ئەو شەوەی وەفدی لایەنە کوردستانییەکان لە گردی زەرگەتە لە کۆبونەوەدا بوون، کەچی لە بەغدا بەبێ حزوور و بەشداریی فراکسیۆن و پەرلەمانتارە کوردەکان،
دەنگ بە کابینەکەی عیبادیی درا. ئەو شەوە ئەوەم ناو نا یەکەمین شکست، کە بەدوای خۆیدا زنجیرە شکستێکی نەبڕاوە دێنێت. ڕاستە داماویی و دەستەپاچەیی پەرلەمانتارەکانی ئێمە کە بەناو پەرلەماندا دەسووڕانەوە ونەیاندەزانی چی بکەن، هۆیەکی ئەو شکستە گەورەیە بوو، بەڵام هۆی سەرەکی فشارەکانی برێت مەکگۆرک بوو. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ئەو شەوە یەک تاکە پەرلەمانتاری ورد و شارەزا و ئازای کوردی لێ بایە، دەیتوانی هاوکێشەکە بگۆڕێت، چونکە ئەو عیبادیی و مەکگۆرک بوون لەژێر فشاری کاتدا بوون نەک ئێمە. هاوکاتیش نەیارە شیعەکانی عیبادیی لەسەرپێ بوون بۆ پەکخستنی دانیشتنەکە.
کە باسی ڕۆڵی خراپی مەکگۆرکمان لە (سەودا) ڕادەستکردنی کەرکوک بە قاسم سلێمانی دەکرد، ئێرانچییەکان دووچاری هیستیریا دەبوون. بەڵام ئەوە یەکەم گورزی مەکگۆرک نەبوو کە بۆ بەرژەوەندی ئێران لە کوردی بدات. فشارەکانی بۆ دەنگدان بە کابینەکەی عیبادیی بەڵگەیەکی زۆر زەقە کە ئەسڵەن ٣ ساڵ پێش ڕادستکردنی کەرکوک بوو بە قاسم سلێمانی. ئێستاش تۆم بەراک هاتوە کە سەد هێندەی مەکگۆرک ترسناکە.
مەکگۆرک و بەراک هەروکیان لەسەردەمی ئیدارەی ترامپدا هاتن. هەردوکیان زیانی گەورەیان بەبەرژەوەندییە هاوبەشەکانی کورد و ئەمریکا گەیاندوە. زیانی گەورەتریش هێشتا لە ڕێیە، ئەگەر فریا نەکەوین! جیاوازیی ئەم دووانە دۆخەکە مەترسیدارتر دەکات. لەکاتێکدا مەکگۆرک نیەت و پلانەکانی دەشاردەوە، بەراک ئاشکرا و بەڕاشکاویی و بێپێچوپەنا ئەمە دەکات. مەکگۆرک پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکدا نەبوو، لە دواییشدا بەردەوام نەبوو، کەچی بەراک هاوڕێی نزیکی سەرۆکە.
لێرەدا پرسیارێک خۆی دەسەپێنێت: ئایا ئێمە چی بکەین، چۆن مامەڵە لەگەڵ بەراکدا بکەین؟
بۆ ئەوەی وەڵامەکەمان کەمێک دیقەتی هەبێت، بە زەرووری دەزانم بە چەند دێڕێک باسی بەڕێوەچوونی سیاسەتی ئەمریکا بخەمە ڕوو. ئەمریکا هەر بەتەنها دەوڵەتێکی ئاسایی نیە. بەڵکو وەکو حاکمی جیهان مامەڵە دەکات. بۆ نموونە چۆن دەوڵەتان سوپاکەیان دەکەن بە یەکەی سەربازیی جیاجیا و دابەشی جوگرافیای وڵاتیان دەکەن، ئەمریکا وای لەگەڵ جیهاندا کردوە. بۆ نموونە دەوڵەتان فەرماندەیی باکوور یان باشوور یان فڵانە ناوچەی وڵاتەکەیان بۆ سوپاکانیان دیاری کردوە. ئەمریکا ئەم کارەی لەگەڵ ڕووبەری جیهاندا کردوە. زلهێزێکی وا گەورە نایپەرژێتە سەر ورەدکارییەکانی سیاسەت و ململانێی هەموو ناوچەکان، هەر بۆیە ئیدارە و سەرۆک و ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا لە خوایان دەوێ، نوێنەرەکانیان زۆرترین ئەرکیان لەکۆڵ بکەنەوە.
ئەو کاتەی سیاسەت و مەیلی نوێنەرێکی ئەمریکا لەگەڵ بەرژەوەندی ئێمەدا نایەتەوە، ئەرکی سەرۆک، یان ئیدارە نیە ئەمە ڕابگرێت، چونکە لەوانەیە وردەکاریی ئەو کارە نەزانن. ئەوە ئەرکی خۆمانە کە نابێت قبووڵی بکەین. داخۆ دەتوانین قبووڵی نەکەین؟ ئایا ئەم قبووڵنەکردنە نابێتە مایەی زیانگەیاندن بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا؟
سەرەتا با ڕێک بکەوین کە ئێمە وەک نەتەوە، و وەک قەوارەی باشووریش، لای کەس کار ناکەین، بەڵکو ئەوە بەرژەوەندی هاوبەش، یان دژ بەیەکە، کە دەبێت وامان لێبکات هەڵوێست وەربگرین و بڕیار بدەین. ئێمە لەگەڵ ئەمریکاشدا کە بەهێزترین پاڵپشت و پارێزەرمان بووە، بەرژەوەندیی هاوبەش و بەهای هاوبەشمان هەیە. هەر کاتێک ئازایانە، بەڵام ژیرانە مامەڵەمان کردبێت توانیومانە پێچەوانەی تەنانەت بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بکەین و سەریش بکەوین و هیچ زیانێکیش بەپەیوەندییە هاوبەشەکانمان نەگات. نموونەی گەشی ئەم ڕاستییە ئەوە بوو، کە توانیمان پێچەوانەی ویستی خودی سەرۆکی ئەمریکا و تورکیا و وڵاتانی عەرەب و ئینگلیزییش، ڕەحمەتی جەنابی مام جەلال وەکو سەرۆک بسەپێنینەوە، کە ئەو دەمە هەموو ئەو وڵاتانە فشاریان دەکرد سازشی لەسەر بکەین بۆ دکتۆر ئەیاد عەلاوی.
ئەگەر مەکگۆرک کەرکوکی ڕادەستی قاسم سلێمانی و ئێران کرد، ئەوا بەراک ویستی سەرلەبەری دەستکەوتەکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕادەستی جۆلانی و ئەردۆغان بکات. ئەگەر مەکگۆرک بەهۆی لاوازیی و نەزانیی خۆمانەوە ئیرادەی شکاندین و لەبەردەم عیبادییدا خستینیە سەر ڕێی شکستە نەبڕاوەکان، ئەوا بەراک ڕێگریی کرد لە ڕاپەڕینی خەڵک و ڕزگاکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئێستاش دەیەوێت قەوارەکەمان نەهێڵێت. ئەو قەوارەیەی بە خەباتی دەیان ساڵەی گەلی کوردستان و خوێن و قوربانیدانی شەهیدە سەربەرزەکانمان ڕزگار کراو و دواتریش بە هاوپەیمانیی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان و بەبڕیارێکی یەکجار گرنگی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی پارێزرا.
شکستمان لە بەردەم مەکگۆرکدا خەتای خۆمان بوو، چونکە ئەگەر لە سەرەتاوە بەشێوەیەکی ژیرانە و ئازایانە قبووڵمان نەکردایە، ئەوا لە خراپترین حاڵەتدا زیانەکانی لەوەی ئێستا زیاتر نەدەبوو. لەسەر هەمان پێوەریش ئەگەر ئەمەی بەراک دەیەوێت پێمان بکات، ئەگەر قبووڵی بکەین ئەوا بە ملکەچی باجی یەکجار گەورە دەدەین. ئەوەی هەمانە و نیمانە لەدەستی دەدەین. خۆ گەر قبووڵی نەکەین ئەوا لە خراپترین حاڵەتدا هەر ئەوە دەبێت، خۆ لەوە زیاتر نابێت. لە کاتێکدا کە ڕاگرتنی ژیرانە ئازایانەی بەراک دەتوانێت ڕێگریی لە هەموو ئەو سیناریۆ خراپانە بگرێت.
یەکەم ڕاستییەک کە دەبێت بیزانین، ئەوەیە کە ئەگەر ئێمە بێدەنگ و ملکەچ بین ئەم سیاسەت و پیلانانە سەر دەگرن.
دووەم: مەرج نیە هەموو سیاسەتێکی مەکگۆرک یان بەراک، سیاسەتی ئەمریکا بن، ئەمریکا زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە عەقڵی خێڵەکیی سەرکردە و ڕۆشنبیر و میدیاکاری کورد لێی تێبگات.
سێیەم: مەرج نیە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەراک هاوتای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا بێت. کە لەگەڵ ئەمریکاشدا لەسەر خاڵێک ناکۆک بوویت ئەوە کۆتایی جیهان نیە، ئەگەر بزانیت ژیرانە ئیدارەی بدەیت، دەتوانیت ئێوەش بکەیتە دەرفەت بۆ دەستکەوتی تر. ئەمریکا خێڵە ناحەزەکەتان نیە، لەسەر ئەوەی گوێدرێژەکەتان چۆتە ناو گەنمەکەیانەوە، کۆتایی بە هەموو پەیوەندییەک بێنێت و تەڵاق بخوات تا ماوە چایەکیشت ناخواتەوە. واز لەم ترسنۆکیی و عەقڵە خێلەکییە بێنن.
باشە، کەواتا چی بکەین؟
جارێ بەر لەهەر شتێک دەبێت حزوورمان لە واشنتن بەهێزتر بکەین، دەبێت خەباتەکەمان لەدژی دەڵاڵیی بەراک بۆ ئەردۆغان، بگوێزینەوە بۆ واشنتن. لەوێ پێکەوە لۆبی بەهێز بکەین. لەسەر لۆبییش دوو ڕەستە پێویستن:
ئەو پارە زۆرەی هەردوولا لە لۆبیی لابەلا سەرفی دەکەن و بەرهەمێکی ئەوتۆشی نیە، ئەگەر ژیرانە و دڵسۆزانە بخرێتە گەڕ ئەنجامی زۆر گەورەی دەبێت. بەڕێزان ئێوە خراپ لەلۆبییگەریی گەیشتوون. ئەوەی ئیسرائیل دەتوانێت بیکات، هەر پارە نیە، بەڵکو کەڵەکەبووی دەیان ساڵە، بەڵام خاڵێکی یەکجار گرنگی تێدایە، ئەوانەی لۆبیی بۆ ئیسرائیل دەکەن خۆیان جوون، واتا دڵسۆزی مەسەلەکەیانن. ئەگینا ئێمە چەند پارە لەلۆبیکردندا سەرف بکەین، ئەوا نەیار و داگیرکەرانی کوردستان دەتوانن هەزار هێندە سەرف بکەن. گرفتەکە لە سەرفکردنی پارەکە نیە، بەڵکو لەوەدایە کە ئەوانەی ئەم کارە لە واشنتن دەکەن دڵسۆزییان بۆ مەسەلەکەمان نیە. لە کاتێکدا کە گەنجی لێهاتوومان هەن لەوێ دەتوانن کاری زۆر گەورە بکەن.
لەناوخۆشدا، کارێکی زۆر هەڵەیە بەو جۆرەی ئێستا مامەڵە لەگەڵ بەراکدا دەکرێت. ئەم نەخشە ڕێیە بۆ ئەم دیوە دەخەمە ڕوو:
پێشوەخت هەموو لایەنەکان پێکەوە، نامەی هاوبەشی ڕەسمی بنێرن بۆ سەرۆکی ئەمریکا، تێبینیی و ناڕەزایەتییەکانی خۆیانی تێدا ڕوون بکەنەوە، داوای ڕوونیش بخەنە ڕوو.
هەموو مامەڵەیەک لەگەڵ بەراکدا ڕابگرن. لەکوردستاندا نە لە ئاستی ڕەسمی دەسەڵاتی هەرێم و نە لە ئاستی حیزبیدا پێشوازیی نەکەن. و هیچ لایەکیش بەتەنها لەگەڵ دانەنیشێت.
هەموو نوێنەرانی کورد لە سەرۆک کۆمارەوە تا دەگاتە وەزیر و پەرلەمانتار و بچوکترین پلەی تایبەتی ناو حکومەتی فیدرالی عیراق مامەڵەی لەگەڵ نەکەن.
هاوکاتیش لۆبییەکی زۆر بەهێز لە واشنتن دەست پێ بکەن بۆ ئەوەی ئەم سیاسەتە ڕوون بکەنەوە، پیشانی سەرۆک و ئیدارەی ئەمریکا و میدیای ئەمریکای بدەن کە ئەم سیاسەتانەی تۆم بەراک زیانی گەورە و بونیادی بە دەستکەوت و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و کورد دەگەینن.
تۆم بەراک لە مەنتیقی مێژوو ناگات، ڕەنگە بەلاشیەوە گرنگ نەبێت. ئەو زۆر خراپ لە کتێبە هەرە نایابەکەی دەیڤید فرۆمکین گەیشتوە. فرۆمکین پیشانی دەدات کە چۆن ئاشتییەکەی پاش یەکەمین جەنگی جیهان، کۆتایی بە هەموو ئاشتییەک هێنا. لەمەدا فرۆمکین باس لەوە ناکات کە دۆخی پێش کەوتنی دەوڵەتی عوسمانی باش بوو، ئەو داوای گەڕانەوە بۆ پێش دابەشکردنی ناکات. بەڵکو ئەو ڕاستییە تاڵەمان وەبیر دێنێتەوە کە ئەم دابەشکردنە ناڕەوایە، بەجۆرێک هەڵە بوو، کە هیچ دەرفەتێکی ئاشتیی نەهێشتەوە.
ئەم دابەشکردنە تۆم بەراک گوتەنیی (سایکس پیکۆ)، کە خەونی ئاشتی پایداری ئیمانوێل کانت و ودرۆ ویڵسنی کرد بە مۆتەکە، لەبەر ئێوە نیە دۆخی پێش سایکس پیکۆ زۆر باش بوو، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە دابەشکردنی ناڕەوای سایکس پیکۆ هەڵە و کارەساتاویی بوو، کەچی تۆم بەراک دەیەوێت، مێژوو بەرەو دواوە بگەڕێنێتەوە و نەتەوەکەمان دوچاری ئەنفال و قڕکردن بکاتەوە.
کە پێشوەخت و دواتریش باسی ڕۆڵی ترسناکی مەکگۆرکمان، ئێرانچییەکان تووشی هیستیریا دەبوون، هەندێک ڕۆشنبیرییش کە دەیانناسی ڕاپۆرتیان بۆ دەنووسی و هەڵوێستەکانی ئێمەیان بۆ وەردەگێڕا. دواتریش هەندێکیان بە کیسەنجەریان دەشوبهاند. مەکگۆرک ڕۆیی و ئێمە باجەکەمان دا. ئەو کاتە هیچم لەگەڵ مەکگۆرک نەبوو، ئێستاش هیچم لەگەڵ تۆم بەراک نیە، بەڵام ئەو کاتە و ئێستا و تا ئەو چرکەیەی خودا ئەمانەتەکەی دەباتەوە، ڕووبەڕووی هەر کەس و دەوڵەتێک دەبمەوە کە زیان بەبەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و نەتەوەکەم بگەیەنێت. ئینجا ئەوە ئێرانی بێت یان تۆران. ڕۆم بێت یان عەجەم، یان تەنانەت ئەمریکی.
ساڵی پار بەبێ ئیمکانیات توانیمان کەمێک تۆم بەراک ڕابگرین، بەڵام کە تەسلیمی بووین خەریک بوو ڕۆژئاوا دڵمان لە لێدان بخات. ئێستاش کە ئەگەر ئیمکانیات و سیاسەتی ژیرانە هەبایە هەرگیز ئەو کارەساتانەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویان نەدەدا. ئێستاش بۆ ئەوەی کارەساتی ترسناکترمان تووش نەبێت، دەبێت ژیرانە و ئازایانە ڕووبەڕووی سیاسەتە خراپەکانی بەراک ببینەوە. ئەگەر وا بکەین دڵنیا بن سەر دەکەوین.
دوا پەیامم ڕوو لە سەرۆک ترامپە، بەڕێز جەنابی سەرۆک، ڕۆڵەی ئێمە و ئێوە پێکەوە لەسەنگەری ئازادیدا خوێنیان تێکەڵ نەبوو تاکو لە دواییدا تۆم بەراک، بمانگەڕێنێتەوە سەردەمی جینۆساید و قوربانیدانی ئێوە یەکسان بە سفر بکاتەوە. پێکەوە ئەفسانەی داعشمان تێکنەشکاند تاکو برێت مەکگۆرک لە دواییدا ڕادەستی قاسم سلێمانی و ئێرانی بکات.
جەنابی سەرۆک
ئەگەر دەڵاڵیی تۆم بەراک بۆ سیاسەتەکانی ئەردۆغان نەبایە، دەمێک بوو خەڵکی سەربەرزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپەڕیبوون، ئەمەش خۆی دەبووە ئیلهمابەخشی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، کە ئەنجامەکەی کەوتنی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی دەبوو کە دوژمنی هاوبەشی ئێوە و ئێمەشە. تۆم بەراک جەنابتی لە تۆمارکردنی گەورەترین و گەشترین سەرکەوتنی مێژوو بێبەش کرد. ئەو بەشدار بوو لە لەباربردنی سەرکەوتنێک کە دەبوە تاجی سەرکەوتنەکانی ئێوە و ئێمە و هەموو گەلانی ناوچەکە. حیکمەت و ئازایەتیی ئێوە وامان لێدەکات، بە ئومێدەوە چاوەڕێی بڕیاری خێرای حەکیمانە و ئازایانەتان بکەین.
سەردار عەبدوڵڵا
