کورتە هەڵوێستێک لە مەڕ خۆپێشاندانی کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە فینلاند
رۆژی شەممە خۆپێشاندانێک لە شاری هێلسینکی بۆ شەرمەزارکردنی جینایەتی شەپۆلی نوێ ئێعدامی زیندانی سیاسی کورد لە ئێران رێک خرا. لەو خۆپێشاندانەدا رێژەیەکی زۆر لە شارەکانی دوور و نزیکی هێلسینکیەوە بەشدار ببوون. بەتایبەتی بەشداری ئەندامان و چالاکانی لایەنە سیاسی و مەدەنیەکانی کوردی رۆژهەڵات زۆر بەچاو بوو.
ئەوەی کە لەو خۆپێشاندانەدا بۆ من جێگای سەرنج و داغ بوو، پڕشوبڵاوی ریزەکانی هێزە سیاسی و مەدەنیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە بەرهەمی “تەنگەژەی ئێعتمادی سیاسی و کۆمەڵایەتی” زاڵ بەسەر جۆڵانەوەی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندایە. پڕش و بڵاویەکە بە رادەیەک بوو کە سەرەرای بوونی کەمینەی حیزبە توندرەوە کۆمۆنیستەکان، ئەوان هێژمۆنیی نارسیستی خۆیان بەسەر بەرنامە و خۆپێشاندانەکەیان سەپاندبوو و رێکخراوە کوردەکانیش ناچار بوون بۆ پاراستنی رێکوپێکی و رێپێوانەکە بێ دەنگ بن و بکەونە گلایە لە یەکتر. لە خۆپێشاندانەدا نە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب خوێندرایەوە، نە یەک دەقیقە بێ دەنگی بۆ یادی شەهیدان و ئاڵای کوردستانیش بە شێوەی شەرمنانە لە ریزی رێپوانەکان دا بەرز کرابووە.
لە گفتگۆ لە گەڵ زۆر لە دۆستان و بەشداران، عەرزم کرد تا خۆمان رێک نەخەین و یەکریزی خۆمان بەدەستەوە نەهێنین، نابێ گلەیی لە کەسانێک بکەن کە بچووکترین بڕوایان بە مافەکانی ئێمەیان نیە و لەو هەلە کەڵکیان وەرگرتووە. بەرپرسایەتی سەرەکی ئەو پڕش و بڵاوییە و نەبوونی بڕوا بەیەکتر بە ئەستۆی هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لەسەرووی هەموویانەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.
کاتێک کە بەرپرسی کۆمیتەی حدکا لە وڵاتی فینلاند بووم، لە سەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لە هەوڵی سازکردنی تۆرێک بۆ پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد. ئامانجی تۆرەکە بەرەپێش بردنی هاوکاری، هاوخەباتی و چالاکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و دیپلۆماتیک لە پێناو پشتگیری لە خەباتی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێشنیار کرابوو. لەو پێناوەدا ئامانجی سهرهکی تۆرەکە له گهڵ رێکخراوهکانی ئهندامی ههوڵدان، ریکخستن و هاندانی کۆمهڵگای کورد بۆ کاری هاوبهش، بهرپرسایهتی هاوبهش و بهرهوپێش بردنی لهیهک گهیشتن و دیالۆگی ناوخۆیی کوردهکانی رۆژهەڵاتی کوردستان به مهبهستی بهدهست هێنانی پشتیوانی کۆمهلگای ناونهتهوهیی بۆ چارهسهری کێشهی کورد به شێوهیهکی ئاشتی خوازانه. بەرەوپێش بردنی پرسی نەتەوایەتی و گەشەسەندنی دێموکراسی فرەنەتەوەیی و فرەکولتووری لە ناو جڤاکی ئێرانی لە دیاسپۆرادا لە ئامانجەکانی ئەو تۆرە پێشنیار کرابوو.
بەداخەوە دوای یەکەم کۆبوونەوەی گفتگۆ بۆ دامەزراندنی تۆرەکە، کە لەودا نوێنەری نزیک بە ١٠ رێکخراوی سیاسی و مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری ببوون، دۆستانی رێبەری حیزب لە دەرەوەی ولات لە ئەنجامی بۆچوونی بەرچاوتەنگانە و “ئەمنیەتیەوە” بە بیانوویەکی دیکەوە کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی فینلاندیان سزا داو و بەوکارە ناچار بە دەست لە کار کشانەوە لە حیزب بووم و زۆر کەسی دیکەش لە کاری رێکخراوەیی و حیزبی دڵسارد کرایەوە.
دوای ئەو رووداوە کەشێکی دڵساردی و دوورەپەرێزی بەسەر کوردانی رۆژهەڵاتدا سەپاوە کە بەرهەمەکەی لە رێپێوانی رۆژی شەممە 9.11.2013 بینرا. ئەگەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خاوەنی پێگەی بەرینی کۆمەڵایەتیە بەرپرسایەتی سەرەکیشی لە ئەستۆیە بۆ جێبەجێ کردنی دروشم و بڕیارەکانی کۆنگرەی پانزدەهەمی خۆی، کە ساڵێک بەسەرگیرانی تێپەر دەبێت و نابێ بە هەڵسوکەوتی ئەمنیەتی لە گەڵ ئەندامان و رێکخراوەکانی لایەنگری لە دەرەوەی وڵات ببێتە ئاستەنگی سەر رێگای یەکریزی کوردان.
لەو رووەوە جێی خۆیەتی دیسان بە ئەزموون وەرگرتن لەو هەستە کوشەندەیەی لەو رێپێوانەدا بەسەر بنەماڵەی دێموکرات و کۆمەڵەدا زاڵ بوو دەرس وەرگیرێت و بە زوویی هەڵ بدرێت بۆ خۆسازماندان و کۆبوونەوەی رێکخراوە سیاسی و مەدەنیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو ئامانج و بەها هاوبەشەکاندا. تەنیا رێگای سەرکەوتنمان و بەهێزبوونی حیزبەکانیشمان لە یەکریزی و هاوخەباتی هێزەکانی سیاسی و مەدەنی کوردە و کەشی چالاکی سیاسی ئەوەندە بەرینە کە لەو یەکریزیەدا سنوورە تەشکیلاتی و حقووقیەکان شتێکیان بەسەرنەیەت. بڕوا و ئێعتمادی کۆمەڵایەتی بە بێ لەخۆ بردوویی و لەخۆ دەست پێکردن بەدەست نایەت و دەشێ ئەوەندە بوێریمان هەبێت لە خۆمانەوە دەست پێبکەین و هەنگاوی یەکەم هەڵگرین.
با لێرەوە دەست پێبکەین.