"an independent online kurdish website

ئەوەی کە ڕێکخراوێکی مەدەنی یان ڕۆشنبیری لە حیزبێکی سیاسی جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە حیزبی سیاسی لە کۆمەڵە کەسانێک پێکدێن کە خاوەنی ئیدئوولوژی و ڕێبازی سیاسی هاوبەشن، بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراوی سیاسیali_qenberi

کە گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی یەک لە ئەوانەیە لە ژێر چەتری ڕێکخراوێکی سیاسیدا کۆدەبنەوە و جەماوەر لە دەوری بەرنامەیەکی دیاریکراو بە دەوری خۆیاندا کۆدەکەنەوە.

 بوونی حیزبی سیاسی لە هەموو کۆمەڵگایەدا پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە و بە تایبەت لە وڵاتی داگیرکراو و ستەملێکراوی ئێمەدا بوونی حیزبی سەردەمیانە، پێشڕەو، خەباتکار، دیموکرات و دادپەروەر هەر وەک نان و ئاو بۆ ئێمە پێویستە و دەبێ کولتووری حیزبایەتی پێشکەوتنخواز پەرە پێ بدەین!

بەڵام ڕێکخراوی مەدەنی لە زۆر بواردا ئەو کەلێن و قوژبنانەی پڕ دەکاتەوە کە بە کردەوە لە توانای حیزبی سیاسیدا نییە! ڕێکخراوی مەدەنی دەتوانێ بەشێک لە ئامانج و ئەرکەکانی ڕێکخراوی سیاسیش لە ئەستۆ بگرێت و زۆربەی کارەکانی زەمینە خۆشکەر و ڕێگەخۆشکەر دەبن بۆ خزمەتکردن بە پرۆژە سیاسیەکانی کۆمەڵگا کە، نە تەنیا زیان بە حیزبی سیاسی ناگەیەنێ، بەڵکوو ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەو خۆ لە بەرژەوەندی ئامانجەکانی ئەویشدا دەبێت.

لە ڕێکخراوی مەدەنیدا ئەندامەکان و چالاکانی بۆ کۆمەڵە ئامانجێکی دیاریکراو خەبات ئەکەن کە لە ئەساسدا گشتگیرن و پێوەندییان بە ئایدوولوژیایەکی دیاریکراوەوە نییە، هەر بۆیە ئەندامەکانی دەتوانن خاوەن ئایدوولوژیا و بیری سیاسی یان ئایینی جیاوازیش بن و زۆریش ئاسایی دەبێ کە پێکەوە کار بکەن.
بۆ نموونە خەباتی ژنان لە دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی، یان خەباتی کرێکاری بۆ باشتر کردنی حەقدەست و خزمەتگوزاری باشتر، یان خەباتی خوێندکاران بۆ باشتر کردنی شێوازی وانە وتنەوە یان خزمەتگوزاری لە زانکۆکان، یان خەباتی خەڵکی شارێک بۆ باشتر کردنی ژیان لە شارەکەیان دەکرێت لە ڕێکخراوێکی مەدەنیدا ڕێکبخرێن. هەر وەها دەیان کەم و کاستی تر لە کۆمەڵگادا هەن کە دەکرێت لە ڕێگای ڕێکخراوی مەدەنییەوە کاری بۆ بکرێت و خەڵکی لە دەور کۆ بکرێتەوە.
ئەندامە چالاکەکانی ڕێکخراوی مەدەنی خۆبەخش کار دەکەن وچاوەڕوانی هیچ پاداشتێک نین و زۆر جاریش تووشی مەترسی و هەڕەشەی دەسڵات و ئەم و ئەویش دەبنەوە.
بوونی ڕێکخراوی مەدەنی لە هەر کۆمەڵگایەکدا نیشانەی ئاستی پێشکەوتن و گەشە کردنی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە دەگەیەنێت!
لە کۆمەڵگای کوردیدا چەندە زیاتر ڕێکخراوی مەدەنیمان هەبێت، ئەوەندە زیاتر بیری دیموکراسی، پلورالیزم، تولەرانس و یەک قەبووڵ کردن بە هێزتر دەبێت!
 ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە ڕاستیدا دەتوانن ڕۆڵی چاودێرانی سیاسی و پارێزەرانی دیموکراسیش لە کۆمەڵگای خۆیاندا بگێڕن!

ڕۆڵێ ناوەندی کرماشان دیالۆگ

ناوەندی کرماشان دیالۆگ وەک ڕێکخراوێکی مەدەنی کە مەیدانی خەباتی خۆی ڕوو لە ناوچەکانی سەر بە پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام و ناوچە لەک و لوڕ نشینەکانە، کۆمەڵیک ئامانجی بۆ خۆی دیاریکردووە کە لە بەرژەوەندی هەموو گەلی کورد و بزووتنەوەکەی بە گشتی و خەڵکی ناوچەکەی خۆی بە تایبەتیدایە کە بە کورتی بریتییە لە:
١ – پەرە پێدانی فەرهەنگی دیالۆگ و لە یەک تێگەیشتن لە ناو هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی، ئایینی و مەزهەبی، سیاسی و زاراوەیی و………هتد

٢ – پەرە پێدانی کولتووری یەک قەبووڵ کردن و پێکەوە ژیان، ڕێز گرتن لە ڕەنگی جیاواز و بیری جیاواز

٢ – پەرە پێدانی کولتووری دیموکراسی خوازی و گەشە پێدانی بیری ئازاد

٣ – پەرە پێدانی فەرهەنگی عیلمانیەت (سکولاریزم) بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دین لە دەوڵەت جیاواز کە هەموو مرۆڤەکان لە هەڵبژاردن یان هەڵنەبژاردنی هەر دین و مەزهەبێکدا بۆ خۆیان ئازاد بن و ڕێزیشیان لێ بگیرێ.

٤ – لە ڕەوانگەی ناوەندی کرماشان دیالۆگەوە  کورد بوون، کوردستانی بوون و هاوچارەنووس بوون دەبێ ببنە بنەمای هاوخەباتی و بە یەکەوە گرێدانی هەموو دانیشتوانی پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام و پاڕێزگا لەک و لوڕ نشینەکانی تری ئێران.

٥ – ناوەندی کرماشان دیالۆگ لە کۆمەڵێک کەسی سەر بە ئەو ناوچانەوە کە بە زۆری لە دەرەوەی وڵات  دەژین پێکهاتووە کە خاوەن ڕابردووی سیاسی و مەدەنی جیاوازن، لە پێكهاتە جیاوازەکانن، بەڵام کورد بوون، هاو وڵاتی بوون و هەست بە بەرپرسیاری کردن لە ئاستی ڕووداوە نەخوازراوەکانی دواڕۆژدا هەستاون بە دامەزراندنی ئەم ناوەندە مەدەنییە.
٧ – تا چەندە ئەم ڕێکخراوە دەتوانێ لە ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بێت، گرێدراوە بە ئەوەی تا چەندە لە لایەن خەڵکی خۆمانەوە پشتگیری لێ دەکرێت؟ چەندە بە چالاکانی و ئەندامەکانی زیاد دەبێت و بە گشتی پێشوازی خەڵک چی دەبێت؟

٨ – لە کۆتاییدا، تا ئەو جێگایە کە من وەک ئەندامێک لە ئەو ماویەدا لە گەڵ ئەو هاوڕێێانەدا بووم کە کارمان بۆ دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە مەدەنییە کردووە، ناوەندی کرماشان دیالۆگ، ڕێکخراوێکی مەدەنی سەربەخۆ بە دوور لە گرێدراوی حیزبی یان ئایینی و مەزهەبییە!  ئەم نیهادە هەر وەک پێشتر باسم کرد، کار دەکات بۆ دیالۆگ، پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و یەک قەبووڵ کردن، هەوڵدان بۆ بردنە سەرەوەی هەستی کوردبوون و کوردستانی بوونی ناوچەکە،
پەرە پێدانی فەرهەنگی، پێشکەوتنخوازی  دیموکراسی و سکولاریزم و دادپەروەی لە کۆمەڵگادا!
ئێوەی بەڕێز دەتوانن لە سەر ماڵپەڕەکان پێڕەو و پرۆگرامی ناوەندی کرماشان دیالۆگ بە هەر دوو زمانی کوردی و فارسی بخوێننەوە.
هیوادارم کە هەموو لایەن و کەسێکی خاوەن هەست و ئازادیخواز و بە تایبەت خەڵکی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتگیری لە ئەم ڕێکخراوە بکەن!
عەلی قەنبەری، یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری ناوەندی کرماشان دیالۆگ ٢٢ – ١١ -٢٠١٢
تێبینی:
ئەم وتارە زمان حاڵی خۆمە کە لە سەر ڕێکخراوی مەدەنی و ناوەندی کرماشان دیالۆگە.

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی