"an independent online kurdish website

هەنگاوەکانی دەست پێکردنی پرسی سیاسی و نەتەوایەتی کورد لە تورکیە پاش ئەوەیی دێت کە ڕیزدار ئۆجالان بە بۆنەیی هاتنی جێژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە  لە پەیامێکی ئاشتی و تێکۆشان بۆ ئەوەیی لە رێگایی دیالۆگی سیاسی  لە نێوان حکوومەتی تورکیە و سەرکردایەتی سیاسی کوردmuhamad_suleimani-0

کار بۆ هەموارکردنی نەخشە ڕێگایی ئاشتی و  چارەسەکردنی  مەسەلەی سیاسی کورد لەو ولاتەدا بکرێ و هەموو لایەک خەبات بکەن بۆ رەخساندنی زەمینەی گونجاو بە مەبەستی دۆزینەوەیی ڕێگاچارەیەکی شیاو کە تێیدا پرسی کورد لە تورکیەدا بە ئاکامی ئاشتی بگەیەنێت و کۆتایی بە قەیران لە نێوان کورد و  تورک بێت و زەمینەی سەقامگری بەرفراوانی سیاسی  لەو ولاتەدا پێک بێ کە بەقازانجی هەر دوو نەتەوەیی کورد و تورکە.

ئاشتی لە تورکیە لە بەرژەوەندی هەر دووک نەتەوەیی پێک هێنەری ئەو وڵاتەدایە و سیاسەتی وەلانان و پەراوێزخستن بێگوومان بۆ هیچ لایەک  خێری نابێت و تەنیا کێشەو ناکۆکیەکن قوڵتر و بەرفراوانتر دەکات و ئەو دەستەیی کە خەون بەو سیاسەتەوە دەبینیت تورکە ڕەگەزپرستەکانی ئەو ولاتەن بە ڕێبەرایەتی باخچەلی کە لایەنگری سیاسەتی نیزامی و ئەمنیەتی توند دەکات بە دژی کوردەکانی کوردستانی تورکیە، کە خۆشبەختانە ئەو هێزەیان نیە پێش بەرەوتی ئاشتی و ئازادی سیاسی  کورد لەو وڵاتە بگرێ.

هەر وەک سروشتی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلان و مێژووی قەیرانە سیاسی و نێونەتەوەیەکان لە ئاستی دونیادا، ئەو راستیەیان بۆ هەموو  سەلماندوە کە  هیچ لایەک  هەتا ئەگەر پشت بە هیزو جبەخانەشی ببستێ، ناتوانێت لە ڕێگایی توندوتیژیەوە بەسەر لایەکەیتردا سەر بکەوێت  ،  و ئاشتی و ئارامی سەقامگیر بکات لە وڵاتەکەیدا،  بە بێ  لە بەرچاوگرتنی مافی سیاسی  بەرانبەری و دۆزینەوەیی ڕیگایی چارەسەرکردنی کێشەو ئاڵۆزیەکان کە بەرۆکی حکوومەتیانگرتووە. کێشەی سیاسی و نەتەوەیی گەلی کورد  لە تورکیەی ئەمڕۆدا مێژوویەکی دێرنی هەیەو بەردەوام لە تورکیە هەوڵدراوە لە ڕێگایی زۆرەوە چارەسەربکرێ و  حاشا لە بوونی ئەو  مەسەلە سیاسی و نەتەوەیە بکرێ .

بەڵام دەبینین ئێستا ئەو سیاسەتە باوی نەماوەو گەورە دەسەڵاتدارانی تورکیە  ناتوانن مەسەلەی کورد لە وڵاتەکەیاندا بە هێند وەرنەگرن  و پشتگوێ بخرێ. هەتا زلهێزە گەورەو بەنفوزەکانی دویناش  ئێستا پشتیوانی لە سیاسەتی ئاشتی لە نێوان دوو نەتەوەیی پێک هێنەری تورکیە دەکەن و هەنگاوە سیاسی و دیپڵۆماسیەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەو پەیوەندیەدا بەرزدەنرخێنن و لایەنگری خۆیان بۆ چارەسەری پرسی کورد لەو وڵاتەدا دەربڕیوە.

 بێگوومان ئەو هەنگاوەیی ئۆجلان بە ڕاگەیاندنی پەیامی ئاشتی روو لە گەلی کورد و تورک، بە سەر فەسڵی  دەست پێکردنی سیا سەتێکی نوێ و سەردەمیانە دادەنرێ و چارەسەری بارگرژی و ئاڵۆزی لە نێوان گەلان و پەیوەندیە نێونەتەوەیی و نیشتیمانیەکاندا بە بێ  بوونی دیالۆگی یەکتر قبولکردن و لێک تێگەیشتن، ناکرێ هەلومەرجی شیاو بەئاڕاستەی چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەی یان چارەسەرکردنی کێشە کاندا بڕەخسێندرێت.

ئەو هەنگاوەیی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیە کە زۆر ژێرانە پێشوازیان لە پەیامی ئاشتی لە تورکیە کرد بەمەبەستی دۆزینەوەیی ڕێگای چارەسەکردنی پرسی سیاسی کورد وەک سەرەتایی قۆناخیکی نوێی خەباتی شۆڕشگێرانەی کورد سەیردەکرێ، بە هۆی گرینگی  پەیامی ئاشتی کورد بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی ،توانێ هەڵویستی سیاسی زۆر لە وڵاتە زلهێزەکانی گیتی لە سەر خۆیان بگۆڕن و هەتا وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا وێڕایی پشتیوانی کردن لە هەڵوێستی سیاسی و ئاشتی خوازانەی ڕیبەری بەندکروای پکک، خوازیاری پرسی کورد لە ڕێگایی ئاشتیەوەن  و داوایی لە حکوومەتی تورکیە و  پکک کرد کە ئەو ستڕاتیژیە سیاسی بکەنە هەوێنی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیەدا.

 پرسی کورد لە وڵاتی تورکیەدا ئێستا پێی ناوەتە قۆناخێکی گەلێک هەستیار و چارەنووس ساز و ڕیبەری سیاسی  بزووتنەوەیی نیشتیمانی کورد لەو بەشەی کوردستاندا هەر وەك لە سیاسەتی ڕاگەیاندراوی خۆیاندا کە ئاڕاستەی دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیەیان کردوە، کە تییدا  داوایانکردوە  لە حکوومەتی تورکیە هەوڵبدرێ سەرەتا لە ڕێگایی پێک هێنانی ئاڵۆگۆڕ بەسەر دەستووری گشتی وڵاتدا زەمینەیی پرسی چارەسەری کورد خۆشبکرێ و هەموو لایەک دڵسۆزانە کار بەو ئاڕاستەیەدا بکەن. دەوڵەتی تورکیە دەبێت بەکردەوە بیسەلمێنی کە باوەڕی بە چارەسەری ئاشتیانەی پرسی سیاسی کورد هەیە لە وڵاتەکەیدا.چارەسەرکردنی پرسی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە تورکیە دا، بەدڵنیایەوە  شوێنی گرینگ و جەوهەری دادەنێتە سەر جووڵانەوەیی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە بەشەکانیتری کوردستاندا.

 هاوپەیمانی و دۆستایەتی نیزیکی سیاسی و بازرگانی  حکوومەتی هەرێمی کوردستان  لە گەڵ وڵاتی تورکیە دا ،ڕاستی ئەو ستڕاتیژیە سیاسی و نەتەوەیە دەسەلمێنێ و ئەو مەسەلەیە دەخاتەرو کە حکوومەتی ئانکارا بە لە بەرچاوگرتنی ئاستی گۆڕان و قەیرانەکانی دونیاو ناوچەیی ڕۆژهەڵات ، ئەو سیاسەتە بەڕیوەببات  کە لە ڕێگایی چارەسەرکردنی پرسی سیاسی کورد لە نێو خۆی وڵاتەکەیدا پێش بەسەرهەڵدانی نائارامی گەورە و هەرلەوکاتەشدا هەلومەرجی پەرەپێدان و بەردنەسەری ئاستی دەسکەوتی سیاسی و ئابووریەکانی بباتە سەرێ و وڵاتەکەی لە شەری ماڵوێرانکەری نێوخۆی بپارێزی و بە چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد دەرگایی چوونە نێو یەکیەتی ئۆروپا بۆخۆیان بکەنەوە و گرینگی ژۆئۆپۆلیتیکی سیاسی و ستراتیژی وڵاتەکەیان بەهێزتر بکەن لە ئاستی دونیادا.

دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیە بەو ئاکامەی گەیشتوون کە ناکرێ چیتر سیاسەتی پشتگوێ خستنی مەسەلەی نەتەوایەتی کورد لە وڵاتەکەیاندا درێژە پێبدەن و دەبێت ڕێگایی چارەسەری ئاشتیانەیی بۆ بدۆزنەوە و ئەو پرسە گرینگ و نەتەوەیە پێویستە  لە سەر مێزی دیالۆگ  لە ڕێگایی بە بەڕەسمی ناسینی ماف و ئازادیە دێمۆکڕاتیکەکانی گەلی کورد  چارەسەربکەن.  چوونکی دەسەڵاتدارانی تورک  بێگوومان سەباەرت بە مەسەلەی کورد هەڵوێستیان گٶڕاوە و  بەو ئاکامەی گەیشتوون کە لە ڕێگایی سیاسەتی  نیزامی و ئەمنیەتی  توند ناتوانرێت کێشەی کورد لە وڵاتەکیاندا چارەسەر بکەن هەر وەک لە ماوەیی ٣٠ی ساڵی  دوایاندا بۆیان نەکرا. هەر بۆیە دەبینین کە ئێستا حکوومەتی تورک سەڵاحیەتی  پرسی چارەسەرکردنی مەسەلەی کوردی لە دەسەلاتی ئەرتەشی وڵاتەکەی دەرهێناوە و حکوومەتی ئۆردۆغان  بەڕەچاوکردنی میکانیزمی ئاشتی و دیالۆگ  سەبارەت بەچارەسەری پرسی کورد  لە تورکیە ئەو وەك ستڕاتیژی نوێی سیاسەتی حکوومەتەکەی پەیڕەوی  دەکات.

هەر چەندە لە لایتری مەسەلەکەوە باخچەلی کە نوێنەرایەتی  تورکە رەگەزپەرستە تونڕەوەکانی وڵاتەکەی دەکات بەردەوام لە پەیامی ئاژاوەگێڕانەی دا ڕەخنەی توندی لە حکوومەتی تورکیە دەگرێ کە بیرۆکەی چارەسەرکردنی مەسەلەی کوردی هێناوەتە پێش و  ئیستا بۆتە پرسیکی گرینگی لە   سەر شەقامی تورکیە. بێگومان کورد و تورک لەو راستیە تێگەیشتوون کە بە شەر و توندو تیژی ناتوانن هیچ هەنگاوێک بڕۆنە پێشوو و هەر دووک نەتەوە دەبێت وەک برا لە تەنیشت یەکتریدا بژین و وڵات بەڕیوەبەرن.

لە هەلومەرجێکی وەک ئەمڕۆدا ئەرکێکی گرینگ و نیشتیمانی دەکەوێتە سەر شانی ڕۆشنبیرانی کورد و تورک کە زەمینەی  سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوتۆ لە تورکیە پێک بێنن لە نێوان هەر دوو نەتەوەیی کورد و تورک ، ئەویش ئەوەیە بەئاشتی و بە هاوبەشی حکوومەتی دێمۆکڕاتیکی تورکیە کە بەرهەمی خەباتی ڕیفۆرمی سیاسی  ولاتبێ ئیدارە بکەن و پێش بەسەرهەڵدان و پەرەگرتنی هەستی رەگەزپەرستی بەدژی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیەدا بگرن. چارەسەری سیاسی مەسەلەی نەتەوایەتی کورد  لە تورکیە دا زامنی سەقامگیری و ئارامی سیاسی و قەومیە لەو وڵاتەدا و بەفرانکردن و بەشداری کورد لە حوکمڕەوایی ولاتدا، بێگوومان  بە قازانجی کورد و تورک دەبێت  و حکوومەتی تورکیە هەنگاوەکانی چوونە نێو یەکیەتی ئۆروپا  خێراتردەکات و دەروازەکانی ئابووری و بازرگانی لە گەڵ کورددا بەرەو قۆناخێکی نوێ دەڕوات.

محمد سلێمانی

27.03.2013 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی