"an independent online kurdish website

ماوەی زیاد لە ٥ حەفتەیە کە ٨ کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی باشوری کوردستان خراونەتەوە بەندیخانەzindani-7-tekosher-le-hewler-0

و گەورەترین تاوانیشیان ئەوەیە کە گوایا لە پرینسیپەکانی بەڕێوەبردنی خۆپێشاندەکەی بەر دەرکی باڵۆێزخانەی ئێران لە هەولێر لایانداوە. هەرچەند من پێموابوو کە ئەم گیراوانە رەنگە هەتا ماوەیەکی کەمی چەند رۆژە رابگیرێن و پاشان سەربەستانە ئازاد بکرێن، رۆژ بە رۆژ و حەفتە بە حەفتە چاوەروانم کرد، کە چی خەریکە دۆزەکەیان کەم کەم گەورە و گەورەتر دەکرێتەوە و مەترسی و نیگرانی لەلای بنەماڵە و رٶشەنبیران دروستدەکات.

دیارە هەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و یان هەرحکومەتێکی دیکە مافی ئاسایی و یاسایی خۆیەتی کە ئەمنیەتی وڵاتەکەیان و باڵۆێز و کۆنسولخانەی وڵاتانی دیکە لە سەر خاکەکەیان بپارێزن، وەک چۆن لایەنی بەرانبەر پارێزگاری لە باڵوێز یان نوێنەرایەتی ئەمان دەکات. بەڵام هەر لەو کاتەشدا ئەرکی سەرشانی کوردی هەر بەشێکی کوردستانە کە ئەمنیەتی باشوری کوردستان بپارێزێت و بیانوو نەداتە دەستی ناحەزانی کورد کە کێشە بۆ ئەو بەشەی کوردستان دروستبکەن. دیارە کوردەکانی رۆژهەلاتی کوردستانیش بەو ئەرکە نەتەوەییە هەستاون و ماوەی زیاد لە ٢٣ساڵە چاویان لە هەموو قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیان وخەڵکەکەیان پۆشیوە و دەتوانم بڵێم لەو پێناوەدا گەورەترین قوربانیان داوە.

بۆ ئەوەی بەسەر ئەسلی بابەتەکە تێنەپەرم و دوو نەکەومەوە، درێژە بەو باسە نادەم

بەداخەوە ئەو ٨ کەسە بە گوێرەی گوتەی خۆیان و بەڵگەو شایەتەحاڵەکان بێت، ئەوە دەسەلمێنرێت کە ئەو کەسانە بێتاوانن، تەنیا تاوانێک کە ئەو کەسانە کردویانە ئەوەبووە کە داوای مۆڵەتی خۆپێشاندانیان کردووە! چونکە وەک مێدیاکاندا بڵاو کراوەتەوە ئەو ڕاستی‌یە ئاشکرا کراوە کە لە پاش تەواوبوونی خۆپێشاندەکە لە پارکی شانەدەر کۆتاییان بە خۆپێشاندانەکە هێناوە و هەرکەس بەرەو جێگاو شوێنی خۆی چۆتەوە، بەڵام دوا بەدوای ئەو خۆپێشاندانە کۆمەڵێک خەڵکی دیکە کە هەتا ئێستا ناونیشانیان نەزانراوە یان ئاشکرا نەکراوە هەڵیانکتاوەتە سەر باڵۆێزخانەی ئێران لە هەولێر و بەربارانیان کردووە، کە بە بۆچوونی من دوور نیە‌ دەستی خودی ڕێژیمی ئێران لە پشت نەبوبێت لە پێناو نانەوەی ئاژاوە و پشێوی لەم دەڤەرەدا، وەک چۆن لە ماوەی زیاد لە سێ دەیە لە تەمەنی ئەو ڕێژیمەدا بە سەدان و بگرە هەزاران نموونەی ئاشکرا بەرچاو دەکەون لە ئاژاوەگێڕیەکانی ڕێژیمی تاران. کورد گوتەنی ڕێژیمی تاران بەردەوام سیاسەتی (ئاژاوە بنێوە و دەسەڵات بگرە دەست) گرتۆتە پێش و بووە بە ڕێچکەی سەرەکی سیاسەتەکانی ڕێژیمی داگیرکەری تاران.

ئەگەر وردتر بۆ مەسەلەکە بچین، پێویستە باس لە کامیرای چاودێری باڵۆێزخانەی ڕێژیمی ئێرانیش بکەین و ببێتە بەڵگەیەک بۆ بێتاوانی ئەو ٨ کەسە و لە هەمانکاتیشدا بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە ئەم لانەی جاسوسیەیان بەردباران کردووە. پێویست بوو دادگای حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوێک بەو کاسێتەدا بخشێنێت و بە بەڵگەوە ئەو ٨ کەسە دادگایی بکات، خۆ ئەگەریش وێنە و فیلمی ئەو کەسانە نەبێت کە هێرشیان کردۆتە سەر باڵۆێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە هەولێر،  ئیتر دەبێت ڕاگرتن و بەند کردنیان بۆ ئەو ماوە زۆرە بۆچی و لە پێناو چیدابێت؟ 

ئەو هەرێمەی کوردستان کە هەموومان شانازی پێوە دەکەین و هەمیشە باس لە پاراستن و دەستکەوتەکانی دەکەین، وەک چرایەکی ڕووناک بۆ ماڵە گەورەکەی کوردستان دەیبینین ئێستا خەریکە وردە وردە ڕوناکیەکەی کەمتر و کەمتر دەبێتەوە و شەبەقە تیژپەڕەکەی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی شەوەزەنگی ئەنگوستەچاو و ئەو حکومەتە کوردییەی کە هەموومان شانازی پێوە دەکەین، خەریکە دەکەوێتە ژیر پرسیار و دەبێتە جێگەی گومان و گلەیی دڵسۆزان و خەمخۆرانی کوردستانی گەورە. ڕەنگە لەوڕۆدا ئەو کاریگەرییە زۆر زەق و بەچاو نەبێت، بەڵام دڵنیام کە هەمچون کردەوە و کردارێک ڕوو بە کوردانی پارچەکانی دیکە کاریگەری نەرێنی لەسەر بیر و هەست و نەستی نەتەوەیی دروست دەکات لە پێناو پاراستنی قازانج و بەرژەوەندی پارچەیی و بیرکردنەوە لە بەرژەوەندی دولایەنە و لاوازبوونی بیری نەتەوەیی و یەکپارچەخوازیی.

 دیارە بەندە یەکێک بووم لەو کەسانەی کە خۆم بە بەرپرس زانیوە بەرانبەر بەم هەرێمە ئازادە و هەمیشە ولە هەموو جێگایەک وڵامدەر بوومەو بۆ هەر کەم و کورییەکیش بیانوویەکی بەبەڵگەم هێناوەتەوە، بەڵام بە ڕاستی ئێستا نە هیچ بڕوبیانویەکم لەدەستدایە و نە دەشتوانم وڵامی هیچکەس بدەمەوە لەمەڕ بەندکردنی ئەو ٨کەسە کە بەتاوانێکی نەسەلمێنراو وبێبەڵگە زیاد لەمانگێکە بەندکراون. رەنگە زۆربەمان لەیادمان بێت کە لە بەرامبەر لە سێدارەدانی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێجگە لە هەولێر، کوردانی تاراوگە لە زۆر لە شارەکانی وڵاتانی جیهان خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد و لە چەند وڵاتێکیش باڵۆێخانەی ڕێژیمی ئێران بەردباران کرا، بەڵام هیچکەس نەخراوەتە بەندیخانە، یان لە ڕودا و گەلی وەک هەڵکوتانە سەر کۆنسۆلخانەی ڕێژیم لە هەولێر؛ هەگیز ڕوینەداوە کە بەبێ بەڵگە ئەو کەسانە تاوانبار بکرێن کە داوای مۆڵەتی خۆپێشاندانیان کردووە.

ئەگەر بروانینە سایت و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەویزیۆنەکان دەبینین سەدان و هەزاران ڕووناکبیری کوردستانیی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات  ڕۆژانە باس لە بێتاوانی ئەو کەسانە و بەناحەق ڕاگرتنیان لە بەندیخانە دەکەن، روناکبیران و کۆمەڵگای کوردەواری بەردەوام ئەو پرسیارە لەخۆیان دەکەن کە بۆچی دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەها کارێک خۆی بخاتە ژێر شمشێری بێ بەزەیی گلەیی و گازەندەی خەڵکی خۆی! ئایە بەرپرسانی دۆسیەی ئەو بەناو تاوانبارانە ئەو پەرسیارەیان لە خۆیان کردووە کە بۆ دەبێ ببنە هۆکارێک بۆ لاواز کردنی بیری نەتەوەیی و دوورخستنەوەی کوردانی رۆژهەڵات و باشوور لە یەکتری؟ 

لە کۆتاییدا منیش وەک هەر کوردێکی خەمخۆری ئەو دەسکەوتانەی باشوری کوردستان و سەرجەم کوردستانی گەورە، داوا لە سەرۆک وەزیران و گشت لایەنەکانی پێوەندیداری دۆسیەی ئەو ٨ بێتاوانە دەکەم کە ماوەی زیاد لە مانگێکە ڕاگیراون، جارێکی دیکە بەم دۆسیەدا بچنەوە و ئەو ٨ چالاکە کوردە بێتاوانە ئازاد بکەن، و بە گوێرەی یاساش قەرەبوی ماوەی بەندکردنیان بۆ قەرەبوو بکەنەوە. دیارە وەها کارێک دەبێتە نیشانەی تیمارکردنی زامی پڕ لە ئازاری و ئەو کەسە بێتاوانانە و دڵدانەوەی روناکبیرانی کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

بەو هیوایەی هەستی خۆشەویستی لە نێوان کوردستانیانی گەرمێن و کوێستان هەر بەهێزتر بێت و بە یەکگرتویی و هاوهەڵوێستی پیلانە گڵاوەکانی ڕێژیمە داگیرکارەکانی کوردستان پوچەڵ بکەینەوە؛ هەستی  نەتەوەیی لە هەموو پارچەکانی کوردستان وەک گوڵی نێرگزی بەهاری کوردستان چرۆ.

ڕێزی زۆرم بۆ هەموو لایەکتان 

براتان عارف باوەجانی /  سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان

١٥ / ١٢ / ٢٠١٣

zindani-7-tekosher-le-hewler-1

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی