"an independent online kurdish website

بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان

گەر ئەو گەنجە ڕۆژهەڵاتییانە تەنیا ئاڵای کۆماری ”اسلامی ایران”یان سووتاندبێ و بەردیان لە درگا و پەنجەرەکانی کۆنسوولخانەی ئەو وڵاتە لە خاکی هەرێمی کوردستان گرتبێ، هیچ سزایەکی زیندانی و پارەیی نایانگرێتەوە.Soran_Karbasian

سیستەمی حقووقی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە ئەمە لە بەر چاو بگرێ کە گیراوەکان لە خانەی گەنجاندا پۆلێنبەندی دەکرێن. لە بەر چاوگرتنی ئەم خاڵە لە هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکەدا ڕۆڵێکی زۆر بەرچاو دەگێڕێ.

گەر هێرشی ئەو گەنجانە تەنیا لەم چوارچێوەیەدا بووبێ، حەوجە ناکا هیچ دادگایەک بۆ ئەم ڕووداوە پێک بهێندرێت. پێویستە ناویان تۆمار بکرێ و بەڵێنییان لێ بستێندرێت کە ئەم کارە دووپات نەکەنەوە.

هەر چەشنە زەرەرێکی ئابووری بە کۆنسوولخانەی کۆماری ”اسلامی ایران” گەییشتبێ، پێویستە لە لایەن حکومەتی ”ایران”ەوە قەرەبوو بکرێتەوە، بەڵام دەکرێ بۆ پاراستنی حوڕمەتی یەکجار بەرزی نەتەوەی کورد لە مێژووی سیاسی خۆیدا کە لە سەرووی زۆرینەی نەتەوەکانی جیهانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم زەرەرانە قەرەبوو بکاتەوە.

گەر هەر کام لەو کەسانە پێیان نابێتە نێو کۆنسوولخانە، پێویستە کە بەڵگەی ئەو سنووربەزاندنە بخرێتە بەر چاوی جەماوەر. لە ئەگەری بوونی بەڵگەیەک دەکرێ دادگا بە لە بەر چاوگرتنی تەمەنی پێشێلکار و زۆر فاکتەری دیکە لە ناوبەری یەک تا حەوت ساڵ سزای تاوانبار بدرێ.

لە ئەگەری بە تاوانبارناسینی یەک لەو گەنجانە (لە ئەگەری بوونی بەڵگە دا) حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێ پرەنسیپەکانی نێونەتەوەیی حقووقی و مافی مرۆڤی سیاسی پێشێل بکا و تاوانبار ڕادەستی کۆماری ”اسلامی ایران” بکاتەوە.

ئەوەی لە سەرێ نووسراوە بە لەبەر چاوگرتنی قانوونەکانی وڵاتانی پێشکەوتووی ئەم جیهانە گەڵاڵە کراوە و لادان لەم خاڵانە بە واتای ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی تووشی کێشەیەکی یەکجار گەورە دەکاتەوە کە تا ئێستا لە مێژووی دە ساڵەی خۆیدا دەگەڵی ڕووبەڕوو نەبۆتەوە. ئەمە بە واتای هەڕەشە نییە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەرکات پاڵپشتی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی باشووری نیشتمان بووە و لە هەندێک زەمەندا باشووری نیشتمانیش ئەم ڕۆڵەی بەرانبەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گێڕاوە. لە پەنای ئەم ڕاستییە حاشا لەوە ناکرێ کە لە زۆر زەمەنی هەستیاری مێژووییدا، ڕۆژهەڵات جیا لە پشتیوانی باشوور، قوربانی باشووریش بووە. لە بەر چاوگرتنی ئەم خاڵانەش لە ناو جەماوەری کورددا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە. حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی سیاسی باشوور تەنیا پاڵپشتی ڕۆژهەڵاتییەکانیان چێشتووە. هیوادارم هیچکات دەگەڵ مێشک و قەڵەمی ڕۆژهەڵات ڕووبەڕوو نەبنەوە، چون بەرگە ناگرن.

بە هیوای بڕیارێکی ژیرانە لە سەر ئەم ڕووداوە و دەرککردنی ڕۆحی ئاگرتێبەربووی کوردانی ڕۆژهەڵات کە ڕۆڵەکانیان پەیتا پەیتا بە دەستی سیستەمی جەنایەتکاری کۆماری ”اسلامی ایران” ئەنجن ئەنجن دەکرێن.

هەر بژین

سۆران کرباسیان

نەروێژ ١٠ی ١١ی ٢٠١٣ی زایینی

تێبینی: کەمپین لە ناردنی ئەم نامەیە بۆ دەفتەری سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتخانە پێوەندیدارەکاندا سەربەستن. من ئەم نامەیەم بە تەنیایی گەڵاڵە کردووە و لە زمان و بە نوێنەرایەتی هیچ کەسێک نەمنووسیوە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی