مەسەلەی خۆكوشتن و خۆسوتانی مرۆڤەكان پەیوەندە بە كۆمەڵێك فاكتەری خودی و بابەتییەوە، هەڵبەت ئەمەش بەگوێرەی پێشكەوتن و كولتووری كۆمەڵگەكان دەگۆڕدرێت.
بە كەرەستە كردنی ژیان و بە ئامڕازكردنی مرۆڤ بۆ قازانجی مادی و پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا بەتایبەتی ئامڕازەكانی پەیوەندی كردن، مرۆڤی لە بەرگە سروشتییەكەی داماڵیوە و وەك رۆبۆتی لێهاتووە، مرۆڤی تووشی نامۆ بوون كردووە، لەرووی نەفسییەوە مرۆڤەكان تەنیا و گۆشەگیر و بێ هاوڕاز بوونە و پەیوەندی و كارلێكە كۆمەڵایەتییەكانی لاواز و سست و كەم كردۆتەوە.
ئەمانەش وایكردووە مرۆڤ هەست بە لاوازی كەسێتی خۆی بكات و وا هزر بكات كە بەتەنیا ماوەتەوە، بۆیە كاتی سەرهەڵدانی بچوكترین كێشە یان گرفتێك، مرۆڤ پەنا بۆ خۆكوشتن و خۆسوتان دەبات، بەتایبەتی ئەم حاڵەتە زێتر لەناو ژناندا باوە و لە كێشە كۆمەڵایەتییەكاندا، كە توانای زاڵبوون و چارەسەر كردنی نییە و، خۆی بەتەنیا دەبینێتەوە و پشت و پەنا شك نابات، ناچارانە رێگەی مردن هەڵدەبژێرێت، ئەمەش روویەكی تری هەیە بەتایبەتی لەهەرێمی كوردستان.
ئەوەیە كە لەخێزانی كوردیدا پەیوەندییە خێزانییەكان مرۆییانە و هاوڕێیانە نین و تاك بەتایبەتی ئافرەت، ئەو ئازادی و مافەی نییە كە رای خۆی بدات و بتوانێ كێشەكانی بۆ ئەندامانی خێزانەكەی باس بكات و هاوكاری بن، هەروەها هێشتا كۆمەڵگەی ئێمە نەگەیشتۆتە ئەو ئاست و قەناعەتەی كە لە كاتی كێشەكان پەنا بۆ توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونی ببات بۆ چارەسەری كێشەكانی، ئەمە وێرای ئەوەی كە كەسایەتی تاكی كوردی، لاوازە و بونیادێكی پتەو و تەندروستی نییە و، بەرگەگر نییە، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی جەنگە بەردەوامەكانەوە، لەبونیادی كەسایەتی كوردیدا هەمیشە توندوتیژی و كوشتن و خۆكوشتن و مەرگویستی ئامادەگی هەیە.
لەهەرێمدا، بەهۆی پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆجی و لایەنی مادی و خاویی پێشكەوتنی لایەنی كولتوریی و مەعریفیی تاكەكان، بۆشایی و بەریەككەوتن دروست بووە و بەرهەمهێنەری سەدان كێشە و گرفتی كۆمەڵایەتییە. هەندێجار دەرەنجامی ئەم كێشە و گرفتانەش بە خۆكوشتنی مرۆڤێك كۆتایی دێت.
بە كورتییەكەی، ژینگە كۆمەڵایەتییەكە هۆكارە بۆ زۆربوونی ئەو حاڵەتانە، سەرەڕای بونیادی كەسایەتی تاكەكە و ئاستی مەعریفی كەسەكە.
پێویستە هەوڵبدرێت رێ لەم حاڵەتە بگیرێت یان هۆكارەكانی كەمبكرێتەوە، بەرلەوەی لە دەست دەربچێت و ببێتە دیاردە. ئەمەش بەوە دەكرێ كە ژینگەی كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و كولتوریی و دەستەبەركردنی ژیانیی تاكەكان باشتر و خۆشتر بكرێت و تاك وەك مرۆڤ هەست بە مرۆبوونی خۆی بكات لەم وڵاتەدا.
ئەركی حكومەتی هەرێمە ئاوڕی جیدی لەم مەسەلەیە بداتەوە و چیتر وەك یاد و بۆنە ساڵانە ئیشی لەسەر نەكرێ و دەیان ملیۆن دیناری ئەم خەڵكە بۆ هوتێل و خواردن و گەشت و گوزار و كەسانی بەناو دەمڕاستی ئەم مەسەلەیە خەرج نەكرێ، بەڵكو كاریی جیدی و بنەڕەتی و بونیادنەرانە و كرداریانە بهاوێژرێت و لە كرۆكی كێشە و گرفت و هۆكارەكمان بكۆڵرێتەوە، نەك لە هۆڵەكان و هوتیلە راقی و 5 ئەستێرەییەكان، بە سمینار و كۆڕیی چەند خولەكی بۆ بەرپرسە هەمیشە دووبارە بووەكان، بۆ ماوەی هەفتەیەك مەلەسەكە باسی لێوەبكرێت و دواتر قەڵاوقوڵپی لێبكرێت.{jcomments off}