ساڵانێکی زۆرە لە میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتی دا ، زۆر جار یاد لەو ڕۆژانە دەکرێ کە ڕێژیمی ئاخوندی شار و دێهاتی کوردستانی لە سەدەی ڕابردوو دا قەتلوعام کردووە .
لە تەواوی ئەو ساڵانە دا من و زۆربەی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب کە تێکۆشانمان لەو ناوچەیە بووە ، ناڕەزایەتیمان دەر بڕیوە لەوەی کە بۆچی کاتێک یاد لەو شوینانە دەکرێ کە کەوتوونەتە بەر شالاوی ڕێژیم ، یان باسی ئەو گوندانەی شیمالی کوردستان کە وەبەر هەمان شاڵاو کەوتوون ناکرێ ، یان ئەگەر بکرێ بە هەڵەی وەک ناوی گوند ، ڕێکەوتی خولقانی جینایەتەکە ، یان ناوی کەسانی قوربانی لە باس کردنەکە دا وەبەر چاو دەکەون .
با ئەوەش زیاد بکەم کە ئەوە نیە ئەو خەبەرانە کاتی خۆی لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بڵاو نەبوونەتەوە . ئەوەش نیە کە لە سەر ئەو ڕۆژە ڕەشانە هیچ شتێک نەدرابێتەوە حیزب . بە پێچەوانەوە هەمووی ئەمانە بە چەندین جار دراوەتە ئۆرگانەکانی سەرووی حیزب .
هەر ئەمڕٶ لە بەرنامەیەکی تیشک تی ڤی دا و بە دەنگی بەڕێز ناهید حوسەینی باس لەو گوند و شوێنانە کرا کە لە لایەن ڕێژیمی ئاخوندی یەوە کەوتوونە بەر شاڵاوی قڕ کردن . دیسان وەک جاری جاران کە هاتە سەر شیمال ، بەداخەوە هەموو شوێن و جێگاکان بە سەر و گوێلاک شکاوی باس کرا ن . لێرە دا دەمەوێ بۆ جارێکی دیکەش بە کورتی وەبیر بەڕیزان بێنمەوە کە ناوەکان و شوێنەکان وەک خۆیان بخوێننەوە. پێم وانیە ئەو ناوانە هیندە غەریب بە زمان وئەدەبیاتی کوردی بن کە زمان لە دەر بڕینیان دا ئازار بکێشێ . هەر ئەو ناوانە لە باقی ناوجەکانی دیکەی کوردستانیش دا هەن و ناوی ئاشنان ، بەڵام کەمێک دیقەت کردن و بایەغدانی گەرەکە .
ئەو گوندانەی کە کەوتونەتە بەر شاڵاوی قەتلوعال :
١
گوندەکانی گێچە و هەڵەقۆشک. ناوچەی سۆما
ئەو دوو گوندە لە ناوچەی سۆما و لە ڕێکەوتی ٢.خاکەلێوەی ١٣٦٢ کەوتنە بەر هێرشی ڕێژیم و بەداخەوە لە گوندی گێچە ١٣ کەس و لە گوندی هەڵەقۆشک ٢ کەس بە شێوەی ڕەشە کوژی ئیعدام کران . ئەحمەد سەیران لە گوندی گێچە تەمەنی ١١٥ ساڵ بوو .
٢
گوندەکانی پیرانجغ و کانی ڕەش. ناوچەی سۆما
لە ڕۆژی ٧ ی خاکەلێوەی ١٣٦٢ ئەم دوو گوندە کەوتنە بەر هێرشی دڕندانەی هێزەکانی ڕێژیم و لە گوندی پیرانجغ ١٨ کەس ، لە گوندی کانی ڕەش ٧ کەس شەهید کران . لە گوندی پیرانجغ دایکی ٢ شەهید لە سەر جەنازەی کورەکانی گولەباران کرا.
٣
گوندەکانی کوورەی سەروو ، و کوورەی خواروو . ناوچەی ئەنزەل
١٩ ی خاکەلێوەی ١٣٦٢ کە لەو هێرشە دڕندانەیەش دا ١١ کەس شەهید کران کە لەنێویان دا مامۆستای ئائینی ناسراوی ناوچە ، مەلا جەلال و هەر وەها فەرزندە کوری عومەر خانی شکاک لە نێو شەهیدان دا بوون کە هەرکامەیان تەمەنی لە ٧٠ ساڵ زیاتر بوو .
٤
هەر وەها گوندە وێران کراوەکان بەم شێوەیەی خواروەن :
واربلند ١٣٦٣ . سپیدەرە ١٣٧٢ . قرغینک . ١٣٧٠ سۆلینک ١٣٧٠ . سپیندارۆک ١٣٧٠ . لۆرەشیرین ١٣٦٧ . ئەم گوندانە سەربە ناوچەی شپیرانن و خەڵکی ئەو گوندانە هەتا ئەم لەحزەیەش هەر بنەماڵەیەی لە شوێنێک بە کولە مەرگی ژیان بە سەر دەبەن و خاوەن شوێنی ژیان نین و ئیزنیان نەدراوە تا گوندەکانیان ئاوەدان بکەنەوە .
دێمان ١٣٦٣ . بۆتک ١٣٦٣ . ئەم دوو گوندەش سەربە ناوچەی کەنار بەڕٶژ ن . هە .تا ئێستاش ئاوەدان نەکراونەتەوە
کەلان کانی ١٣٦٣ کاولان ١٣٦٤ . ئەم دوو گوندەش سەر بە ناوچەی گەلی بەردەڕەش بوون .
کانی سپی ١٣٦٤ سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕ .
ئەوانەی سەرەوە تەنیا و تەنیا بۆ وەبیر هێنانەوەیە و بەس ، ئەگینا زانیاریی پێویست لە لایەن زۆر هاوڕێ و تەنانەت کۆمیتەکانی حیزب لە شیمالی کوردستان هەم کاتی خۆی و هەم دواتر گەیەندراون بە ئۆرگانەکانی حیزبی و لە بڵاو کراوەی ” جنگ در کرستان ” دا هەن .
هیوادارم ئیدی لەمەو دوا ڕاگەیاندنەکانی حیزب بە دوروستی ئەم ناوانە بخوێننەوە .
{jcomments off}