رووداو- هەولێر
17 ساڵ بەسەر رووداوی 31 ی ئابدا تێپەڕ دەبێت، ئەو روداوەی كوردستانی بەسەر دوو بەرەدا دا بەشكردووە، یەكێتی و ئەوانەی لەوەوە نزیكن بە خیانەتی دەزانن،
لەولاشەوە پارتی و ئەوانەی لەپارتیەوە نزیكن بەهەوڵێكی مێژوویی دەزانن بۆ كۆتایی هێنان بە باڵادەستی ئێران لەكوردستان و یەكلا بوونەوەی شەڕی ناوخۆ.
31 ی ئاب روداوێك یان شەڕێك نیە دابڕوا بێت لە مێژووی پێش خۆی، بەڵكو درێژكراوەی ئەو زنجیرە شەڕە ناوخۆیانەیە كە لەناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی رابردووەوە دەست پێدەكات، بەرهەمی دەست تێوەردانی هەرێمایەتییە لە ساتەوەختەكانی شەڕی ناوخۆ، شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەكێتی لەدوای راپەڕینەوە چوە قۆناغێكی دیكەوە، بەتایبەتی لە ساڵی 1994 ەوە.
2ی مانگی5 ساڵی 1994 شەڕی یەكێتی و پارتی لە قە ڵادزێ دەستی پێكرد، لەماوەیەكی كەمیشدا شەڕەكە هەموو كوردستانی گرتەو. بارەگاكانی پارتی لەناوچەی سلێمانی لەلایەن یەكێـتی و بارەگاكانی یەكێتیش لەناوچەی دهۆك و بادینان لەلایەن پارتیەوە دەستیان بەسەردا گیرا.
لە ناوەڕاستی مانگی5 شەری پارتی و یەكێتی لە هەولێر دەستی پێكرد، بەڵام دوای ئەوەی ژوری عەمەلیاتی ئاشتی دروستكرا و بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ لە شارۆچكەی شەقڵاوە كۆبوونەوە، بڕیاری راگرتنی شەڕ درا.
لەكۆتای مانگی 5 پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبونی تاڵەبانی و بارزانی كۆبویەوە، ئەوەش تا رادەیەك بارودۆخەكەی هێور كردەوە. بەڵام ئەوە نەیتوانی ببێتە هۆی ئەوەی كە شەڕ نەگاتە هەولێر و لە كۆتایی ساڵ هەولێریش كەوتە دەستی یەكێتی و بەرەكانی شەڕ فراوانتر بوون.
جیا لە یەكێتی و پارتی بزووتنەوەی ئیسلامی كە پێشتر گورزی یەكێتی پێكەوتبوو، لە شەڕەوە گلا و پەكەكەش لە قازانجی یەكێتی كەوتە بەرامبەر پارتی.
رێككەوتننامەی پاریس، كە ئومێدێك بوو بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ هەر زوو وەك بڵقی سەر ئاوی لێهات، رێككەوتننامەی ئانكارا و دواتریش هەموو هەوڵە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانیش فەشەلیان هێنا.
ئەمریكا كە هەوڵی دەدا لە رێگەی دانوستانەوە كۆتایی بە شەڕەكە بێنێت، نێردەی تایبەتیی خۆی بە بەردەوامی دەناردە لای سەرانی پارتی و یەكێتی، بەڵام بەوەش نەیتوانی وا بكات ئاگربەست یان رێككەوتننامەیاكی ئاشتی بێنێتە ئاراوە، چونكە ئیتر وڵاتانی ئیقلیمی و بەتایبەتیش ئێران و توركیا ببون بە بەشێكی شەڕەكە. هەر دوو لا دەیانویست لە رێگە پارتی و یەكێتییەوە باڵادەستیی خۆیان بەسەر كوردستاندا بسەپینن.
دوای هێرشی بەرفراوانی سوپای توركیا لە نیسانی ساڵی 1996 كە بەهەزاران سەرباز و تۆپ و تانك تا قووڵایی 70 كیلۆمەتری خاكی كوردستان بۆ لێدانی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە ئەنجام درا، ئێرانیش بە پێویستی زانی هەمان كار بكات.
سوپای پاسدارانی ئێران بە چاوساخی هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سنورەكانی هەرێمی كوردستانیان بەزاند و لە كۆتایی مانگی تەمموزی ساڵی 1996 پەلاماری بارەگاكانی حزبی دیمكراتی كوردستانی ئێرانیان دا.
وەك كریس كۆچێرا لەكتێبەكەی خۆی بەناوی ( بزوتنەوەی نەتەوەیی كورد و ویستی سەربەخۆیی) لەبارەی قەبارەی ئەو هێزەی ئێران دەڵێت( سەدان كامیۆنی تۆپهەڵگری ١٣٠ملم و 150 ملم دەیان موشەكەی جۆراوجۆری كاتیۆشا و دەیان موشەكی حوسێن بە مەودای 120 كلم) و بەهاوكاری 300 پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەو هێرشەیان ئەنجامدا.
ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی 1996 جەولەیەكی دیكەی شەڕی ناوخۆ لەنێوان پارتی و یەكێتی دەستی پێكردەوەو یەكێتی بەهاوكاری سوپای پاسدارانی ئێران زۆربەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی گرت. بە هاوكاریی پەكەكە بەرەیەكی بەرفراوانی شەڕیان لە دژی پارتی كردەوە، پەكەكە لە بادینان و یەكێتیش لە سۆران بڕیاریاندابوو كۆتایی بە پارتی بێنن.
محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیستی كوردستان، لەبەرگی چوارەمی كتێبەكەی بەناوی رۆژ ژمێری پێشمەرگەیەك، بە وردی باسی روداوی 31 ی ئاب دەكات. ئەو دەڵێت”پارتی زۆر شپرزە بوو بوو، هێزەكانیان زۆری لەبەر یەك هەڵوەشابوو، هێزەكانی پارتی لەپەلوپۆ كەوتبوون شەڕیان پێنەدەكرا، چونكە تۆپخانەكانی ئێران بە هاوكاری و رەسەدی یەكێتی بەخەستی تۆپبارانی هێزەكانی پارتی دەكرد، لەسنوری سیدەكان و حاجی ئۆمەران”.
دوای ئەوەی هێرشەكانی ئێران و یەكێتی بۆ سەر پارتی خەستر دەبێت، وەك محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت، پارتی لەرێگای پەیوەندیەكانیەوە داوا لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات تەدەخول بكەن، هەر ئەو كاتیش پەیوەندی بەحكومەتی عێراقەوە دەكات.
رۆژی 22 ی ئاب مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان نامەیەكی بۆ صەدام حسێن ناردو داوای هاوكاری لێكرد، چونكە ئەوكات پارتی تا رادەیەك بە تەنها مابویەوە و هاویەمانەكانی بەتایبەتی ئەمریكا پشتی لێكردبوو.
بەرە بەیانی 31 ی ئاب پارتی لەچەند قۆڵێكەوە پەلاماری هەولێری دا، هێزێكی عێراقیش كە ژمارەیان لە 40 هەزار سەرباز زیاتر دەبوو كە ژمارەیەكی زۆر تانك و چەكی قورسیان پێبوو، لەگەڵ هێزەكەی پارتی هاتنە ناو هەولێر ، ئاڵای عێراقیان لەسەرلا باڵەخانەی پەرلەمان هەڵدا.
هێنانی سوپای عێراق بۆ هەولێر، لەلایەن بەشێكی زۆری سەركردایەتی پاریتەوە رەتكرایەوە، دیارترینیان جەوهەر نامق كە دژایەتیەكی زۆری ئەو كارەی كرد و بە نیازبوو بەیاننامەیەكی توندیشی لەسەر بڵاوبكاتەوە. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیش هەتا بەرەبەیانی 31 ی لەگەڵ هێنانی سوپای عێراق نەبوو.
وەك حەمەی حاجی مەحمدو باسی دەكات، یەكەم شكان كە توشی یەكێتی هات، لە رێگای گوێر هەولێر بوو، ئەوەش شیرازەی هێزەكانی یەكێتی تێكدا و لەماوەیەكی كەمدا پارتی شاری هەولێری گرت.
لەگەڵ گرتنی هەولێر چارەنوسی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و كەمال فواد و عومەر فەتاح و فواد مەعسومیش بە نادیاری دەمێنێـتەوە، بۆیە كۆسرەت رەسوڵ بڕیاری مانەوە دەدات لەناو شاری هەولێر.
بەڵام مەلا بەختیار، محەمەدی حاجی مەحمود رادەسپێرێت قسە لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ بكات بۆ ئەوەی هەولێر بەجێ بهێڵن، ئەویش دەچێتە لای كۆسرەت رەسوڵ و قەناعەتی پێدەهێنێت و هەولێر چۆڵ دەكەن.
پێش ئەوەش تاڵەبانی هەولێری جێهێشتبوو، رۆژی 8ی ئەیلول تاڵەبانی سەردانی كانی وەتمانی دەكاتن كاتێك هێزەكانی یەكێتی بە شپرزەیی دەبینێت، بڕیاری چۆڵكردنی سلێمانی دەدات و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەچنە ناوخاكی ئێران.
پارتی دیموكراتی كوردستان تەنها 40 رۆژ كۆنترۆڵی كوردستان دەكات، لەناوەڕاستی مانگی 10 یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهاوكاری سوپای پاسداران هاتەوە كوردستان و لەماوەی چەند رۆژێكی كەمدا هێزەكانی پارتی لە سلێمانی دەركرد و تاكو ناوچەی دێگەڵەی نێوان كۆیە و هەولێری كۆنترۆڵ كرد.