من تازە ببوومە پێشمەرگە و لە (لکی شەهید سەید ئەنوەر) دابووم. پێشمەرگەیەک بە ناوی “سەید لەتیف حوسێینی” هات و لەگەڵ من قسەی کرد
و پێی وتم کە من سەرپەلی تۆم و ئەگەر کارێکت هەبوو بە من بڵێ.ئەو کوڕە کوڕێکی بەژن و باڵا جوان و شیرین و دەم بە پێکەنین بوو،زۆر جوان لەبەر دڵان بوو پێشمەرگەیێکی ئازا و ڕوح سووک و قارەمان بوو. سەید لەتیف هەم لە لای خەڵک و هەم لە لای گشت هاوڕێیەکانی زۆر زۆر خۆشەویست بوو. ئەوەندە هێدی و لەسەرە خۆ بوو کە هیچ کات تووڕێ نەدەبوو. بەڵام بە داخێکی زۆر گرانەوە پێشمەرگەی ئازا و دلێر سەید لەتیف لە شەڕێکی گەورەی نێوان حدکا و هێزە چڵکاو خۆرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران شەهید بوو و بە ئاوات و ئارەزوەکانی جەوانی خۆی نەگەییشت. من نازانم دایک و باوک و هاوڕێیانی بە بیستنی هەواڵی شەهیدکرانی ئەو لە سەنگەری شەڕەفدا چۆن تەحەممولیان کرد!
سەید لەتیف پێشمەرگێکی خۆشەویست بوو و هاوڕێ و هاوسەنگەری خۆشەویستی زۆر بوون، بەڵام لە هەموان خۆشەویستر چوار پێشمەرگە بە ناوەکانی “مەحموود مەحموودی ناسراو بە مەحموود لاتە، قاسم عەزیزی و ڕەحیم باپـیر و عەوڵا حەسەنزادە” بوون و هەمیشە ژیانیان پێکەوە بوو و هاوڕێی ڕاستەقینە و بە وەفای یەکتر بوون کە ئەوانیش گیانیان لە سەنگەری سەید لەتیـف و ڕێگاو بیر و باوەری ئەو و هەموو شەهیدانی کوردستاندا بەخت کرد. مەحموود و قاسم، ئەو دوو پێشمەرگە بە قارەمانە یەکی منداڵێکیان لە پاش بەجێ ماوە..هەزاران هەزار سڵاو لە گیانی ئەوان لە ئارەزووی پاکی سەید لەتیف، شەهید مەحموود لاتە، شەهید قاسم عەزیزی، شەهید ڕەحیم باپیر، شەهید عەوڵا حەسەنزادە و هەموو شەهیدانی کوردستان.
قەت لە بیرم ناچێ کە سەید لەتیف هاتوو پێمی وت کە لە پەلی ئێمەدا سەواد-دارمان کەمە و دەزانم کە تۆش سەوادی باشت هەیە، دەتکەم بە مونشی پەل ئەتۆ پاشان داهاتوویەکی باشت دە نێو حیزب دا دەبێت، ئێستا بۆ ماوەیەک ئاشپەزیمان بۆ بکە جا دووایە تفەنگێکی بڕنووت پێ دەدەم. هەر چەند ئەمن زۆر منداڵ بووم و کاری وا قورسم نەکردبوو،بەڵام لە شایە تفەنگی بڕنوو ماوەیەکی یەکجار زۆر ئاشپەزی ئەو هەموو پێشمەرگانەم دەکرد. ئەمن ئەو کات لە ماڵە باوکم بووم و بە هۆی ئەوەی کە دەمخوێند زۆر کارم نەدەکرد. دایک و باوک و هەموو براکانم زۆر ماندوو و هیلاک بوون؛ ئەوان بۆ ئەوەی بژیوی ژیانی بنەماڵەکەمان جێ بە جێ بکەن زەحمەتێککی یەکجار زۆریان دەکێشا.براکانم بە دوو مانگ و سێ مانگ لە کازیوەی بەیانێ وە تا ئێوارێ لە بەر گەرمای سووتێنەری هاوین بە بێ ئیمکاناتی باشی خواردن درۆنەیان دەکرد و مەڵەغانیان دەکێشا..
