"an independent online kurdish website

به‌ڕێوه‌چوون و به‌رپاکرانی پێشانگه‌ له‌‌ هه‌ر ئاست و بوارێکدا بێت،بۆ خۆ ڕووداو و بویه‌رێکی هه‌ره‌ گرینگه‌ بۆ ئاگاداربوونه‌وه‌ له‌ دواده‌سکه‌وت و زانیاری و نوێگه‌ری و تا‌زه‌کان له‌ هه‌ر بوار و به‌ستێنێکداrojname_peyker_0

و گه‌ر له‌ کۆمه‌ڵگه‌ و وڵاتێکی ئازاد و خاوه‌ن دیموکراسییه‌تیشدا ساز بدرێ،دیاره‌ نیشانه‌ بۆ باڵابوونی ئاستی شعوور و وشیاریی  کۆمه‌ڵگه‌یه‌.

نۆزده‌هه‌مین پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی چاپه‌مه‌نی و ئاژانسه‌کانی هه‌واڵ له‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌وه‌،7   ی گه‌ڵاڕێزانی 1391ی هه‌تاوی  و 28ی ئۆکتۆبه‌ری 2012 ی زایینی  به‌ به‌شداری نزیکه‌ی 30 وڵات و  2380 ڕۆژنامه‌ و بڵاڤۆکی ئێرانی له‌ 31 ستان و پارێزگه‌ی ئێرانه‌وه‌ له‌ شاری “تاران “ده‌س پێبوو و هه‌تا ڕۆژی 13ی گه‌ڵاڕێزان ،3ی نۆڤمبه‌ر ،به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌م پێشانگه‌یه‌ له‌ سێ به‌شی چاپه‌مه‌نییه‌کان،ئاژانسه‌کانی هه‌واڵ و ماڵپه‌ڕه‌کاندا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ.

rojname_peyker

 50  ژوور و بنکه‌ بۆ به‌شی بڵاڤۆکی نێوده‌وڵه‌تی ته‌رخان کراوه‌ و نزیکه‌ی 80 ڕۆژنامه‌نووس و په‌یامنێر له‌ وڵاته‌ جۆربه‌جۆره‌کانی جیهانه‌وه‌ تێیدا به‌شدارن.  بۆ وتن ده‌شێ له‌ به‌شی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌م پێشانگه‌یه‌دا زێتر وڵاتانی ئه‌فریقایی و دۆستی کۆماری ئیسلامی  میناک سووریا به‌شدارن و هیچ وڵاتێکی ئه‌وروپایی به‌شداری ئه‌م پێشانگه‌یه‌ نه‌بووه‌. به‌ڵام به‌شی ئێمه‌ی کورد له‌م پێشانگه‌یه‌دا. له‌ خودی “تاران”ی پێته‌خت  که‌ جاران خوالێخۆشبوو “حه‌سه‌ن سه‌لاح”(مامۆستا سۆران) ئه‌یوت “ده‌ور و به‌ری 5 ملیۆن کوردی تێدایه‌”،بڵاڤۆک و ده‌نگ و نووزه‌یه‌کی کوردیت به‌ردیده‌ و به‌رگوێ ناکه‌وێ. له‌ به‌ناو چوار ئوستان و پارێزگه‌ی ئێرانیی گوته‌نی “کوردنشین”یشه‌وه‌، له‌ ئوستانی ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوا‌وه‌ ته‌نانه‌ت ڕووپه‌ڕێکی کوردیی تێدا نابینرێ و هه‌مووان یان فارسیین یانژی تورکی و جێی خۆیه‌تی هه‌زار ده‌ستخۆشانه‌ و ئافه‌رم بۆ تورکه‌کان بنێرین.ئه‌و وه‌خۆکه‌وتنه‌وه‌ و بێداربوونه‌وه‌ له‌ پێشانگه‌ی کتێبی تارانیشدا له‌ ناو تورکاندا به‌رچاو بوو. له‌ پارێزگه‌ی “ئیلام”ه‌وه‌ ،نزیکه‌ی 10 حه‌وته‌نامه‌ و دووحه‌وته‌نامه‌ به‌شدارن که‌ مه‌خابن ته‌نانه‌ت یه‌ک ڕووپه‌ڕیشیان بۆ کوردیی نییه‌.ئه‌وه‌ی له‌و به‌ینه‌دا به‌لامه‌وه‌ گرینگ و سه‌رنج ڕاکێش بوو ،هه‌رکه‌ ڕووم له‌ ژووره‌که‌ی ستانی ئیلام کرد و گله‌ و ڕه‌خنه‌ی خۆم به‌رامبه‌ر نه‌بوونی ته‌نانه‌ت تاقه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌کی کوردیی(که‌ڵهوڕی) له‌ ناو  ئه‌و گۆڤارانه‌دا به‌ زماندا هێنا ،به‌رپرسی ژووره‌که‌ زۆر به‌ دڵێکی کراوه‌ و سینگێکی فرا‌وانه‌وه‌ وه‌رگری ڕه‌خنه‌که‌م بوو و  بۆ خۆیشی له‌ده‌ست ئه‌و که‌لێنه‌ دڵگران بوو. ئه‌مه‌م به‌لا‌وه‌ زۆر گرینگ‌ و خه‌مخۆرانه‌ و دڵسۆزانه‌ هاته‌ به‌رچاو که‌ شوکر وا خه‌ریکه‌ وریابوونه‌وه‌یه‌ک له‌ ده‌ڤه‌ری ئیلامدا به‌رامبه‌ر به‌ کولتوور و فه‌رهه‌نگی کوردیی به‌رچاو ده‌که‌وێ و مژده‌ی ڕۆژانێکی ڕوون بۆ داهاتوو ده‌دات.به‌ڵام هه‌مان پرس بۆ ستانی “کرماشان”یش به‌ڕاست ئه‌گه‌ڕێ و بڵاڤۆکێکی سه‌رنج ڕاکێشت به‌رچاو ناکه‌وێ و هه‌مووان به‌ ڕیکلام و  بابه‌تی ڕۆژانه‌ و که‌م بایه‌خه‌وه‌ پڕ کراونه‌ته‌وه‌..

feqeyati

 له‌ ئوستان و پارێزگه‌ی “کوردستان”یشه‌وه‌   چوار – پێنج بڵاڤۆکێکت به‌رچاو ده‌که‌وێ که‌ هه‌مووان هی ساڵانی پێشوون و ڕۆژنامه‌ و گۆڤارێکی نوێ و تازه‌ت پێ شک نایه‌.له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ی به‌ردیده‌ ده‌که‌وێ چه‌ند گۆڤارێکی ساڵانی ڕابردوون که‌ یان ئیدی ڕاگیراون و بڵاو نابنه‌وه‌ یاخۆ گه‌ر بڵاویش ببنه‌وه‌ له‌ ناوه‌رۆکی کوردیی به‌تاڵن و زیاتر بۆ پڕکردنه‌وه‌ و سه‌رقاڵکردن و پڕۆپاگه‌نده‌کردنن بۆ کۆماری ئیسلامی. نموونه‌ی هه‌ره‌ ڕوونیش  هه‌فته‌نامه‌ی “نیشتمان”ه‌ که‌ جگه‌ له‌ ناوه‌ کوردییه‌که‌ی ،فڕی به‌سه‌ر زمانی کوردییه‌وه‌ نییه‌ و نووسینێکی کوردیی تێدا نابینرێ. له‌ تاریک و نووته‌کترین ڕه‌وشی پاش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێراندا تا هه‌نووکه‌ دۆخی  چاندیی و فه‌رهه‌نگیی چاپه‌مه‌نیی و ڕاگه‌یاندنی کوردیم ئه‌وه‌نده‌ به‌سته‌زمانانه‌ نه‌هاتبووه‌ به‌رچاو. ئه‌مه‌ سه‌رچاوه‌ له‌ بوونی ئازادیی بۆ ئێرانیی گوته‌نی “که‌مینه‌کان” ده‌گرێ !! ئه‌گینا ئه‌وه‌نده‌ هه‌ستی پاک و قه‌ڵه‌می به‌پێز و گیانی کوردانه‌ت پێ شک دێت که‌ ده‌یان گۆڤار و بڵاڤۆکی وه‌ک “سروه‌” ده‌ربکات که‌ سه‌رده‌مانێک  هه‌ر له‌ ده‌وره‌ی ژیانی کۆماری ئیسلامییدا شۆڕش و هه‌ژانێکی خسته‌ ناو کوردی ڕۆژهه‌ڵات و بۆ ساڵانێک کۆمه‌ڵگه‌ی به‌رامبه‌ر واقیعی خۆی و ڕابردووی پرشنگداری کولتووری کوردیی ئاگادار کرده‌وه‌.له‌و نێوانه‌دا له‌ حه‌ق لا نه‌ده‌ین ،له‌ ژووره‌که‌ی ستانی کوردستاندا سیمایه‌کی هونه‌ریت به‌رچاو ده‌که‌وێ که‌ بۆ ئه‌وانه‌ی به‌و ناوه‌دا تێده‌په‌ڕن، به‌ فارسی تێی ده‌ته‌قێنێ و به‌ زمانێکی گاڵته‌جاڕییانه‌ ،سه‌رنج ڕاکێشه‌ .کاتێک گله‌ی لێده‌که‌م که‌ “برا ئێره‌ به‌ناو ژووری کوردستانه‌ و گه‌ر لانیکه‌م هیچت پێ نییه‌ له‌باری زانیارییه‌وه‌ به‌ خه‌ڵکی ببه‌خشی،خۆ له‌ ده‌ستت دێت به‌ کوردیی خۆ بنوێنی و شتێکی کوردیت به‌ زماندا بێت”؛ئه‌ویش خێرا  ده‌مێک و هه‌وایه‌کی کوردیی به‌ زماندا دێت و پاشان ده‌ڵێ :”ئابرا ئه‌ویچ بۆ تۆ”!  جا وه‌ره‌ و ئاستی وشیاریی به‌رپرسێکی فه‌رهه‌نگیی کورد سه‌یر بکه‌! سیاسه‌تی ترساندن و تۆقاندن  یان به‌ واتایه‌کی ڕاستتر و دروست تر، له‌ خۆ نامۆکردن له‌ لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆکه‌ له‌ ناو به‌شێکی جه‌ماوه‌ری کوردستاندا جۆرێک له‌ که‌مته‌رخه‌میی و  خه‌مساردی و سڕبوونی هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری دروست کردووه‌  که‌ ساڵگارانێکی زۆر کار و هه‌وڵی فه‌رهه‌نگیی و چاندیی و ڕۆشنگه‌ریی به‌رامبه‌ر سامان و سه‌رمایه‌ی کولتووری کورد ده‌وێ تا خه‌ڵکه‌که‌ له‌و دۆخه‌ ترسناک و هه‌ژێنه‌ره‌ ده‌رباز بکرێ و جه‌ماوه‌ر  به‌ دڵ و به‌گیان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ باوه‌شی کۆمه‌ڵگه‌ و کولتووره‌که‌ی.ئه‌مه‌ حاڵی شپرزی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ پێشانگه‌ی چاپه‌مه‌نی و بڵاڤۆکی تاران و ڕۆژنامه‌گه‌ری ئازادی ناو کۆماری ئیسلامییدایه‌ .

  تاران

11 ی گه‌ڵاڕێزانی 2712

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی