کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان،
دۆستان و دڵسۆزانی یەکگرتوویی گەلی کورد،

هەموان لە تێکۆشانی چەندەها ساڵەی ئێمە لە پێناو یەکڕیزیی گەلی کورد و هاوکاری هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئاگادارن. لە درێژەی ئەو هەوڵ و تێکۆشانەدا بوو کە لە مانگەکانی رابردوودا بەشدارییەکی چڕ و پڕمان لە ناوەندی دیالۆگدا کرد.
ئەوەشتان لێ شاراوە نییە کە ئێمە بە تایبەت لەسەر روونتر کردنەوەی زۆرتری دوو بابەت، واتا هێزی یەکگرتووی پێشمەرگەی کوردستان و هەروەها بەرێوەبەریی هاوبەشی کوردستان لە قۆناغی گوزاردا پێداگریمان دکرد و خوازیاری دیاریکردنی میکانیزمگەلی کردەیی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو بابەتانە بووین. ئەو بابەتانە ئێستاش و لە داهاتووشدا بە گرینگ دەزانین و وەکوو ئامانجێک هەوڵیان بۆ دەدەین.
بەڵام هەموان دەبینین کە لە رۆژانی رابروودا قۆناغێکی بەتەواوی نوێ هاتۆتە ئاراوە. تەوژمی گۆڕان زیاتر لە هەموو کات ڕووی لە ناوچەکەی ئێمە کردووە و کوردستانی رۆژهەڵاتی خستۆتە بەردەم هەلومەرجێکی زۆر هەستیار و مێژوویی کە ئەوەش لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی، هەماهەنگی و کاری هاوبەشە.
هەروەها زۆرێک لە دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان لەم ماوەیەدا پەیوەندییان پێوە کردووین و لەسەر رۆڵ و نەخشی کاریگەری کۆمەڵە لە پتەوترکردن و کارامەترکردنی یەکگرتوویی و یەکڕیزی نێو ماڵی کورد دواون و داواکاری بەشداریمان لە هاوپەیمانی بوون.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانە و لەو سۆنگەیەوە کە کۆمەڵە هەمیشە ئەرکە مێژوویی و بەرژەوەندە نەتەوەییەکان دەخاتە سەرووی هەموو شتێکەوە، دەفتەری سیاسی کۆمەڵە بڕیاری دا لەمڕۆوە بەشداری هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان بکات و ئەو بابەتانەی بۆ بزووتنەوەکە و بۆ داهاتووی کوردستان بە گرینگیان دەزانێ لە ناوخۆی هاوپەیمانیەکە و بە دیالۆگی هاورێیانە چارەسەر بکات.
بڕووخێ رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران
بژی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١٤ی هەتاویی
٤ی مارچی ٢٠٢٦ی زایینی
****
کۆمهڵانی خهباتکار و تێکۆشهری کوردستان!
دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڕیاری دا لەمڕۆوە بەشداری لە هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێراندا بکات. هاوپهیمانیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران به گهرمی پێشوازی لەو بڕیارەی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەکات و لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەم ههنگاوه گرینگە، ئەویش لهم قۆناغه ههستیارەدا یەکڕیزیی زیاتر و تەبایی پتری هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە.
دڵنیاین وەک چۆن کۆمهڵهی شۆڕشگێڕی زهحمهتکێشانی کوردستانی ئێران له داڕشتنی بڕگه و خاڵهکانی پلاتفۆڕمی پەسەندکراوی هاوپهیمانییەکەدا دهور و نهخشێکی گرنگیان هەبوو، لە بەردەوامی کاری مەیدانی و بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەم پلاتفۆڕم و هاوپەیمانییەشدا دەوری کاریگەری خۆیان دەبێت. هێز لە یەکگرتن و یەکڕیزی دایە و بێگومان ئەو یەکگرتن و هاوپەیمانییە لە ئامانجەکانمان نزیکیتر دەکاتەوە.
سەرکەوێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی