Hoppa till innehåll
Hem » پێکەوە ژیان پێویستی بە (ئیرادەی سیاسی)هەیە!!..، هەڵۆ بەرزنجەیی

پێکەوە ژیان پێویستی بە (ئیرادەی سیاسی)هەیە!!..، هەڵۆ بەرزنجەیی

سڵاو هاوڕێیان… ئێستا لە خوێندنەوەی ئەم چاوپێکەوتنە تایبەتە بوومەوە سەبارەت بەوەی بۆچی سویسرا وەک باڵاترین نموونەی وڵاتانی پێشکەوتوو و خاوەن سیستەم و دیسپلین، لە ئەوروپا و بگرە لە جیهاندا هەژمارد دەکرێت؟؟.

چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ مێژووناس زاخا تسالا Sacha Zala لەلایەن رۆژنامەی دێر تاگەسشپیگلی ئەڵمانی و ڕۆژنامەوان کریستۆف رایشموتەوە ئەنجام دراوە ..
مێژوو ناس دوای وەڵام دانەوەی جۆرەها پرسیار و ستایشی تایبەتمەندێتی ئەم وڵاتە، کە کارەکانی بە ئیرادەی خەڵکەوە گرێ دراوە و دیموکراسییانە بەڕێوە دەبرێت، دەڵێ: {{ئێمە وەک نەتەوەیەکی جوتیار بیر دەکەینەوە}}… ئەم دەربڕینە کە بەلای منەوە وتەیەکی جوانە، هەڵگری زۆر مانایە…
هەموو لەوە ئاگادارین و مێژووش گەواهە دەدات، وڵاتی یان دەوڵەتی سویسرا بە نمونەی هەرە باڵای دەوڵەتان و سیستەمی دیموکراسی و ئارامی و تێروتەسەلی ئابووریی و بەختەوەریی ئەوروپا و تەنانەت جیهانیش هەژمارد دەکرێت.. لە بیرمە وتارێکی کارل پۆپەری گەورە فەیلەسووفیشم خوێدۆتەوە لەسەر ئەوە کە باس دەکات دوای یۆنانی کۆن سویسرا کۆنترین مەڵبەندی دیموکراسییە ..
سویسرا وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و لەچەند کانتۆن پێکهاتووە بە تەواوی دەسەڵاتی خۆیانەوە و تایبەتمەندی خۆیان هەیە و زیاتر لە ٨٠% کاروبارەکانی لە لایەن خەڵکەوە یاخود کۆمیتەی گەڕەک و شارەوانییەکانەوە جێبەجێ دەکرێ و دەوڵەت بە مانای دەسەڵاتی باڵای سەرەوە هەر ئاگادار نییە…
هەموو کارێک لەم دەوڵەتەدا بە ڕاوێژ و دەنگدانە و ڕێز لە بڕیاری زۆرینە دەگیرێ و کەمینەش خۆی بە دۆڕاو نازانێ و نابێتە کۆسپی بەردەم دەسەڵاتی زۆرینە. بە واتای ئەوەی هەر تاکێک بەوپەڕی هوشیاریی و بەپرسیارێتییەوە هەڵسوکەوت دەکات و بەشداریی لە بڕیاری چارەنووسی نەتەوە و نیشتمانەکەیدا دەکات.
خوێندنەوەی بابەتی چاوپێکەوتنەکە زۆر فرەلایەنە زانیاریی وردی دەکەوێتە بەرچاو و بۆ ئەوانەی زمانی ئەڵمانی دەزانن زۆر بە چێژ و تایبەتە،…
وتەیەکی تری گرنگ و زۆر تایبەت و جێی سەرنجی ئەم چاوپێکەوتنە ئەوەیە کە مێژووناسی ناوبراو باس لە سەرکەوتنی مۆدێلی سویسرا دەکات، دەڵێ:
“پێکەوە ژیان لە دەوڵەتێکدا لە ڕێگەی کولتوور و زمانەوە دروست نابێت، بەڵکوو لە ڕێی ویستی سیاسی هاوبەشەوە بەرقەرار دەبێت“ .
بە باوەڕیی بەندەش هێزو پێزێک لەم دەربڕینەدا هەیە کە زۆر نزیکە لە دروشمێکی هەنووکەیی لە سەر گۆڕەپانی کوردستان بە نەزانی بڵند کراوەتەوە و دەهۆڵی بۆ دەکوترێت.
زۆربەی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستاندا زمانی تورکی و عەرەبی و فارسی دەزانن.. هەروەها وەک وڵاتگەلێکی ئیسلامی لەم خاڵەشدا زۆرینەی کورد هاوبەشی ئاینی و زۆر لایەنی تری کولتووریی داگیرکەرانێتی، کەچی ئەوان.. هەروەک داگیرکەر رەفتار دەکەن و بە باوەڕ و قەناعەتێکەوە تێیدەڕوانن کەوا شتێک نییە ناوی بوونی کورد بێت، هەروەها بەشێکیان بە چاوێک تەماشای کورد دەکەن وەک ئەوەی پێویستە ژێردەستە و کۆیلەی ئەوان بێت!.. …
ئەمە راستییەش دەری دەخات بۆچی برایەتی گەلان لەم دەوڵەتانەدا زەمینەی نییە و نابێت و درۆیەکی رووتە و هەرگیز لەم میانە و هاوکێشە ناتەندروست و لاسەنگەی نێوان کورد و ئەواندا شین نابێت..
بۆ؟؟؟؟
چونکە بە وتەی Zalaی مێژووناس (ویستی سیاسی)نییە : ویست یاخود ئیرادەی سیاسی:
لای تورکێک بۆ پێکەوە ژیان لەگەڵ کورد دا نییە.
لای عەرەبێک بۆ پێکەوە ژیان لەگەڵ کورد دا نییە.
لای فارسێک بۆ پێکەوە ژیان لەگەڵ کورد دا نییە.

