شۆرشی گەلی کورد و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی داگیر کراو بە دژی رژێمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ساڵی 1979 وە دەستی پێکردووە.

لە ماوەی ئەو 47 ساڵەیدا ئەو حیزبانە بە شێوەی جۆرا و جۆر خەباتی خۆیان پەرە پێداوە. هەر چەند رژێمی ئێران بە هەموو شێوە چەکی قورس و مودێرن لە ئاسمان و زەویەوە هێرشی درندانەی کردۆتە سەر بنکە و بارەگای ئەو حیزبانە، بەڵام چەکی شەرەفی کوردایەتیان دانەناوەو بەرگریان لە گەل و نیشتمان کردووە. هەروەها رژێم دەستی لە رەشکوژی بەرێوەبەر و کادیر و ئەندامانی حیزبەکانی رۆژهەڵات نەپاراستوە و بە شێوەیەکی نامرۆڤانە شەهیدی کردوون.
گەلی کورد هەموو کات چاوەرێی یەکگرتن و هاوپەیمانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە. لە کاتێکی هەستیار و گونجاودا، بە خۆشحاڵیەوە ئەو هاوپەیمانە بوێرانە و کوردانە لە نێوان پێج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رێکەوتی ٢٢/٢/٢٠٢٦ ی زاینی بە ئاشکرا لە پێش چاوی کارمیراکانی تەلەفزیۆن و رۆژنامەنووسان واژۆ کرا. لە کاتی ئێستا دا یەکیەتی و هاوپەیمانی حیزبەکان زۆر پێویست بوو. هاوپەیمانی ئەو پێج حیزبانە وەرچەرخانێکی مێژووی و گرینگە و هەروەها وەڵامدەری ویستی گەلی کوردە. ئەو هەواڵە خۆشە دڵی هەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری شاد کرد و لە رۆژنامە و تەلەفزیۆن و سوشیال مێدادا دەنگی دایەوە.
ئەو هاوپەیمانیە بەرگری لە پەرتەوازی و و لێکترازنی شۆرشی گەلی کورد لە رۆژەهەڵاتی کوردستان دەکات. هاوپەیمانیەکە ئەرکی نەتەوەی و چارەنووسی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتە سەر شانی خۆی. هێڵیکی سوور و بڤەش بە سەر شەری ناوخۆی براکوژیدا دەکێشێت و لە مێژوودا دوبارە نابێتەوە. لە ناو بازنەی تەسکی حیزبایەتی دەچتەدەر و بە پێی بەرژەوەندی گەل و کوردستان هەنگاو دەنرێ و بریار دەدرێت.
ئەو حیزبانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دەرەوەی بازنەی ئەو هاوپەیمانەدان، هیوادارم کە بێنە ناو ئەو هاوپەیمانیە و بە هێزتری کەن. ئاواتەخوازم ئەو هاوپەیمانیە رێگاخۆشکەر بێت بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوی کوردستانی رۆژهەڵات. ناوەندێکی گشتی هێزی چەکداری و ئابوری و مێدایای دروست کەن. لۆبی و کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەش لە ئەمریکا و ئۆورپا و وڵاتانی دەرەوە دامەزرێنن.
بە بۆنەی دامەزراندنی هاوپەیمانی ئەو پێنج هێزە سیاسییە رۆژهەڵاتی کوردستان لە کانگای دڵی کوردایەتیمەوە، پیرۆزبایەکی کوردانە ئاراستەی گەلی کورد و کوردستان و ئەو پێنج حیزبە دەکەم.
ئەو پێنج حیزبەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە هاوپەیمانیان لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان دامەزراند بریتین لە:
– حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
– کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
– پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
– پارتی ئازادی کوردستان
– سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
نووسینی عوسمان کەوکەبی شاد
ئەندامی ئەنجومەنی فەرمی سیاسی شارەوانی هامار لە وڵاتی نۆرویژ
رێکەوتی ٢٥/٢/٢٠٢٦