"an independent online kurdish website

لە رۆژهەلاتی کوردستان پارتایەتی بگرە تا کۆتایی شەستەکان وەک دیاردەیەکی پیرۆزو لە رەخنە بەدور لە شەقام‌و بەردێ کوردەواریدا سەیر دەکرا. فیداکاری پێشمەرگەو شەرو بەرگری کردن‌و شەهید بوون‌و لە بەرانبەردا ئەمەکناسی خەلک‌و خەلکی بوونی جولانەوە کوردیەکانی رۆژهەلات‌ وایکردبوو کە جولانەوەو خەلک بە ئاستەم لێک‌ جیابکرنەوە.dilshad_horami

لە سەردەمی شەری شاخدا بەستەری هەموارو مەجالی گونجاو بۆ دەربرینی بیرۆکەکانی تاکی روناکبیرو رەخنەگری کوردیش بە هەزارو یک دەلیلی بە جێ لەبارو رەخساو نەبوون.
ئاستی کەمی خوێندەواری کۆمەلگای کوردی، دەست رانەگەیشتن بە جیهانی دەرەوە، نەبوونی کانالەکانی پەیوەندی‌و پڤەبوونی باسەکانی پەیوەندیدار بە پێشمەرگەو حیزبەکانەوە قۆناخێکی پڕ لە بێدەنگی کۆمەلگاو بزافی رۆشنبیری کوردی رۆژهەلاتیان دروست کرد.
لە نەبوونی رەخنەگرو چاوەدێرو جیابیردا حاشای لێ‌ناکرێت کە لە ئاستی سەرەوەو خوارەوەی پارتە کوردیەکانی رۆژهەلاتدا هەلەی کوشەندەو ئاکاری بێزارو ناتەبا لە گەل مانیفیستەکانی خۆیان رویداوەو لە لاپەرە نەنوسراوەکانی مێژوماندا نێژراوە.
تا چەند سال بەر لە ئێستاش رەخنەگرو وەک خۆ بیرنەکەر لە باشترین حالەتدا پارت بەدەر کراوەو جارجاریش هەر بۆ مەزەیش بووە ئەنگی جاشیەتی‌و سەر بە نەیار بوونی پێوە لکێندراوە.
هیچ حیزبێکی کوردی لە رۆژهەلاتی کوردستاندا نادۆزیتەوە کە شەقی لە رەخنەگر و جیابیر هەلنەدابێت، مەگەر ئەوە کە هێشتا دروست نەکرابێت!
کارنامەی حیزبە کوردیەکان بەرانبەر بە ئەندامانی جیا بیرو رەخنەگرو نارازی خۆیان هێندە پێشکەوتوانە نەبووە کە ئینسان بتوانێت بەرگریان لێ‌بکات، بەلام ئەم حیزبانە کە لە ناوەوەی خۆیان بەرگەی بچوکترین نارەزایەتی‌و رەخنەیان نەگرتووە لە دەرەوەی تەشکیلاتەکەیان هێندە دێموکرات‌و پێشکەوتو خۆیان نواندوە کە هێندێک جار مرۆڤ نایانناسێتەوە.
هیچ پارتێکی کوردی لە رۆژهەلاتی کوردستاندا تاکو ئێستا کە “پارتی ژیانی ئازادی کوردستان”مان تێدا هەلکەوتووە تا ئەو رادەیە چاو قایم نەبووە کە بە ئاشکرا هەرەشە لە رەخنەگران‌و روناکبیران بکات و بە دوژمنی خۆی پێناسەیان بکات.
فتوای کوشتن دەرکردن ئەویش لە راگەیاندنی پارتێکەوە کە ئەوانەی پێش خۆی بە کلاسیک و سۆنەتی‌و دواکەوتوو ناوزەد دەکات، ناتەباو نارەوایەو بە ئاشکراش پەلکێش کردنی کۆمەلگایە بۆ قۆناخێکی پڕ لە ترس‌و دڵەڕاوکێ کە سالانێکە کۆماری ئیسلامی ئۆرجینالەکەی لە سەرانسەری ئێراندا خۆلقاندووە.
بە دژە گریلا ناوزەد کردنی رەخنەگران ئەگەر هەرەشەی ئاشکرایە بۆ سەر گیان‌و ئازادی روناکبیری جیابیری کورد لە هەمانکاتدا گریلا یا ئەندامی چەک لەشانی پارتەکە بە بونەوەرێک شۆبهاندو دانانە لە سەرەوەی کۆمەلگاو تاکەکانی. ئەم خۆ فەرزکردن و خۆ پیرۆزایەتی فرۆشتن بە خەلک لە پێناو چیداو تا ئەو رادەیە کۆپی هەلگرتن لە سیستمێکی فەشەل‌و خوێنمژی وەک کۆماری ئیسلامی لەقازانجی کێ‌ ؟
جوولانەوەی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستاندا ئەگەرچی بە درێژایی مێژوی خۆی خەریکی خۆخواردنەوەو خۆ کوژی ناوخۆ بووە بەلام هیچ‌کات ئەو ئیزنەی بە خۆ نەداوە کە بەروی کۆمەلگاو ئەو کەسانەدا بوەستێتەوە کە وەک ئەو بیرناکەنەوە.
پارتەکانی رۆژهەلاتی کوردستان ئەگەرچی بە درێژایی دوو دەهەیە مەحکوم بە کەمپنشینی کراون، بەلام ئەم دۆخە نا ئاکتیڤە هیچ‌کات نەیخستونەتە ئەو داوە کوشەندەوە کە هەلەو پەلەی خۆیان بە چاوسورکردنەوە لە خەلکانی‌ترو منەت کردن بە سەر کۆمەلگادا پاساورێژ کەن.
چەندین‌و چەند سالە کە “پژاک” لە گەل تەقاندنی هەر فیشەکێک‌و گرتنی هەر پایگا روخاوێک ئاشکراو نائاشکرا لە تیڤی‌و لە مەجلیسان تەشەری گرتووەتە کۆمەلەو دێموکرات تەنانەت بە بێ‌لەبەرچاو گرتنی ئەو راستییە کە ئەو دووپارتە زیاتر لە تەمەنی پارتی دایکی ئەوان “پکک” تەنیاو تەنیا خەباتی شاخیان کردووەو بە قەدەر هەموو پارتە کوردیەکان شەهیدیان لە رێ ئازادی ئەم خاکەدا داوە.
ئەوان “پژاک” بە پشت بەستن بە ئیستراتیژی کۆلان (گەمەی مندالان)، “هەمبوو هەمبوو حیساب نییە ، هەمە هەمە حیسابە” ئەوەی ناشایست بووە بە درێژایی چەند سالە ئاراستەی پارتە کوردیەکانی رۆژهەلاتیان کردووە. هەزاران‌جار لە هۆکاری کەمپنشینی ئەوان کۆلاونەتەوە، لە بەرنامەی راستەوخۆدا حاجی ئەحمەدی سەرۆکی پژاک کۆمەلەو دێموکراتی بانگهێشتی مەیدانی خەبات (قەندیلە حەیاتەکە) دەکرد، بێ‌ئەوە شەرم لەوە بکات کە خۆی لە ئالمان پالی لێداوەتەوە.

بە درێژایی ئەم گشت سالە خۆ فەرزکردن و خەبات فرۆشتنەی پارتی ژیانی  ئازادی کوردستاندا نەبینراوەو نەبیسراوە کە پارتێکی رۆژهەلاتی خۆی تا ئەو رادەیە چکۆلە کاتەوە کە پەنا بۆ توندوتیژی‌و هەرەشە بەرێت، کەچی “پژاک” کە خۆی بە میراتگری بیرۆکەکانی ئاپۆ* دەزانێ‌و بانگەشەی پێشکەوتنخوازی‌و دابەشاندنی حۆرمەت‌و کەسایەتی ئینسانەکان دەکات لە گەل یەکەم پرسیارەکانداو یەکەم گۆمانەکاندا هەلدەچێ‌ هەرەشەی کوشتن لە پرسیارکەرو رەخنەگرانی دەکات.
پژاک کە سالانێک مانەوەی پارتەکانی رۆژهەلاتی لە کەمپە داخراوەکاندا بە خیانەتی گەورە پێناسە کردووە، ئەو مافە لە کۆمەلگاو روناکبیرو رەخنەگری کورد دەگرێتەوە کە لێ بپرسن: لە چیای جاسوسان لە گەل کۆماری ئیسلامی لە سەر چ بنەمایەک رێککەوتنتان کرد؟
پژاک بە کفرو لادان لە گشت بنەماکانی دەزانێ کە پرسیاری لێ‌ بکەیت : چەکەکانتان بۆ بێ‌دەنگ کران؟ لە پێناو کام دەسکەوتدا؟ بۆ کام قازانجی نەتەوەیی؟ ئەسلەن بە چەند تەقەی تفەنگەکانتان فرۆشت؟
لێرەدایە (دوای هەرەشەنامەکەی بالی سەربازی پژاک) کە دەبێت روناکبیرو نوسەرو رەخنەگری کورد، ئەوەی خاوەنی بیرکردنەوەو بریارو لێکدانەوەیە لە خۆ بترسێت‌.
لێرەدایە (دوای هەرەشەنامەکەی بالی سەربازی پژاک) رەخنەگرو جیابیری کورد دەکەوێتە سەر دوورێیانی هەلبژاردن، بێ‌دەنگ بوون و سەری سەلامەت یا زمانی سورو سەری بەربادچو؟
لێرەدایە دوای دەرکەوتنی سیمای راستەقینەی پارتی بە ناو ژیانی ئازادی کوردستان گەلی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستاندا دەبێت داری هیوای ببرێتەوەو چاوەرێ داهاتویەکی گەش نەبێ دوای روخانی کۆماری ئیسلامی، کە ئەگەر ئەم هەرەشەنامە و ئەم جۆرە ئاخافتنە ئاست نزمە کۆلەکەی سیاسەتی ئەو پارتە بێت حالمان بە حالی سەگ دەبێت.

لەسەر سەرکردایەتی پژاکە تا زووە پێداچونەوەو بەدواچونەوە بۆ ئەو هەرەشەنامە ترسناکە بکات‌و بە فەرمی داوای لێبوردن نە لە روناکبیران‌و جیابیران بەلکو لە خەلکی رۆژهەلاتی کوردستان بکات، کە نوسین و بلاوکردنەوەی وەها راگەیاندنێک پێش گشت شتێک گالتەکردن و ئیهانە کردنی شعورو ئاستی تێگەیشتنی کۆمەلگایە.
با رەخنەگرانی پژاک و هەموو ئەوانەی وەک پژاک بیر ناکەنەوە لە هەر کوێ هەن پەنا بەرنە بەر ناوەندە ئەمنیەتیەکانی ئەو ولاتە بە تایبەت ئەو نوسەرو روناکبیرە رۆژهەلاتیانە کە لە هەرێمی کوردستان ژیان دەبەنە سەرو دەسەلاتی شوێنی ژیانیان لە هەرەشەیەک کە کراوەتە سەر ژیانیان ئاگادار بکەنەوە.

هیوادارم کە ئاستی رۆشنبیری‌و تێگەیشتنی سەرکردایەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لەو پلەیەدا نەبێت کە بە خوێن‌و گیانی جیابیران‌و ئەندامانی پارتەکانی‌تری کوردی بیهەوێت شکستەکان‌و هەلەکانی خۆی داپۆشێ، کە دلنیا هەلگرتنی هەنگاوی لەوچەشنەو دەست دان بە کرداری لەو چەشنە بەرەو نەمانی یەکجاری دەبات

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی