لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، بڵاوکردنەوەی مێدیا و ڕۆژنامەکان کارێکی زۆر سەخت بوو. نوێنەرایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە فەرانسە،

وەشانێکی ڕۆژنامەی کوردستانی بۆ سوێد دەنارد، و پێویست بوو لێرەش کۆپی بکرێتەوە و بۆ ئەندامان و ئابوونەکان بنێردرێ. سەرەتا ئەو ئەرکە لە شاری سۆندسواڵ لە لایەن سەلاح شەشە و هاوڕێکانیەوە کە هەر هەموویان کەمئەندامی حیزب بوون بەڕێوە دەچوو، بەڵام بەهۆی زۆریی کار و باری تەندروستیی سەلاحەوە، کۆمیتەی حزب لە سوێد بڕیاریدا ئەرکەکە بخاتە سەرشانی ” حامید درودی و سەید عەلی هاشمی” لە شانەی شاری لیندسبێری. سەرەڕای ئەوەی ئێمەش هەردووکمان کەمئەندام بووین، بەڵام بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ ئەو ئەرکەمان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبرد.
بە مۆڵەتی بەڕێوەبەری قوتابخانەی لیندسبێری (گۆران بێواڵدێن)، ڕێگای پێداین ڕۆژنامەی کوردستان لە دەفتەری کاری ئەو کۆپی بکەین، ئێمە هەوڵمان دەدا خوێنەری زیاتر بۆ ڕۆژنامەکە پەیدا بکەین. ڕۆژێک ژمارەی تەلەفۆنی د. جەمشید و کەریمی حیسامیمان دەستکەوت، دوای وەرگرتنی ئادرەسەکانیان، من و حامید بڕیارماندا بە بێ بەرانبەر ڕۆژنامە بۆ ئەوان و زۆر کەسایەتی ناسراوی سیاسی و هونەری وەک مامۆستا شێخ عێزەدین و کاک ناسر رەزازی و کاک سەنار مامەندی و زۆر کەسیتر بنێرین؛ کاک کەریم ئەو سەردەمە لە هەموو ئەوانیتر چالاکتر بوو، بێجگە لە رۆژنامە و بیرەوەری زۆر هەڵسووڕانیتری هەبوو، ئێمەش بەتایبەتی وەک ڕێزێک لە کاک کەریم بۆ ئەو زەحمەتە زۆرەی کە لە رابردوودا لە پێناو ئەو ڕۆژنامەیەدا کێشابووی، هەموو ژمارەکانمان بۆ دەناردن.
باش لە بیرمە ئەو رۆژەی کاتێک تەلەفۆنم بۆ کاک کەریم کرد و داوای ناونیشانم لێکرد، پرسیاری کرد: “بۆچیتە؟ تۆ کێی؟” دوای خۆ ناساندم و پێمگوت کە ڕۆژنامەی کوردستانت بۆ دەنێرین کە بەشێکی بەرهەمی ماندووبون و زەحمەتی خۆتە، ئەو ساتەم هەرگیز لەبیر ناچێ؛ کاتێک تێگەیشت، بۆ ماوەیەک بێدەنگ بوو، دوایی بە کوڵپی گریانەوە و بانگی خێزانی کرد و گوتى: ” نەمگووت ڕۆڵە بەئەمەگەکانی حیزبەکەم هەرگیز منیان لەبیر ناچن!؟”
لە ڕێکەوتی ١٥/١٠/٢٠١١دا، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە کۆڕێکی ماتەمینی و یادکردنەوە بۆ کاک کەریم ڕێکخرا، کە تێیدا ژمارەیەک لە هاوڕێ و دۆستانی کاک کەریم و بەشێک لە ئەندامانی حزبی دیموکرات بەشداریمان تێدا کرد.
خەبات و شوێنەواری مەزنی کاک کەریم حیسامی
کاک کەریم بۆ پارێزگاری لە گەلە ژێردەستەکەی، قەڵەمی کردە چەک و لە بەجێگەیاندنی ئەرکە نیشتمانییەکەی سڵی لە هیچ کۆسپێک نەکردەوە. جگە لە نووسینی سەدان وتار و بەشداری لە دەیان کۆڕ و سمیناردا، بە نووسین و وەرگێڕانی نزیکەی ٤٨ کتێب (کە ١١ بەرگیان بیرەوەرییەکانی خۆیەتی)، شوێنەوارێکی گەورەی مێژوویی و ئەدەبی بۆ نەوەکانی پاش خۆی بە جێهێشت و کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند کرد.
ئەو هەمیشە هیوایەکی گەورەی لە دڵدا بوو بۆ خزمەتکردنی زیاتر، بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا و دوای ساڵانێکی زۆر لە پێشمەرگایەتی و خەباتی سیاسی و نووسین، لە ڕۆژی ٦/١٠/٢٠٠١ لە شاری ستۆکهۆلمی سوئید دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.
روحی شاد و یادی کاک کەریمی نەمر بە خیر بێ،
سەید عەلی هاشمی ٢٠٢٦/١٠/١٤