دەبوایە بۆ کاتی نان خواردن لە ماڵێ ڕا نانیان بۆ چووبا مەزرایە،بۆیە دایکم پێش نان خواردن زۆری حەول لەگەڵ من دەدا هەتا خواردنم بۆ براکانم دەبردە مەزرایە. کە چی لە ناو حیزبدا ئاڵوگۆڕێکی زۆرم بە سەر دا هاتبو، وام لێهات ئاشپەزیم دەکرد،نانم بە تەندووری درووست دەکرد، جل و بەرگی خۆم بۆخۆم دەشووشت و پاک و خاوێنی زۆرم لە مەقەڕڕێ دەکرد.شۆرباو کفتەشم درووست دەکرد.
پێشمەرگەکانی ئەوکاتیش هەموو هەیکەلیان گەورە بوو و سمێڵیان زۆر زەلام بوو! لە بەدشانسی حیزبیش قەت تێریان نەدەخوارد و زۆربەیان زۆر خۆر بوون… پێشمەرگەیەک لە ناو مەقەڕێ ئار.پی.جی پێ بوو و هەمووجارێ دوای وەی کە بەشەکەی خۆی دەخوارد دەهاتەوەو دەیکووت تێرم نەخواردووە ئەو جارەشم بۆ تێکە!ڕۆژێک نەبوو و دوو ڕۆژ نەبوو، ماوەیەکی زۆری کێشا کە هەموو جارێ دوو جار خواردنم بۆ تێ دەکرد و هێستاش بە دوو جار ڕازی نەدەبوو و زۆر کات دەبوایە جاری سێهەمیشی بۆ تێکەم. ڕۆژێکیان پێم کوت ئەوجار دوو جارت بۆ تێناکەم! زۆر بە تەعەججوبەوە پرسی بۆ!!! کوتم با شەرتێک پێکەوە ببەستین، وتی باش و لەگەڵ یەک پێک هاتین کە ئەمن هەتا تیر دەخوات خواردنی پێ بدەم و ئەویش ئێواران ئەگەر لە مەقەڕڕێ ڕا چووینە دەرێ لە سەر خیابانەوە هەتا تۆزێک لە خیابان و لە ناو خەڵک دوور دەبینەوە ئاڕ.پی.جی یەکەی وەمن بدات!
ئەو کات پێشمەرگەکان هەموو شەوانە بە چەند دەستە دابەش دەکران و هەر دەستەی بۆ گەڕەکێک دیاری دەکرا. دەبوایە بچینە مزگەوتی ئەو گەڕەکە و هەتا بەیانی کێشک و پارێزگاریمان لەو گەڕەکە کردبا. مەقەڕڕی ئیمە لەسەر شەقامی شار بوو و ئەگەر ئێواران دەڕۆییشتینە دەرێ دەبا بە سەر شەقام و بە نێو خەڵکدا تێپەڕ بباین..خەڵک بە گشتی چاویان لە ئێمە دەکرد و منیش کە چەکم پێنەبوو پێم خۆش نەبوو خەڵک بێ ئەسلەحە بمبینێ بۆیە لەگەڵ ئەو پێشمەرگەیە قەراردادم گرێ دا کە خواردن بە ئار.پی.جی بگۆڕینەوە. نێوان قەراردادەکەمان هەوتووی هەوەڵ زۆر باش بوو و ئەمن زۆر خۆشحاڵ بووم و زۆرم شایی بە خۆ بوو ئەگەر ئار.پی.جی یەکەم دە شانی دەکرد و بە نێو خەڵکدا دەڕۆییشتم،دەتکوت کوردستان هەمووی ئی منە.
بەڵام دوواتر ڕۆژ بە ڕۆژ خرابتر دەبوو، وای لێ هاتبوو هەر تەواو لە شەقام نەدەپەڕینەوە ئەو پێشمەرگەیە دەهات و بێ ئەوەی بە من بڵێت لە پشتەوە ڕا یەک سەر پڕی دەدایە ئار.پی.جی یەکە و لە شانمی دێنا خوارێ و لێی دەستاندمەوە. منیش زۆر ناڕەحەت دەبووم و ڕقم لیی هەڵدەستا و هەڕەشەم لێ دەکرد کە وەڵڵاهی سبەینێ دوو جار خواردنت بۆ تێناکەم..
٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی
بەرابەر لەگەڵ
١٥ی دیسامبری ٢٠١٣ی زایینی
“محەممەد داستان-ئامریکا