"an independent online kurdish website

سەردەمی بەکارهێنانی تووندوتیژی دەگەڵ یەکتر لە پێوەندیی نێوان هێزە کوردستانیەکاندا بەسەر چووە. نەوەی نوێی کوردستان و بیروڕای گشتی ئیدی بە هیچ جۆر سیاسەتێکی لەو چەشنە لەکەس و لە هیچ لایەنێک قبووڵ ناکا .braym_lajani

ئەوەش بۆخۆی سەرەتایەکە بۆ سڕینەوەی توندووتیژی لە سیاسەتی کوردیدا. میللەتی ئێمە بەداخەوە ئەزموونی شەڕی براکوژی هەیە. لە هەموو پاڕچەکانی کوردستان ئەو ئەزموونە تاڵەمان هەیە. کورد زیانێکی زۆری لە شەڕی براکوژی دیتوە. بۆیە بە هیچ بیانوویەک و لە ژێر هیچ عینوانێکدا، نابێ جارێکی دیکە ئەوە لە هیج کەس و لایەنێک قبووڵ بکرێ بۆ بردنە پێشی سیاسەتەکانی خۆی  چەک لە کورد و ڕۆڵەی کورد بکێشی .

 نابێ بە هیچ کەس و لایەنێک  ڕێگا بدرێ، بە بیانووی تۆڵەکردنەوە و خوێن وەرگرتنەوە، ئەو شەڕوکێشە و ململانێ خوێناویانەی ڕابردوو بۆ نەوەکانی ئێستاو ئایندەی کوردستان درێژ کاتەوە. پێویستە پوختەیی سیاسیی بەسەر مەیدانی سیاسەت و بیری کوردا زاڵ بێ و پۆلیتیکی کوردی لە ڕق و قین و تووڕەیی بشۆردرێتەوە .

بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە باسی ئەو شەڕو ململانێ  خوێناویانە نەکەین کە ئێمە هێزە کوردستانیەکان دەگەڵ یەکتر هەمان بووە. مانای ئەوەنیە خۆ لە واقعیەتەکانی مێژووی خۆمان نەدەین و ڕاستیەکان بشارینەوە. یا پێچەوانەیان نیشان دەین. نەوەی نوێی کوردستان دەبێ ئەو مێژووە تێبگات و دەرس و پەندی لێوەرگرێت. دەبێ لە حافیزەی میللی و نەتەوەییماندا، ئەو ئەزمونانە بە پۆزەتیف و نێگەتیفیانەوە، عەمبار بکرێن و ببنە مایەی دەوڵەمەندی ئەزموونی سیاسی و خەباتگێڕانەمان. دەبێ باسی شەڕی براکوژی نێوان دێموکرات و کۆمەڵە، پارتی و دێموکرات، یەکیەتی و پارتی، پارتی و پ.ک.ک،  پ.ک.ک و یەکیەتی، دێموکرات و ڕیبەرایەتی شۆڕشگێر و هتد بکەین. بەڵام مەبەست لەوە دەبێ تەنیا یەک شت بێ و بەس. ئەویش خزمەت کردن بە ئێستاو  ئایندەی کورد و کوردستان و بە هێزکردنی هەستی نەتەوایەتی و کوردایەتی و کوردستانی .

  ئەوە ئازایەتیەکی گەورەبوو کە بەرێز مام جەلال لە پەرلەمانی کوردستاندا داوای کرد شەڕی براکوژی تەحریم بکرێ. لەوەش گرنگتر ئەوەبوو بەرێز کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی  کوردستان سەبارەت بە شەڕی براکوژی، داوای لێبووردنی لە میللەتی کورد کرد. ئێستا دەبێ ئەو ڕووحیەیە بەرینە پێش و بیکەینە پڕۆژەیەکی سیاسی لە کوردستان .

ئەوەش دەبێ فێربین کە گرتنی هەر هەڵوێستێکی سیاسی و هەبوونی هەر عەقیدەیەکی سیاسی، جا با منیش لەگەڵی نەبم، یا تۆش دەگەڵی نەبی، بەمانای تاوانی سیاسی نیە.  تەنیا شتێک جورمە کە بە پێێ قانوون بە تاوان و جورم پێناسە دەکرێ. ئەوە کەمن هەڵوێستێکی سیاسی دەگرم و عەقیدەیەکی سیاسی تایبەتیم هەیە، یا لە ڕابردوودا هەڵوێستێکی سیاسی تایبەتیم هەبووە، نابێ بۆم بە تاوان دابنرێ. ئەوە لە کولتووری چاخەکانی  نێوەڕاستدایە، کە هەبوونی عەقیدەی سیاسی جیاواز و جیابیری  بە تاوان و جەریمە دادەنرێ.  هەڵوێستی سیاسی جیاواز لە هەڵوێستی سیاسی دەستەڵاتداران، تاوانی سیاسی  نیە. چونکە ڕاستی و درووستی هەڵوێستی سیاسی بەستراوەتەوە بە هەلومەرجی زەمانی و مەکانیەوە.

ئەمڕۆ بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو ئیدی ئەوە کەللەویشکی و بیرتەسکی سیاسی نیە کە قسەی یەکەم لە سیاسەتی کوردیدا دەکا. دەستی مەزهەب لە سیاسەتی کوردیدا خەریکە بە تەواو لە هەموو  شكڵ و شێوە کانیدا کورت دەبێتەوە. پێمان وانەبێت کە ڕووحیەی مەزهەبی لە سیاسەتکردندا هەر لەلای ئیسلامیەکان هەیە. هێزە چەپ و میللی و دێموکڕات و نەتەوەییەکانیشمان زۆر جار هەر بە ڕووحیەی مەزهەبیەوە سیاست دەکەن. ڕووحیەی مەزهەبی لە سیاسەتدا ئەوەیە کە لە بیر و فکری سیاسیدا حەقمەدار و وشک و دووگماتیست بین، مەرجەع و ئیمامان هەبێ، لە کردەوەی سیاسیشدا تووندووتیژی  دەکاربکەین و ئەدەبیاتی سیاسیشمان جوێن و تەوهین و سوکایەتی و  تەحقیری موخالیفانی خۆمان بێت.

سیاسەتی کوردی خەریکە ئەو دەورانە دیمۆدەبووە بەجێ دێڵێ.  کۆمەڵگای کوردستان لە هەموو پارچەکانی کوردستان خەریکە سەرتاسەر دەگۆڕێ.

کرانەوەی کوردستان بە ڕووی دونیای دەرەوەدا، خوێندەواربوونی خەڵک،  پێگەیشتنی کۆمەڵگای مەدەنی، ڕۆڵی مێدیای جیهانی و ناوچەیی و کوردستانی، چوونەسەری ئاستی وشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک، بوونەتە هۆی تێک ڕووخانی دیوارەکانی دونیای داخراوی سیاسەت و حیزبایەتی بە مۆدێلی ڕابردوو.

نەوەی تازەی کوردستان  دەزانێ رێگای رزگاری کوردستان تەنیا بریتیە لە پچڕاندنی زەنجیرەکانی ستەمی نەتەوایەتی و پەرەپێدانی هەموو لایەنەی کوردستان. مۆدیلی ئێمە نە قومە، نە سعودیە، نە تالیبان و نە قاعیدە و نە کۆریای شیمال .

بە خۆشیەوە هەلومەرج بۆ هاتنەگۆڕێ دیسکۆڕسێکی کوردستانی ئامادە دەبێت. بەرەبەرە هەموو ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد دەگەنە ئەو قەناعەتە کە کوردستانی بیربکەنەوە و کوردستانیش عەمەلی سیاسی لەخۆیان نیشاندەن. نێوەرۆکی کوردستانی بیرکردنەوە بریتیە لە کوردایەتی،  ئازادیخوازی، دێموکڕاسی و  مافەکانی مرۆڤ. ئەوەیە دیسکۆڕسی  کوردستانی .

ئەمە بابەتەی کاک برایم پێشتر لە یەک شەممە, 16. 2. 2014 دا بڵاو کراوەتەوە 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی