"an independent online kurdish website

بەخێوكردنی هەندێ لایەنی سیاسی و دروستكردنی هەندێ گرووپی چەكداری عێراقی لەلایەن ئێرانەوە، گەیشتە ئەو ئاستەی چیتر بەغدا بەبێ تاران، پەنجە نەخاتە ناو ئاوەوە.iran_iraq_cartoon_0

ئێران ئەمڕۆ لە دوو پایتەخت بڕیار دەدات و شەڕی خۆشی هەر لەو دوو پایتەختە دەكات.

تاران پایتەختی یەكەمی كۆماری ئیسلامی ئێران، بڕیاری راستەوخۆی دەربارەی سیاسەتی ئەمریكا و ئەوروپا و وڵاتانی كەنداوی لێدەدرێ. بەبڕوای چاودێرانی سیاسی ئێستا بەغدا بووەتە پایتەختی دووەمی ئێران و لەوێ سیاسەتەكانی رەسم دەكات، بەتایبەتی شەڕكردن لەگەڵ سوننەی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە لەوانەش توركیا، سعودیە و ئوردن و وڵاتانی كەنداو. زۆرجار ئەوەی ئێران دەیەوێ بەو وڵاتانەی بڵێت، لە بەغدا بە زمانی بەرپرسانی عێراقەوە دەیڵێت.

iran_iraq_cartoon_977100825

موەفەق روبێعی : تاوەكو ئێمە مابین لە عێراق زۆرینە حوكمی دەكات

تاران لەساڵی هەشتاكانەوە پشتیوانی بەهێز لە حیزبی ئیسلامی (شیعی) عێراقی دەكات و بگرە بووەتە قوتابخانەی پێگەیاندنی سەركردەی ئەو حیزبانە، كە دواجار دوای رووخانی رژێمی سەدام لە بەهاری 2003 ئەو حیزب و سەركردانە گەڕانەوە عێراق.

هەر یەك لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق و حیزبی دەعوە، رەوتی سەدر، رێكخراوی بەدر كە رێكخراوێكی سەربازییە راستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە دامەزراون یان هاوكاری كراون.

ئێران ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكات كە عێراقی دوای ئەمریكا ئارام و سەقامگیرتر نیشانبدات و هەموو هەوڵێك دەدات كۆنگرەی وڵاتانی 5+1 سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە بەغدا ببەسترێ.

سەید عەزیم حوسێنی، كونسولی گشتی ئێران لە هەولێر دەڵێ “ئێران دەیەوێ عێراق دەوڵەتێكی بەهێزبێ لە ناوچەكە و دەمانەوێ ئەوە بە جیهان بڵێین عێراق دەوڵەتێكی بەهێزە، بۆیە داوامانكردووە كۆنگرەی وڵاتانی 5+1 سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە بەغدا ببەسترێ”.

حوسێنی گوتی “هاوكاری ئێران بۆ عێراق، وایكرد كۆنگرەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا سەربكەوێ، بگرە هاتوچۆی زۆر هەبوو لەنێوان بەرپرسانی عێراقی و ئێرانی كە چۆن كاربكرێ بۆ ئەوەی ئەو كۆنگرەیە ببەسترێ”.

جگە لە نزیكی جوگرافی و دەوڵەمەندبوونی عێراق لەڕووی سامانە سروشتییەكانەوە، لەڕووی پێكهاتەی تایفییەوە، شیعەكان لە عێراق زۆرینەن و ئێرانیش دەوڵەتێكی شیعییە و پاڵپشتی هەموو لایەن و گرووپێكی شیعە دەكات لەهەر شوێنێكی دنیا. 

تاوەكو پێش 2003 سەرەڕای ئەوەی شیعە زۆرینەی عێراق بوون، بەڵام سوننەكان نزیكەی 80 ساڵ حوكمی عێراقیان كرد. لەدوای رووخانی رژێمی سەدام جارێكی دیكە شیعەكان دەسەڵاتیان گرتەوە دەست.

“چیتر شیعە دەسەڵات بۆ سوننە چۆڵناكات”

موەفەق روبێعی، یەكێك لە سیاسییە دیارەكانی شیعە ، كە پێشتر راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بوو، بە (رووداو)ی راگەیاند “چیتر شیعە دەسەڵات بۆ لایەنی سوننی چۆڵ ناكەن”. گوتیشی “تاوەكو ئێمە مابین لە عێراق، زۆرینە حوكمی دەكات”.

بەپێی ئامارە نافەرمییەكان، بوونی شیعە كە لە بەسرا دەستپێدەكات تاوەكو دیالە 60%ی دانیشتووانی عێراق پێكدێنن. شەش دەوڵەتی ناوچەكە سنووریان لەگەڵ عێراق هەیە و درێژترین سنووریش لەگەڵ ئێرانە كە دەگاتە زیاتر لە 1200 كیلۆمەتر.

سەپاندنی ئابلۆقەی ئابووری و بازرگانی بەسەر ئێراندا لەلایەن ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەوروپا و ناوچەكە بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، واینەكردووە كە تاران بێبەش بێ لەو شتانەی دەیەوێ بە دەستی بێنێ.

ئێستا عێراق بووەتە مەیدانێكی ئازاد بۆ ئێران، هەرشتێك ئێران داوای بكات لە رێگەی عێراق دابینی دەكات. پێشتریش نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە ئەمریكا كرد، وڵاتەكەی جیابكاتەوە لەو دەوڵەتانەی كە نابێ پەیوەندی ئابووری و بازرگانیان لەگەڵ ئێران هەبێ.

لەم دواییەدا لەسەر سەردانەكەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆكی ئێران بۆ سێ دوورگەكەی نێوان ئێران و ئیمارات، كێشە لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتە دروستبوو. دوای ئەو كێشەیە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە 30/4/2012 سەردانی ئیماراتی كرد بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەیەكی ئابووری. بەڵام راگەیاندنەكانی ئێران لەسەر ئەو سەردانە رەخنەیان لە بارزانی گرت. لەوانەش ئاژانسی میهری ئێران نووسی “سەردانەكەی بارزانی گوماناوییە”. هەروەها فارسنیوز نووسیبووی “سەردانی بارزانی بۆ ئیمارات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانە تاوەكو بەشداری بكەن لە ئیئتلافێكی دژ بە ئێران”.

كونسولی ئێران لە هەولێر: بەشداری هیچ شتێك نەكەن كێشەی تێدابێ

سەبارەت بە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئیمارات، سەید عەزیم حوسێنی دەڵێ “ئامۆژگاری لایەنەكان دەكەین بەشداری لە هیچ مەسەلەیەك نەكەن كە كێشەی تێدابێ و راگەیاندنیش دەیەوێ دۆخی ناوچەكە تێكبدات، بەڵام سوپاس بۆخوا ئێستا ناوچەكە سەقامگیرە”.

بەرپرسانی ئێران پێشتر كوردیان لە مەسەلەی سووریا ئاگاداركردووەتەوە، كە نابێ هانی كوردانی سووریا بدات دژ بە حكومەتی بەشار ئەسەد خۆپێشاندان بكەن.

كونسولی گشتی ئێران لەهەولێر سەبارەت بە هەڵوێستی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەسەر مەسەلەی سووریا دەڵێ “هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لەسەر سووریا دروستە”.

جگە لە بوونی باڵیۆزخانەی سەرەكی ئێران لە بەغدا، ئێران پێنج كونسولخانەی لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەن، كە یەكێكیان لە هەولێرە و یەكێكیشیان لە سلێمانییە.

“كورد زوو لە دوورخستنەوەی هاشمی و موتڵەگ بە ئاگا هاتن “

بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئاگای لە سیاسەتی ئێرانە لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەڵێ “سەركردەكانی كورد، ئەمجارە زوو لە سیاسەتی ئێران و حكومەتی عێراق بە ئاگابوون، ئەگینا كورد باجێكی گەورەی دەدا”. ئەو بەرپرسە دەڵێ “دوورخستنەوەی تاریق هاشمی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و ساڵح موتلەگ، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بە بەرنامەو پلانی ئێران بوو، بۆ ئەوەی لایەنی سوننی هیچ سەركردەیەكی بەهێزی نەبێ و لاواز ببن و دواتر نۆرەی كوردبێ، بەڵام كورد زوو بە ئاگا هاتن، بۆیە ئێستا بەرگری لە هاشمی دەكەن كە نابێ بەوشێوەیە رەفتاری لەگەڵ بكرێ لەلایەن حكومەتی عێراق، چونكە لەناوچوونی سەركردەكانی سوننە، رێ بۆ لێدانی كورد خۆشدەكات”.

هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی پتەوی هەیە لەگەڵ ئێران و چەند دەروازەیەكی سنووریی فەرمی و نافەرمی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە و رۆژانەش ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوولا هەیە.

بەرپرسەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، گوتی “تائێستا بەرپرسانی كورد زۆر حەكیمانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە دەكەن و بەتایبەت پەیوەندیان لەگەڵ ئێران پاراستووە و نەیانهێشتووە پەیوەندی نێوان هەولێر و ئەنقەرە كار بكاتە سەر پەیوەندی نێوان هەولێر و تاران، راگرتنی ئەم باڵانسەش زۆر ئەستەمە كە تائێستا كورد تێیدا سەركەوتوو بووە”.

رووداو -هەولێر

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی