هەنگاو؛ چوارشەممە ١٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥
هاوکات لەگەڵ شەشەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران،

بەدواداچوون و بەڵگەنامەکردنە مەیدانییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەردەوامە و بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن هەنگاوەوە پشتڕاست کراونەتەوە، تا ئێستا لانی کەم ٢٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ١٣٪ی ئەوانە ٣١٠ هاووڵاتیی سڤیل و دوو هەزار و ٩٠ کەسیش لە هێزە سەربازییەکانی ئێرانن.
جیاکردنەوەی قوربانییان و پانتایی جوگرافیی هێرشەکان
بە پشتبەستن بە ئاماری ناوەندی بەڵگەنامە و ئاماری هەنگاو، لە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ تا ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕەشەممە، تا ئێستا ناوەندە سەربازی و حکومەتییەکان لە ١٦٣ شاری ٢٤ پارێزگای ئێران کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکان. ئەم ئامانجانە بریتین لە بنکەکانی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، سایتە موشەکییەکان، بنکەکانی پۆلیس، دامەزراوە دادوەرییەکان، ستادە خەبەرییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، پادگانەکانی ئەرتەش و بارەگاکانی یەکەی تایبەت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین قوربانییانی هێزە سەربازییەکان لەم پارێزگایانەی خوارەوە تۆمار کراون:
ـ پارێزگای تاران
ـ پارێزگای کرماشان
ـ پارێزگای کوردستان (سنە)
ـ پارێزگای ئورمیە
ـ پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات
ـ پارێزگای سیستان و بەلووچستان
ـ پارێزگای ئێسفەهان
ـ پارێزگای ئەلبورز
ـ پارێزگای ئیلام
کردنە ئامانجی هاووڵاتییانی سڤیل
هەنگاو بە دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ لە کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل، پشتڕاستی دەکاتەوە کە زۆرترین ئاماری گیانلەدەستدانی مەدەنی پەیوەندی بە پارێزگای هورمۆزگانەوە هەیە. بەپێی بەڵگەنامە بەردەستەکان، بەشێکی زۆری کوژراوەکان، کچە خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی بوون لە قوتابخانەی ”شەجەرەی تەیبە”. جگە لە هورمۆزگان، گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی سڤیل لەوانە چەندین منداڵ و ژن لە پارێزگاکانی تاران، کوردستان، کرماشان، خوراسانی ڕەزەوی، قەزوین، ئەلبورز، ئورمیە و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتیش تۆمار کراوە. بەپێی داتاکانی هەنگاو هەتا ئێستا ٣١٠ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون کە دەکاتە ١٣٪ی کۆی ئەو کەسانەی کە کوژراون.
ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای بارودۆخی شەڕ، تا ئێستا هەنگاوی بۆ چۆڵکردنی ناوچە نیشتەجێبووەکانی نزیک لە دامەزراوە و پادگانە سەربازی و ئەمنییەکان نەناوە و خەڵک بە شێوەیەکی خۆبەخۆ و ناڕێکخراو لە هەوڵی ڕزگارکردنی گیانی خۆیان و چۆڵکردن و گواستنەوە بۆ شوێنە تا ڕادەیەک ئارامەکاندان.
هەروەها هەنگاو چەندین ڕاپۆرتی پێگەیشتووە کە هێزە سەربازییەکانی ئێران شوێنە سەربازییەکانیان چۆڵ کردووە و لە قوتابخانە، خەوگەی قوتابخانەکان و مزگەوتەکاندا کە لە ناو ناوچە نیشتەجێبووە مەدەنییەکان دان جێگیر بوون، ئەمەش دەتوانێت ئاماری قوربانییانی هاووڵاتییانی سڤیل بەرز بکاتەوە.
