێرشی داپڵۆسێنەرانەی سەلیبیەکان بووبێت.
کامە وڵات و سەرداری وڵاتانی عەرەبی تۆزقاڵێک ئاوڕی لە مافی کوردی کەرامەت پارێزی ئەوان داوەتەوە . حافز ئەسەد، سەدام حسێن، …؟؟
لە مامۆستای ئێسلام ناس دۆکتۆر خەلیقی کە چەندین کتێبی لە سەر ئێسلام وەک نووسین ڕۆشنگەری و وەرگێڕان هەیە چاوڕوانی زۆرترە تا وەک کوردێکی خاوەن ئەزموونی پێشمەرگایەتی لە سەردەمێکی ئەنگوستەچاودا زیاتر ڕێ پیشاندەری نەسڵی داهاتوومان بۆ دەس نیشنانی هەڵەی پێشینینمان بێت.
ئەم نووسینە بە هیچ شێوازێک حورمەتی نووسەر بۆ باوەڕی خەكی کورد بە ئایینەکەیان کەم ناکاتەوە .
سدێق بابایی ١٩/١٢/٢٠٢٥
لە ناوەڕاستی بەشی یەکەم باسی سەلاحەدینی ئەیوبی دەکرێ.