ئەمەش مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە و رووداوەکانیش سەلماندوویانە و دواترین پێشهات رووداوەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای کوردستان بە روونی بە دیاریی خست و ئەو تاقیکردنەوەی پێکەوە ژیانەی پوچەڵ کردەوە..
پێکەوە ژیان بۆ خۆی لە گەوهەردا گرنک و چارەنووسسازە و دەبێت ئامانجێکی چەسپاو بێت لەبەردەم مرۆڤایەتیدا. لێ کاتێک دروستە هەلومەرج و زەمینەی تەندروستی هەبێت، لەسەر بنەمای مافی وەک یەک و دەسەڵاتی وەک یەک پێک بێت و هەڵبسێت!…

ئەم واقیعە هی ئینکاریی کردن و حاشالێکردن و پاساو بۆ هێنانەوە نییە، کەواتە بە واتای ئەوەی کورد لە دوو ڕیانێکە، ئایا:
کوردبوون دەکاتە پێوەر و هەوێنی پێکەوە ژیان یان
کوردبوون نادیدە دەگرێ و هەنگاو بۆ پێکەوە ژیانێکی درۆزنانە دەنێت، لە بەرژەوەندی و باوەشی ئەوانی تری داگیرکەر و سەردەستەوە؟! .
هەڵبژاردنی بژاردەی دووەمیان بە هەموو لۆژیکێک دوورە لە باوەڕ و پرنسیپی بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردبوونەوە، زیاتر نیشانەی ساویلکەییە و جێی گومان کردنیشە و پتر لە گەمەیەکی سیاسی تەفردان و لە خشتەبردنی هەواڵگیریی دەچێ و پێوەبوونە بە داوی تەڵەی سیخوڕییەوە.
کوردبوون بە جەوهەر دەڵێ:
بەڵێ بۆ پێکەوە ژیانێکی تەندروست و
هاوماف و
هاودەسەڵات و
هاوباوەڕ و
هاوچارەنووس
رووەو ئامانجی مرۆڤایەتییەکی پرشنگداری پڕ لە شکۆ و ڕێز لێگیراو..

هەڵۆ بەرزنجەیی ٢٠٢٦/٢/١٩