لە ڕۆژانی سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە، بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان و زیندانیان لە دۆخی زیندانییەکانیان بێئاگان و بارودۆخی زیندانەکان لە هەندێک شوێن بە مەترسیدار وەسف دەکرێت. بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەنگاو، دەرگای ژمارەیەک لە بەندەکانی زیندانی قزڵحەسار لەلایەن زیندانبانەکانەوە قفڵ کراوە و ئەگەری ئەوەی لە کاتە کتوپڕەکان و کاتی هێرشە ئاسمانییەکاندا بتوانن گیانی خۆیان ڕزگار بکەن، لێ سەندراوەتەوە.
هەروەها تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیان، لەوانە زیندانیانی سیاسی، لەسەر بنەمای هەر ئەو پەسەندکراوە لە شارەکانی مەریوان، نەغەدە، سەڵماس، ورمێ، سنە، مهاباد و ئیلام بە بارمتە ئازاد کراون.
قوربانییانی بەرفراوانی هێزە حکومەتییەکان لە کوردستان و شاردنەوەی ئامارەکان
لە شەش ڕۆژی ڕابردوودا و بەتایبەت ڕۆژانی دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممە، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر شوێنە سەربازی و حکومەتییەکان بە توندییەکی زیاتر ئەنجام دراوە و لە ٣٠ شاری پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئومیە، لانی کەم ١٠٩ بنکەی سەربازی و ناوەندی ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراونەتە ئامانج.
بەدواداچوونەکانی هەنگاو نیشان دەدەن کە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا زۆرترین ئاماری کوژرانی سەربازیی حکومەتی لەم چوار پارێزگایەدا تۆمار کراوە کە ٤٠٠ کەسە.
هەروەها نزیکەی ٤٠ هاووڵاتیی سڤیل لە کاتی ئەم هێرشانەدا کوژراون کە زۆرترینیان لە شارەکانی ورمێ، سنە و کرماشان تۆمار کراون.
هەنگاو لە ڕاپۆرتی پێشووی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕاگەیاندنی ئاماری وردی قوربانییە سەربازییەکان، بەتایبەت لە شارەکانی کوردستان، خۆ دەپارێزن و لە هەندێک حاڵەتی سنوورداریشدا ئامارێکی زۆر کەمتر لە ڕاستی بڵاو دەکەنەوە. هەنگاو جەخت لەسەر پێویستیی ڕاسبێژی لە ڕاگەیاندنی ناسنامەی قوربانییان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل لە پێکدادانە چەکدارییەکاندا بەپێی کۆنفرانسی نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژی سێیەمی دەستپێکردنی شەڕەوە، ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئێراندا لەگەڵ تێکچوونی توند و پچڕان بەرەوڕوویە و ڕێگەکانی پەیوەندیی بۆ دەستڕاگەیشتن بە جیهانی ئازادی زانیارییەکان بۆ هاووڵاتییانی ناوخۆ داخراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، جارێکی دیکە داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات بە چاودێرییەکی تایبەت لەسەر کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل، بەتایبەت بە سەرنجدان بە سیاسەتەکانی شاردنەوەی کۆماری ئیسلامی، لایەنە شەڕکەرەکان بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە ناچار بکەن بە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل.
سەرچاوە: Hengaw
****
ئەم کورتە هەواڵەش لە بی بی سی فارسی وەرگیراوە
ڕۆژی پێنجەمی جەنگ؛ نوقمبوونی کەشتیی دنای ئێران لە کەناراوەکانی سریلانکا و کوژرانی «لانی کەم ٨٠ کەس»
ئاژانسی هەواڵی «ڕۆیتەرز» لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی سریلانکاوە بڵاویکردەوە، لە هێرشی ژێردەریایی سوپای ئەمریکا بۆ سەر کەشتیی جەنگیی «دنا» لە زەریای هیند، «لانی کەم ٨٠ کەس» کوژراون. لە هەمان کاتدا، ئێران هێشتا لەژێر هێرشی توندی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە و بەردەوامە لە هاویشتنی مووشەک بۆ سەر ئامانجەکان لە ناوچەکەدا.
ئەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە ئیسرائیل، عەرەبستانی سعودیە و عێراقیان کردبووە ئامانج، تێکشکێنران، بەڵام مووشەکێک بەر بنکەیەکی ئاسمانیی ژێر کۆنتڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە قەتەر کەوت. لە ڕۆژی پێنجەمی پێکدادانەکاندا، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە نزیکەی دوو هەزار خاڵی لە ئێران کردووەتە ئامانج. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دۆناڵد ترەمپی بە «بۆردومانکردنی مێزی دانوستان بەهۆی سەرکێشییەوە» تۆمەتبار کردووە.
پوختەی ڕووداوەکان لە ڕۆژی پێنجەمدا:
تەقینەوەکان: لە ڕۆژی پێنجەمی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژ بە ئێران، تەقینەوەی بەهێز تاران و شارەکانی تری ئێرانی هەژاند.
عەرەبستانی سعودیە: وەزارەتی بەرگریی سعودیە ڕایگەیاند دوو مووشەکی کروزی لە ئاسماندا تێکشکاندووە.
قەتەر: حکومەتی قەتەر ڕایگەیاند ١٠ گومانلێکراوی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ سوپای پاسداران دەستگیر کردووە.
فەرماندەیی سەنتکام: فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سەنتکام) ڕایگەیاند: قەبارەی ٢٤ کاتژمێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنی ئێستا دژ بە ئێران، دوو هێندەی ئۆپەراسیۆنی ساڵی ٢٠٠٣ دژ بە عێراقە.
وەزیری بەرگری ئەمریکا: پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریکا، هەواڵی نوقمکردنی کەشتییەکی ئێرانی بە بەکارهێنانی ژێردەریایی ئەمریکی پشتڕاست کردەوە.
ستراتیژیی سەربازی: وەزیری بەرگریی ئەمریکا وتی: «ئێمە بێ ئەوەی پێویست بکات سەربازەکانمان دابەزێنینە سەر زەوی، گەیشتووین بە ئامانجەکانمان.»
دۆخی ئێران: پیت هێگسێس دەڵێت ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر دەبێت و هێزی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیاتر دەبێت.
لێدوانی کۆشکی سپی
کارۆلین لیویت، وتەبێژی کۆشکی سپی، ڕایگەیاند: «٤٧ ساڵ پشوودرێژی و ڕێگەدان بە گەورەترین پشتیوانی تیرۆری دەوڵەتی لە جیهاندا کۆتایی هاتووە.»
خانم لیویت وتی: «سەرکردە تیرۆریست و بکوژەکانی ئێران باجی تاوانەکانیان بەرامبەر بە ئەمریکا دەدەن، و ئەم باجەش بە خوێن دەدەن.»
ناوبراو بە ئاماژەدان بە سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: «ئەم کەسانە باڵیۆزخانەی ئێمەیان داگیر کرد و ٦٦ ئەمریکییان لە تاران بە بارمتە گرت. بە تەقینەوەی بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراو لە بەیروت، ٢٤١ سەربازی ئەمریکییان کوشت. لە عێراق، سەدان سەربازی ئەمریکییان کوشت یان کەمئەندام کرد. ئەمە تەنیا بەشێکی بچووکە لە کارنامەی خوێناوییان.»
وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا «پیاوی کردارە. سەرۆک ترەمپ ئەم دێوانە دەخاتە بەر لێپرسینەوە و بە شێوەیەکی هەمیشەیی کۆتایی بە ئاواتە ناوەکییەکانیان دەهێنێت.»
لە کۆتاییدا، خانم لیویت وتی: «نەوەکانی داهاتووی ئەمریکییەکان لەم ساتە وەکو کاتێک دەڕوانن کە خەیاڵی ئێران بۆ بوون بە خاوەن چەکی ناوەکی، بۆ هەمیشە کۆتایی هات.»
****
بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان فراوانتر بووە
رووداو دیجیتاڵ
ناسر پیرۆتی
لە پێنجەم رۆژی شەڕی ئەمریکا- ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ژمارەیەکی زیاتر لە بنکە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرانە ئامانج و ژمارەیەک لەو شارانەی گرتەوە، کە پێشتر بنکە و بارەگا سەربازییەکان تێیاندا بۆردوومان نەکرابوون.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەشێک لە فەرماندە و ئەفسەرە باڵا سەربازییەکان چوونەتە ناوچە سیڤیل نیشینەکان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند شاری رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتوونەتە تۆڕی میدیایی رووداو، فەرماندە و پلەدارە باڵا سەربازییەکان، بنکەکانیان چۆڵکردووە و لە شوێنی دیکە نیشتەجێبوون. بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لە هێزە سەربازییەکان لەنێو هۆڵە وەرزشییەکان و هۆڵی بۆنە و رێوڕەسمەکاندا جێگیربوونە، لەگەڵ ژمارەیەک قوتابخانە و بنکەی تەندروستی. بنکە سەربازییەکان زیاتر سەرباز و پلەداری پلە نزمیان لێ دەمێننەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکان، ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە پێنج رۆژی یەکەمی شەڕدا کەمتر بنکە سەربازییەکانی سەر بە ئەرتەش (سوپا) دەکەنە ئامانج و زیاتر بنکەکانی سوپای پاسداران، پاسەوانیی سنوور و ئیتلاعات بۆردوومان دەکەن. لە بنکەکانی ئەرتەش، بنکەکانی بەرگری ئاسمانی و شوێنەکانی هەڵدانی مووشەک کراونەتە ئامانج.
پارێزگای ورمێ
شەوی چوارشەممە4ی ئاداری 2026، چەند بنکەی ئەمنی و سەربازی لەنێو شاری بۆکان کرانە ئامانج. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، یەکێک لەو شوێنانەی کراوەتە ئامانج، بنکەی ئیتلاعاتە لە شاری بۆکان. هەروەها دەوروبەری قایمقامییەتی شارەکەش کراوەتە ئامانج.
فڕۆکەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوام ئامانجەکانیان لەنێو شاری ورمێ بۆردوومان دەکەن. یەکێک لەو شوێنانەی ئەمڕۆ چوارشەممە بۆردوومان کراوە، ناوەندی فەرماندەیی پۆلیسی ئینتەرنێتیی پارێزگای ورمێ یە، بەڵام بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانە، چەند پاسێک لە نێو تێرمیناڵ، نەخۆشخانەی (تاڵەقانی) و هەروەها چەند ئامانجێک لەنێو گەڕەکەکانی شاری (ورمێ) یان پشتڕاستکردەوە. لەنێو گەڕەکەکاندا، زیاترین هێرشکراوەتە سەر چەند ئامانجێک لە شەقامی (7ـی تیر یان پووشپەڕ). لەنێو تێرمیناڵی ورمێ چەند پاس کراونەتە ئامانج، بەڵام هێشتا ژمارە و ناسنامەی سەرنشینەکانیان دیار نییە.
میدیا فەرمییەکانی ئێران هەروەها بڵاویانکردووەتەوە، دوو ئۆتۆمبێل لە نزیک شارۆچکەی پیشەسازیی ورمێ کراونەتە ئامانج و لە ئەنجامدا 9 کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە پێنجەم رۆژی شەڕدا، بۆ یەکەم جار بنکە سەربازی و ئەمنییەکان لە شاری (سەردەشت)یش کرانە ئامانج. بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، ناوەندی فەرماندەیی سەربازگەی سوپای پاسداران ناسراو بە (سوپای جوندوڵڵا) و هەواڵگریی سوپای پاسداران لەو شارە کراونەتە ئامانج.
هەروەها بەرەبەیانی پێنجشەممە، بارەگای سەرەکیی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران لە شاری نەغەدە بۆردوومان کرا.
پارێزگای سنە
لەنێو شاری سنە، لە نیوەشەوی سێشەممەوە تاوەکو بەیانیی چوارشەممە چەندین جار ژمارەیەک خانوو و باڵەخانە لە گەڕەکی قشڵاق بۆردوومان کران. بەپێی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، چەند خانوو و باڵەخانە لەو گەڕەکە خاپوورکراون. میدیا فەرمییەکانی پارێزگای سنە دەڵێن، شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سیڤیلن، بەڵام بە گوتەی ئەو کەسانەی وێنە و ڤیدیۆی بۆردوومانەکەیان بڵاوکردووەتەوە، ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج بنکەی سەربازیبوون.
یەحیا ئیلاهی فەرماندەی پۆلیسی سنە لە رێگەی میدیاکانەوە بانگەوازێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا داوا لە خەڵک دەکات، دوای بۆردوومانکردن نەچنە شوێنە بۆردوومانکراوەکان. یەحیا ئیلاهی دەڵێت، بەشێک لەو مووشەکانەی بۆ هێرشەکان بەکاردەهێندرێن، رەنگە چەند خولەک یان چەند کاژێر دواتر جارێکی دیکە بتەقنەوە.
دوای نیوەڕۆی چوارشەممە، چەند ئامانجێک لە گوندی نەنەڵەی قەراخ شاری سنەش بۆردوومان کران.
لە بانە لانیکەم دوو سەربازگەی سوپای پاسداران لەنێو شار و دەوروبەری شارەکە بۆردوومان کران، کە یەکێکیان بە ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران لەو شارە دەناسرێت. هەروەها پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەربازگەی ئەرتەش لە سۆغانانی شارەکە کرایە ئامانج و دوای بۆردوومانەکە دەنگی تەقینەوە و دووکەڵی زۆر لە شوێنی بۆردوومانەکە بەرزبووەوە.
پارێزگای کرماشان
بەیانیی چوارشەممە ئامانجێک لە دەوروبەری گۆڕەپانی نەوت لە نێوشاری کرماشان بۆردوومان کرا. سەرچاوە هەواڵییەکانی کرماشان دەڵێن ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئیتلاعاتی پارێزگای کرماشان بووە، بەڵام پشتڕاست نەکراوەتەوە.
میدیا حکومییەکانی پارێزگای کرماشان بۆردوومانکردنی ژمارەیەک بنکەی سەربازییان لەنێو شاری کرماشان پشتڕاستکردەوە و دەڵێن، لەنێو شوێنە بۆردوومانکراوەکاندا، ناوەندی تەندروستیش هەن.
ئێوارەی چوارشەممە، چەند جار سەربازگەی (سابتخا)ـی سوپای پاسداران لە شاری گێیەڵانی پارێزگای کرماشانیش بۆردوومان کرا.
پارێزگای لوڕستان
لە خوڕەمئاوای لوڕستان بنکەی سەرەکیی بەرگری ئاسمانیی ئەرتەشی ئێران کرایە ئامانج. پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگەی زەوینیی لەشکری 84ـی ئەرتەشی ئێران لە لوڕستان دەڵێت، لە هێرشەکەدا چوار ئەفسەری بەرگری ئاسمانی کوژراون. پێشتریش کوژرانی پێنج ئەفسەری دیکەی ئەو هێزە راگەیێندرابوو.
فەرماندەیی پۆلیسی لوڕستان رۆژی چوارشەممە لە راگەیێندراوێکدا، کرانە ئامانجی بنکەکانی پۆلیس لەو پارێزگایەی رەتکردەوە و دەڵێت، ”پڕۆژەیەکی ئامانجدار هەیە بۆ نائارامکردن و ناسەقامگیرکردنی پارێزگای لوڕستان”.
پارێزگای ئیلام
رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە فەرماندەیی پاسەوانیی سنووری شاری مێران ناسراو بە بنکەی (بەهرام ئاباد) لە پارێزگای ئیلام بۆردوومان کرایەوە. بەرپرسانی پاسەوانیی سنووری ئیلام بە میدیا فەرمییەکانیان راگەیاندووە، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی زۆری بە بارەگاکە گەیاندووە.
دامەزراوە حکومی و سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زانیاری تەواو لەبارەی شوێنە بۆردوومانکراوەکان و هەروەها ژمارەی قوربانیان بڵاو ناکەنەوە، بۆیە ژمارەی تەواوی قوربانیان نازاندرێت. لەنێو قوربانییەکاندا، سەرباز و هەروەها خەڵکی سیڤیلیش هەن.