"an independent online kurdish website

 لەکەس شاراوە نیە کورد لە باشووری کوردستاندا وەک بەشێک لە نەتەوەیەکی مافخوراو، هەقی خۆیەتی کە لە ڕێگای بەکارهێنانی مافی دیاری کردنی چارەنووسیەوە لایەنی بەرزی ئەم مافە هەڵبژێرێ و کیانی سەربەخۆی خۆی دامەزرێنێkurdistan_ala-0

، بەڵام مخابن بە هۆی ناکارامەیی بیرمەند و سەرکردەی تەسکبینەوە، لە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵ دەرفەتی زێڕینی دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١‌ەوە هەتا ئیستا ئەم هەلە بە فێڕۆ چوو، هەلێک کە دەیتوانی لانیکەمی دەرفەتێک بێ بە مەبەستی خۆتەیار کردن و ئامادەکردنی ووەڵات بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان لە ئیستادا.

 بەستنەوەی دەوڵەتی دۆفاکتۆی کوردستان بە چارەنووسی نەتەوەی باڵادەستی عەرەب لە چوارچێوەی فیدڕالییەکی تەم ومژاویدا کە تا ئیستاشی لەگەڵدا بێ نە بە هزر و نە بە دامەزراوە لە عێراقی پاش سەدام حسێندا جێگیر نەبووە، هەڵەیەکی ستراتیژیی دیکە بوو کە رێبەرانی کورد لە سەردەمی رووخانی رژیمی بەعسیی عەرەبیدا کردیان. بەستراوەییەک کە تا دێت لەگەڵ سەقامگیرتر بوونی دەوڵەتی ناوەندیدا قوڕگی دەسەڵات و ئازادی رێژەیی لە کوردستاندا پتر دەگووشی.

ئەوەی لە ئیستادا چەند کۆر، کۆبوونەوە و کەسایەتییەکی نێوخۆیی و دەرەکی بە خۆیەوە سەر‌قاڵ کردووە، ئالۆزی و تەنگەژەیەک بوو کە دوای دەنگۆیەی راگەیاندنی ڕیفراندۆمی چارەنووس ساز لە بەهاری ئەمسالدا (واتە بەهاری ٢٧١٢ کوردی) لە لایەن بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە هاتەبەرباس. ئەگەرچی تا ئیستایشی لەگەڵدا بێ ئەم دەنگۆیە لە درۆشم و هەڕەشە زیاتر چ شتێکی دیکەی بەدوادا نەهاتووە، تەنیا ئەوە نەبێ گرفتی بنەرەتی نێوان باشووری کوردستان و عێراق لە ئاکامی ئەم هەڕەشەدا زەقتر بووەو و پێویستی بە خۆداچونەوەی کوردستانیانی بەرجەستەتر کردەوە.

هەروەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێیدا، کات و دەرفەتێکی زۆرمان بەفێڕۆ داوە. هەربۆیە سەربەخۆیی کوردستان لە ئیستادا زۆر ئەستەمە. سەرەڕای ئەمەش ئەگەر ئەم حەرەکەتە، واتە ویستی سەربەخۆیی کە هاتووتە بەرباس، لە چوارچێوەی تاکتیکێکی بەرتەسک و کارتێکی سیاسی پەتیدا نەمێنێتەوە، دەتوانی رەوتی رووداوەکان لە قازانجی کورددا رێنوێن بکا. وەک وتەیەکی فارسەکان دەلێ:”ماسی هەرکاتێ راو بکرێ هەر تازەیە”. ئەلبەتە نابێ لەمەش خافڵ بین کە ئەمە موتڵەق نیە و ئەگەری ئەوە هەیە کە هیچ ماسییەک لە گۆمدا نەمێنێ کورد راوی بکا. بۆیە لە ئەگەری مانەوەی ئەم جووڵە سیاسییە وەکوو تەنیا دروشمێک، دەتوانێ خەسارگەلێکی گەورە و قەرەبوو نەهەڵگر لە جەستەی بزووتنەوە رەوامان بدرێ.

ئەوەی لە ٢٠٠٣ دا نەکرا با دووپات نەبێتەوە

لە کاتێکدا کە بە هۆی فاکتەری دەرفەت بە فێڕۆدانی نێوخۆیی، وەک سەرەکیترین هۆکاری دژبەر، راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان لە ئیستادا ئەستەمە و پاشەکشەش جیا لە دۆڕانێکی هەمیشەیی شتێکی دیکەی لێی هەڵناهێنجرێ، بە باوەڕی نووسەر ئەم ووتارە باشترین رێگە هەڵبژاردنی رێگەی نێوەنجی، واتە راستکردنەوەی هەڵەی ساڵی  ٢٠٠٣ -ە. بە واتایەکی دیکە لە ئیستادا بە شێوەیەکی رێژەیی هەل لەبارە تا بەر لە سقامگیرتر بوونی دەوڵەتی ناوەندی و تەیارتر بوونی بە چەکی قورس و پێشکەوتوو، هێل و سنووری نیوان دەسەڵاتی ناوەند و کوردستان بە یەکجاری روون بکرێتەوە. ئەمە روون بوونەوە بێگومان لە جوارچێوەی فیدرالیەت و بە تایبەت ئەم فیدرالیەتە سەقەتەی عێراقدا ناخولقێ. کێشەی کورد گرفتێک نیە گرێدراو بێ بە فڵانە تاک یان گرووپی عەرەبی فەرمانڕواوە. لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دوای ساڵی ٢٠٠٣، عێراق چەند فەرمانروایەکی بەخۆیەوە بینیوە. ئەوە نەبێ جیا لە زەوت و بەرتەسک کردنەوەی مافگەلی کوردستان چ خێر و خۆشییەکیان بۆ هێناوە؟ بۆیە باشترین بژاردە دەتوانێ لە هەنووکەی نەبوونی دەرەتانی راگەیاندنی سەربەخۆییدا، بەڕێوەبردنی راپرسییەکی کوردستانی بێ (بە هەموو ناوچەکانیەوە)، بە مەبەستی دەنگدان لە سەر دیاریکردنی کۆنفیدراڵی کوردستان-عێراق. سیستەمێک کە بە یەکجاری سنووری دەسەڵات و دەستێوەردانی حكوومەتی عێراقی بەرتەسک بکاتەوە و پێوەندی کوردستان و عێراق لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دارێژێتەوە نەک برا گەورە و بچووکی.

سەربەخۆیی کوردستان وەک دوایین ویستگە

هەروەک لەم نووسراوەدا هات و پێشنیار کرا کۆنفیدراڵی هەڵبژاردنێکی جێگیر کراو نابێ لەباتی سەربەخۆیی کوردستان، بەڵکوو ئەمە رێگایەکی نێوەنجییە کە بە پێی هەل و دەرفەت هەڵدەبژێردرێ. لە راستیدا ئەم بژاردەیە هەنگاوێکە بۆ پێشەوە چوون و خۆلقێنەری دەرفەتگەلێکی تەواوکەرە دەبێ بۆ خۆشکردنی بەستێنی گۆنجاوی راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان(بەشی باشووری وڵات).

راگەیاندنی کۆنفیدراڵی وەک هەنگاوی نێوەنجی بە یەکانگیر بوونی لەگەڵ ویستێکی پتەو و پلانێکی تۆکمە و ستراتیژ کە هەڵگری چەند ئەرکێکی گرینگ بێ، کە لە درێژەدا بە چەند دانەیان وەک نموونە ئاماژە دەکرێ، دەتوانێ رێگەی گەیشتن بە مەبەستی پیرۆزی سەربەخۆیی راستەقینەی کوردستان خۆش بکا.

بەڵام مەبەست لە هێنانی چەمکی سەربەخۆیی راستەقینە چیە؟ بە باوەڕی نووسەر لە ئەگەری راگەیاندنی سەربەخۆیی، بە گریمانەی رازی بوونی ووڵاتانی رۆژئاوا و ترکیە، تا کاتێ فاکتەرگەلی نێوخۆیی ئامادە نەبن سەربەخۆیی واتاییەکی ئەوتۆی نابێ. بۆیە سەرەکیترین واتابەخشی راستەقینە کە دەتوانێ کەرامەت و بەرژەوەندیی درێژخایەنی کوردستان بپارێزێ لەبار بوونی هۆکارگەلی نێوخۆیی وەک تەبایی و یەکڕیزی شارۆمەندانی کوردستانە. لێرەدا چەمکی سەربەخۆیی راستەقینە ئاماژەیەکە بە یامادە بوونی ئەم فاکتەرانە.

پلانی ستراتیژ دەبێ چ ئەرکگەلێکی سەرەکی لە خۆ بگرێ؟

١- لە رێگەی کۆ بوونەوە لە ژێر سێبەری یاساگەلی گشتگیر و هەمەرەنگ و پابەند بوون بە بەڕێوەبردنی ئەم یاساگەلە و باوەڕ بە فرەیی، کەش و‌ هەوای سیاسی لە کوردستاندا ئارام و هێمن بکرێ. بەشداری سیاسی حزبەکان و پێکهاتە جیاگەلی کوردستان تەزمین و مسوگەر بکرێ. تێبکۆشرێ بیر و هزری کوردستانی جێگای گوتاری کوردی پەتی بگرێتەوە.

٢- ژێرخانی ئابوری لە سەربنەمای خۆبژیوی رێژەیی و دوور بوونەوە لە بەستراوەیی ئابووری بنەڕەتی رێک بخرێ.

٣- سوپای یەکگرتوو وتۆکمە پێک بێ. سەنعەتی چەک و چۆڵی پێشکەوتوو دابمەزرێ و بە پێ زانستی رۆژ پەرەی پێ بدرێ.

٤-باشووری کوردستان لە لایەن سنووری دەسەڵاتی فەرمی چوار ووڵاتی داگیرکەری کوردستانەوە دەورە دراوە، بۆیە قووڵایی ستراتیژی زۆر لاوازە. سەرەڕای ئەوەش دەسەڵاتی ئەم بەشەی کوردستان بە نیسبەت سێ پارچەی دیکەی کوردستان ئەرکێکی مێژوویی و ئەخلاقی لە سەر شانە. مامڵە کردن لەگەڵ وڵاتگەلی دراوسێ لە سەر حیسابی پارچەکانیتر لەلایەکەوە رەوایی ئەخلاقی و مێژوویی ئەم دەسەلاتە دەخاتە ژێر پرسیار و لە لایەکی دیکەوە بەستراوەیەکی کوشەندە دروست دەکا، هەربۆیە لە ئەگەری نەبوونی پشتیوانی پارچەکانی دیکەی کوردستان چ وەک هێزگەلی سیاسیی و چ وەک جەماوەری دانشتووی ئەم بەشانە، قوڵایی ستراتیژی باشووری کوردستان زۆر لاواز و لاوازتر دەبێ. لەم سۆنگەوە، رێز دانانی بەرامبەر بە یەک، راوێژ و هاوکاری ە کاری هاوبەش یەکێ لە گرنگترین و حەیاتیترین ئەرکەکانە کە پشکی شێری ئەم ئەرکە لە سەر شانی دەسەڵاتی باشورری کوردستانە.

٥-دۆزینەوە دوستی دەرەکی بە لە برچاوگرتنی هاوکێشەگەلی ناوچەیی و جیهانی و پێگە و بایەخی ئابووری و ژیوپۆلێتیکی کوردستان لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش. دووری کردن لە بەڵێن و پەیمانی زارەکی و نافەرمی. پێویستە پێوەندیەکان چەند جەمسەری بکرێ و هەموو هێلکەکان لە سەبەتێ لایەنێک دانەنرێ.

دەرئەنجام:

رەوتی رووداوەکان و مێژووی پێوەندی رابردوو و ئیستای نێوان کوردستان و دەوڵەتی ناوەندی عێراق دەرخەری ئەم راستیەیە کە چارەسەری کێشەکان بە گۆڕینی کەس و گرووپەکانی پانتایی دەسەڵاتی عەرەبی چارەسەر نابێ. تاقیکردنەوەی تاقیکراوەکان ساویلکەیی سیاسیە و لە باشترین حالەتدا سەرپۆش نانە سەر راستیەکان و سڕینەوەی خۆدی کێشەکەیە، نەک چارەسەری. خۆ ماندوو کردن و کات بە فێڕودان سیاسەتێکە لە بەرژەوەندیی حکوومەتی عێراقیدا دەشکێتەوە. کاتی ئەوە هاتووە بە خۆدا چوونەوەیەکی بنەمایی بکەین  و واز لەم یاریەی گۆڕینەوەی ئەم شوۆنیت بە ئەویتر بێنین و لە مێتۆدگەلی بنەمایی بکۆڵینەوە. 

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی